بۆچی ئەم جەژنە ساردو سڕ بو؟

عەزیز ڕەئوف
  2019-08-11     1499
یەکەم: ئەوەی لەدنیای ئێمە دەگوزەرێت دروستکردنی دیوارە بۆ خۆجیاکردنەوە لەوی تر.درەستکردنی دیواری گەورەو بینای گەورە و ماڵی بێ ڕۆح ژووری میوانی بێ میوان دۆخێکی دروست کردووە کە مرۆڤ لەوی تر جودا بکرێتەوە.

دووەم: جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵێک تێر و زۆرێک برسی و بەشێک لە ناو وڵات و بەشێک لەدەرەوەی وڵات، دۆخێکی دروست کردووە ئیتر هەڵەیە بڵێین یەک نیشتیمان و یەک جۆر لە هاوڵاتی بوونی هەیە. کوردستان بەشێکی لەدوبەی و بەشێکی تری لە سۆماڵ دەچێت. ئەم جیاوازیە چینایەتیە جەژنێکی قوربان لەحەقی نایات ئەم سنورە کاڵ بکاتەوە.

سێیەم: تۆڕی کۆمەڵایەتی و خاڵیکردنەوەی پەیوەندی بە مەسج و چات و ڤایبەر. ئیدی مرۆڤ پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، جەژن و پرسەکان لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە. ئیدی ئێمە لە سەردەمی مەرگی ڕووبەڕووداینface to face ، سەردەمێک ئیدی تەکنەلۆژیا جێکەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بینینی ڕووبەڕوو دەگرێتەوە.

چوارەم: دڵەڕاوکێی مرۆڤ لە دنیای ئێمەدا لەوەی کە ژیانی چۆن دەبێت و دۆخی ناوچەکە و نیگەرانی خەڵک لە ژیانکردن.
پێنجەم: تێکچونی کاتەکانی خەو و کاتی کۆبوونەوە لەسەر سفرە. تا سێ شەو خەریکی یاری و پۆپجیە سبەی لە حەوت و هەشت بەخەبەر نایات تێکچوونی کاتەکان کاریگەری هەیە. ئێستا درزێک کەوتۆتە نێوان خێزانەکان. سفرەکان وەک جاران کاتی دیاریرکاویان نیە و خەوتن و هەڵسان و کۆبوونەوە لەنێو خێزانەکاندا کاتی دیاریکراوی خۆی نەماوە.

شەشەم: جەژن زیاتر لە نمایش دەچێت هێندەی مناسەبەیەکی گەرم و گوڕی نێو چینەکان بێت. کەناڵی بەشێک لە هێزەکان بە هی خۆیانی دەزانن و بەشێکی تر فۆرمێکی تر جەژن دەکەنەوە. لای پارتە ئیسلامیەکان بە دەنگی پیاوانی ئاینی و لای هێزەکانی تر بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی. ئەم درزە کە کەوتۆتە کۆمەڵگەوە لەوە گەورەترە بە (گەردنم ئازاکە) چارەسەر بکرێت.

..........................
جا ئەوە هەرکەس بەهۆی نامەیەکەوە جەژنە پیرۆزە دەنێرێت. منیش نامەیەکی خۆم کۆپی کردبوو بۆ زۆرێک لە هاوڕێکانم نارد. یەکەم هاوڕێ ناوی ستار بوو. نوسیبووم (جەژنی ڕەمەزانت پیرۆز کاک ستار) و بۆ زۆربەی هاوڕێکانم نارد. لە بەیانیەوە خەریکی ڕاستکردنەوەی مەسجەکەمم. یەکەم جەژنی قوربانە جەژنی ڕەمەزان نیە، دووەمیش ئەم هەموو خەڵکە ناوی ستار نیە.
ئەمەش بەزمی کۆپی پەیست.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×