سێکوچکەی ڕاگەیاندنی ڕووزەرد

دلێر محەمەد نوری
  2024-12-29     332

کە ئەڵێم سێکوچکە مەبەستم سێ کەناڵی سەتەلایتی گەورەی کوردییە کە پێ بە پێی ڕاگەیاندنی دوژمن خزمەت بە ئەجێندای دوژمن ئەکەن.

لە کوردەواریدا بە کەسێک ئەوترێ ڕووزەرد واتا کەسێکی شەرمەزار، ڕووڕەش و درۆزن و ئاژاوەگێڕبێ. لە دونیای ڕاگەیاندنیشا جۆرێکی ڕاگەیاندن پێی دەوترێ ڕاگەیاندنی زەرد یان ئابڕووچوو، کە خەریکی بڵاوکردنەوەی ھەواڵی درۆ و ھەڵبەستراو و ئاژاوەگێڕی و زیادەڕۆیی بێ. ھەر بۆیە منیش تێکەڵەیەکم لەم دوو دەستەواژە کوردەوارییە و ڕاگەیاندنە، تایبەت کرد بە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنی کوردی و ناوم نان ڕاگەیاندنی ڕوو زەرد. 

ڕاگەیاندنی زەرد، دەستەواژەیەک نیە من دامھێنابێ، بەڵکو ئەمە دەستەواژەیەکی بواری ڕاگەیاندنە و دەمێکە لە کاردایە. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بۆ من، ھێندە ڕاگەیاندنی  ڕووزەردو دژەکورد ھەن لە تورکیا و وڵاتانی عەرەب و ئێران، کورد پێویستی بەوە نەبوو خۆیشی بەشێکی ڕاگەیاندنی خۆی بخاتە خزمەتی ئەجێندای داگیرکەران. بە جۆرێک زۆر ئابڕووچووانە چرکە و خولەک، ڕۆژوشەو بخاتە خزمەتی ئەجێندای تورک، دژ بە ڕۆژئاڤای سەربڵند. ڕاگەیاندنێک لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا و بە نرخی خوێنی سەددان ھەزار شەھیدی باشوری وڵات، خزمەت بە ناجسنترین دوژمنی کورد بکات کە ئەویش ڕژێم و دەسەڵاتی تورکی ئەردۆغانی ڕەگەزپەرستی ئیخوانچییە، دژ بە ھەرە خۆڕاگرترین بەشە داگیرکراوی کوردستانە کە ئەویش بەشی ڕۆژئاڤای وڵاتە. 

ڕاگەیاندنی زەرد یان ڕاگەیاندنی ئابڕوچوو،  ڕۆژنامەگەرییەکی ناپڕۆفیشناڵە کە ئامانجی وروژاندنی ڕای گشتییە بۆ زیادکردنی ژمارەی فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ئابڕووبەرانە، بە بەکارھێنانی زیادەڕەوی یان لایەنگری ناڕەوا. ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن بۆ یەکەم جار لە لایەن  ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ویلیام ڕاندۆڵف ھێرس (١٨٦٣-١٩٥١)ەوە سەری ھەڵدا. ئەو کە خاوەنی دەیان  ڕۆژنامە و گۆڤار بوو لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ پڕ فڕوشی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی، دەستی دایە ئەم کارە قێزەونە. 

بەڵام ئەوەی سەیرە بەلامەوە لە ڕۆژنامەگەری ڕووزەردی کوردی، دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان، لە پێناوی پڕفڕۆشی نیە. بگرە ئەو ڕاگەیاندنە بە پارەی گەندەڵی، مانگانە سەددان ھەزار دۆلاری تیا خەرج ئەکرێ، تا خزمەت بە ئەجێندا و پیلانی یەکێک لە ھەر دوژمنە سەرسەختەکانی گەلی کورد بکات کە ئەویش ڕژێمی تورکیایە. 

لێرەدا کارم بەوە نیە کام حزبی کوردی ڕووزەرد و کام سەرکردە و سەرۆکی کوردی ڕووزەرد، فەرمانی بەم دەزگا ڕاگەیاندنانە کردووە کە دەست بدەنە وەھا کارێکی خودنەفرەتی و خودکوژی. بەڵکو سەرزەنشتی من بۆ ئەو ھەموو کادێر و ڕۆژنامەنووسانەیە کە بوون بە ڕووی پێشەوەی ئەم کارە قێزەونانە، لە پێناو پارووە نانێکی ڕیسوای مانگانە. ئاخۆ بیریان لە خۆیان و کەسوکاریان کردۆتەوە، کە ئەگەر سبەی، دەورانی ئەو حزب و سەرکردە ڕووزەردانە خراپ سووڕا، ئەکرێ  ئەوان بەوێنەی ئەسەد و بنەماڵەکەی، لە لای داگیرکەرانی ئاغایان، شوێنێکیان بۆ خۆپاراستن مسۆگەر کردبێ، داخۆ ئێوە چۆن لە نەفرەتی مێژوو و گەل و وڵات خۆتان دەپارێزن؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×