مەسرور، میرێکی نوێی ماڵی بارزانی
  2019-07-11       2487       

سات محەمەد

 

پێشبینی دەکرێ لەگەڵ بونی مەسرور بارزانی بەسەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، قۆناغێكی نوێی سیاسی لەناو پارتی‌و لەهەرێمی كوردستانیشدا دەستپێدەكات، مەسرور بەرەو لوتكەی هەڕەمی دەسەڵاتی پارتی‌و هەرێمی كوردستانیش هەنگاو دەنێت.


 
چەندان كەناڵی گەورەی ئاسمانی، رۆژنامەو گۆڤار، وێب سایت‌و پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی ئینتەرنێت، كە بەملیۆنەها دۆلاریان بۆ خەرج دەكرێت، وەك ماشێنێكی گەورە بەم رۆژگارە ریكلام بۆ مەسرور بارزانی دەكەن، بە"برا گەورەو مەزن"، "شێری كوردستان‌و دوژمن بەزێن"، "دبلۆماتكارو ستراتیجیزان"، "ئەندازیاری ئاسایش‌و تەناهی"، "سەرۆکی هێژاو سەنگین"، "بەئەدەب‌و هێمن‌و كەمدو"، "ئەندازیاری چاکسازی‌و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی"، "پێشمەرگەی دوێنی‌و سەرۆك وەزیرانی ئەمڕۆ" ناویدەبەن.


دەیان هونەرمەندو گۆرانیبێژ ستران‌و بەندی پیاهەڵئەدەن، دەیان رۆژنامەنوس‌و مەلا‌و مامۆستای زانكۆو پارێزەر‌و سەرۆك عەشرەت‌و پێشمەرگەی کۆن‌و نوێ‌ پەیتا پەیتا ستایشی "گەورەیی" دەکەن‌، شرۆڤەو شیكاری قوڵ بۆ دوربینی‌و بیرتیژیی دەكەن‌، وتاری لەسەر دەنوسن‌و "مەسرور بارزانی بەجوامێر‌و سەرڕاست‌و  سەركردە‌و سوارچاكی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی" وەسف دەکەن. 


تەنانەت "ئارین"ی كوڕیشی كە هێشتا مێردمنداڵ‌و هەرزەكارە، زۆرجار بەسەرسامییەوە لەو خەڵكە زۆرو قەرەباڵغییە دەڕوانێ‌ سەرە دەگرن بۆ ئەوەی سێلڤییەكی لەگەڵ بگرن. 


كەناڵە یەكەمە بێ‌ ركەبەرەكەی كوردستان، وێڕای ئەوەی "زانینی ئینگلیزی!" وەك یەكێك لەخەسڵەتە گرنگەكانی مەسرور بارزانی باس دەكات، پاگەندەی ئەوەش دەكات كە "مەسرور بارزانی ساڵی 1988 وەك پێشمەرگەی كوردستان بەخۆی‌و چەكەكەی شانیەوە لەخۆكوراك سوپای دوژمنی عێراقی شکاندوە"!


پشتیوانیكردن لەمەسرور بارزانی هەر بەمەوە ناوەستێ‌، بەڵكو لەمەش گرنگتر لەئاستی بنەماڵەی بارزانی‌و پارتیشیدا كار بۆ ئەوە كراوە مەسرور لەقۆناغی داهاتودا هەمو سەرەداوەكانی دەسەڵاتی لەدەستدا بێ‌‌و خاوەنی بڕیاری سیاسی بێت، پشتیوانییەك كە خاڵی بەهێزی مەسرور بارزانییە بەراورد بە"نێچیرڤان بارزانی".


مەسعود بارزانی كە پەیوەندییەكی تۆكمەی لەبنەماڵە دەستڕۆشتوەكانی لوبناندا هەیەو هاموشۆی دو سەركردەی ناوداری ئەو وڵاتە، كە "وەلید جانبولاد"‌و "ئەمین جومەیل"ن دەکات، خەریکە هەمان ئەو هەنگاوە دەنێت كە ئەوان لەناو بنەماڵەو حزبەكەیاندا گرتیانەبەر. وەلید جانبولاد‌و ئەمین جومەیل هێشتا كە خۆیان لەژیاندا ماون، جڵەوی دەسەڵاتی بنەمالەو سەرۆكایەتی حزبەكانیان بەكوڕەكانیان سپارد، بۆ ئەوەی تا خۆیان ماون پاڵپشتی کوڕەکانیان بن‌و بكەونە سەر پێی خۆیان‌و ئەوەندە بەهێز بن، لەپاش خۆیان لەلایەن ئەو "گەلە گورگە"ی چواردەوریانەوە بەربەستیان بۆ دروست نەكرێ‌‌و تەنگیان پێهەڵچێنرێ‌.


مەسعود بارزانی، هەنگاو بەهەنگاو كاری بۆ بەهێزكردنی مەسرور كردوە بەبێ‌ ئەوەی نێچیرڤانیش تەرە بکاو بڕەنجێنێ‌. تەنانەت كە ساڵی 2006  فشاری بۆ دەهێنرا لەبەرامبەر بونی بەسەرۆكی هەرێم پۆستی سەرۆك وەزیران رادەستی یەكێتی بکات، ئەو سەرپێچی کردو بەپێی گێڕانەوەکان وتویەتی "ئامادە نیم بەسەر لاشەی نێچیرڤاندا بپەڕمەوە بۆ ئەوەی ببم بەسەرۆكی هەرێم".


یەكێك لەخەمەكانی مەسعود بارزانی راگرتنی هاوسەنگی ناو خێزان‌و بنەماڵەكەی بوە، بەتایبەتی بەتەنگ پاراستنی هاوسەنگی دەسەڵاتی نێوان نێچیرڤان‌و مەسرورەوە بوە، ئەگەرچی بەشێوەیەكی شاراوە زیاتر پەرۆشی مەسرور بوە، بەڵام زۆر بەوردی کاری بۆ یەکگرتویی بنەماڵەکەی کردوە، کە خاڵی بە‌هێزی ئەوان‌و پارتییە.


نزیكەی 9 ساڵ لەمەوبەر، كە دوا كۆنگرەی پارتی (كۆنگرەی سیانزە) بەسترا، بارزانی باش دەیزانی نێچیرڤان‌و بارزانی بچنە ركەبەرییەوە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی ئەندامانی کۆنگرەکە، عاقیبەتی خێر نابێت. بۆ رێگەگرتن لەسەرهەڵدانی ئەو ركەبەری‌و بەریەك كەوتنە، بەتەزكیە نێچیرڤانی كرد بەجێگری خۆی كە سەرۆكی پارتییە، بەڵام لەبەرامبەردا زۆرینەی دەنگی ئەندامانی كۆنگرەی بۆ مەسرور بارزانی مسۆگەر كرد‌و بەدەنگدان لەناو پارتیدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.


هاوکات، سەرباری ئەوەی  نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیریش بو، بەڵام یەكێك لەجومگە سەرەكیەكانی دەسەڵاتی (دەزگاکانی ئاسایش‌و هەواڵگری سەربازی‌و دامەزراوە هەواڵگرییەکان)ی بەدەستی مەسرور سپارد بو، بەبێ ئەوەی سەر بەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بێت، بەڵام ئێستا كە خۆی دەبێت بەسەرۆك وەزیران، ئەم دامەزراوە گرنگە سەر بەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت، نەك سەرۆكایەتی هەرێم.


براكانی مەسعود بارزانی‌و ماڵە خاڵوانە زێبارییەكانی كە رۆڵێكی بەرچاویان هەیە لەناو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی پارتیدا، كوڕەكانی بارزانی (واتە براكانی مەسرور) كە لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا هەریەكەو بەرپرسیاریەتییەك لەئەستۆ دەگرن، یەكێكیان فەرماندەی زێڕەڤانییە، یەكێكیشیان دێ‌ بەدێی دەڤەری بلەو بارزان‌و بادینان دەگەڕێ‌‌و رۆڵی پیاوماقوڵ دەبینێ‌‌و عەشائیر‌و سەرۆك خێڵ‌و پیاوە دیارەكان بەسەردەكاتەوە. یەكێكیان كاری دیبلۆماسی‌و رێكخستنی پەیوەندییە دەرەكییەكان دەكات، هەمویان پشت‌و پەنای مەسرورن‌و پێگەی ئەم بەهێزتر دەكەن.


بارزانی بۆ مسۆگەر كردنی سەركەوتنی مەسرور لەم ئەركەدا، لەچەند مانگی رابردودا هەمو هەوڵێكی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لەئاستی ناوخۆی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەشدا پەیوەندییە گرژ‌و ئاڵۆزەكانی ئاسایی‌ بكاتەوە، نەرمی بەرامبەر بەحزبەكانی كوردستان نواند، بەغدای ئاشت كردەوە، دەستی دۆستایەتی بۆ ئەنقەرەو تاران‌و تەنانەت دیمەشقیش درێژ كرد، هەر هەموی لەپێناو زەمینەسازی كردن بۆ سەركەوتنی مەسرور بارزانی. 


ئاماژەیەكی دیكەی ئەم بەهێزییەی مەسرور بەراورد بەنێچیرڤان، بەدەستهێنانی دەنگەكانی پەرلەمانە بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیران، بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی، مەسعود بارزانی گەمەكەی لەسەر كەركوك بەجۆرێك ئاڕاستە كرد لەگەڵ یەكێتی، كە نێچیرڤان تەنها بە68 دەنگ بو بەسەرۆكی هەرێم، بەڵام بۆ مەسرور كارێك كرا كە 88 دەنگی مسۆگەر كرد.


تۆمار كردنی خاڵێكی دیكەی بەهێزی مەسرور بەرامبەر بەنێچیر، دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی بو لەكابینەی نوێی حكومەت، كە نێچیرڤان زۆر مەبەستی بو لەپۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكاندا بمێنێتەوە، بەمەش مەسرور دەستی نێچیرڤانی لەسیاسەتی نەوت‌و داهاتی نەوتدا كورت كردەوە، كە نەیهێشت وەكیلەكەی ببێتەوە بەوەزیر. مەسرور بەئاشکرا دەیەوێ زۆربەی سەنگەرە سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و حزبییە قایمەکانی نێچیرڤان بخات. 


ماڵی بارزانی تاکە ماڵێكن له‌مێژووی‌ كورد‌و له‌نێو هه‌موو ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی‌ كه‌ رۆژگارێك لێره‌و له‌وێی‌ ئه‌م كوردستانه‌دا سه‌ركردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ ئێمه‌یان كرد، نه‌كه‌وتبن‌و سه‌ڕه‌رای‌ چه‌ندین نه‌هامه‌تی‌‌و شكستی‌ گه‌وره‌و گران، به‌مشێوه‌یه‌ به‌پێوه‌ راوه‌ستابن، دەشێ بڵێین «بارزان» دوا میرنشینی‌ كوردییه‌ كه‌ هێشتا مابێت. 


ئەم میرنشینە ئیستا ئامادەکاری بۆ میرێکی نوێ دەکات، کە "مەسرور بارزانی"یە. مەسعود بارزانی زۆر خەم‌و مەبەستیەتی هاتنە سەر تەختی ئەم میرە نوێیە بەئارامی تێپەڕێ‌، هەمو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی تا ئەکرێ نە لەنێچیرڤان تێکبچێ‌و نە لەمەسروریش. بیر لەدۆزینەوەی رێگەیەک دەکات بۆ پێکەوە هەڵکردنی کوڕو برازاو (زاوا)کەی، بۆ ئەوەی لەقۆناغی داهاتو بە بەهێزیی‌و یەکگرتویی بمێننەوە، دەنا رکەبەرەکانیان لەکەمیندان بۆ سەرهەڵدانی هەر جۆرە دوبەرەکی‌و ناکۆکییەکی مەسرورو نێچیر، تا کۆتایی بەدەسەڵاتی دورودرێژی ماڵی بارزانی بهێنن. 


بەدڵنیایی گرنگترین راسپاردەی مەسعود بارزانیش لەم ساڵانەی کۆتایی تەمەنیدا ئەوە دەبێ "بارودۆخ هەر چۆن بێ‌، هیچ دوبەرەكی‌و ناكۆكییەك لەنێوان مەسرورو نێچیرڤاندا رونەدا"، هەروەک چۆن مستەفا بارزانی بەر لەمردنی هەمان ئامۆژگاری مەسعودو ئیدریسی کرد بو. 

 

هەرچەندە مەسرورو نێچیرڤان دو کەسایەتی تەواو جیاواز لەوان‌و لەبارودۆخ‌و پێگەو رۆژگارێکی تەواو جیاوازیشدان‌، جگە لەوەی کە نێچیرڤان کاراکتەرێکی ئەوەندە لاواز نییە بەئاسانی بخرێ، بۆیە کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوە بکات کە ئایندە چی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە بۆ ئەم دو کاراکتەرە.


مەسرور بارزانی، كە ساڵانێكی زۆرە وەك سێبەر بەدوای مەسعود بارزانییەوەیە‌و سەرپەرشتی یەكێك لەگرنگترین دەزگا ئەمنییەكان دەكا‌و لەهەمو گەشتێكیدا باوکی لەگەڵ خۆی دەیبا كاربەدەست‌و كاراكتەرە گرنگەكانی کوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەو جیهانی پێدەناسێنێت‌و لای ئەوان ریكلامی بۆ دەکا، ئەمڕۆ بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران‌و بەو تۆنی قسەكردن‌و وتارخوێندنەوەو ئامادەکارییە پێشوەختەی بۆی کراوە، هەنگاوێكی دیكە بەرەو لوتكەی هەڕەمی دەسەڵاتی پارتی‌و هەرێمی كوردستان سەركەوت.


 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×