خاک و مێ منداڵ لە یاسای ئەتکی عێڕاقیدا!

دلێر محەمەد نوری
  2025-01-23     371

ئەڵێن خاک دایکمانە، دایکی نشتیمانیش کە داگیرکرا، ئەوە بە واتای ئەوە دێت کە نشتیمانی دایکمان ئەتککراوە. مرۆڤی دایک، دایکی تەنھا مناڵەکانی خۆیەتی، بەڵام نشتیمانی دایک دایکی مرۆڤەکان و بەروبووم و ژینگە و ئاو و مێژوو و کولتور و ھەموو مرۆڤایەتی و خاوەنەکەشیەتی. 

بیرمە لە ھاوینی ساڵی ١٩٩١دا، لە گەڵ ھەندێک گەنجدا، بە کرێکاری و لە پشووی ھاویندا، بە خۆمان و تاک شەڕواڵەکانی بەرمانەوە، لە بەردەم سایلۆی کەرکووکدا دادەنیشتین. دادەنیشتین لە چاوەڕوانی جوتیارانی عەرەبی ھاوردەی، دەوروبەری کەرکوک تا بناری حەمریندا، تا وەکو بڕۆین بە تەنکە، ڕۆژ تا ئێوارێ خەرمانی گەنم و جۆیان لە بارھەڵگرەکان بۆ بنێین. واتا ئێمەی ڕۆڵەی خاوەن ماڵ و لە ماڵی خۆماندا، کرێکاریمان بۆ تاڵانچی و داگیرکەر و دزەکانی سەر ماڵی خۆمان ئەکرد. ئاخۆ لەمە ئەتککردنی خاک ئەبێ چی بێت؟ زەوی خۆتەو ئەو ئەیکێڵێ، بەری خاک و خلە و خەرمانی خۆتە و بە تۆ بارئەکرێ.

 باوەڕ مەکەن ھیچ کەرکووکی و گەرمیانییەک، ساڵانی ئەتککردنی خاکی نشتیمانی بە ئاسانی لە یاد بچێت. کوردی دانیشتووی ھێڵی بە یەکگەیشتن، لە گەڵ عەرەبی عێراقدا، لە گەڵ کوردانی نیشتەجێی قوڵایی خاکی کوردستاندا ھەندێک جیاوازییان ھەیە. ئێمە نەوە دوای نەوە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆمان بەو پڕۆسەی زەوتکردن و ئەتککردنی خاکەوە ھەبووە.

بیرمە کورێکی چاونەترسی دراوسێمان کە ناوی "حەمەی حەوسەت" بوو کە بە تەمەن لە من گەورەتر بوو، کاتێ بۆ کرێکاری لە گەڵ چەند گەنجێکدا سواری پیکابی یابەی ھاوردە ئەبووین بۆ قوڵایی خاکی داگیرکراو، وەکو شارەزایەک لە ڕێگەدا، ئاماژەی بۆ ھەر پاشماوەی گوندێکی کوردیی ڕووخاوی ئەو ناوچانە دەرکرد و ناوە کوردییەکەی پێ ئەوتین. ئەو تەنانەت ھەندێک جار ئەمەی بۆ خودی عەرەبە ھاوردەکانیش ڕوون ئەکردەوە. ئەو دەم ئێمە لە ترسان و لە برسان داوامان لە حەمە ئەکرد ئیتر ئەو باسانە دابخات چاکترە. ئەمڕۆ دوای پەنجا ساڵ لە داگیرکاری بۆ یەکەم جارە کە پارلەمانی عێڕاق دان بەو ئەتککردندا دەنێ و بڕیار دەدات دەست لەو زەوتکردنی ئەو خاکانە ھەڵبگرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

ئەمە بۆ خۆی ئەگەرچی کارێکی گەورە و جێگەی دڵخۆشییە بەڵام لە ئەنجامی مامەڵەیەکی زۆر ھەرزان و قێزەونی پارلەمانی عێڕاقدا بە دەست ھاتووە بە داخەوە. ئازاری ئەم مامەڵە ھەرزانە ھیچی کەمتر نیە لە ئازاری ئەو ستەمە گرانەی پێشوو.

پێدەچێت دەسەڵاتی عەرەبی عێڕاقی نەتوانێ بە بێ ئەتککردن، ھیچ قۆناغێکی مێژوو تێپەڕێنێت. ئەوان بە عەرەبی دوو وشەیەیان ھەیە (ٲرچ و عرچ) و کردارێکیشیان ھەیە کە کرداری (ھتک). بۆیە ئەگەر ھەتا ئێستا ئەرزیان ئەتک کردبێ، ئەوا لەمەودوا عەرز ئەتک ئەکەن.

ئەمڕۆ دەسەڵاتی عێڕاقی بۆ ئەوەی دەست لە ئەتککردنی زەوی و زاری کوردان ھەڵبگرێت داوای نرخەکەی لە کورد کرد کە دەبێت ڕازی بین بەوەی ڕێگەی بدەین مرۆڤەکان ئەتک بکەن.

بە شوودانی مێ منداڵی نۆ ساڵان و دەستدرێژی کردنە سەری بە پێی یاسا ئاسمانی و زەمینییەکانەوە، مرۆڤ دەتوانی ھەر ناوێکی بوێ، ناوی لێ بنێ. کە ئاسانترین ناو بۆ ئەم کردارە ناشرینە، ئەکرێ ئەتککردنی مێ منداڵان بێ.

ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە لە مێژووی عێراق و کوردستاندا، کە دەبێ بە دەستێک بکێشین بە سەری خۆماندا و بە دەستەکەی دیکەش سەرچۆپی بگرین. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵی مرۆڤی عێڕاقی، یاسادانەری عێڕاقی، ئایینزای عێڕاقی، ژنە پاشکۆپیاوی عێڕاقی تەماشای قێزەونترین یاسای دەنگ بۆدراوی نێو پارلەمانەکەی بکەین. ئەمڕۆ نزیکەی ٢٩٪ی ئەندامانی پارلەمانی عێراقی ژنن، ئەپرسم ئاخۆ کاتێ دەستیان بۆ ئەو یاسایە بەرزکردەووە، ھیچ ئازارێکی جەستەیی و دەروونی بیر نەخستنەوە؟ ھەر وەھا لە ٧١٪ ەکەی پیاوانیش ئەپرسم ئاخۆ کە چوونەوە بۆ ماڵەوە ئەمڕۆ، چۆن چۆنی تەماشای مێ مناڵانی سەرتایی و مێ منداڵانی خۆیان و خزم و ھاوڕێ و دراوسێکانیان کرد؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×