فۆبیای شێروانی و بادینان و هەڵبژاردن

دلێر محەمەد نوری
  2023-07-21   

هیچ کاتێک دەسەڵات هێندەی ئێستا گیری بە دەست زیندانییەکەوە نەخواردووە. زیندانییەک کە ڕەنگە بە یەک سەودای هەرزانی سەرشۆڕکردن، بتوانی ژیانێکی شاهانە بۆ خۆی و خێزانی مسۆگەر بکات. بەڵام نایکات و بگرە تۆسقاڵێک لە هەڵوێستەکانی بەر لە تۆمەتبارکردنی بە ناهەقی و دادگایی کردنی نەهاتۆتە خوارەوە. شێروانی بەو هەموو ئابڵووقەیەی خراوەتە سەری لە زینداندا، توانیوێتی بۆمان بسەلمێنێ کە چەند بوێر و چەند بە هەڵوێست و چەند خۆڕاگرە. خۆ ئەگەر شێروانی ئازاد بکرێ، ئەبێ چیرۆکە نەبیستراوەکانی چیمان پێ بڵێن؟
گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان شێروان شێروانی و سەردەشت عوسمان دەبینین، لە سەرجەم وتارەکانی سەردەشت عوسماندا، بێ دەربەستی لە ڕاستی وتن و هەق بێژی باڵا دەست بوو. سەردەشت عوسمان دەستی بۆ ئاگر ئەبرد بێ بیرکردنەوە لە سووتان!  دەستی دەکرد بە شارە زەردەواڵەی ناشرینی سیاسەتدا، بە بێ بیرکردنەوە لە پێوەدان! ئاخر نەبووە ڕۆژنامەنووس هێندە بێ باک بێت، ڕیتمی ژیانی خۆی تێک نەداو بە ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆی بڕوا بەڕێوە و لە هەمان کاتدا خەریکی ژماردنی دوا هەناسەکانی ژیانی خۆی بێ. بەڵام بەدبەختی سەردەشت لەوەدا بوو کە لە ڕۆژگارێکدا بوێری نواند قەپاڵی دەسەڵات گەورە و ددانەکانی تیژتر بوون. دەسەڵات ئەم دەستە زۆر کەشفەی ئەمڕۆ و کارتە سووتاوەی ئەمڕۆ نەبوو. دەسەڵات لە ئاگری بن کا ئەچوو و زەڕەبینەکانی ئەمینستی و نەتەوەیەکگرتووەکان و زلهێزەکانی لە سەر نەبوو. بۆیە وا بیباکانە دەستی چووە خوێن سەردەشت عوسمان. 
بۆیە کەمێک درێژەم بە کەسێتی زەردەشت عوسماندا چونکە، هەمان توخمی بوێری و چاونەترسی سەردەشت عوسمان لە دڵ و دەروونی شێروان شێروانیدا ڕوواوەتەوە. ئەوەیش کە شێروانی لە سزای تیرۆری فیزیکی پاراستووە، بێ هێزبوونی دەسەڵات و چاوی دونیا و ناخۆ لە سەر بوون و ناوبانگی قێزەونی هەرێم  لە دونێای دەرەوەداوە هەیە. هەر بۆیە شێروان شێروانی بووە بەو فۆبیایەی کە سەرانی دەسەڵاتی تووشی دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی کردووە لە نێوان داتاشینی تۆمەتی بێبنەمای زیاتر و ئازادکردنیدا. کار گەیشتووە بەوەی کە کارمەندانی لێکۆڵەر لە نێوان پیت بە پیتی پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەی بەدوای داتاشینی تۆمەت بگەڕێن. من هەرگیز باوەڕم نەدەکرد ئەم تۆمەتە پووچەڵەشی بە سەردا ساغ بکەنەوە. بەڵام کە دادخانەکان بوون بە نادادی تاشخانە، ئیتر ئەبێ لە چاوەڕوانی مەهزەلەکانی قەڕەقووشەکانی دادگای هەولێر دانیشین.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین کە ئەگەر دەسەڵات، ١٠٪ی هێزی سەردەمی تیرۆرکردنی دکتۆر ستار و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ویدادی هەبووایە، ئێستا بێ گوومان بە فیزیکی شێروان شێروانیش تیرۆرکرا بوو. هەر خودی شێروانی بە دەنگێکی زوڵاڵ لە دوا دەرکەوتیدا و ڕوو بە ڕوو لە نێو دادگاوە ئەمەی پێ وتین کە دڵ لە دڵ نەدەین زۆریان نەماوە. ئازادنەکردنی شێروان شێروانی هیچ پەیوەندییەکی بە کەیسی یاساییەوە نیە، بەڵکو کەیسێکی سیاسی ڕووتە. ئەو نابێ جارێ ئازاد بکرێ چونکە بیهێنە بەر دیدەی خۆت بە ئازادکردنی، لە دەرگای زیندانەوە بە سەر شان ببرێتەوە بەر دەرگای ماڵی خۆیان، چ وەڵامێک ئەبێت بۆ پرۆسەی دادپەروەری و بۆ خودی سەرۆکی حکومەتی داخراو و دەسەڵاتی هەولێر و بادینانی بەسەرچوو؟ 
شێروان لە زیندانەوە پێی وتین بە ئازادکردنم بێ دەنگ نابم و چیرۆکی زۆرم هەن بۆ گێڕانەوە. هەموو ئەو خاڵانەم پێیە کە مانا دەدەن بە پیتەکان. ئەو بە دەسەڵاتی وت ئازاد ببم، باڵانسی هێزەکەتان ئەگۆڕم و ڕەنگی قەڵاکەی بادینانتان کاڵ کاڵ ئەکەمەوە. هەر بۆیە دەبوو چەند ساڵێکی دیکەش شێروان و شەقام، شێروان و ئازادی، شێروان و چالاکی، شێروان و ڕەخنەی سیاسی، شێروان و جەماوەر یەکانگیر نەبن، هەر نەبێ هەتا دوای هەڵبژاردنی دادێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×