ئێران و كوردو بنە‌ماڵە‌ی بارزانی

ئاری هەرسین
  2020-02-16     1984

بە‌گوێرە‌ی ھە‌واڵە‌كان، ئاژانسی میھرنیوزی بە‌شی كوردی سە‌ر بە‌ كۆماری ئیسلامی ئێران شیكردنە‌وە‌یە‌كی چە‌وت و ھێرشێكی دوژمنكارانە‌ی كردۆتە‌ سە‌ر بنە‌ماڵە‌ی بارزانی، كە‌ پێویستی بە‌ ھە‌ڵوێستە‌ كردنە‌.

جارێ پێش ھە‌مو شتێك، ئە‌گە‌ر بنە‌ماڵە‌ی بارزانی سیاسە‌تێكی ھە‌ڵە‌ پە‌یڕە‌و بكە‌ن و خە‌ڵكی باشوری كوردستان توشی نە‌ھامە‌تی بكە‌ن، ئە‌وە‌ ئیشی كۆماری ئیسلامی ئێران نییە‌ بێتە‌ دە‌نگ و خە‌مخۆری خۆی دە‌ربڕێت، بە‌ڵكو ئە‌و بڕیارە‌ لای خە‌ڵكی باشوری كوردستانە‌. باشترە‌  كۆماری ئیسلامی ئێران جارێ چارە‌یە‌كی سیاسی بۆ كێشە‌ی سیاسی كورد لە‌ چوارچێوە‌ی ئێراندا بدۆزێتە‌وە‌.

بنە‌ماڵە‌ی بارزانی دو رۆژ نییە‌ خە‌ریكی سیاسە‌ت كردنن و، بە‌ نزیكی سە‌د ساڵە‌ ئە‌م بنە‌ماڵە‌یە‌ لە‌ڕیزی پێشە‌وە‌ی قوربانیدان و شۆڕشی ڕە‌وای خە‌ڵكی كوردستاندان و، ڕابە‌رایە‌تی دە‌كە‌ن. لە‌م ڕێچكە‌ مێژوییە‌ دور و درێژە‌شدا بێگومان لە‌ ھە‌وراز و نشێوە‌كاندا ھە‌ندێك جار بارزانیە‌كانیش لە‌ حساباتی خۆیاندا بە‌ ھە‌ڵە‌دا چون و، بڕواش ناكە‌م خۆشیان نكۆڵی لە‌و ڕاستیە‌ بكە‌ن. سیاسە‌ت مە‌بدە‌ئە‌، بڕیاردانە‌ و ھە‌میشە‌ش فاكتۆری ڕیسك لە‌ ئارادایە‌. شتی مسۆگە‌ر لە‌ سیاسە‌تدا نییە‌.

ئە‌و كاتە‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران سیاسە‌تی ھە‌رێمی كوردستانی بە‌دڵ نە‌بو، دە‌یانگوت حاجی قاسمی سلێمانی و سوپای پاسداران نە‌بونایە‌ ئە‌وا داعش ھە‌ولێری دە‌گرت و، مە‌بە‌ستیان ئە‌وە‌ بو ھێزی پێشمە‌رگە‌ی كوردستان غیرە‌ت و توانای داكۆكیكردنی لە‌ خاكی پیرۆزی كورردستان نییە‌. ئێستا دە‌ڵێن ھێزی پێشمە‌رگە‌ی كوردستان ناسراوە‌ بە‌ ئازایە‌تی و دونیا شایە‌تی لە‌سە‌ر دە‌دات، ئیتر بۆچی نێچیرڤان بارزانی و مە‌سرور بارزانی داوادە‌كە‌ن ھێزە‌كانی ئە‌مە‌ریكا لە‌ عێراق بمێننە‌وە‌ بۆ بە‌رە‌نگاربونە‌وە‌ی مە‌ترسی تیرۆر...!

ھە‌رچی مە‌سە‌لە‌ی ریفراندۆمیشە‌، ئێمە‌ باش دە‌زانین كە‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و ئە‌مە‌ریكای شە‌یتانە‌ گە‌ورە‌كە‌ برادە‌رو ھاودیدی یە‌كتر بون لە‌سە‌ر مە‌سە‌لە‌ی ریفراندۆم و لە‌ یە‌ك سە‌نگە‌ردا بون. ھە‌ردوكیان ھاوڕابون كە‌ ریفراندۆم نابێت بكرێت چونكە‌ مە‌ترسی ئە‌وە‌ی لێدە‌كە‌وێتە‌وە‌ كە‌ كوردستان ببێتە‌ دە‌وڵە‌ت. بە‌ڵام ئافە‌رین و ھە‌زار ئافە‌رین بۆ سە‌رۆك مە‌سعود بارزانی كە‌ لە‌بری ئە‌وە‌ی حساب بۆ ھە‌ڕە‌شە‌وگوڕە‌شە‌ی ئێران و ئە‌مە‌ریكا بكات، شە‌ڕی بە‌دە‌ستھێنانی مافی میللە‌تێكی كرد و، تە‌نانە‌ت موجازە‌فە‌ی بە‌ پۆستە‌ سیاسییە‌كە‌ی خۆشیە‌وە‌ كردو، لە‌م شە‌ڕە‌شدا سە‌ركە‌وت. چونكە‌ ڕیفراندۆم كرا و دە‌نگیشی ھێنا. سە‌رۆك مە‌سعود بارزانی بە‌ ئە‌مە‌ریكا و ئێرانی گوت كە‌ سە‌ربە‌خۆیی كوردستان لە‌ كورسی سە‌رۆكایە‌تی ھە‌رێم پیرۆزترو گە‌ورە‌ترە‌.

دواجار ئە‌وانە‌ی لە‌ ئێران ئە‌م شیكارییە‌ چە‌وت و نابە‌جێیانە‌ دە‌كە‌ن دە‌بو تۆزێك دانیان بە‌ خۆیاندا بگرتایە‌ كە‌ چۆن كاك جە‌واد زە‌ریف وە‌زیری دە‌رە‌وە‌ی ئێران ھە‌ر ئە‌مڕۆ ٢/١٦ تە‌وقە‌یە‌كی گە‌رموگوڕ لە‌گە‌ڵ سە‌رۆكی حكومە‌تی كوردستان دە‌كات و باسی گە‌رموگوڕی پە‌یوە‌ندییە‌كانی ئێران و ھە‌رێمی كوردتان دە‌كات. سیاسە‌تی ڕە‌سمی كۆماری ئیسلامی ئێران ئە‌وە‌یە‌ كە‌ كاك جە‌واد زە‌ریف نوێنە‌رایە‌تی دە‌كات، نە‌ك خە‌ڵكانی گوتارنوس.

وە‌ك چۆن سیاسە‌تكردن بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ڕە‌وایە‌، بۆ ئێمە‌ش بە‌ ھە‌مان شێوە‌. كە‌س لە‌ خۆمان باشتر بە‌رژە‌وە‌ندی ئێمە‌ نازانێت. ھە‌ر بۆیە‌ش كە‌س ناتوانێت و بۆی نییە‌ سیاسە‌تكردنمان پێ دیكتە‌ بكات و پێمان بڵێت دە‌بێت چۆن سیاسە‌ت بكە‌ین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×