مانا لەنێوان شێروانی و دادوەردا

دلێر محەمەد نوری
  2024-02-09   

میسرییەکان وتەیەکیان ھەیە کە دەڵێن: "یاما فی السجن مڤالم!" واتا زۆرجار ستەملێکراوان لە زینداندان! ھەڵبەت نەک ھەر بە وتەی نەستەق و پەند، بگرە میسرییەکان لە زۆرێک لە دراما و شانۆ و فیلمەکانیان تیشکیان خستۆتە سەر ئەم ناوەڕۆکە کە ستەملێکراو لە ژێر ناوی تاوانکار و بە بڕیاری ستەمکار دەخرێتە کونجی زیندانەوە. 
ھەموو پیشەیەک لە دونیادا ناونیشانێکە. ھەموو ناونیشانی پیشەیەکیش پێناسەیەکی ھەیە. ھەموو پێناسەیەکیش چییەتی ئەو ناونیشانەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە. داد واتا عەدالەت و دادگاش واتا جێگەی عەدالەت. خودی عەدالەتیش ھاوسەنگی تای تەرازووە و ناکرێت ئەوەی سەرپەرشتی ئەو ھاوسەنگی کردنە دەکات، بە ملیم لێی لا بدات. ئەمەش لە پێناو ئەوەی کە پڕۆسەی عەدالەت پڕ بە پێستی ماناکەی خۆی بەڕێوە بچێت. 
لە بەر تیشکی ئەمانەی سەرەوە، ئەو کەسەی ھاوسەنگی تەرازووەکە ڕادەگرێت، پێی ئەڵێن دادوەر. گەر لە وشەی دادوەر وردبینەوە دەبینین پێک ھاتووە لە داد و پاشگری وەر. بە وێنەی وشەی بەختەوەر کە بە واتای خاوەن بەخت دێت. بەم پێیەش بێت دادوەر دەبێت خاوەن داد بێت. بەڵام ئاخۆ دادوەرانی کەیسی شێروانی و ھاوڕێکانی، خاوەن دادن؟
دادگاکان لە کۆشک و ئاپارتمانی گەورە گەوەرەی بێ گیان پێھاتوون. ھەموو دادگاکان بەوانەی کۆریای باکور و سەردەمی بەعسیشەوە  سیمبولی دادپەروەری "تەرازووەکە"یان پێوە ھەڵواسراوە. دادگای ھەولێریش بە ھەمان شێوەیە. بگرە لە دادگای ھەولێرجیاواز لەوەی کۆریای باکور، تابلۆیەکیش لە پشتی دادوەرکان ھەڵواسراوە و وتەیەکی خودای لە سەر نووسراوە: "واژا حکتم بین الناس، فاحکموا بالعدل" واتا ئەگەر داوەریتان لە نێوان خەڵکیدا کرد، ئەوا با دادگاییەکەتان دادپەروەرانە بێت! بەڵام ئاخۆ دادوەرەکانی نێو دادگاکەی ھەولێر دادپەروەرانە بڕیاریان داوە، لە کەیسی شێروان شێروانی و ھاوڕێکانیدا!؟
شێروان وشەیەکی دیکەی نێو ئەم باسەیە. پێک ھاتووە لە وشەی شێر و پاشگری وان. بەوێنەی شاخەوان. بە پێی (فەرھەنگی خاڵ)یش بێت پاشگری وان بە ھەرچ ناوێکەوە بلکێ پسپۆری ئەبەخشێ بەو ناوە. بە واتای شاخەوان کەسێکە پسپۆرە لە شاخدا، یان لە کاری سەرکەوتن بە سەر شاخدا. ھەر بەم پێیەش بێت شێروان ئەبێت پسپۆر بێت لە ئازایەتی و خۆڕاگری و سووربوون لە سەر بیروباوەڕی خۆی. ھەرچۆن شێریش بەو سیفەتانە بووە بە پادشای ئاژەڵان لە دارستاندا، تەنانەت لە قەفەزیشی بنێی، ھەر سامناک و ترسناکە و کەس زاتی ئەوە ناکات ئازادی بکات. دە شێروان شێروانی و ھاوڕێکانیشی، ھەر وان. ئەدی لە خۆڕا نیە کە دەسەڵاتی تۆقیو لە شێروان شێروانی،  ئاوھا حوکمی نادادپەروەرانەی خۆی بە سەر کەسانی بێ تاوان ئەسەپێنی. حوکمێک لە ڕێگەی دادوەری دەستەمۆی دەسەڵات و ئیمتیازات، لە دادگایەکی پڕ لە ستەم و لە ژێر سایەی تەرازوویەکی لاسەنگ و لە ژێر دروشمی "ئەگەر داوەریتان کرد لە نێوانی من و شیروان شیروانیدا، ئەوا بە مەزاجی من داوەری بکەن".
 لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١دا وتارێکمان بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی (حوکمی دادپەروەر یان قەرەقووش!؟)دا، یەکەم نووسین بوو کە یەکەم پڕۆسەی دادگایی کردنی شێروان شێروانی و ھاوڕێکانی بە قەرەقووشی ناوزەکرد. ئەمڕۆش ئەڵێین: دەی سەدد ڕەحمت لە کفن دز!  چونکە قەرەقووش بە نەزانی حوکمە سەیر و سەمەرەکانی بە سەر خەڵکیدا ئەسەپاند، بەڵام قەرەقووشەکانی ھەولێر بە زانایی و بێ دەسەڵاتی و زەلیلی و لایەنداری، حوکمەکانی خۆیان بە سەر شێروان شێروانی و ھاوڕێیانیدا ئەسەپێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
مه‌سعود بارزانی: یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌جێی كریستیانه‌كان بڕیار نه‌دات
یەرەکە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان و کۆساڵان ڕاگەیاند
ئۆکرانیا دەنگۆی ناردنی درۆن و هێزی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەکەی عێراق و ئێران تەنیا بۆ پاسەوانیی سنوور بووە و دەنگۆی دەرکردنمان شەڕی دەروونییە
شاخه‌وان عه‌بدوڵا: كورد له‌ كه‌ركوك په‌راوێزخراوه‌و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان تێدایه‌
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: هه‌ماهه‌نگی باشمان له‌گه‌ڵ توركیاو ئێران هه‌یه‌ بۆ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌كدارانی كورد
شەڕ و پێکدادان لە یەمەن پێ دەنێتە قۆناغێکی سەختەوە؛ فڕۆکەخانەی عەدەن کرایە ئامانج و تەعز لەبەردەم کارەساتی مرۆییدایە
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتنە لووتکە؛ مەرجی قورس، گەمارۆی دەریایی و پلان بۆ هێرشێکی نوێ
حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×