وتەبێژێكى حەشدی شه‌عبی: نابینە بەشێک لەململانێى نێوان ئەمەریکاو ئێران
  2019-05-09       888       

وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى دەڵێت، هێزەکانیان بەشێک نابن لە ململانێى نێوان ئێران و ئەمەریکا، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە عێراق ڕازى نابێت وڵاتەکەى بکرێتە گۆڕەپانى ململانێ.

ئاوێنه‌: عەلى حسێنى، وتەبێژى میحوه‌ری باكوری عێراقی حەشدى شەعبى، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە ئێرانى نین تا بەرگرى لە دەوڵەتێکى تر بکەین، ئێمە بەشێکین لەسیستمى سەربازیی عێراق و لەژێر فەرماندەیى سەرۆک وەزیرانداین."

وتیشى"گەر ئێمە نزیکى ئێران بین لەبەر مەزهەب و شەڕى بۆ بکەین، کەواتە پێشمەرگەش نزیکى ئەمەریکایە، بۆیە مەسەلەى پەیوەندى دۆستایەتى جیاوازە لە فەرمان و رەسمیات."

بەبڕواى عەلى حسێنى، عێراق نابێتە بەشێک لەململانێى نێوان ئەمەریکاو ئێران، وتیشى"وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا هاتە بەغدا، دەرکەوت عێراق شەڕى ئابورى لەدژى ئێران و بۆ بەرژەوەندى ئەمەریکا ناکات."

سەبارەت بەهەبونى پەیوەندى ره‌سمی لەنێوان ئێران و بەشێک لەهێزەکانى حەشدى شەعبى، وتەبێژەکەى حەشد رەتیکردەوە هیچ هێزو فەسیلەیەکى سەربە حەشدى شەعبى لەژێر فەرمانى ئێرانییەکاندا بێت، وتیشى"هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە دەربچێت، ئێمە پابەند دەبین پێوەى."

عەلى حسێنى پێشی وایه‌ ئەگەرى پێکدادانى سەربازى لەنێوان ئەمەریکاو ئێران لەئارادا نییە، ئەو دەرهاویشتانەى کە رویانداوە وەکو خراپبونى دۆخى ئابورى ئێران و هەڕەشەکردن لەیەکترى تەنها دەرئەنجامى شەڕى دەرونییە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×