پارتی سەرمەشقی بچوککردنەوەی هێزەکانی دی

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2019-05-31     1947

لەناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە تا ئێستا، دەیان هەزار کەس بەشێوەی جیاجیا بونەتە قوربانی سیاسەتی هەڵە و ناکۆکی نێوان (جەلالی- مەلایی)، دواتریش (یەکێتی- پارتی).

یەکێتی تا راپەڕینیش، هێزێک بو لە روی پێگەی جەماوەرییەوە، نە تەنها لە سنوری سلێمانی، بەڵکو لە سنوری پارێزگای هەولێریش، جگە لەوەی لەلایەن نوخبەی خوێندەوارەوە پشتیوانی دەکرا، تا ئەندازەیەکی گەورەش دەتوانین بڵێین بێ رکابەر، یان ئەگەر هەڵە سیاسییەکانی خۆی نەبوایە، رکابەرێکی ئەوتۆی نەبو، بتوانێت مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر پێگە و نفوزە سیاسی و جەماوەرییەکەی دروستبکات.

خیانەتی ٣١ ئابی ١٩٩٦ و چەندین هۆکاری دیکەی تایبەت بە سیاسەت و دۆخی ناوخۆی یەکێتی خۆی، وردە وردە یەکێتیان لە بەردەم پارتیدا بچوک کردەوە. یەکێتی نەک نەیتوانی وەبەرهێنانی سیاسی و جەماوەری لە خیانەتی ٣١ ئابدا بکات، بەڵکو رێک چەند ساڵێک دوای خیانەتەکە، پێیانگوتین، "ئەزمون فێریکردوین، هەڵەیە هیچ کەسێک ململانێی ماڵی بارزانی بکات". ئەم رستەیە ئەژنۆ شکانێکی سیاسی تەواو ترسناک بو لە ململانێی دیموکراسی و هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردستانی، دواتریش کاڵکردنەوەی هەژمونی بنەماڵەیی و خێڵەکی لە کایەی سیاسی و ئیداری لە هەرێمی کوردستاندا. یەکێتی بەمەشەوە نەوەستا، لە دوای پرۆسەی پێکهێنانی سەرۆکایەتی هەرێم، لە یەکەم هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکدا (٢٠٠٩)، کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کاندیدی ئەو پۆستە بو، شەخسی مام جەلال وەک سکرتێری گشتی یەکێتی، کۆسرەت رەسول وەک جێگری یەکەمی سکرتێر، بەرهەم ساڵحیش وەک جێگری دوەم و سەرۆکی لیستی کوردستانی (لیستی هاوبەشی پارتی و یەکێتی)، زۆرێکی دیکەیش لە سەرکردایەتی ئەم حیزبە، شار بە شاری سنوری دەسەڵاتی یەکێتی کەوتنە گەڕان و دەرۆزەی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ بارزانی، تا کورسی سەرۆکی هەرێمی بە رێژەیەکی شاهانە و لەسەر سینییەکی ئاڵتونی پێشکەش بکەن.

خیانەتی ٣١ ئاب، پارتی گەورە و یەکێتی بچوک کردەوە. یەکێتی لەو کاتەوە بە ئاگا یان بێئاگا بەشێکی گرنگ لە هەوڵەکانی بۆ ئەوە بو لە روی سیاسی و رەفتاری سیاسییەوە لە پارتی بچێت، هێندەی خەریکی مەشقکردن بۆ نواندنەوەی وێنەی هێزێکی سیاسی کۆنزەرڤاتیڤ بو، هێندە بە دوای بەهێزکردنی رەگەزەکانی حیزبێکی سۆشیال-دیموکراتی چەپەوە نەبو. یەکێتی هێندەی خەریکی جێکردنەوەی خۆیبو لە کوردستان، هێندە بە دوای قوڵکردنەوەی جیاوازییەکانی لەگەڵ پارتی و شوناسێکی سیاسی و نیشتیمانی تایبەت بەخۆی نەبو، ستراتیژی کاری سیاسی لای یەکێتی چیدیکە بریتی نەبو لە پارێزگاری لە شوناسێکی سیاسی و نیشتیمانی جیاواز. کورت و پوخت یەکێتی سەری خستبویە نێو پرۆسەیەکەوە، کە دەشێ ناوبنرێ پرۆسەی لە (پارتیچون و خۆبچوککردنەوە) لە بەردەم پارتی دیموکراتی کوردستاندا.

بەڵام دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، پارتی جیاواز لە یەکێتی و مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ خیانەتی ٣١ ئابدا، بە دیار دروێنەی دەستکەوتەکانی یەکێتی لە خیانەت دانانیشێ و لەم خیانەتە بێدەنگ نابێت، وەکچۆن یەکێتی و باقی هێزەکانی دیکەی باشور پاش ماوەیەک لە تراژیدیای ٣١ ئاب بێدەنگ بون. ئێستایشی لەگەڵدا بێت، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، ئامادەیی راستەوخۆ دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ ئەم گروپەی یەکێتیدا نییە، کە لە دیدی ئەوان و لە دیدی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای یەکێتیش، تۆمەتبارن بە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر. وێڕای هەمو ئەوانەش لەو کاتانەی کە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە دۆخێکی ئاساییدا بون، هێشتا زۆرترین و قورسترین هێرشی میدیایی هەر لە دەزگا و میدیاکانی پارتییەوە کراوەتە سەر خیانەتەکەو گروپی بەشدار لە ١٦ ئۆکتۆبەر.

دیارە مەبەستمان نییە بڵێین، ئەوە سیحری سیاسی، یان قوڵی فیکری سیاسی و نەتەوەیی پارتییە وادەکات، نەیارەکانی لە بەردەمیدا بچوک ببنەوە، ئەم بچوکبونەوەیە لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ناڕونی دید و دونیابینی سیاسی هێزەکانی دەرەوەی پارتییەوە هەیە، پەیوەندی بەو دونیابینییە سیاسییەوە هەیە کە چیدی توانای داکۆکیکردن لە شوناسی سیاسی و نیشتیمانی جیاواز و تایبەت بەخۆی نەماوە، وێڕای ئەوەی کەشی سیاسی جوگرافیای دەرەوەی نفوزی پارتی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە (سلێمانی) و شپرزەیی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و دۆخی ناوخۆی حیزبە سیاسییەکان تا رادەی شکاندنی ئێسقانی یەکدی، کۆمەکێکی گەورەتر بەم پرۆسەی بچوکبونەوەیە دەکات.

لە دیدی مندا، پارتی و هیچ حیزبێکی دیکەی کوردستانی بریتینین لە هێزی سیاسی شەیتانی، زۆر گرنگە ئەم دیدە سیاسییە سەرەتانییەی لەم ناوچەیە، کە پارتی وەک هێزێکی سیاسی دۆزەخی دەبینێ دەستکاری بکرێ، ناشێ چیتر بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر کۆبکەیتەوە، بۆ ئەوەی ببی بە پەرلەمانتار، بۆ ئەوەی ناشیرینییەکانی خۆت بشاریتەوە، خەریکی هەڵڕشتنی قین و توڕەیی و قسەی بازاڕی بە پارتی، یان هێزێکی دیکە بین. ئاساییە لە قۆناغێکی سەرەتاییدا و وەک تەکتیکی ململانێی سیاسی، پەناببەیتە بەر گوتارێکی زبر، توند، لە بەرانبەر رەفتاری سیاسی حیزبی ئەلیف یان بێ، بەڵام گەرەکمان بێت تا ئەبەد لەسەر بنەمای ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە ناعەقڵانییە پڕ لە تەشهیر و حەماس و هاوارە، درێژە بە کاری سیاسی بدەین، لە بڕوای مندا کارێکە خزمەتێک بە سیاسەت و ئازادی ئینسان و ململانێی دروستی سیاسی ناکات.    

لە باشوردا، هیچ هێزێکی سیاسی، تایبەت دوای راپەڕین، هێندەی پارتی لە دروستکردنەوەی وێنەی خۆیدا سەرکەوتو نەبوە، هەر هێزێکی سیاسی لەگەڵ پارتی چوبێتە ململانێ و بە یەکدادانی چەکدارییەوە، سەرەنجام تای تەرازوەکە بە لای پارتیدا لاسەنگ بوە، هەر هێزێکیش وەک هاوپەیمانێک لێی نزیک بوبێتەوە، خستویەتییە نێو خەواندنی موگناتیسییەوەو بە کامی دڵی خۆی ئاراستەی کردوە. ئەگەر لە رابردودا یەکێتی نمونەیەکی ئەم دۆخە بوبێ، لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر زۆر ورد و عەقڵانی مامەڵەی سیاسی نەکات، دەبێتە نمونەیەکی دیکەی نێو ئەم پرۆسێسی زیاتر خۆ بچوککردنەوەیە.

عینادی زۆربەی کات بابەتێکی نێگەتیڤە، تایبەت لە سیاسەتدا، بەڵام عینادی بارزانی نەک هەر توانی خیانەتی ٣١ ئاب لە خەیاڵی نەیارە مێژوییەکانیدا تەواو کاڵبکاتەوە، بەڵکو وەبەرهێنانی سیاسی گەورەشی بۆ پارتی لەسەر بناغەی ئەو روداوە کرد، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، وەکچۆن بە هەمان عینادییەوە خەریکی پرۆسەی بە نەفرەتکردنی گروپی ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتییە لە مێژودا، هەمانکات کۆی نەخشە و پلانەکانی ئەوانەی کە ناونراون (گروپی ١٦ی ئۆکتۆبەر)، بۆ وەبەرهێنانی سیاسی لەڕێی ئەم روداوەوە، ژێرەو ژور کرد.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×