2019-05-24   1389     
ههردو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقو پەرلەمانی کوردستان نیگهرانیی خۆیان لهبهرامبهر دهستگیركردنی شاسوار عهبدولواحید سهرۆكی جوڵانهوهكه دهردهبڕنو رایدهگهیهنن، "پێداگری دەکەین لەسەروەری یاساو بێتاوانی دەستگیرکراوەکان".
ئاوێنه: ههردو فراكسیۆن لهراگهیهندراوێكدا دهڵێن، "دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکەو ژمارەیەك لەخۆبەخشانی نەوەی نوێ، دۆسێیەکی بەتەواوی جیاوازە لەرەخنە سیاسییەکانی ئێمەو ئەو بابەتە جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە".
ئاماژه بۆ ئهوهش دهكهن، "لێرەوە پێداگری دەکەین لەسەروەری یاساو بێتاوانی دەستگیرکراوەکان تا دوا بڕیاری دادگا دابینکردنی ھەمو مافێکی دەستگیرکراوەکان لەبینینی پارێزەرو کەسوکارو ھەمو دەستتێوەردانێکی سیاسی لەو دۆسێیە رەتدەکەتنەوەو داوای دادگاییەکی شەفافو سەربەخۆو بێلایەن دەکەین".
دوای قووڵبونەوەی کێشە نێوخۆییەکانی نێو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یەکێک لەپەرلەمانتارانی جوڵانەوەکە سکاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە تۆمارکردو بەهەڕەشەکردنو هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنی پەرلەمانتاران تۆمەتباری کرد، دواتر سهرۆكی جوڵانهوهكهو ژمارهیهك خۆبهخشی نهوهی نوێ دهستگیركرانو تائێستا لهزیندانی ئاسایشدا ماونهتهوه.
دهقی راگهیهندراوهكه:
راگەیەندراوێك بۆ رایگشتی
بەڵێ بۆ دادگاییەکی شەفاف و بێلایەن و سەربەخۆ!
لێکەوتەکانی بەیانی ھاوبەشی ٢١ ی نیسانی ٢٠١٩ ی ئەنجومەنی باڵا و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەم چاوەڕوان نەکراو بون و ھەم جێگەی نیگەرانی قووڵی ئێمەیە. لە ئێستادا بە پێویستی دەزانین دیدی خۆمان سەبارەت بە ناکۆکیە سیاسیەکان و دواتر دەستگیرکردنی سەرۆك و ژمارەیەك خۆبەخشی نەوەی نوێ بۆ رایگشتی بخەینە روو:
یەکەم: بەیانی ٢١ ی نیسان، بۆ ئاگادارکردنەوەی رایگشتی بوو لەو راستییەی کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەلاڕێدا براوە و لەبری جوڵانەوەیەکی سیاسی سەرتاپا جیاواز، تووشی ھەمان پەتا و نەخۆشی حیزبە تەقلیدیەکان کراوە و بووەتە باندێکی تەنگەبەری خێزانی و لقێکی کۆمپانیا و ئامرازێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی دارایی. ئێمە شانازی دەکەین، وەك بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە، دژی حیزبی بنەماڵە و تێکەڵ کردنی حیزب و بازرگانیین و لەسەر ئەم بنەما سیاسیی و ئەخلاقییە بەردەوام دەبین.
دوەەم: لێکەوتەکانی دوای بەیانی ٢١ ی نیسان و دەستگیر کردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە و ژمارەیەك لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ، دۆسێیەکی بە تەواوی جیاوازە لە رەخنە سیاسییەکانی ئێمە و ئەو بابەتە جێگەی نیگەرانی قووڵی ئێمەیە و لێرەوە پێداگری دەکەین لە سەروەری یاسا و بێتاوانی دەستگیرکراوەکان تا دوا بڕیاری دادگا و دابینکردنی ھەموو مافێکی دەستگیرکراوەکان لە بینینی پارێزەر و کەسوکار و ھەموو دەستتێوەردانێکی سیاسی لەو دۆسێیە رەتدەکەتنەوە و داوای دادگاییەکی شەفاف و سەربەخۆ و بێلایەن دەکەین.
سێھەم: ئامانجی باڵا و سەرەکی ئێمە، وەك ئاراستەیەکی سیاسی جیاواز و وەفادار بەو دید و بنەمایانەی ھەمیشە بانگەوازمان بۆ کردون، سەرکردایەتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنە بۆ کێبرکێی سیاسیی لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات و کۆتاییھێنان بە ستەمکاری دەسەڵاتی کوردی و حوکمڕانی بنەماڵە.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان
٢٤ ی ئایاری ٢٠١٩