سەرۆك و ئاوێنەکەی

دلێر محەمەد نوری
  2023-03-23     500

گەر من سەرۆكێک بم و بزانم کە بە ئاماژەیەکی من، ئاوەکان ئەگەڕێنەوە سەر ڕێچکەکانی خۆیان و خاڵەکان ئەگەرێنەوە سەر پیتەکان، ئەوا هەزار ئاماژە بۆ چاکەکاری ئەکەم نەک دانەیەک.
گەر من سەرۆكێک بم و بزانم کە دەسەڵاتم بای هێندە هەیە کە بتوانم هەموو براکان لە سەر مێزێک کۆ بکەمەوە و ئاشتەوایی هەتاهەتایی بخەمە نێو وڵاتەوە، هەر ئەمڕۆ پێش سبەی فەرمانەکانم دەردەکەم.
گەر من سەرۆکێک بم و تەمەنم لە لێواری قەبرەکەم نزیک بووبێتەوە، ئەوا نەوەک جارێک ڕۆژی هەزار جار بیر لە ناوبانگی دوای خۆم و چارەنووسی وەچەکانم ئەکەمەوە. 
گەر من سەرۆکێک بم و خودا بای ئەمشەو دەرفەتی ژیانی دابم، سبەی زوو لە خەو هەستام بەر لە قاوەکەی بەیانیم و هەر بە بیجامە خەتخەتەکەی بەری خۆمەوە، ئەچمە بەردەمی ئاوێنەی مێزتەوالێتەکەم و بە وردی تەماشای خۆم ئەکەم و قووڵتر لەوەش بیر ئەکەمەوە.
تەماشای ژمارەی ئەو چرچ و لۆچییانەی دەموچاوم ئەکەم. ئاخۆ چەند چرچ ولۆچی تێکەوتووە؟ جێگە ماوە بۆ چرچییەکی تر؟ ئەنجا تەماشایەکی ڕەنگ و شێوەی مووی سەر و ڕیشم ئەکەم، بزانم بۆ دەرمانیش موویەکی ڕەشی تیا ئەبینرێت؟  ئەنجا دەستم هەڵبڕم و هەموو هێزی ئەخەمە ناو مستێکمەوە و ئەکێشم بە مێزی بەر ئاوێنەکەمدا، تا بزانم بە ئاستەمێش شووشە عەتر و توحفە و وێنە پۆستەرەکەی مەرحومی باوکم پێ ئەجووڵێت؟ ئەنجا تاوێک بە پێوە ئەوەستم، تا بزانم چەند خولەک پێیەکانم هەڵم ئەگرن  و چاوەڕوانی کۆمەکی کورسی ناکەن؟
من گەر سەرۆکێکی بوێر بم هەر ئێستا ئەچمە بەر ئاوێنەکەم. چونکە جورئەتی چوونە بەر ئاوێنە و دواندنی خود لە کەسی لە خۆبوورد و ئازا و بوێر دێت. کەسێک ئامادە بێ پرسیاری قورس و ڕەق لە خۆی بکات و هەر خویشی لە مەسیح ڕاستگۆتر وەڵامیان بداتەوە و ئامادەش بێ گوێ لە دێوە نهێنییەکەی ناخی خۆی بگرێ و توڕە نەبێت و تەپڵەک و شووشە عەتر نەگرێتە ئاوێنەکە! با دڵنیابێ کە ئەوسا ئەتوانێ بڕیاری ڕاست و ڕەوان و دروست بدات.
هەر سەرۆکێکیش بڕیاری دروستیدا، با دڵنیابێ کە مرد میللەت بە سەر شان و بە شکۆوە تابووتەکەی ئەبەن بۆ گۆڕستان. با دڵنیابێ کە نە گۆڕەکەی پاسەوان و نە پەرژین و نە قەفەسی ئاسنینی ئەوێ. با دڵنیابێ گۆڕەکەی لە ناوەوە پڕ ئەبێت لە نور و لە دەروەش گووڵ و گوڵزار، هەر وەکو گۆڕەکەی غاندی و ماندێلا.
گەر من سەرۆکێک بم لە چاوەڕوانی مەرگدا، تەماشای کردارەکانی ڕابردوو و هاوپەیمانییەکان و دیدار و پەیوەندییەکانی دەوروبەر و پاکی و ناپاکییەکانم ئەکەم. تەماشای یار و نەیارەکانم لە نێو هاوڵاتیانم ئەکەم. تەماشای میدیا و سۆشیال میدیا ئەکەم و گوێ لە شەقام ئەگرم. بە ڕێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکاندا ئەچمەوە و ڕێژی دەنگی ڕاستەقینە و دەنگی تەزویر جیا ئەکەمەوە. جەردێکی زیندانەکان ئەکەم، تا بزانم چەندیان تاوانبار و چەندیان بێ تاوانن. لە چەقی شارەکانەوە بۆ قەراخی شارەکان، شار بە شار ئەڕۆم. ئەنجا ڕووە و شارۆچکەکان و تا دەگەمە کوێرە دێ و دوورە گوندەکانی سەر سنوریش. تا  بزانم تاک بە تاک و بست بە بستی ئەم مەملەکەتە چۆن ئەژین. گەر من سەرۆکێک بم و گەیشتبمە قۆناغی هاکا مردم و ڕوحم دەرچوو، جەردێکی سەروەت و سامانی کوڕ و کچەکانی خۆم و خزم و عەشیرەت و پیاوانی ملکەچی خۆم ئەکەم و یەک یەک بەراوردیان ئەکەم لە گەڵ ساڵانی خەبات و خوێندنییان. ئەنجا بەراوردم ئەکردن بە هاوئاستەکانیان لە نێو هاوڵاتیانی چینی بێ پشت و پەنا، تا بزانم ئەمان بۆچی وان و ئەوانیش بۆچی وا نین؟
گەر من سەرۆکێکی پیر بوومایە، بەو چەند ڕۆژەی تەمەنم کە ماومە زۆر کاری گەورە هەبوو بیکەم. زۆر بڕیاری گرنگ هەبوو کە بیدەم. ئەو کار و بڕیارە دروستانەی کە لە یەکەم ڕۆژی بوون بە سەرۆکمەوە یان نەمکردن یاخود پێچەوانەکەم کردوون.
گەر من سەرۆکێکی بە تەمەنم بوومایە هەوڵم ئەدا، هەر هیچ نەبێت ئاسوودە بمرم، نەوەکو ئەو ڕابردووەی، هیچ کات بە  ئاسوودەیی تیادا نەژیام.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×