غەوار

پشکۆ ناکام​
  2019-11-22     1339

- هەلەو، بەڵێ فەرموو........................................................................

- ڕۆڵە گیان من باوکتم، لە بەهەشتەوە قسەت لەگەڵ ئەکەم............................

-بابە گیان، ببورە دەنگتم نەناسییەوە، لە هەشتاکانەوە، لەو کاتەی شەهید بویت دەنگت نەبوە.......... 

- ڕۆڵە چیبکەم، منیش سەر قاڵی ڕۆتینی ڕۆژانەی بەهەشتم، تۆ پێم بڵێ: ئەو جاشانەی منیان شەهید کرد چییان بەسەر هات و هەقی منیان لێکرایەوە!

- ئەی چۆن بابە گیان، یەکێکیان ئامر لیوایە، دوانی تریان زابتی گەورەن، یەکێکی تر تاجیرەو لەسەر پارە سەرخەو ئەشکێنێ..وابزانم دانەیەکیشیان ڕاوێژ ک.....ئا .. ئەوەیە، یەکێکی تریان لە بەینی تورکیاو یۆنان خنکا..وابزانم ئەو چو بۆ جەهەننەم بۆیە تۆ سودفەت نەکردوە.....

-  یەعنی چی! ئەوان دەستیان بە خوێنی من سوور بوو!....................

- ئەوە شیعاراتی کۆن بوو، ئەمڕۆ کوڕ ئەوەیە دەستی زەرد یان سەوز یان شین بکات..........سوور باوی نەماوە.

- دەک بەزیا نەبێ، کار وا بڕوات قەت سەربەخۆ نابین.......................

- خەمت نەبێ بابە گیان، دەمێکە سەربەخۆین، ڕەنگە ئاگات لێ نەبێت لە ٣١/ی ئابەوە سەربەخۆین..........

-سی و یەکی ئاب  چیە ڕۆڵە؟......................

- ئەو ساڵە لەسەر هەولێر شەڕ بوو، حیزبێک کارتی سووری وەرگرت و کرایە دەرەوە... کە ویستی بگەڕێتەوە سەیری کرد فیشەکی لێ بڕاوە، ئیتر لەگەڵ جەیشی"زێڕە" ڕێککەوت و لەسەر نەزەرییەی برایەتی کورد و عەرەب خۆیان کردەوە بە شاراو تا ئێستا دای کوتاوە...

- کەواتە کوردستانی گەورە فت.................................

-نا بابە گیان وامەڵێ، ئێستا لە بەینی دوو پارچەی کوردستانا چاڵی وا گەورە هەڵکەنراوە هەر مەپرسە...لە هەردوو شەڕی عالەمییا ڕوی نەیاوە......

- جا ڕۆڵە چاڵ بۆ چیە؟............................................

- بۆ ئەوەی ناحەزانی کورد ئەم دیو و ئەو دیو بە ئاسانی نەکەن............

- ئەمە مەهزەلەیە کوڕم، ئەی مەسەلەی دیموکراسی کە زۆر باس ئەکرێت!.......

- بڕگە بە بڕگەی هاتۆتە دی، دیموکراسی ئەوەنە بەهێزە وەزیرەکان بە شێر و خەت دائەمەزرێن، سەرۆکی هەرێم و حکومەت بە چیمەنتۆ بەستراونەتەوە بە ..ئا.. بە بنەماڵەوە، زوو زوو وەفدی ئەوروپی یەن بۆ هەولێر بۆ  وەرگرتنی کۆرسی دیموکراسی.................

- دەک خوا بیبڕێت، پێم بڵێ ئێستا وەزع و گوزەرانی ژیانتان چۆنە، بیستومە شوکر ئێستا نەوت هەیە و هەرێم دەوڵەمەنە..جگە لەوەش باسی گازیش ئەکرێت.....

- بەڵێ..بەڵێ..هەرێم لە ڕیزی یابان و نەرویجە..حکومەتەکەشمان ئەوەنە ئاقڵە.....بیری لە ڕۆژی تەنگانەش کردۆتەوە، بۆیە پاشەکەوت، جگە لەوەش نەوەک"بەغا" شەڕی هەرێم بکات چەن ملیاردە دۆلارێک لە خاریج شاردراوەتەوە تا لە شەڕی هەرێم و بەغایا فریامان بکەوێت، نابێ کەسیش بزانێ ئەو پارانە لە کوێن، نە بادا زەفەری پێ بدرێت...... لەوەش بەدەر چەن دەوڵەتێک نزیکەی بیست ملیار دۆلارێک قەرزاری هەرێمن..

- ئێ..ئێ..تێئەگەم ڕۆڵە، یەعنی نەبوونی هەموتانی گرتۆتەوە............

- بەڵێ، ڕێک وایە، سەرۆکی حکومەت بە پاسکیل دەوام ئەکات، وەزیرەکان بە..هەروەڵە.. سەرکردایەتی حیزبەکان بە پاس، خواپیاوەکان ئیجازەن لە ماڵەوە........سەرۆکایەتی هەرێم بە پارەی ئەوقاف ئەژی! تەنانەت ئەو پارەیەی بە ناوی داعیشەوە وەرئەگیرا، خرایە ئەو لاوە  گوایە نەوەک داعیش حەلقەی دووەمی هەبێت......

- کوڕی خۆم وادیارە ماڵی کورد تێکچوە...................

- واللە بابە گیان ماڵی کورد دەرگا و پەنجەرەیشی پێوە نەماوە...........

- بۆ وا کوڕی خۆم؟..........

- لەبەر خاتری کورسی و نەفەرێک......

- کام کورسی و کام نەفەر؟.......

- بابە گیان، ئەو سوئالە تەرک بکە، دەستیان ناگاتە تۆ دەستیان ئەگاتە من، تۆ پێم بڵێ، بەهەشت خۆشە؟....

- خراپ نیە، بەس خەمی ئێوەمە...

- خەمی ئێمەت نەبێت، وەعدیان یاوە ئێرە بکەن بە "دوبەی".....

- کوڕم دوبەی وا نایەتەدی...

- یەعنی بابە ئێوە لەو دوورەوە ئەزانن یان ئەمانەی هەرێم...!

 - ڕۆڵە گیان ئەبێ بڕۆم مەوعیدێکی زەروریم هەیە.. دواتر بە تەفسیڵ قسە ئەکەین...

- زۆر باشە بەس هەوڵ بە زۆر بەزەقی قسە مەکەو بە "جفرە" بێت، باشترە.........

- بۆ کوڕی خۆم؟

- نەوەک ئاس....ئاسا..یان پ..ا ..پار..ئا..خراپ لێکی  بەنەوە...

- زۆر باشە کوڕی خۆم با لەسەر من تووشی گێچەڵ نەبیت.. جارێ خوا حافیز...

- خوا حافیز بابە گیان، سڵاو بگەیەنە بە ئەهلی بەهەشت...

- تۆش بە بەهەشتەکەی لای خۆتان...

=======================================
سەرچاوەی ئەم تەنزە، سکێچێکی هونەرمەندی بەناوبانگی سوری"غەوار/ درید لحام"ە، کە لە نووسینی نووسەری دیاری عەرەب "محمد الماغوط"ە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×