ڕەمزیەتی شەرفی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن

هونەر تۆفیق
  2019-03-22     1107
ماوەی پێنج ساڵی دڕندەترین دەستەڵاتی خەلافەت لە عێراق و سوریادا کە خەلیفەی ژمارە ١٠٢ ، ئەبوبەکر بەغدادی لە ٢٠١٤ دا ڕایگەیاند ، کورت و بچوککرایەوە لە ڕووبەری دوو کیلۆمەترچوارگۆشەی ناو شارە دێ ی باغوزدا . 
باڵاترین ئاستی تەکنیکی و پەیوەندی نێودەوڵەتی لەم چەند هەفتەیەی ئابڵۆقەی سەر باغوزدا بەڕێوەچوو . بەپێ ی لێدوانەکانی ناو نەتەوە یەکگرتووەکان ١٨ هەزار جەنگاوەری داعش کە ٣ هەزاریان بیانین ، لەگەڵ ژن و منداڵەکانیاندا لە باغوزدا ئابڵۆقە دراون و ئامادەی دواجەنگی مان و نەمانیانن .
ئەو چوارگۆشە جیوگرافیەی باغوز کە هێزەکانی خەلیفەی تیادا کۆکرایەوە ، نهێنی سەرەتای دروست بوونی داعش و کۆتاییەکەی دیاری دەکات . باغوز لەهەردوو گوندەکەیدا بەشی خواروو و بەشی سەروو چەند مەترێکی ڕووباری فورات لەنێوان عێراق و سوریادا لێکیان جیادەکاتەوە .زیاتر لە دوو مانگە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەهاوکاری ئێران و سوپای عێراق لەبەری ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە کۆتاییان بە داعش هێنا . ئەمریکاییەکان هێزەکانیان لە سنوورەکەدا جێگیرکرد و هێزەکەی عێراق ( شیعەکان ) یان لە پێشڕەوی زیاتر ڕاگرت کە لە توانایاندا بوو بە چەند سەعاتێک کۆتایی بە دواهێزی خەلیفە بهێنن لە باغوزی سەروودا . بەڵام ئەمریکا ڕازی نەبوو شەرەفی ئەو سەرکەوتنە بدات بە هێزە عێراقیەکانی نزیک لە ئێران .
ماوەی چەند هەفتەیەکە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئابڵۆقەی باغوزی داوە ، لەتوانایدایە کۆتایی بە شەڕی باغوز بهێنێت ، بەڵام ئەمریکاییەکان بەمەش ڕازی نەبوون . داعش لە دانوستاندابوو لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمریکایەکاندا بۆ چۆنیەتی دیاریکردنی کۆتاییەکە . 
لەسەرەتادا داعش داوای ئەوەی کرد کە خۆراک و دەرمانیان پێبدەن لەبەرانبەر تەسلیمکردنی ژن و منداڵەکانیاندا . بەڵام پێشنیارەکەیان پەسەندنەکرا . چەند رۆژێک لەمەوبەر داوایانکرد لەبەرانبەر تەسلیمکردنی ژن و منداڵەکانیاندا ، یەکەم جەنگاوەرە بیانیەکان و ژن و منداڵەکانیان تەسلیم بە وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە ، دووەم : دەرچەیەکی ئەمنیان بۆ دیاری بکەن کە جگە لە دیوی عێراق بۆ ئەوەی نەکەونە دەست ئێران ، بریندار و ئەوانەی توانای جەنگیان نەماوە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن . ئەم داوایە پەسەندکرا ، بەهەزارانیان لەپاش پشکنین و پەنجەمۆرکردن دابەشکران بەسەر کەمپ و زیندانەکاندا . سەرۆکی ئەمریکا داوای لەو وڵاتانە کرد کە داعشە بیانیەکانی لێوەهاتوون وەریانبگرنەوە ، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێک ئامادەی وەرگرتنەوەیان نیە . 
لە تۆڕێکی ئەمنی جیهانی بەرفراواندا، قۆناغی یەکەمی تەسلیمبوونەکەی داعش دەستی پێکرد . قۆناغی دووەمی بەهێرشکردنە سەر جەنگاوەرە تەسلیم نەبووەکان دەستیپێکرد و داعش دوا جەنگی خۆی لە باغوزدا بە هێزەکانی سوریای دیموکرات دۆڕاند .
پێدانی شەرەفی ئەو سەرکەوتنە بە هێزەکانی سوریای دیموکرات نهێنیەکە تا ئێستا هێماکانی نەبێت ، ئامانج لێ ی دیارنیە . لە ئێستادا کەمپ و زیندانەکانی رۆژاڤا مەڵبەندێکی فرە جەمسەری دەزگاکانی هەواڵگری و ڕاگەیاندنی جیهانیە . 
بۆ سوود وەرگرتن لەو دەرفەتە و بەفیڕۆنەدانی سەرکەوتنەکە ، تا نەکرێتە قوربانی یاریەکی سیاسی هەرێمی ، باشترین هەنگاو دامەزراندنو کردنەوەی دادگایەکی نێو دەوڵەتیە بۆ دیلەکانی داعش ، بەتاوانی هەستان بەکۆمەڵکوژی لەو دادگایەدا هەم فیکری داعش و هەم وڵاتانی هاوکاری داعش و هەم تاوانبارەکانی داعش دادگایی بکرێن . ئەگینا ئەو سەرکەوتنەی رۆژئاوا دەبێتە ئافاتێک بەسەر ئەو کیانە تازەیەدا قوڵپ دەبێتەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×