کۆرۆناو بەرپرسیارێتی تاک

لوقمان مصطفی صالح
  2020-03-10     1149

بەرپرسیارێتی تاك لەکۆمەڵگادا گرنگی خۆی هەیە،چونکە خودی مرۆڤ خۆی لێی بەرپرسە و دەبێت پابەندی سەرجەم یاساو ڕێساكانی ژیانیشبێ كە لە ڕێگەی هەڵقوڵاوی داب و نەریتی ناو كۆمەڵگەكەی خۆی پەیڕەوی دەكات، كە بێگومان لەم جۆرە بەرپرسیارێتیەدا تاك خۆی لە ناو كۆمەڵگەدا دەرەنجامی ئەرێنی ونەرێنی  هەڵدەگرێت و هەندێك جاریش دەرەنجامەكان و لێکەوتەکانی بە هەردوو جۆرەكەیەوە كاریگەری دەبێت لەسەر خێزان و کۆمەڵگا بە گشتی.

ئەم بەرپرسیارێتیە زیاتر لەکاتە هەستیارە کاندا دەردەکەوێ،کاتێ قەیرانێک دێتە ئاراوە جاچی درووستکراوبێ یاخوود سرووشتی، بۆ نمونە ئەم پەتا گشتگیرە کە بە( ڤایرۆسی کۆرۆنا )یاخود( کۆڤید ١٩ )ناسراوە،کە هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە،بۆتە مەترسی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.

لێرەدا تاک دەتوانێ بەشێوەیەکی ئەرێنی ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێ،هەر لە هاوکاری و ووریاکردنەوەی خێزان و دەوروبەری لەو مەترسیە سامناکەی کە روبەروی مرۆڤایەتی بۆتەوە،نەک بەپێچەوانەوە ڕۆڵی نەرێنی بگێڕێ،کەواتە بەشداری تاک بریتییە لەکۆمەڵێک چالاکی کە هاوڵاتیان چ وەک تاک یان وەک گروپ ئەنجامیدەدەن. دەتوانێ هەوڵبدات بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت‌و بەشداربێت لەپرۆسەی نەهێشتنی قەیرانەکان بەسرووشتی‌و دەستکردەکانیشەوە،بەشداربێ لەبڕیاردان‌و بەرێوەبردنی وڵات و گەشەکردنی کۆمەڵگادا.

 ئەم بەشداریکردنە یان ئەم چالاکییانە دەکرێت مادیی یان مەعنەوی بێت، دەکرێت لە رێگەی خستنەڕووی بیروڕایەکەوە یان لە رێگەی کارەوە یان کۆمەک و تەمویلکردنەوە یان هەر رێگەیەکی دیکەوە بێت کە دواجار دەبێتە هۆکاری  تێپەراندنی قەیرانەکە و گەشەکردن و پێشخستنی کۆمەڵگا لەسەرجەم ئاستەکان.

 مەبەست لەچالاکی تاک لە ناو کۆمەڵدا بریتییە لەبەشداریکردنی تاک یان گروپ لەکۆمەڵێ چالاکی جۆراوجۆر، لەوانە بەشداریکردن لەرێکخراوە خێرخوازییەکانە بۆ دوو مەبەست: لەلایەک بۆ سەلماندنی بوونی کەسایایەتی خۆیەتی، لەلایەکی کەشەوە هەست دەکات بەو ئەرکەی کارێکی مرۆڤانەی ئەنجامداوە،هەروەها دەتوانێ هەڵمەتی خۆبەخشانە بۆ چاودێریکردن و بەدەمەوەچونی بەساڵاچوان منداڵان و خاوەن پێداویستی تایەبەت بکات، سەرپەرشتیکردنی منداڵانی بێ دایک و باوک و بێ نەوا، رێکخستنی جووڵەی هاتووچۆ، بەشداریکردن لە هۆشیارکردنەوەی تەندروستی  بەتایبەت پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەستان بەپاککردنەوەو پاراستنی ژینگە بۆ دەرباز بون لەم دەردە کوشندەیەی کە رووی تێکردووین...هتد بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×