سەیدسادق؛ لەبۆنەیەکی ھاوسەرگیریدا لەجیاتی شەکراو، کتێب دابەش دەکرێت
  2019-06-13       2985       

ئەمڕۆ لەقەزای سەیدسادق گەنجێك لەئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکەیدا لەجیاتی دابەشکردنی شەکراو، زیاتر لە١٠٠ کتێبی ھەمەڕەنگی دابەش كرد.

ئا: ئیمان زەندی

"سوھەیب محەمەد"ی زاوا لەبارەی ئەم کارەی بۆ ئاوێنە وتی"ئەم کارەی من پێی ھەستام بیرۆکەی خۆمە، کارێکی جیاوازە و لای خەڵکیش زۆر ئاشنا نییە کە کتێب دابەش بکرێت لەبۆنەکاندا."

 

 

وتیشی "زیاتر لە١٠٠ کتێب بو، خەڵکیش پێشوازییەکی گەرم و گوڕیی ھەبو و باسیان لەبیرۆکەکەی من کرد، وە کاتێك کتێبەکانم دابەش کرد ھەستێکی زۆر خۆشیان ھەبو."

 

 

له‌بونه‌ی شه‌كراوخواردنه‌وه‌دا، وه‌ك ناوه‌كه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌تی، ئاسایی جۆرێك شیرینی دابه‌شده‌كرێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ بۆ سوهه‌یت، كتێب، شیرینییه‌كی شیرینتر له‌هه‌مو جۆره‌كانی دیكه‌ی شیرینی بێت، وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، كتێب ده‌مێنێته‌وه‌.

 

سوھەیب باسی لەئامانجی بیرۆکەکەی كردو وتی"شەکراو خواردنەوەکەم لەجیاتی ئەوەی شیرینی بێت کە لەدوای خواردنی ھیچی نامێنێتەوە کتێب بێت زۆرباشترە، چونکە ھەموی سودی لێدەبینێت و دەچێتە ھەمو ماڵێکەوە."

 

وتیشی "کاتێك رۆیشتم کتێبەکانم کڕی وتومە لەجیاتی شەکراو خواردنەوە دەمەوێ، دوکاندار و کتێبخانەکان پێشوازییەکی زۆر باشیان لێکردم بەشێکی زۆرییان پارەیان لێوەرنەگرتم لەپاڵ ئەوەشدا دەستخۆشیان لێکردوم و ھانی شتی زیاتریاندام، ئەمەش زۆر جێی دڵخۆشی بو بۆ من."

 

ئاماژەی بەوەشکرد "ھیوادارم ئەم کارانە زیاتر گرنگی پێبدرێت تا خەڵك چاو لەکاری باش بکات، بەڕاستی ھەستێکی زۆر خۆشیشم ھەبو ئەم کارەم ئەنجامداوە ھەرگیزیش لێی پەشیمان نیم، ڕاستە ھەیە گلەیی دەکات، چونکە خوێندەواری نییە بەڵام ئامانجی من ئەوە بوە خەڵکی وشیاربکەمەوە لەڕێگەی کتێبەوە."

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×