نامەیەکی کراوە لەبەهادین نوریەوە بۆ یەکێتی

بەهادین نوری
  2019-07-16     1816
بەڕێزان:
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ی ن ک کۆسرەت ڕەسوڵ
باڤڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی
هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی وئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ب / سکاڵای شەخسی لە زوڵم و نا عەدالەتی
حەزم دەکرد لەباتی ئەم نامەیە سکاڵایەکی یاسایی لە دادگا تۆماربکەم . بەڵام مەخابن لە دۆخی نەبوونی دیموکراسی و لەسایەی ڕێرەوی حیزبایەتی تەسکدا ئەوە ناکرێ.

لەسالی ١٩٤٢ دا باوکم ــ نوری بابەعلی ــ پارچەیەک زەوی (٩٤ ) مەتری لەتەنیشت مزگەوتەکەی خۆیەوە لەسلێمانی کڕی وکردی بە خانویەک بۆ خێزانی خۆی ــ بەرە دایکی من کەلەو خانوەدا ژیان هەتا ١٩٧٦، دواتر لەترسی ڕژێمی سەدام چۆڵیانکردو حکومەت حیجزی خستە سەری هەتا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەکوردستاندا. لەسالانی ئەو حیجزە دا، کە هەتا نەمانی دەسەڵاتی بەعس لەهەرێمدا بەردەوام بو، بۆ چەند ساڵێ فیتەرێکی سەیارە ئیشی تێدا دەکردو کرێکەیشی دەدایە شارەوانی. دوای نەمانی بەعس دوبرازام خانوەکەیان نۆژەنکردو چوونە ناوی، چەند ساڵ تێیدا ژیان. لەساڵی ٢٠١٣ دا لەسەر داوای وەرەسە، خانوەکە فرۆشرا بەمن و سورەت قەیدی خرایەسەر هاوسەرەکەم. منیش لەو کاتەوە دەستم کرد بە مەعامەلەی ڕەسمی بۆ کڕینی ئەو زەویە مەتروکەی عایدی شارەوانیەو دەرکەوت بەگوێرەی یاسا مەتروکەکە بۆتە زەوی من کە ( ٧٠ ) ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە لەو کاتەوە باوکم کڕیوێتی. 

هەر لەو کاتەوە فۆادی بەرپرسی بەشی یاسا لەشارەوانی سلیمانی کەوتە هەوڵ‌و تەقەلا بۆ ئەوەی ئەو مەتروکەیە نەدرێ بەمن. فۆاد بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی ئەو مەتروکەیەی کرد بەڕێگەی تایبەت ( گریق خاص ) کە بەیاسا دەبێتە ملکی شارەوانی. حاکمی بەدائە(عمر احمد) لێکۆڵینەوەی یاسایی کرد، بەئامادەبوونی نوێنەرانی هەموولایەنانی پێویست ، داوای شارەوانی ڕەتکردەوە گوایە ڕێگەی تایبەتەو بڕیاریدا کە مەتروکەکە بۆتە مڵکی من، چونکە هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوە کە ڕێگەی تایبەت بێ. فۆادی شارەوانی بەمە ڕازی نەبو، بڕیاری حاکم عمری تەمیز کرد. 

هەیئەتی ئیستینافیش بەسەرۆکایەتی( حاکم لەتیف )و ئەندامێتی (حاکم هاشم‌و حاکم خدر)، بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەو بەڵگەیەکی یاسایی، بڕیاری حاکم عومەر یان هەڵوەشاندەوەو زەویەکەی منیان کرد بە(ڕێگەی تایبەت)و بەکردەوە ئیسپاتیانکرد کە خەمخۆری یاسا و عەدالەت نین. من بڕیاری ئیعتیرازمدا، بەو هیوایە کە خودی ئەو دادگایە لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەدا بکات. بەیارمەتی پسپۆرێکی یاسایی یاداشتێکم پێشکەش کرد، بەڵام مەخابن لەباتی ئەوەی تەمیز خۆی لێکۆڵینەوە لە پرسەکەدا بکات گەڕاندیەوە بۆ ئەو هەیئەتە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دابو. 

چاوەڕوان کراوبوو کە حاکم لەتیف بڕیاری پێشووی خۆی بچەسپێنێ . منیش مەئیوس بووم لە جێبەجێکردنی یاسا وعەدالەت و ناچار داوام کرد لە ئەنجومەنی شارەوانی ئەو (١٠٤م)مەتروکەیەی خۆمم پێمبفرۆشێ . ئەنجومەن ڕازی بوو ، لیژنەی خەمڵاندنی شارەوانی بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆکی شارەوانی ( ئاکۆ ) نرخی (١٠٤م) مەترەکەی بەنزیکەی ٣٠ ملیۆن دینار دانا. هەوڵمدا کەمی بکەنەوە . تەنها سێ ملوێنیان لێکەمکردەوە ، بەڵام ٥ / ٥٣ ملیۆنیان خستە سەری وەک کرێی ئەو زەویەی کە کەمتر لە شەش ساڵە بۆتە مڵکی من . واتە دەبێ ٨٠ ملیۆن دینار بدەم بە شارەوانی بەرانبەر بەو ١٠٤ مەترە کە بەهیچ کلۆژێ ڕۆژێ لە ڕۆژان ( ڕێگەی تایبەت ) نەبوەو بە نایاسایی لێمداگیرکراوە . جگە لەمەش ئەم 53,5¬ملیۆنە تەنها کرێی زەویە ( ١٠٤ م ) . شارەوانی هیچی لە دروستکردنی خانووەکەدا خەرج نەکردووە .

بەڕێزان بەرپرسانی ینک !
هەقوابوو ئێوەش کە دەسەلاتداری سلێمانی بوون بە دەستپێشخەری خۆتان خانوویەکی شایستە بدەن بەمن، وەک ئەو خانووە کە کردتان بۆ سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشان قادر عزیز ، وەک ئەوەی مام جلال لە بناری هەیبەت سوڵتان(کۆیە) دای بە کریم احمد ، وەک ئەوخانووەی لە سلێمانی کڕی بۆ محمدی ملاکریم ، وەک ئەو دوخانووە ٦٠٠ مەترییەی مەسعود بەرزانی لەهەولیر دروستی کرد بۆ کریم احمد و یوسف حنا ، وەک ئەو دوخانووە ی پەرلەمان مسعود لەهەولێر دای بە کۆچکردو عزیزمحمد و بە عمری مامەشێخە . 

ئەوانە خانویان وەرگرتووە پیرۆزیان بێ، مافی خۆیانە . منیش هاوشێوەی ئەوان بووم ، دانیشتووی سلێمانی بووم کە لە ١٩٩١ وە بۆتە ناوچەی دەسەلاتی ئیوە. ئاخر منیش زێتر لە ٧٠ ساڵە لە گۆڕەپانی خەباتدام ، بە خاوێنی و شەرەفمەندانە هێناومە دوور لە گەندەڵی و ساختەکاری، لە پێناوی گەل و نیشتیماندا. منیش هیلاک بووم و قوربانیم داوە ، حوکمی ئیعدامم لە ١٩٥٣ بەسەردا سەپێنرا و دوایی کرا بە حەپسی ئەبەدی ، ٦ ساڵ لە سجندا مامەوە هەتا شۆرشی ١٩٥٨. دەیەها ساڵ لە شارەکاندا خەباتی نهێنیم کردووە یان بە کەژو کێوەوە پێشمەرگە بووم لەژێر هەڕەشەی تۆپ وتەیارەی سەدامدا ... هتد . 

لەم ٢٨ ساڵەی حکومرانی کوردیشدا کە من دانیشتووی سلێمانی بووم ، هەشت ساڵی کرێچی بووم و ٢٠ ساڵیشی لەگەڕەکێکی شەعبی کۆن ، لەخانوویەکی سادەدا ، ( لە سابوونکەران ) ژیاووم ، کە هیچ کادرێکی پلە چواریش لەیەکێتی پێی ڕازی نابێ . منیش حەزم لێبوو لە خانویەکی باشتردا بژیایەم بەڵام پارەم نەبووە خانووی باش بکڕم ، چوونکە تەمەنم لە هەشتا تێپەڕی ئینجا مووچەی خانەنشینم بۆ بڕدرایەوە . دوای ئەوەش نەشتەرگەریەکی قورسم بۆکراو پێویستم بە عیلاج بوو لەدەرەوە . جارێک مسعود بەرزانی ناردمی بۆ عیلاج لە نەمساو چوار جاریش لەسەرگیرفانی خۆم چووم بۆ عیلاج لە ئەڵمانیاو لە هیندستان . چوارساڵیش لەوانەبووم کە پاشەکەوتی زۆرەملی مووچەیان سەپێنرا بەسەردا . ئیتر بەچی خانووی باش بکڕم ؟

حکومەتی سلێمانیش لەباتی ئەوەی خانووم بۆ بکڕن ، ئەو (١٠٤م)ە زەویەشیان لێزەوتکردم کە بەیاسا بۆتە مڵکی خۆم . ئەمەش سزایەکە وەک تۆلە سەندنەوە لەسەر ئەوە کە هەڵوێستی سیاسیم لە هەرێمدا لەگەڵ ئۆپۆزسوێنی ئاشتیانەی دیموکراسیانەبووە بەرانبەر دەسەڵات .
بەداخەوە حکومڕانانی هەرێمیش قەت بەشتی وەها ڕازی نەبوون و دیموکراسیانە لەگەڵ ئەم خەڵکە نەجوڵاون . هەمیشە پابەندبوون بەڕێڕەوی حیزبایەتی تەسکەوە ، ویستویانە هەمووکەس لەسەر ئاوازی ئەوان هەڵپەڕێ .

تۆزێ ویژدان برادەرینە ! لەم ٢٨ ساڵەی حوکمڕانیتاندا چەند هەزار مەتر ، بەڵکو چەند هەزار دۆنم زەوی بەناعەدالەتی بەش کراوە ؟ چەند لە کادرەکانی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار ٥ جار و ٦ جار زەویان وەرگرتووە و فرۆشتوویانە؟ لێپرسینەوەتان لەگەڵ کێ کرد لەوانە ؟ کێتان سزادا ؟ ئەی بۆچی لەگەڵ من هێندە توندن ، پارچە زەویەکی بچکۆلەی خۆیشم پێڕەوا نابینن ، دەبێ داگیری بکەن ؟

تۆزێ ویژدان برادەرینە ! ئەمەی لەگەڵ منتانکرد پاداشتی ئەوەبوو کەمن لە ١٩٥٢ ، کاتێ کە سکرتێری حشع بووم ، ( مافی چارەنووسی گەلی کوردم ) لەنێو بەرنامەی حیزبدا تۆمارکرد و پرسی کوردم گواستەوە بۆ قۆناخێکی بەرزتر ؟ یان ئەمە پاداشتی ئەوەیە کەلە ١٩٨٣دا ، کاتێ بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک بووم ، یەکەم کەس بووم لە کوردستاندا یاخی بووم لە سەرکردایەتی حیزبەکەم و ڕەفزم کرد بەشداری لە شەڕی براکوژیدا بکەم ؟

حەزدەکەم ئەوە بزانرێ کەبەهیچ کلۆژێ من ٨٠ ملیۆن دینارم پێنادرێ بەشارەوانی بۆ کڕینی ١٠٤ مەترە زەوی کە لێمداگیر کراوە . ئەو مەتروکەو ٩٤ مەترە تاپۆدارەکەی خۆشـم لێدە سەندن بۆ شارەوانی فەرموو بیبەن . لەسەر ئەو ٨٠ ملیۆنە دەمخەنە بەندینخانە فەرموو بمخەن .

من داوایەکی سادەتان پێشکەشدەکەم لەم ٢ خالەی خوارەوەدا :
١ـ لیژنەیەکی بێلایەن ، یان حاکمێکی بێلایەن ، دیاری بکرێ بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا . ئەگەر ئیسپات بوو کە ئەو ١٠٤ مەترە ڕێگەی تایبەتە ئەوە بە ٩٤ مەترە تاپۆدارەکەی منیشەوە پیرۆزی شارەوانی بێ . ئەگەر پێچەوانەی ئەمەش ئیسپات بوو ئەوە دەبێ فۆادی بەرپرسی یاسا لە شارەوانی و ئاکۆی جێگری سەرۆکی شارەوانی و حاکمەکان(لگیف و هاشم و خدر)بخرێنە بەردەمی عەدالەت و سزای یاسایی خۆیان وەرگرن + داوای قەرە بووی ئەم زوڵم و زۆرە دەکەم بە کرێی پارێزەریشەوە .

٢ـ داوای خانووتان لێناکەم چونکە زووتر داوام لێکردن ، لە ئێوەش و لە هەولێریش ، کەس نەهات بە دەممەوە . بەڵام من گەیشتوومەتە لیواری گۆڕ ، لە ٩٠ ساڵ تێپەڕیوم حەزدەکەم خانوویەکی باش بۆ مناڵەکانم بەجێبێڵم . لەبەر ئەوە خوازیارم لەئێوە پاشەکەوتی مووچەی ئەو ساڵانەی بڕدراوە لێم بمدرێتێ تا خانوویەکی پێبکڕم . 

لەگەڵ ڕێزم .
سکرتێری پێشتری حشع ، تێکۆشەری دێرین
بەهادین نوری باباعلی
حوزەیرانی ٢٠١٩ - عێراق - سلێمانی

وێنە :
بۆ سەرەکوەزیرانی هەرێم
بۆ وەزیری دادی هەرێم
بۆ سەرۆکی نەقابەی پارێزەران – لقی سلێمانی
بۆ هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێم

تێبینی – ئەم نامەیە لە ٢٣ / ٦ دا نێردراوە بۆ بەرپرسانی یەکێتی . لەم سێ هەفتەی ڕابردوودا هیچ وەڵامێکم وەرنەگرتووە لەبەر ئەوە وەک نامەیەکی کراوە بڵاوی دەکەمەوە با هاوڵاتیانیش بیخوێننەوە . خۆزگە خوێنەران ڕای خۆیان لەسەر ئەم کەیسە دەردەبڕی .

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×