لێدوانەكەی جۆن بۆڵتن كاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت
  2019-01-08       2868       
جۆن بۆڵتن: راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی

ئا: ئاوێنە


جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند هێزەكانی وڵاتەكەی تا ئەو كاتەی داعش لەناو نەچێت‌و بەتەواوی دڵنیا نەبن لەپاراستنی هاوپەیمانە كوردەكەیان ناكشێنەوە، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی توركیاش، ئیبراهیم كاڵن دەڵێت " پروپاگەندەی کردنە ئامانجی کوردەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە بێبنەمایە"، هەروەها راوێژكاری سیاسی ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری خۆسەر، بەدران چیا كوردیش ئاماژەبەوە دەكات ئەوان چاوەروانی رونكردنەوەی فەرمین لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە.



هەر ئەمرۆش مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند دەوڵەتی توركیا بەڵێنی داوە لەدوای كشانەوەی هێزەكانیان لەسوریا هێرش نەكاتە سەر كورد لەرۆژئاوای كوردستان.

 

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا رایدەگەیەنێت رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا دڵنیایی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا داوە لەدوای كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لەسەر خاكی سوریا، بەردەوام بێت لەشەر كردن لەدژی رێكخراوی داعش‌و  هێرش نەكاتە سەر كورد كە شانبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش رۆڵی سەرەكی بینیوە.

 

ئەو لێدوانەی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا كە رایگەیاندبو هێزەكانی وڵاتەكەی تا ئەو كاتەی داعش لەناو نەچێت‌و بەتەواوی دڵنیا نەبن لەپاراستنی هاوپەیمانە كوردەكەیان ناكشێنەوە، كاردانەوەی بەدوای خۆی هێناوە.

 
راوێژكاری سیاسی ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری خۆسەر، بەدران چیا كورد رایدەگەیەنێت تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتوە لەبارەی كشانەوەی سەربازانی سوپای ئەمریكا، ئەوەی بیستویانە تەنها لەراگەیەندنەكانەوە بوە، هەر بۆیە ناتوانن بەشێوەی فەرمی مامەڵە لەگەڵ لێدوانەكەی جۆن بۆڵتن بكەن.

 

راشیدەگەیەنێت جۆن بۆڵتن گەیشتوەتە ئەو باوەرەی توركیا دەیەوێت سیاسەتی سرینەوە‌و لەناوبردنی كورد پەیرەو بكات لەرۆژئاوای كوردستان هەر بۆیە داوای گرنتی‌و دڵنیایی لە دەوڵەتی توركیا دەكات، ئەو وتی "بەبروای ئێمە توركیا لەداعش مەترسیدار ترە بۆ كورد.

 

هەروەها سارا ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا رایدەگەیەنێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی بریاری كشاندنەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەكەی لەخاكی سوریا لەسەر هەڵوێستی خۆی سورە، بەڵام دەیەوێت گرتنی ئەوە بكات لەدوای كشانەوەكە سوپاكەی پارێزراو دەبێت‌و هێزە هاوپەیمانەكانیشی پارێزراوبێت.

 

لێدوانەكەی جۆن بۆڵتن، توركیای هێنایە سەرخەت‌و لەم بارەیەوە ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژەبەوە دەكات : پروپاگەندەی کردنە ئامانجی کوردەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە بێبنەمایە، دەشڵێت "ئامانجی تورکیا پاراستنی ئەو کوردانەیە کە سەر بە پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە نین و توركیا روبەڕوی ستەم دەبێتەوە".

 

ئاماژەبەوەش دەكات پەیەدە‌و یەپەگە كە ئێستا شەری رێكخراوی داعش دەكەن، سەر بە باڵی تیرۆرستی پارتی كرێكارانی كوردستانن، دەشڵێت " ئامانجی تورکیا لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×