بیری ڕۆژنامە دەکەم

ئاراس فەتاح
  2019-01-16     702
ماوەیەک ھەستم بە خەمبارییەکی قووڵ دەکرد. بێگومان لەم وڵاتەی ئێمەدا پێویستیت بە گەڕانی ورد و زۆر نییە بۆئەوەی لە ھۆکارەکانی خەمۆکێ تێبگەیت، چونکە وێرانەیی مۆدێلی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە و ئەو بێڕێزییە بێوێنەیەی ڕۆژانە بەرامبەر بە تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەکرێت و نەمانی شەرمی سیاسیی و خەمساردیی سیاسەت و ئیفلیجیی ئۆپۆزیسیۆن و مەترسیی پرۆسەی بەخێزانییبوونی تەواوی کایەی سیاسەت و دروستکردنی ئیمپراتۆرییەتی میدیایی تایبەت بەخۆیان و ھتد... ھەموو ئەمانە بەسن بۆئەوەی توشی سەرئێشەیەکی موزمن بیت. پاشئەوەی لەگەڵ ھاوسەرەکەم و ھەندێ ھاوڕێم باسی خەمۆکییەکەمم کرد، بۆم ڕوونبووەوە کە ھۆکارەکەی ئەمانە نین، بەڵکو ژانی بێبەرییبوونە لە ڕۆژنامەیەکی کاغەزیی کە ڕۆژانە پۆست بۆم بھێنێتە ماڵەوە و بەیانیان بەدەم چاخواردنەوە بیخوێنمەوە. سەرچاوەی خەمۆکییەکەم نەبوونی ڕۆژنامەیەک بوو لەناو پتر لە ٩٠٠ گۆڤار و ڕۆژنامە و ھەفتەنامەدا، کە لانی کەمی ئێتیکی ڕۆژنامەگەریی و سەنگی ڕۆشنبیریی لە دونیای ئێمەدا ھەبێت. دیارە لە ئێستادا ژمارەیان ھاتۆتە سەر ٥٠ دانە، چونکە بەپێی داتاکان زۆرینەیان بەھۆی قەیرانی داراییەوە داخراون یان ڕاگیراون.

من لە ئەڵمانیا بەشداریی ساڵانەم لە دوو ڕۆژنامەدا ھەبوو، ھەموو بەیانییەکی زوو ئەو دوو ڕۆژنامەیەم بەڕێگای پۆستەوە بۆدەھات، یەکێکیان ھی چەپەکان و ئەوی تریان ھی کۆنزێرڤاتیڤەکان بوو، بۆئەوەی ئاگاداری دیدگا جیاواز و ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگای ئەڵمانیی بم. بەدەم بەرچاییەوە ھەموو بەیانییەک پێشئەوەی بچم بۆ سەر کار، ھەندێ لە ھەواڵ و ستونەکانم دەخوێندەوە، لە ناو شەمەندەفەر و پاس و لە پشووی نیوەڕوان و ئێوارانیشدا وتار و ریپۆرتاژ و پرسە گرنگەکانی کایەی سیاسەت و ڕۆشنبیریی و بەشەکانی ترم دەخوێندەوە. بەپێچەوانەی ھەندێ نووسەر کە ڕایان وایە نەنگییە گەر ڕۆشنبیر ببێت بە وتارنووس و ستوننووس، ڕۆژنامەنووسیان لێ کردووین بە پیشەیەکی ئاستنزم و بێقووڵایی، دەبینین کە لەزۆرینەی ڕۆژنامە سەنگین و گەورەکانی دونیا بیریارە گەورەکان ستون و وتاری خۆیان ھەیە و ھەر ئەو نووسینانەش دواتر دەبن بە بابەتی خوێندن لە زانکۆکان و دروستکردنی دیسکورسی فیکریی و سیاسیی و فەلسەفیی لە کۆمەڵگا. ھەرکەسێک دوور لە حوکمدانی نازانستیی و ھاوسەنگانە بیربکاتەوە، ئەو ڕاستییە سانایە دەزانێت کە کتێب ھیچ کاتێک ناتوانێت شوێنی ڕۆژنامە بگرێتەوە، ھەروەک چۆن ڕۆژنامەش شوێنی گۆڤار و ھەفتەنامە پڕناکاتەوە، چونکە ھەریەکەیان وەزیفەیەکی تەواو جیاوازی ھەیە. ھەر بۆیە مانگانە سەرەڕای بەشداریی ساڵانەم لە دوو ڕۆژنامەدا، دوو گۆڤاری فیکریی و تیۆرییم بەڕێگای پۆستەوە بۆ دەھات و ھەندێکی تریشم بەپێی گرنگیی مەلەف و بابەتەکانیان دەکڕی.

ھاوکات چەند ڕۆژێک دوای ساڵیادی دەساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی ئەھلیی و سەربەخۆی ئاوێنە کە پێش ماوەیەک بەھۆکاری قەیرانی دارایی، ماڵئاوایی لە چاپ و بڵاوکراوکردنەوە کرد و تەنھا سایتەکەیان ماوەتەوە، دەبینین ڕۆژنامەیەکی تر لەدایکدەبێت و دەچێتە سەر لیستی ئەو ڕۆژنامانەی کە جگە لە پڕکردنەوەی کەلێنێکی حیزبییانەی تر، ھیچ مانایەکی ڕۆشنبیریی نوێ بۆ کۆمەڵگای ئێمە بەرھەمناھێنێت.

من لەژیانمدا چوار جار کاک نەوشیروانم بینیوە، ھەر چوارجارەکەش دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو. یەکێک لەو دیدارانەش لە شاری موینشن بوو، کاتێک چووم بۆ ئەو ریستۆرانتەی کە شوێنی یەکتربینینمان بوو، چەند کەسێکی تری لەگەڵدا بوو. پاش سڵاوکردن و بەخێرھاتن، نیگای لەسەر ھەردوو ھەفتەنامەی Die Zeit و ڕۆژنامەی SZی ئەڵمانیی بوو کە بەدەستمەوە بوون. پاشئەوەی لە تەنیشتییەوە دانیشتم و ڕۆژنامەکانم لە تەنیشتەکەی ترم دانا، گوتی: ”کاک ئاراس بەخێر بێیت، خۆشحاڵم بە بینینت.“ ڕووی دەمی لە دۆستەکانی کرد و بە بزەیەکەوە درێژەی بە قسەکانی داو گوتی: ”کاک ئاراس دڵخۆشتکردم، چونکە ئەمە یەکەمجارە لە دەرەوەی وڵات کوردێک بە ڕۆژنامەوە دەبینم و ڕۆژنامە بخوێنێتەوە.“ ھەر ئەوەی گوت یەکسەر یەکێک لە ئامادەبووان گوتی بەخوا منیش ڕۆژانە ڕۆژنامە دەکڕم و ئەوی تریان گوتی لەناو سەیارەکەم بەجێمھێشتوە و ھتد. ڕاستییەکەی من لێم نەشاردەوە کە سەرنجەکەی ئەوم زور پێ سەیرە، بەڵام بۆ من بوو بە سەرەتایەکی گونجاو، بۆئەوەی بیکەم بە یەکێک لە بابەتەکانی گفتوگۆکەمان و باس لە گرنگیی گۆڤار و ڕۆژنامەی ئەھلیی و سەربەخۆ بکەین کە چ ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەریان لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا گێڕاوە و چۆن پشتیوانی لە میدیای ئازاد بکرێت و کولتوورێکی نوێ و جودا لە ڕۆژنامەگەریی دامەزرێنرێت و کۆتایی بە میدیای حیزبیی و سێبەر بھێنرێت. لەکاتێکدا زۆرینەی ئامادەبووان سەرسامیی خۆیان بە ئازایەتیی و گەورەیی نەوشیروان مستەفا نیشاندەدا و ڕایان وابوو گەر ئەو نەبایە بزوتنەوەی گۆڕان دروستنەدەبوو، کاک نەوشیروان قسەی پێبڕین و گوتی: ”حەزدەکەم پێتان بڵێم کە بەرھەمھێنانی ئەم بزوتنەوەیە بەتەنھا کار و ئازایەتی من و ھاوڕێکانم نەبووە، بەڵکو پێش ئێمە گۆڤاری رەھەند ھەبوو، لەپاڵ ئەوانیش میدیای ئازاد ھاتەبەرھەم، کە گرنگیی و کاریگەرییان بۆ کۆمەڵگای ئێمە ھاوتەریبە بەم بزوتنەوە سیاسییە نوێیەی ئێمە.... ئێمە قەرزارباری ئەوانین.“

لەم نووسینەدا قسەم لەسەر ھەڵسەنگاندنی شوێنگەی نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و ئاراستەی سیاسەت و سیاسەتی میدیایی بزوتنەوەی گۆڕان نییە لەسەردەمی ئەو و دوای سەردەمی ئەو، یان بمەوێت وەڵامی ھەندێ پرسیار بدەمەوە لەنموونەی، بۆچی نەوشیروان مستەفا ڕۆژنامەی ”رۆژنامە“ی داخست و ئێستاش بزوتنەوەکە بەم قەیرانە گشتگییر و گەورانەیەوە ڕۆژنامەیەکی تر و سایتێکی تر لەتەنیشت سایتی سبەی، بەناوێکی تر دەردەھێنێت؟ ئایا بزوتنەوەکە دوای چ لێکۆڵینەوە و ڕاپرسیی و شیکارییەکی میدیایی گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ڕۆژنامەیەکی حیزبیی ترە؟ ئایا بەم کردەیەی دەیەوێت چ کەلێنێکی میدیایی لە دونیای وێرانەی کۆپیکردنی یەکترییانەی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا پڕبکاتەوە؟ بۆچی ڕۆژنامەیەکی ئەھلیی گەورەی سەربەخۆ و ڕەخنەیی وەکو ”ئاوێنە“ بەبەرچاوی ھەمووانەوە دەمرێت کە ڕۆڵێکی گرنگی لە وشیارکردنەوەی ھاوڵاتیانی ئێمەدا گێڕا و ڕۆژنامەیەکی حیزبیی تر لەدایکدەبێت؟ ئایا بەڕاست ئەم ڕۆژنامە حیزبییە نوێیە خوێنەری لە ڕۆژنامەی ”ئاوێنە“ یان ”هاوڵاتی“ جاران زۆرتر و گرنگییەکەی لەوان گەورەتر دەبێت بۆ کۆمەڵگای ئێمە؟ ئایا بەڕاست کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا نەمانی فیکر و ئاراستەی سیاسیی و قسەکردنی قووڵ و جیدییە لەسەر میراتی سیاسیی ئەم بزوتنەوەیە کە سەدان ھەزار کەس خۆبەخشانە بەرھەمیانھێنا، یان دەرکردنی ڕۆژنامە و سایتێکی نوێ و دۆزینەوەی ھەلی کار و دروستکردنی وەلائەتی سیاسیی نوێ و دامەزراندنی زۆنێکی داخراوی ترە لەناو ئەو بازنە تەواو بچووکبووەوەی میدیاکارانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان؟ ئایا کێشەی بزوتنەوەکە بەپێچەوانەی سەردەمی نەوشیروانەوە، کە ھێندەی ئاگادارم ھەموو ڕۆژانێکی ھەینیی لەگەڵ ھەندێ ڕۆشنبیر و میدیاکار و چالاکواندا کۆدەبووەوە و گفتوگۆی لەگەڵدادەکردن و پرس و ڕای پێدەکردن، یان نائومێدیی و تەرەبوونی تەواوی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و جەریئەکانە لێی؟ ئایا ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەندە بابەتی فیکریی قووڵ و ڕاپۆرت و شیکار و بەدواداچوونی سەنگبەھایان ھەیە کە لەبەر کەمیی ڕووبەر و کات، لە کەناڵە حیزبییەکانی خۆیاندا جێگایان نابێتەوە، بۆیە پێویستیان بە ڕووبەرێکی میدیایی ترە؟!

وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئێستادا پرسی ئەم بابەتم نین، مەبەستیشم لە گێڕانەوەی ئەم سەرگوزشتە لەگەڵ کاک نەوشیروان کە بۆ یەکەمینجارە لە مێژووی نووسینمدا بەسەرھاتم لەگەڵ سیاسەتمەدارێکدا دەگێڕمەوە، تەنھا نیشاندانی نموونەیەکی بچووک بوو لە بوونی جیاوازییەکی گەورە لە نێوان پەیوەندیی نووسەران و میدیاکارانی سەربەخۆ لە سەردەمی ئەو و سەردەمی دوای ئەو. ڕاستە ئەم پیاوە لەدواجاردا سیاسەتمەدارێک بوو و سیاسەتی دەکرد و ڕەخنەی توندیشمان لە سیاسەت و هەڵەی ستراتیژیی مۆدیلی بەجێهێشتنی میراتی بزوتنەوەکەی هەرچەندێک بێت، لەو ڕاستییە کەمناکەنەوە کە سیاسەتمەدارە ئەم یەکێک بوو لەو سەرکردە دەگمەنانەی کورد کە هاوکات نووسەر و ڕۆژنامەنووسیش بوو.

بەبۆچوونی من باشترین ھەنگاوی عەقلانیی کە بزوتنەوەی گۆڕان لەڕابردوودا بیکردبایە، وەکو ھەموو حیزبە مۆدێرنەکانی دونیا، پێشنیارێک بوو کە لەدێرزەمانە بە دەستپێشخەریی کاک مەریوانی ھاوڕێم بۆ بزوتنەوەکەمان کردبوو، دامەزراندنی بڵاوکراوەیەکی ناوخۆیی تایبەت بوو بە بزوتنەوەکە خۆی، بۆ گفتوگۆکردن و کۆکردنەوەی دیدگا جیاوازەکانی ناوخۆی و فیلتەرکردنی ململانێکانی، نەک بردنی ئەو شەڕە بۆ ناو فەیسبووک یان دەرکردنی بەیاننامە لەبەر نەبوونی زەمینەی گونجاو بۆ ڕەخنەگرتن و گوێنەگرتن لە پێشنیار و فەرامۆشکردنی هەموو پڕۆژەیەکی چاکسازیی لەناو بزوتنەوەکە. لەئێستاشدا دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی حیزبیی نوێ و هەوڵی بەجەماوەرییکردنی لەوێنەی ڕۆژنامە حیزبییەکانی تر، ھیچ گەرانتییەکی نییە کە ڕێگا بە وتاری ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانە بدات کە ڕەخنەی توند لە بزوتنەوەکە و ئاراستە نوێکەی دەگرن، چجای دەگات بە وتاری ئەو ھەڵسوڕاو و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە خەمخۆرانەی خۆیان کە لە سۆنگەی نائومێدیی و پرنسیپەوە دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون، یان بزوتنەوەکەیان جێھێشتووە.

دونیای میدیای بینراو و بیستراو و چاپ لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا وێنە حەقیقییەکەی خۆی تەواو ونکردوە و سەرتاپا بووە بە میدیایەکی سێبەر و بە ساباتێک بۆ پروپاگەندەکردن و شەرعییەتدان بە ھەندێ ئامانج و بەرژەوەندیی شەخسیی سیاسیی و ئابووریی. تاکە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەھلییمان ھەبوو، ئەویش کرا بە میدیایەکی حیزبیی و چەترێکی پروپاگەندەکردن بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرکردەکەی. ململانێی داھاتوو لە کۆمەڵگای ئێمەدا ململانێیەکی حەقیقیی نابێت، بکەرەکان ڕاستەخۆ بەریەک ناکەون، بەڵکو گۆڕاوە بە ڕووبەرێک بۆ ململانێی ناڕاستەوخۆی بکەرە ڕاستەقینەکان لەڕێگای جەنگی ڕاستەوخۆی سێبەرەکان لەگەڵ یەکتر. من کاتێک دڵم بە لەدایکبوونی میدیایەکی تر خۆشدەبێت و دەتوانم دەستخۆشیی لێبکەم کە نەبێت بە سێبەرێکی تر لە ڕیزبەندی میدیا سێبەرەکان بۆ سیاسەتی حیزبیی و مەرامی شەخسیی. ئەو دەزگایانە چەندە خەڵکی باش و دڵسۆزیشی تێدا بێت، لەدوادەرئەنجامدا لە خزمەتی ستراتیژ و بەرژەوەندییەکی سیاسیی و شەخسییدایە.

لەیادی دە ساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا تەنھا بیری ڕۆژنامەی ئاوێنە ناکەم، بەڵکو بیرم لای ڕەھەندێکی ترە کە بۆ کۆمەڵگای ئێمە بەھایەکی گەورەی ھەیە. دوای داخستنی ناچارییانەی ئەم ڕۆژنامەیە لەبەر زیاد لە ھۆکارێک کە گرنگترینیان قەیرانی دارایی بوو، ھەستدەکەم کۆمەڵگای ئێمە گەلێک دوورە لەوەی ببێت بە نەتەوە بە مانا سیاسییەکەی. ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ رۆژنامەیەکی نییە کە فەرمانبەرێکی زاخۆ و قوتابییەکی خانەقین و کاسبکارێکی سلێمانیی و نووسەرێکی ھەولێر و مامۆستایەکی کەرکووک لەیەک کاتدا بەدەستیانبگات و بیخوێننەوە. لاپەڕەی تایبەتی لۆکاڵیی بۆ ھەر یەکێک لە شار و شارۆچکەکانی ھەبێت. گەرچی گەلی ئێمە لەچاو گەلانی تردا مێژوویەکی کۆنی ڕۆژنامەگەریی نییە، بەڵام بوونی ڕۆژنامەی ئاوێنە بەھەموو ڕەخنەکانمان و کەموکوڕیی و گرفتەکانییەوە لە ژیانی ڕۆشنبیرییمان، کە لەگەڵ ھەندێ لە ھاوڕێکانم ساڵانێک وتارمان تێدا بڵاودەکردەوە و ئەوەی لە تواناماندا بوو کۆمەکمان کرد، گرنگییەکی گەورەی بۆ ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگای ئێمە ھەبوو. ئەوەشی ئەم خەمە گەورەتر و قووڵتردەکات تەنھا لاموبالاتیی دەسەڵاتدارێتی سیاسیی و نێرجسییەتی نەوەی نوێی ناو ئەو نوخبە سیاسییە نییە کە زۆرینەی ڕەھایان ناتوانێت یەک وتار بنووسن و تاقەتی خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی فیکرییان نییە، بەڵکو لەھەمانکاتدا بێخەمیی نوخبەی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و ھونەریی و میدیایی ئێمەشە بەرامبەر بە داکەوتنی دەزگا و بڵاوکراوە سەربەخۆ و گرنگ و سەنگینەکانی. ھەر یەکەیان خەونی بچووک گێژی کردوون، ھەریەکەیان خەمی ئەوەیەتی دوکانە بچوکە ڕۆشنبیریی و میدیاییەکەی خۆی بمێنێتەوە و بەھەمان شێوەی پێکھات و مۆدێلی حیزبەکان، دەیانەوێت بە سەرۆک و سەرنووسەر و ستافی بەڕێوەبەری ئەبەدیی دەزگاکەیان بمێننەوە. ھیچیان بیر لە مۆدێلێکی تر و ئەڵتەرناتیڤێکی تر و دروستکردنی یەکە و کوانوویەکی نوێی میدیایی سەربەخۆ ناکاتەوە کە توانای بەردەوامیی ھەبێت و بتوانێت ڕۆڵە ڕۆشەنگەرییەکەی خۆی بگێڕێت. تاوەکو بەم مۆدێل و فۆرمەی ئێستاشیان بمێننەوە و بەردەوامبن، ناچاردەبن ئامادەی خۆسانسۆرکردن و تەنازولات بن.

گومانی تێدا نییە کە ئەم سیستەمە میدیاییەی دونیای ئێمە ستراتیژێکی مەترسییداری حیزبی بەڕێوەیدەبات و دەیەوێت تەنھا جێگەی ئەوانەی تێداببێتەوە کە دەبن بە سێبەر و شوناسی سەربەخۆیی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەوەی ئەوان لێیدەترسن ئەو ڕاستییەیە کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ھەر پرۆژە فیکرییە سەربەخۆکان و میدیای ئازاد بوو، بوون بە ھەوێنی سەرھەڵدانی وشیاریی ڕۆشنبیریی و سیاسیی نوێ و پاشان لەدایکبوونی ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و ململانێی مەدەنیی. گێلێتییەکی گەورە و نەفامییەکی بێوێنەیە گەر وابزانیت تەنھا بە تەلەفیزیۆن و سایت و ڕۆژنامەی حیزبیی، ڕای گشتیی بەرھەمدەھێنیت و لەکاتی ھەڵبژاردنیشدا پۆپۆلیستانە بیانکەیت بە تۆپخانە و سۆزی دەنگدەری پێ کۆبکەیتەوە.

جێی تێڕامانە کە ڕۆژنامەیەکی وەک ئاوێنە بەو ھەموو توانا کەمەوە و لەناو ھەموو ئەو دەزگا زەبەلاحە میدیا حیزبیی و سێبەر و ئۆپۆزیسیۆنەی کە لە ھەرێمدا ھەن، خەڵاتی یەکەمیی وەرگرت لە سەرھەڵدانەوە و بڵاوکردنەوەی گەندەڵییەکانی سیاسەتمەداران و دەزگا حکومیی و ناحکومییەکان. بەپێی ئامارەکانیش لەناو ھەموو ئەو ھەموو ڕۆژنامە حیزبیی و سێبەرانەی کە لە ھەرێمدا ھەن، ئاوێنە زۆرترین خوێنەری ھەبوو. چ شەرم و نەنگییەکی گەورەیە کاتێک لە وڵاتانی ئەوروپادا ڕۆژنامەکان بەسەدان ھەزار دانە چاپدەکەن و ئامارەکانی ساڵانەیان بڵاودەکەنەوە، بەڵام لە ھەرێمدا تیراژی ڕۆژنامە حیزبییەکان نانوسرێن، چونکە لەڕوویان نایەت ژمارەکەی ئاشکرا بکەن. ئەمە لەکاتێکدا ھەردوو حیزبە گەورەکەی ھەرێم سەرەڕای ئەوەی بە سەدان ھەزار ئەندام و موچەخۆر و ئیمپراتۆرییەتێکی زەبەلاحی میدیاییان ھەیە و ئەوەندەی منیش ئاگادارم، تیراژی چاپی گەورەترین ڕۆژنامەیان دەگاتە ٤٠٠٠ دانە، کەچی ئەو ژمارە کەمەشیان بۆ نافرۆشرێت. ئەم دۆخەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە جگە لە وێرانەیەکی گەورەی میدیایی و ئەخلاقیی ھیچ تەفسیرێکی تر ھەڵناگرێت.

تێبینی:
ئەم وتارە درێژەی هەیە و بەشی دووهەمی لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکەمەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×