کابینەی نۆھەم‌و مەسەلەی باڵباڵێن‌و ئەرکی ئێمەی پارتی

ئاری هەرسین
  2019-07-30     1645

ھێشتا سەد ڕۆژ بەسەر پێکھێنانی کابینەی نۆھەم تێنەپەڕیوە و دەنگە نەشاز و نەیارەکانمان بەر گوێ دەکەوێت. ئیتر ھەر لە ناڕەزایانی ناو حیزبەکان لەگەڵ حیزبی خۆیان و، پە کە کە و ئۆپۆزسیۆنە پەرت و پەرەوازەکەی پارلەمان و، ئەوانەشەوە بگرە کە خۆیان بۆ پۆستێکی حکومی دانابوو بەڵام وەریان نەگرت.

ئەرکی بەندە ڕەچەتە نوسین و دیکتە کردنی کرداری سیاسی بە خوشک و برایانی لایەنە سیاسیەکان نیە. چونکە ھیچمان مامۆستا ی سیاسەت نین بەسەر ئەوانی ترەوە و ھەمومان تەلەبەین... گەر مامۆستای سیاسەت بوینایە دەوڵەتمان دەبوو. بۆیە ڕوی قسەی ئەم نوسراوە تەنیا لە ھەڤاڵانی خۆمە و کەسی تر.

پێش ھەر شتێک پێویستە ئەوە بڵێین شکستی کابینەی نۆھەم واتە شکستی ھەمومانە. ئەگەر تۆی پارتی، حەزت لەوە بووە پۆستێکت لەم کابینەیەدا ھەبێت و پێت نەدراوە، توڕە مەبە و بەرژەوەندی و ئارەزوی شەخسیت لەسەرو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە مەبینە، چونکە ئەوە بچوکیت دەگەیەنێت. ژیان ھەوڵدان و تاقیکردنەوەیە، ئەم جارە نا جارێکیتر.

سەرکەوتنی کابینەی نۆھەم سەرکەوتنی سیاسەتێکی دروست و ئاماژەیە بۆ کاری تیم لەنێوان حیزبەکاندا و، لە ناو میللەتێکی پەرتەوازەدا. بۆیە ئەو پارتیانەی بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان تانە لەم کابینەیە دەدەن و بە شکست مەحکومی دەکەن و بە حساب خۆیان بە دۆستی بەڕێز سەرۆکی ھەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی لە قەڵەم دەدەن، نەزان و بێ عەقڵن.

ھەندێکیتر لەو پارتیانەی فوو لە کەبینەی نۆھەم دەکەن، ئەرکێکی گەورەتر لە قەبارە و توانای خۆی بۆ دیاری دەکەن و، بەحساب دۆستی بەڕێز سەرۆکی حکومەت کاک مەسرور بارزانین، نەزان و بێ عەقڵن. سەرۆکی حکومەت بۆیە متمانەی پێدراوە چونکە کەسێکی نیشتیمانپەروەر و لێھاتوە، ھیچ پێویستی بەوە نیە کەس ماستاوی بۆ سارد بکاتەوە.

لە کاتێکا کە شاندێکی مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتی بەڕێز فازیل میرانی سەردانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات بۆ پیرۆزبایی و پشتیوانی، ئیتر سەردانی ئۆرگانێکی حیزبی بۆ لای وەزیرەکان چ مانا و بایەخێکی ھەیەو، کەی ئەمە ئەرکی ئۆرگانی حیزبیە. ئۆرگانی حیزبی دەبێت لە کاری حیزبایەتیدا خەلاق بێت، بارەگای حیزبی بارەگایەو، حکومەتیش حکومەت. ئەگەر ھەر ئۆرگانێکی حیزبی ڕۆژانە بارێک تەکلیفی خستە سەر مێزی ئەنجومەنی وەزیران، مانای وایە حەز بە سەرکەوتنی کابینەکە و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان ناکات و، خۆشبەختی لە نیشتیماندا لە فیزی سەر کورسیە حیزبیەکەیدا دەبینێتەوە.

سەرۆکایەتی ھەرێم لە دەستی کەسایەتیەک دایە، کە خاوەن تەجروبەی شکست و سەرکەوتنە. کەسایەتیەک کە لە ھونەری دیپلۆماسی تێدەگات و واقیع بینە. یەک لە ئەرکەکانی سەرۆکی ھەرێم واژووکردنە لە سەر ئەو قانونانەی لە پارلەمان دەردەچن. ھەر بۆیەش فراکسیۆنی پارتی لە پارلەمان نابێت پشتیوانی لەو پڕۆژە قانونانە بکات کە خۆش خەیاڵی پێوە دیارە و قابیلی جێبەجێکردن نیەو، یان زیان بە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دورتر دەگەیەنن. ئەم جۆرە کردارانە ئەرکی سەرۆکی ھەرێم و حکومەتیش قورستر دەکەن.

ئێمەی پارتی تاقە سواری مەیدان نین. خەڵکێکیتر کە ھاوڵاتی ھەرێمن، لەگەڵ ئێمەدا و پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەین. ئەرکی ھەموو پارتیەکانە کە پشتیوانی لە ئەندامانی حیزبە شەریکەکانمان لە دام و دەزگاکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومانی وەزیران و سەرۆکایەتی پارلەمان و درێژکراوەکانی ئەم دام و دەزگایانە بکەن.

حیزبایەتی خەللاق بە و کەسانە دەکرێت کە حیزب بە ئامێرێک دەزانن بۆ خزمەت و لە پێناو سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان. ئەمەی لە دوتوێی ئەم نوسراوەدا باسمان لێ کرد، حیزبایەتی خەللاقە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×