چاکسازیی بەشەقی بایکۆت

عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک
  2019-07-30     805
ئەوەی گەندەڵی گەورەی کرد لە کوردستاندا پارتی بوو، ئەوەی ھەندێک چاکسازی ئەکات ھەر پارتیە، ئەوەی پارتی ناچار کرد کە چاکسازی بکات ئەو جەماوەرە بوو کە بایکۆتیان کرد، ئەو بایکۆتە بە شێوەیەک پارتی شپرزە کرد و ترساندی کە بە ھەزار حاڵ و بە تەزویر و ساختەکاریەکی زۆر فریای خۆی کەوت، وەکو ئەوەی کەسێک بەھۆی جگەرە کێشانەوە توشی دەردێکی کوشندە بێت و بە دەواودەرمانی زۆر بتوانێ خۆی ڕابگرێت، بەڵام بەجۆرێک بترسێت کە ناچار بێت جگەرە کەم بکاتەوە، چونکە ڕێژەی بایکۆتەکە زۆر بەرز بوو و پارتی توشی شۆک کرد.

ھەر لە دوای ھەڵبژاردنەوە ڕون بوو کە پارتی ناچارە ھەندێک چاکسازی و خزمەت گوزاری بکات، ئەگەر بە پارەی دزراوی ژێر زەمینەکانی خۆیشی بێت، چونکە شەقی میللەتی خوارد، بەڵام ئەوەی جێی داخە پارتی بە ھەوڵ و ھاوکاری ھەندێک مشەخۆر و پاشکۆ توانیتی لەلایەکی ترەوە قەرەبوی ئەو ناچار کردنە بکاتەوە، ئەوەش بە دەستگرتنی تەواو بەسەر نیزامە سیاسیەکەدا بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی.

پاشکۆکان بۆ تیکەی چەور و موزایەدە کردن خۆیان ھەڵواسیوە بە پارتیدا و چاکسازی ئەکەن بە دەسکەوتی خۆیان، پارتیش ئەوان بەکار دێنێت بۆ ڕەوایەتی دان بە حوکمی سوڵتانی بۆ بنەماڵەی بارزانی.

پوختی بابەتەکە ئەوەیە 
پارتی ھەندێک چاکسازی ئەکات نەک پاشکۆکانی، خەڵک بە بایکۆت چاکسازی بە پارتی ئەکات نەک بە خۆشی خۆی، پاشکۆکانی پارتی چاکسازی بەدەسکەوتی خۆیان لە قەڵەم ئەدەن، بەڵام لەپێناو ئەو موزایەدەیەدا حوکمی سوڵتانیان بۆ بنەماڵەی بارزانی بە یاسایی و شەرعی کرد، واتە خەڵک توانیان پارتی ناچار بکەن، بەڵام پاشکۆکان لەلایەکی ترەوە قەرەبوی پارتیان کردەوە و خەڵکیان خستە ژێر سوڵتەیەکی تاکڕەوی مەترسیدارەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×