پارچەیە پەڕۆ مەدەن بەسەر دەلاقە گەورەکەیا بەڵکو ئاڵاکان داگرن بۆ نیوە!

سامانـی وەستا بەکر
  2019-01-11     1841
سیاسەت بێجگە لەوەی ھونەری ڕێکخستنی کۆمەڵگەو داودەزگاکانی دەوڵەتە ھەرواش پاراستنی سنورو سەرەوری نەتەوەو خاکیشە بەڕووی دراوسێ و ھەرھێزێکی دەرەکیشدا.

مەخابن سیاسەت لە ھەرێمی کوردستان ڕێچکە باوەکەی بەزاندوەو ڕێچکەیەکی زۆر تایبەت بەخۆی گرتووە کە لە شکڵ و لە ھەناویا لە ھیچ شوێنێکیتر ناچێت بەجۆرێک ھونەری ڕێکخستن گۆڕاوە بۆ تێکدان، ھونەری شکۆپارێزی بۆ بودەڵەکردن، ھونەری دروست کردنی تاک بۆ تێکشکان، ھونەری سنورپارێزی بۆ بەدەستەوەدان، ھونەری خزمەتگوزاری بۆ تێھەڵدان و ھونەری بیروڕای جیاواز بۆ کووچی زیندان.

ھەندێ جار پارچەیەک کوتاڵ ئەکرێ بە پینەی پۆشاکێکی دڕاو بەڵام چەند وردیش بکرێ پینە ھەر پینەیەو پۆشاکی دڕاویش ھەرگیز وەک خۆی لێنایەتەوە.

ئەوەی ئێستا لە باشوری کوردستان ئەگوزەرێ ھەمان ئەو نمونەیەی سەرەوەیە، بەنیازن بە پارچەیەک پەڕۆی چورا ڕەنگ دەلاقە گەورەگە داپۆشن و پارچەیەک پەرۆکی لاکێشە بدەن بەچاوی خەڵکیدا و ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی سیاسی و داخستنی سینەمایەک بۆ قەدەغەکردنی فیلمێک و کۆکردنەوەی چەند پەرتوکێکی دیاری کراو ...ھتدی لەبیری خەڵک پێببەنەوە!

ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان ھیچ خواستێکی نیشتمانی بەرز ڕاگرتنی شکۆی نەتەوەی کورد لە کەرکوک و جەخت کردنەوەی کوردستانی بوونی ئەو شارەی لە پشتەوە نیە بەڵکو ھەر زوو بەزوو مەرامی ڕێپێدانی ھەڵکردنی ئەو ئاڵایە ڕوون و ئاشکرا بۆوە کە ئەو کارە بۆ لەبیربردنەوەی ھەڵکوتانە سەر پارتی کرێکارانی کوردستانە لە ھەرێم و بە دیاری کراوی لە سلێمانی لە ئێستایا.

کلتوری خۆ بەدەستەوەدان و گوێڕایەڵی دوو پارتە سەوزو زەردەکەی ھەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە ھیچ یەکێک لە داگیرکەرانی مێژووی کوردستان دوو نوبوون و دوو دڵیش ناکەن لەھەر داوایەک و ھەر سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندی خۆیانبێ و بیانەوێ لەو بەشە "نیمچە ئازاد"ەی کوردستانا جێبەجێی بکەن ئەگەرجی پاسەنگی ئەو کارە خوێنی چەندین لاو پیرو مناڵی کوردیشبێ یان داخستنی بارەگاو داخستنی حیزب و دەستگیرکردنی سیاسیش بێت.

ھیچ کاتێک خەڵک بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دڵخۆش نابن ئەگەر باجەکەی دەستگیرکردن سیاسی و تەسلیم کردنی کلیلی خوودی شارەکەبێ بە دوژمن لە کاتێکا کە کردنەوەی فڕۆکەخانە بۆ خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان نیە بەڵکو بۆ کارئاسانی بازرگانە سیاسیەکان و ھەناردەو ھاوردەکردنی کاڵایە بۆ قازانجی زیاترو ئاسانکاری زیاتر کە لەوانەیە باڵادەستانی سلێمانی ئەو کارەیان لەڕێی فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە بۆنەچێتە سەر چونکە وەک ئەزانرێ ئەوان ھەر ڕکابەری سیاسی نین بەڵکو ڕکابەری بازرگانیشن.

ھیچ کاتێک کوردانی کەرکوک بە ھەڵکردنی ئاڵایەک دڵخۆش نابن کە ڕەنگە سوورەکەی خوێنی ئەو گەنجانەبێ کە ١٦ی ئۆکتۆبەرا کران بە قوربانی، ڕەنگە سەوزەکەی ئەو دۆلارانەبێ کە ئەخزێنە گیرفانی بەرپرسانی خاک و خۆفرۆشەوە، ڕەنگە زەردەکەی شەرمەزاری پاشەکشێکردنبێ لە ئازادی و ڕەنگە سپیەکەشی ھەڵکردنی ئاڵای سپی خۆڕادەستکردنبێ.

پارچەیەک پەڕۆ ھیچ لە ئازاری خۆبەدەستەوەدان و دۆڕان ناشکێنێ کە ئێمە لەناخەوە گەمارۆدراین و نەخشەی وڵاتمان لە دڵمانا پێئەنێژن ھەربۆیە تکایە لەبری ھەڵکردنی تاکە ئاڵایەك کۆی ئاڵاکان بۆ نیوە داگرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×