وەزیری دارایی بڕیارێكی نوێی لەبارەی گومرگەوە دەركرد
  2019-08-01       2178       

وەزیرى دارایى و ئابورى هەرێمى کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەى گواستنەوەى کاڵا بۆ وڵاتانى دراوسێ بەشێوەى ترانزێت دەركرد، ئەوەش لەپێناو "نەهێشتنى قۆرخکارى".

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە (1/8/2019)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى لە فەرمانێكی وەزاریدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، رایگەیاند؛ لەژێر رۆشنایى کارنامەى کابینەى نۆیەم و لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و بۆ برەودان بە  جوڵەى بازرگانى لە هەرێمى کوردستان و نەهێشتنى قۆرخکارى، بڕیارماندا بە رێگەدان بە گواستنەوەى سەرجەم ئەو کاڵایانەى لە روى یاساییەوە رێگەپێدراون بۆ وڵاتانى دراوسێ بەشێوەى ترانزێت.

نوسراوەكە ئەوەشی خستۆتەڕو کە بڕیارەکە بۆ سەرجەم بازرگانانە بە بەپێى رێکار و میکانیزمى گونجاو بە رێژەى یەک لەسەر پێنجى رەسمى گومرگى ناو پێناسەى گومرگی و رەسمى زیادەو فەرمانەكەش لەرۆژی دەرچونییەوە جێبەجێ دەكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاندبو كە رۆژانە سەدان تەن كاڵا لە دەروازە سنورییەكانی هەرێم بەبێ دانی گومرگ داخڵ دەكرێت، بەشێكی ئەو كاڵایانەش بە پاساوی ئەوەی ترانزێتەو بۆ سوریا دەبرێن لە گومرگ دەبەخشرێن لەكاتێكدا كە بەقسەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەو كاڵایانە بۆ ناوخۆشن نە دەرەوەی وڵات.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×