"لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری نه‌وت بەهیچ شیوەیەک ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم"
  2019-05-11       662       

چوار ئه‌ندامی كورد له‌ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێن لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری نه‌وتی عێراق بەهیچ شیوەیەک ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لەدەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە.

ئاوێنه‌: سامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی شه‌رقیه‌ رایگه‌یاندبو"هیچ زانیارییەکم نییە لەبارەی‌ ئەوەی‌ بەغدا بەردەوام دەبێت لەناردنی‌ پارە بۆ هەرێم یاخود نا، بەڵام پێموایه‌ بەغدا جگە لەشایستەی‌ چوار مانگ، هیچ پارەیەکی‌ دیکە بۆ هەرێم نانێرێت، ئەگەر نەوت رادەستنەکات."

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هه‌ر چوار په‌رله‌مانتار هۆشیار عەبدوڵا، جه‌مال کۆچەر، شیروان میرزا قادر، ئه‌حمدی حاجی رەشید له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌ رایانگه‌یاندوه" بۆیە هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە بەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لەدەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نیە بە وەزیری نەوتیشەوە."

ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو"ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت راست بێت بۆ پشکی هەرێم یا بۆ ئەو رێژەی زیانەی بەرامبەر ۲٥٠ هەزار بەرمیلەکە دەبڕدرێت ئەوا بەهیچ شیوەیەک ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەهەموان ڕادەگەیەنین دڵنیاتان دەکەینەوە کە نوێنەرەکانتان لە لێژنەی دارایی مکوڕن لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم."

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش جه‌ختیان كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان داکۆکیکاری موچەی فەرمانبەرانن و بەهیچ جۆرێک داکۆکی لە ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی هەرێم ناکەن.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌...

رونکردنەوەیەک بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان

دوای هەوڵ و ماندوبونی بێوچانی ئەندامەکوردەکانی لێژنەی دارایی پشکی هەرێمی کوردستان چەسپێنراوە لە یاسای بودجەی ساڵی ۲٠۱۹دا ، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە موچەی فەرمانبەران جیاکرایەوە لە پابەندبوونی هەرێم بە رادەست کردنی نەوەتەوە بەکۆمپانیای سۆمۆ ، ئەوەش گرنتی ئەوەی زامن کردوە کە هیچ کەسێک نەتوانیت ئەویاسایەی کە پشکی هەرێمی کوردستانی تیدا جێگیر کراوە و موچەی فەرمانبەرانی تیدا چەسپاوە هەڵوەشێنێتەوە .

بۆیە هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە بەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لەدەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نیە بە وەزیری نەوتیشەوە کە لەم ڕۆژانەدا لێداوانی داوەو ئەوەی لێخوێنراوەتەوە کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بغدادیش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێمەوە، ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت راست بێت بۆ پشکی هەرێم یا بۆ ئەو رێژەی زیانەی بەرامبەر ۲٥٠ هەزار بەرمیلەکە دەبڕدرێت ئەوا بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەهەموان ڕادەگەیەنین دڵنیاتان دەکەینەوەکە نوێنەرەکانتان لەلێژنەی دارایی مکوڕن لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم .

ئێمە کە داکۆکیکاری موچەی فەرمانبەرانین بەهیچ جۆرێک داکۆکی لە ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی هەرێم ناکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە بە یەکجاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە مایەی کێشە و گرفت بۆ هاونیشتیمانیانی هەرێم .

سەرکەوتووبن.

هۆشیار عەبدوڵا
د جمال کوچەر
شیروان میرزا قادر
احمدی حاجی رەشید

۱۱ ی ئایاری ۲٠۱۹

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×