"ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌ پشكنین ده‌رنه‌چون له‌ شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕرێن"
  2019-05-09       434       

 

 

بەهۆی سەربڕینیان بەدەر لە ڕێنماییەكانی ڤێتێرنەری و تەندروستی، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك گۆشتی سووردا دەگرن و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری رایدەگەیەنێت ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌ پشكنین ده‌رنه‌چوون له‌ شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕرێن.



ئاوێنە، راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی: دەروێش فەرەج، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەكان رایگه‌یاند: لەلایەن لیژنەی (دو)ی سه‌ربه‌لیژنه‌ هاوبەشەكانەوە دەست بەسەر چەند ئاژەڵێكی سەربراودا گیراوە، كە خاوەنەكانیان بەدەر لە رێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان سەریاندەبڕن و لە شەقام و شارێكان، بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن. 



وتی: پێشتر و چەند جارێك ئەو گۆشتفرۆشانە ئاگادار كراونەتەوە، ئاژەڵەكانیان ببەن بۆ كوشتارگەی سلێمانی لەپاش پشكنین و دڵنیابوونەوە ئاژەڵەكانیان سه‌ربڕن، پێشیان ووتراوەكە لیژنەكانی قائیمقامیەت رێگری لەو گۆشتفرۆشانە دەكات لەماڵەوە یان لە شەقام و كۆڵانەكان ئاژەڵ سەردەبڕن.


ووتیشی: به‌شێكی زۆری گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی لە شەقام و شارێكاندا دەفرۆشرێت له‌لایه‌ن كوشتارگه‌كانی سلێمانییه‌وه‌ پشكنینیان بۆ ئه‌نجام دراوه‌ به‌هۆكاری نه‌شیاوی یاخود هه‌بونی نه‌خۆشی له‌ ئاژه‌ڵه‌كاندا ده‌رنه‌چوون به‌ڵام خاوه‌نه‌كانیان له‌ده‌ره‌وه ‌و به‌ده‌ر لە رێنماییەكان سەریاندەبڕن.



هه‌روه‌ها؛ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌شه‌قام و كۆڵانه‌كان‌ سه‌رده‌بڕرێن گۆشتەكەی گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی لێدەكرێت كە مەترسی بۆسەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات. 


نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی، داوا لە هاوڵاتیان دەكات، بەرلەكڕینی گۆشتی سور دڵنیابنەوە لە ئەو مۆرەی بەسەر گۆشتەكەوەیە لە هەبوونی گۆشتی مۆرنەكراو لە دوكانی گۆشتفرۆشەكاندا لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاگادار بكەنەوە، هەروەها ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن لەشەقام و شاڕێكاندا دەفرۆشرێت.



دەورێش فەرەج ئاماژەی بەئەوەش كرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، ئاژەڵه‌ سەربراوەكان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری سلێمانی دەكرێت، و ئەو ئامێر و ئەوكەلوپەلانەی بۆكاری گۆشتفرۆشتن بەكاردەهێنرێت لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێت، هەروەها خاوەنی ئاژەڵەكانیش روبەروی رێكاری یاسا دەكرێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×