تکایە بیخوێنەوە، نەوەی نوێ!

لوقمان غه‌فور
  2019-04-15     1296

ماوەی ھەفتەیەکە وەک ئەرکێکی کولیج، سەرقاڵی نووسینێکم لەسەر لایەک لەشاڵاوی ئەنفال بۆ سەر کورد، بۆ ئەوەش ڕای بەشێکی زۆری ھاوڕێیانم وەرگرت لەسەر ئەو لایەنە، بەڵام دەبوو خوێندنەوەکەم قوڵتر بکەم، بۆیە پەنام بردە بەر سەرچاوە و لەنێو ئەوانیشدا کتێب، لەنێو ئەو کتێبانەشدا کتێبەکەی یاخود باشتر بڵێم ڕاپۆرتەکەی ھیومان ڕایتس وۆچ - بەشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست. کە تا ئەم ساتە بە ڕای من باشترین نووسینە لەسەر کەمپێنی ئەنفال.


لەڕاستیدا، کتێبی(جینۆساید لە عیراق: شاڵاوی ئەنفال دژی کورد)م ساڵی ٢٠٠٠ و ٢٠٠٥ بە زمانی کوردی خوێندەوە کە مامۆستا جەمال عەزیز ، ئەو ئەرکەی کێشابوو کردبووی بە زمانی کوردی، و فرەیز و کڵوز و پەرەگرافی زۆرم لەیاد مابوو، بەڵام دەبوو بچمەوە سەر کتێبەکە، ھەرچەندە بۆم من ماوەی دوو ھەفتە کەم بوو بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە بەڵام کەم شەو ھەبوو ٥ سەعات زیاتر نووستبم، ئەرکەکە قورس بوو، چونکە کتێبەکەم بە کوردی لەبەردەستدا نەبوو، ناچار پەنام بردە بەر ئینگلیزییەکە.


مەبەستی سەرەکی من لێرەوەیە، من ڕام وایە بۆئەوەی لەئەنفال بگەین وەک پرۆسەیەکی مێژوویی و ببێتە خاڵێکی بەھێز لە مینتاڵیەتی مرۆقی کورددا پێویستە ئەوەی لەدوای ١٩٩١وە تەمەنی لە ٣٠ ساڵ بەرەو خوار بووە و ئەوەشی لەدوای ئەو ساڵەوە لەدایک بووە و ئێستا ھەژدە ساڵی تێپەڕاندووە، ئەم کتێبە بخوێنێتەوە. خوێندنەوەکەشیان وەک خوێندنەوەیەکی سەرپێی نا، بەڵکو بە قوڵی بچینە ناو ڕووداوەکانەوە. 


ئەم کتێبە دەتگرێنێت، دەتھەژێنێت، دەتباتە دنیایەک کە ئینسان چەند دڕندەیە بەرانبەر توخمەکەی خۆی، کورد چەند بێ کەس بووە تەنانەت لەھەندێک شوێندا سروشت-یش لەگەڵی نەبووە. نەوەی نوێ ئەبێت ھەندێک سیفەتی عەبەسیەت و ئینتھازیەت لەخۆی دەرکات و لە سبەی زووتر نییە کتێبخانە گشتی و تایبەتەکانی کوردستان بگەڕێت بۆ ئەم کتێبە. من بۆ خۆم دوو جارم بە کوردی خوێندۆتەوە و جارێکیشم بە ئینگلیزی خوێندەوە، دوور نییە چەند سالێکی تر ئامادەبم جارێکی تریشی بخوێنمەوە، چونکە یەقینم لەوەی ئەوەی ئەم کتێبەی نەخوێندبێتەوە لە ئەنفال تێنەگەیشتووە، بەدەر لەوەی خۆی لەناو پرۆسەکە ژیاوە یان سەرقاڵ بووە بە پرۆسەکەوە.


من گەشبین نیم بەو ھەپرونکردنەی مێژووی ئەنفال لەسەردەستی نەوەیەک کە مێژووی ئەم کارەساتە ھەمووی بکات بە عەڵاگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بیکاتە ناو تەنەکەی زبڵی بەردەرگای ماڵەکەیانەوە. تۆ پێویستە تێبگەیت لە شاڵاوی ئەنفال، لێگەڕێ لەوەی حزبی کوردی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسە گرنگەدا کردووە و لەڕابردووشدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.


ھەر بیانییەک پرۆژەکەی من بخوێنێتەوە تێدەگات، پێشمەرگە و شۆڕش چەند لاموبالات(apathy) بوون. ئێران و ڕژێمەکەی چەند فاشت و خۆپەرستبوون و لەپێناو سەرکەوتنی سەربازی خۆیان چۆن شۆڕشی کوردیان مەست کردووە، بەڵام نەشمشاردۆتەوە کە دڕندەیی بەعس لەو ڕۆژەدا ھەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، نەمشاردۆتەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا، چەند کەڕ و کوێر بوون.


من دەمەوێت بڵێم، جگە لەوەی ئەبێت سوپاسی تیمەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ بکرێت بۆ ئەم ئەرکە گرنگە بە پێشڕەوی نووسەر و لێکۆڵیار (یۆست ھیلتەرمان)، پێویستیشە بە ئاگابینەوە، کە نەوەیەک ئەڕوات کە لەئەنفالدا ژیاون یاخود لەو کاتەدا تەمنیان لەسەروو شانزە ساڵەوە بووە، بەڵان نەوەریەک کە ھیچ ڕووداوێکیان لا نییە، ھێندە قورسە تێبگات، مەگەر یۆست ھیلتەرمان و گروپەکەی تێی بگەیەنێت، بۆیە تکایە بیخوێنەوە!


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×