فه‌رمانده‌ی بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی پاراستنی گه‌ل (نه‌په‌گه) و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتیی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) موراد قه‌ره‌یلان ده‌رباره‌ی مانگرتن له خواردن، په‌یامه‌كانی ئۆجالان و قۆناغی داهاتوو وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی دایه‌وه.
به‌ڕێز قه‌ره‌یلان، سوپای تورك له هه‌رێمی خواكورك ده‌ستی به هێرش كرد و شه‌ڕ به‌رده‌وامه. سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێت بۆچوونی ئێوه ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بزانین.
وه‌ك ده‌زانرێت، ده‌وڵه‌تی تورك ماوه‌ی ساڵێكه له به‌رزترین ئاستدا هه‌ڕه‌شه له ڕۆژاڤا ده‌كات و هێشتاش به‌رده‌وامه. دیاره بۆ هێرشكردنه سه‌ر ڕۆژاڤا نه‌یتوانی مۆڵه‌ت له ئه‌فه‌ندییه‌كانی خۆی وه‌رگرێت، بۆیه ڕووی له خواكورك كرد. له‌به‌رئه‌وه‌ی زیهنیه‌تی نه‌ژادپه‌رستی، شۆڤێنی و فاشیستی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به دوژمنایه‌تیكردنی كوردانه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه، نایه‌وێت له‌م بابه‌ته‌دا بۆشاییه‌ك بهێڵێته‌وه.
پێشتریش پیلانیان نه‌بوو بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان؟
بێگومان پیلانیان هه‌بوون بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان. به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی مۆڵه‌تی داگیركردنی ڕۆژاڤا وه‌رگرێت، بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی داگیركردنی باشووری كوردستان كه‌وتنه جموجۆڵ و ئێستا هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر خواكورك. ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م؛ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له خواكورك ده‌یكات ئۆپه‌راسیۆن نییه، به‌ڵكوو داگیركارییه. ئه‌م داگیركارییه‌ش كاتی نییه، داگیركارییه‌كی هه‌میشه‌ییه. ئه‌مه ڕاستییه و پێویسته هه‌موو كه‌س بیزانێت.
كاربه‌ده‌ستانی تورك هه‌میشه ده‌ڵێن، «هه‌ر كات كۆتایی به په‌كه‌كه هات، له باشوور ده‌كشێینه‌وه»...
ئایا ده‌كرێت كۆتایی به په‌كه‌كه بهێنرێت؟ هه‌رگیز كۆتایی پێ نایه‌ت. ئایا ڕاستییه‌كی وه‌ك په‌كه‌كه كه خاوه‌نی هێزێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌رییه، له‌نێو هه‌لومه‌رجی سه‌ختدا بووه‌ته خاوه‌نی هێزێكی پته‌وی تێكۆشان، ده‌كرێت كۆتایی بێت؟ هه‌رگیز و هه‌رگیز ئه‌مه مومكین نییه.
كه‌واته ئه‌م لێدوانانه‌ی توركیا به مانای چی دێن؟
ئه‌م لێدوانانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك به‌و مانایه دێت؛ «من باشووری كوردستان داگیر ده‌كه‌م». به‌م لێدوانانه ده‌ریده‌خات كه ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی داگیری بكات.
هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی باشووری كوردستان و حكوومه‌تی عێراق له دژی ئه‌مه چییه؟
به‌ڵێ، ئه‌مه باسێكی گرنگه. لایه‌نه‌كانی باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای باشووری كوردستان هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی عێراق له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه بێده‌نگن. له‌وانه‌یه چه‌ند هێزێك ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیبێت، به‌ڵام به‌گشتی بێده‌نگن. ئه‌مه دۆخێكی زۆر جددییه. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باشوور له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه بێده‌نگ بێت، ئه‌وا دیاره ڕێككه‌وتوون له‌گه‌ڵیان یان ڕازی بوون. ئه‌وان ئاگایان لێیه. ده‌بێ باش بزانین كه ده‌وڵه‌تی تورك حساباتی زۆری جددی هه‌یه له‌سه‌ر باشووری كوردستان. قبووڵكردنی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك به واتای له‌ده‌ستدانی كه‌ركووك دێت.
چۆن؟
چونكه یه‌كێك له حیساباته‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی مێتینگه‌ر ئه‌وه‌یه له باشووری كوردستان جێگیر بێت. له‌وێ پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات، دواتر كه‌ركووك له باشووری كوردستان داببڕێت. یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌وه‌یه. هه‌ر كه ده‌وڵه‌تی تورك له باشوور جێگیر ببێت، ده‌ستی خۆی له‌م بابه‌ته‌دا به‌هێز ده‌كات.
ئێمه ده‌ڵێین؛ با ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان له‌م بابه‌ته‌دا ده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك به‌هێز نه‌كات. به‌هێزكردنی ده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك به واتای برینی گولبوونی ژێرپێی دێت. له‌بری ئه‌مه پێویسته خاوه‌نداره‌تی له به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بكات. بێگومان ده‌وڵه‌تی تورك له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورده و ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد له‌ناوببات. هه‌ر بۆیه ئێمه ده‌ڵێین ئه‌وه‌ی ئێستا له ئارادایه هه‌ڵه‌یه و پێویسته ئه‌م هه‌ڵه‌یه به‌بێ دوودڵی ڕاست بكرێته‌وه.
ئێوه هه‌ڵوێستی گه‌لی باشوور له دژی داگیركاری چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
گه‌له‌كه‌مان له باشووری كوردستان گه‌لێكی وه‌ڵاتپارێزه و له‌پێناو ئازادی قوربانیی گه‌وره‌ی داوه. به ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا تێپه‌ڕیوه. سه‌دان هه‌زار شه‌هیدی داوه. ڕێزی ئێمه بۆ ئه‌و گه‌له بێ كۆتاییه. وه‌ك شیلادزێ گه‌له‌كه‌مان له باشووری كوردستان له به‌رانبه‌ر هێرشه داگیركارییه‌كان یه‌كجار زۆر تووڕه‌یه. پێویسته هێزه سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی هێزی ده‌سه‌ڵات گوێ بده‌نه ئه‌م وریاییه‌ی گه‌ل و له دژی داگیركاری بێده‌نگ نه‌بن. ئێمه بانگی هه‌موو هێزه‌كان ده‌كه‌ین كه له دژی داگیركردنی خاكی كوردستان كه له‌ژێر ناوی «ئۆپه‌راسیۆن له دژی په‌كه‌كه ده‌كه‌م» به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ده‌نگی خۆیان هه‌ڵبڕن و به‌باشی تێبكۆشن.
له دژی پیلانه‌كانی هێرش و داگیركاری كه باستان كرد، ئه‌ركی هێزه‌كانی ئێوه له‌مه‌ودوا چۆن ده‌بێت؟
بێ شك و گومان گه‌ریلا له دژی داگیركاری وه‌ڵامی پێویست ده‌داته‌وه و ئه‌و به‌رخۆدانه ده‌كات كه پێویسته. له دژی هه‌وڵه داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی مێتینگه‌ر له‌سه‌ر باشووری كوردستان، گه‌ریلاكانی ئازادیی كوردستان به‌رخۆدانێكی مێژوویی ده‌كه‌ن و هه‌موو هێزی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی به‌رخۆدانه‌كه. گه‌ریلاكانی ئازادیی كوردستان هێزێكی ئه‌وه‌نده پێگه‌یشتووه كه ئه‌زموونێكی گه‌وره‌ی هه‌یه، هه‌تا ئێستا به‌كرده‌وه‌ش ئه‌مه‌ی پیشان داوه و له‌مه‌ودواش به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ڵام بنواڕن؛ ده‌وڵه‌تی تورك ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه گردی لێلیكانی داگیركردووه. له ئه‌نجامی ئه‌و چالاكییانه‌ی گه‌ریلا له لێلیكان كردوویه‌تی سه‌دان سه‌ربازی تورك كوژراون. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك به‌پێداگرییه‌وه ئه‌مه له گه‌لی توركیا ده‌شارێته‌وه. ده‌عبایه‌ك به ناوی خوولووسی له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌یه كه تورك نییه و له بنه‌ڕه‌تدا چه‌ركه‌زه و دوژمنی كوردانه. ئه‌م كه‌سه هه‌موو ڕۆژێك درۆ بۆ گه‌لی توركیا ده‌كات. به‌ڕاستی قسه ناكات و ڕاستییه‌كان ده‌شارێته‌وه.
گه‌لی توركیا له لێلیكان سه‌دان هاوڵاتیی خۆی له‌ده‌ست دا. ئێمه ئه‌مه‌مان نه‌ده‌ویست، به‌ڵام سیاسه‌ته مێتینگه‌ر و سه‌ركوتكاره‌كان هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌ن. ئێستاش كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن خواكورك داگیر بكه‌ن، هه‌ڵوێستی گه‌ریلا له دژی ئه‌م داگیركارییه تووند ده‌بێت. ئه‌مه له ڕۆژێكدا ناكرێت، به‌ڵكوو به‌رخۆدانێكی به‌رفره‌وان ده‌بێت و ئه‌و باجانه‌ی داگیركه‌ر له‌م مه‌یدانانه ده‌یدات، بۆ سوپای تورك قورس ده‌بێت. گه‌ریلا ئه‌م بڕیاره‌ی هه‌یه.
باشه، سوپای تورك به‌ته‌نیا ئه‌م هێرشانه ده‌كات یان هێزه‌كانی دیكه‌ش هاوكاری ده‌كه‌ن؟
ئێمه باش ده‌زانین كه ده‌وڵه‌تی تورك و سوپای تورك سه‌ربه‌خۆ و به‌ته‌نیا له دژی ئێمه شه‌ڕ ناكه‌ن، به‌ڵكوو هه‌میشه به پشتیوانی گه‌وره‌ی گلادیۆی ناتۆ، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا، به پشتگیریی ناتۆ دژی ئێمه شه‌ڕ ده‌كات. هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی به‌سه‌ر كوردان هاتوون، به هاوكاری ناتۆ بووه. به‌بێ هاوكاری ئه‌وان ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێت شتێكی وا بكات. ئێستاش به هه‌مان هاوكاری هێرش ده‌كه‌نه سه‌رمان. ئێمه باش ده‌زانین كه ده‌وڵه‌تی تورك به‌بێ پشتیوانیی ناتۆ ناتوانێت درێژه به هه‌نگاوه فاشیست و مێتینگه‌ره‌كانی دژبه گه‌لی كورد بدات.
ڕێزدار قه‌ره‌یلان، خواكورك هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئێرانیش. ئێران هیچ ڕۆڵێكی هه‌یه له‌و هێرشانه‌دا؟ یان با بڵێین ئه‌م هێرشه چه‌نده په‌یوه‌ندی به ئێرانه‌وه هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر وه‌بیرخۆمانی بێنینه‌وه، له به‌هاردا وه‌زیرێكی حكوومه‌تی فاشیستی ئاكه‌په - مه‌هه‌په و دواتریش ئه‌ردۆغان خۆیان گوتیان، ئه‌وان «بۆ ئۆپه‌راسیۆن له دژی په‌كه‌كه له‌گه‌ڵ ئێران ڕێككه‌وتوون.» ده‌وڵه‌تی تورك له دژی كوردان سیاسه‌تی له‌ناوبردن ده‌كات. ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ڵده‌سووڕێنێت و ئاراسته‌ی ده‌كات عه‌قڵیه‌تی مه‌هه‌په‌یه. فكری ئه‌وان ده‌رباره‌ی كوردان ته‌نیا كوشتن و له‌ناوبردنه. ئێستا ده‌یانه‌وێت ئێرانیش بكه‌نه هاوكاری ئه‌م سیاسه‌ته نه‌ژادپه‌رست و شۆڤێنییه. به‌ڵام ڕێبه‌رانی ئێران به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه نێو ئه‌و كه‌مینانه خاوه‌نی ئه‌زموونن. له‌به‌رئه‌وه‌ش، به ڕای ئێمه كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ قیمه‌تێك بۆ ئه‌و داواكارییه نه‌ژادپه‌رست و شۆڤێنییانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك دانانێت.
باشه، بۆچی ئه‌ردۆغان لێدوانێكی وه‌های دا؟
خۆی له‌خۆیدا ئه‌م لێدوانانه‌ی ئه‌ردۆغان له هه‌وادا مانه‌وه. چونكه تا ئێستا جموجۆڵێكی هاوبه‌شمان نه‌دیوه و باوه‌ڕ ناكه‌ین له‌مه‌ودواش شتێكی وه‌ها ببێت. له ڕاستیدا ئه‌مه ئاژاوه‌گێڕییه‌ك بوو. یانیش بۆ ئه‌وه‌ی ئێران ڕاكێشنه نێو گێره‌شێوێنییه‌ك، ئه‌ردۆغان ئه‌و لێدوانانه‌ی دان. ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه بوو زه‌خت له ئێران بكه‌ن. هه‌ر كه‌سێك كه سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان ده‌ناسێت و چاودێری ده‌كات، ده‌ركی به‌مه كردووه. ئه‌وه‌ی زۆرترین جار ئه‌مه ده‌بینێت كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئێرانن.
له سایه‌ی چالاكییه‌كانی مانگرتن له خواردن و ڕۆژووی مردن، پارێزه‌رانی ڕێزدار ئۆجالان دوو جار له ئیمڕاڵی چاوپێكه‌وتنیان ئه‌نجام دا. ئه‌م دۆخه چۆن ڕێی بۆ به‌ره‌وپێشچوونه‌كان كرده‌وه و ده‌كاته‌وه؟
له مێژووی تێكۆشانی ئێمه‌دا یه‌كێك له چالاكییه‌كان مانگرتن له خواردن و ڕۆژووی مردنه. ئه‌م چالاكییانه له چێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی «گۆشه‌گیری ده‌شكێنین، فاشیزم هه‌ڵده‌وه‌شێنین و كوردستان ئازاد ده‌كه‌ین» ئه‌نجام دران. ٢٠٠ ڕۆژ له زیندان، كوردستان، ئه‌ورووپا تا كه‌نه‌دا و سه‌رانسه‌ری جیهان ئه‌م چالاكییه به‌ڕێوه‌چوو. گه‌یشته ئاستێكی زۆر گرنگ. له‌به‌رئه‌وه، به هه‌ستی شۆڕشگێڕی سڵاو ئاراسته‌ی شۆڕشگێڕی هێژا له‌یلا گیوڤه‌ن و هه‌موو چالاكانی مانگرتن له خواردن و ڕۆژووی مردن ده‌كه‌م. ئه‌و باره‌ی كه ده‌بوایه ئێمه هه‌ڵمان گرتبا، ئه‌وان هه‌ڵیانگرت و جه‌سته‌ی خۆیان فه‌رامۆش كرد. ئه‌مه په‌یامێكی گرنگه بۆ ئێمه. به‌م به‌رخۆدانه‌یان ئه‌و ئه‌شكه‌نجه و گۆشه‌گیرییه نامرۆڤانه و ناحقووقییه‌ی له‌سه‌ر ڕێبه‌رایه‌تیمان - هه‌روه‌ها له كه‌سایه‌تیی ڕێبه‌راتیمان له‌سه‌ر هه‌موو گه‌له‌كه‌مان به‌ڕێوه‌ده‌برا، پیشانی هه‌موو جیهان و ڕای گشتیی نێونه‌ته‌وه‌ییان دا. په‌نجه‌ره‌یه‌كیان له سیسته‌می گۆشه‌گیریدا بۆ ڕێبه‌ر ئاپۆ كرده‌وه. ده‌وڵه‌تی تورك له به‌رانبه‌ر ئه‌م چالاكییانه زۆر گه‌نگه‌تاو بوو و له به‌رانبه‌ر پێداگریی چالاكان پاشه‌كشه‌ی كرد. وه‌ك ده‌زانرێت به‌ر له‌وه‌ش به چه‌ند تاكتیكێك ویستیان له چالاكییه‌كان بده‌ن. به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵوێستی پته‌وی چالاكان دوای ٨ ساڵ له ٢ و ٢٢ی ئایار ڕێگه‌یان به پارێزه‌ران دا دیدار ئه‌نجام بده‌ن. ده‌وڵه‌تی تورك له‌م ڕووه‌وه پاشه‌كشه‌ی كرد. له به‌رانبه‌ر ڕای گشتی دانیان به‌وه‌دا نا كه گۆشه‌گیری ڕێكارێكی ده‌ره‌وه‌ی حقووقه.
دوای ئه‌م دیدارانه، هیچ دڵنیاییه‌ك هه‌یه كه چاوپێكه‌وتنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌ڕێوه‌بچن؟
له به‌رانبه‌ر ڕای گشتی لێدوانیان دا. به گوێره‌ی لێدوانه‌كه‌یان ڕه‌فتار بكه‌ن یان به‌پێچه‌وانه‌وه هیچ ناگۆڕێت. چونكه به‌رخۆدان سه‌ركه‌وتووه. له‌م به‌رخۆدانه‌دا، چالاكیی فیدایی ٨ هه‌ڤاڵی وه‌ك زولكوف گه‌زه‌ن و ئایته‌ن باچه‌ت و فیداكاریی گه‌وره‌ی دایكان هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته قاره‌مانی و چالاكییانه نه‌بوان، له سیسته‌می وشكی ده‌وڵه‌تی توركدا په‌نجه‌ره‌یه‌ك نه‌ده‌كرایه‌وه. یادی شه‌هیده قاره‌مانه‌كانمان ده‌كه‌مه‌وه كه به گیانێكی فیدایی له‌م پڕۆسه‌یه‌دا شه‌هید بوون. من به‌ڵێنی خۆم بۆ شه‌هیدان دووباره ده‌كه‌مه‌وه. ده‌ستی دایكانی فیداكار ده‌گوشم و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم. ده‌مه‌وێت سه‌رنج بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌ی له ئاست ئه‌واندا بین. ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ببینه ڕۆڵه‌ی باشی دایكه‌كانمان. هاوڵه‌كانمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه. ڕێكردنی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت.
دوای چوار ساڵ په‌یامی ڕێزدار ئۆجالان بۆ ڕای گشتی بڵاوكرایه‌وه. له‌وباره‌یه‌وه بۆچوونی ئێوه چییه؟
ئه‌رێ، دوای چوار ساڵ لێدوانه‌كانی ڕێبه‌رایه‌تیمان بۆ ڕای گشتی بڵاوكرانه‌وه. ئه‌مه بۆ ئێمه‌ش زۆر گرنگه. ئه‌م په‌یامه بۆ ئێمه، توركیا و گه‌لانی هه‌رێمه‌كه گرنگه. له‌و حه‌وت خاڵه‌ی ڕێبه‌رایه‌تیمان بۆ چاره‌سه‌ری خستوویه‌تییه‌ڕوو، چێوه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كان هه‌یه. ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ڕێبه‌راتیی خۆمان تێبگه‌ین، ته‌واوكاری بۆ په‌یامه‌كانی ئه‌و بكه‌ین و ده‌ستی ئه‌و به‌هێز بكه‌ین.
ئه‌و په‌یامانه سه‌لماندوویانه كه ڕێبه‌ر ئاپۆ هێزی چاره‌سه‌ری و كلیلی چاره‌سه‌رییه بۆ كێشه‌كانی كوردستان، توركیا و ناوچه‌كه. له‌به‌رئه‌وه‌ش پێویسته گه‌لی كورد، ژن و گه‌نجان به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه په‌یامی چالاكانی ڕۆژووی مردن بخه‌نه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. هه‌ر وه‌ك چۆن چالاكیی ١٤ی ته‌مووز بوو به بناغه‌ی هه‌ڵمه‌تی ١٥ی ته‌باخ (ئاب)، پێویسته ئه‌م چالاكییه‌ش به هه‌مان شێوه بێت. پێویسته ئێمه به‌باشی له په‌یامی ئه‌و چالاكییانه تێبگه‌ین. ڕێپێوانی ڕێبه‌رایه‌تیی ئازاد و كوردستانی ئازاد پێشخه‌ین. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ین كه له‌م قۆناغه‌دا سه‌ركه‌وین. پێویسته هه‌موو گه‌له‌كه‌مان و دۆسته‌كانمان بۆ چه‌سپاندنی ڕوانگه‌كانی ڕێبه‌ر ئاپۆ، به‌رپرسایه‌تیی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و به‌شداری بكه‌ن له‌م پڕۆسه‌یه. پێویسته گه‌نجانی كوردستان به‌پێی پێویست به‌شدار بن.
ئێوه باسی هێرشه داگیركارییه‌كانتان كرد و بانگی گه‌لتان كرد. به‌ڕوونی پێویسته گه‌لی كورد له ئێستا به‌دواوه چی بكات؟
له‌م قۆناغه مێژووییه‌دا، پێویستیی گه‌له‌كه‌مان به یه‌كێتی و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش هه‌یه. ده‌زانرێت كه له هه‌رێمه‌كه شه‌ڕێك هه‌یه. له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌موو كه‌س حیساباتی خۆی هه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌رێمه‌كه. به سیاسه‌ته ماوه‌درێژه‌كان ده‌ستێوه‌ردان ده‌كه‌ن. ده‌بێ ئێمه وه‌ك كورد به حساباتی ماوه‌كورت و مامه‌ڵه‌ی ته‌نگ هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كه‌ین له‌م قۆناغه‌دا. پێویسته ئێمه‌ش حیسابی داهاتوو بكه‌ین و سیاسه‌ته‌كانمان به گوێره‌ی ئه‌مه بێت. بۆ سه‌ركه‌وتنی داهاتوو و بۆ ئه‌وه‌ی دۆزی گه‌له‌كه‌مان بگه‌یه‌نینه داهاتوو ئه‌مه شتێكی پێویسته. ئه‌مه داهاتوویه‌كی ماوه‌درێژه. به یه‌كێتی و ستراتیژێكی هاوبه‌ش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێت. له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان به وه‌ڵاتپارێز ده‌زانن، پێویسته حساباتی بچووك و به‌رته‌سك نه‌كه‌ن. له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێویسته له‌بری به‌رژوه‌ندیی بچووكی ڕێكخستنی، به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی بخرێنه پێشه‌وه.
به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی پیرۆز، بانگی سه‌رۆكی هه‌موو ڕێكخستنه‌كان ده‌كه‌م، پێویسته كێشه ناوخۆییه‌كانمان له ڕێی گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی كه گه‌له‌كه‌مان ده‌یه‌وێت، به ستراتیژێكی هاوبه‌ش بخه‌ینه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. من جارێكی دیكه ڕایده‌گه‌یه‌نم، ئێمه وه‌ك په‌كه‌كه ئاماده‌ین كه به‌رپرسایه‌تیی خۆمان له‌م ڕووه‌وه جێبه‌جێ بكه‌ین. جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان له گه‌له‌كه‌مان و نوێنه‌رانی حیزبه سیاسییه‌كان پیرۆز ده‌كه‌م. سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌خوازم له ڕێكردنی ئازادی.