شێروانی سەردەشت عوسمانی زیندووە

دلێر محەمەد نوری
  2025-03-19     360

شێروان شێروانی بە خۆی بزانێ و نەزانێت، لە چاوی زیندانی کەرانی زۆر گەورە و مەترسیدارە. شێروان ھەتا ڕۆژەکانی زیندانی درێژبێتەوە، ئەو مەزنتر و کاریگەرتر ئەبێ لە چاوی زیندانیکەرانی. لە پاڵ کاریگەرتر بوون و مەزنتر بوونی کەسێتی شێروانیدا، زیندانیکەرانی ترسنۆکتر و بچووک و بچووکتر ئەبنەوە. من دڵنیام ئەوانەی لە پشتی مانەوەی شێروانین لە زینداندا، شێروانی مۆتەکەی ھەموو شەوێکیانە، شێروانی خەوی لە چاویان زڕاندووە و بێ چارە وەکو دەرمانی ئازارشکێن، درێژکردنەوەی ماوەی زیندانی کردنی شێروانی بەکاردەھێنن تا کەمێک لە ئازارەکانیان کەم بیتەوە و بەو ھیوایەی چارەسەرێکی گوونجاو بدۆزنەوە. ئەوانەی لە پشتی مانەوەی شێروانین لە زیندان بە بێ ھیچ پاڵپشتییەکی یاسایی، خەمێکی گەورەیان لە ئازادکردنی ھەیە، دەنا لە مێژبوو ئازادیان کردبوو. ئەوان وێنایەکی مەترسیداریان لە مێشکدا چەسپیوە کە ئەگەر شێروانی ئازاد بکرێت، ئەشێ چی بڵێ و چی بکات و چی بۆ بکرێت؟

 شێروانی گەنجێکی پڕ کارێزما، بوێر، بێ باک و بێ منەت لە ناو گۆڕەپانی زیندانی کەرانی، کام سنورەی ڕەخنە سور بوو ئەو تێیپەڕاند! کام شوێنەی زیندانی کەرانی ئێشا، ئەو دەستی ئەخستە سەر‌ئەو شوێنە. شێروانی ئەمڕۆ ڤێرژنێکی زیندووی  بادینی  سەردەشت عوسمانە بەڵام، لە زە مەنێکی  دیکەی ڕەخنەدا. کاتێ سەردەشت عوسمان ڕەخنەی دەگرت و  سنووری خوێنەکانی ئەبەزاند، ڕەخنە لێگیراوەکانی چەقاوە سوورتر و بێ خەمترو بێ منەتتربوون لەوەی کە لە سەردەمی شێروانیدان. ئەو کاتەی سەردەشت ڕستەکانی ڕەخنەی تەواو نەکردبوو، ھێشتا کوشتن نەبووبوو بە دێوزمەی سەر تەختی خەوی بکووژانی. ھەر بۆیە سەردەشت کوژرا بەر لەوەی تەواوی ڕستەکانی ڕەخنە بدرکێنێت. ئەوەی سەردەشت عوسمان ڕێچکەکەی داڕشت، ئەو خاڵە بوو کە لە وتارە وەسێتەکەیدا داوای کرد بوو لە دوای خۆی شێروانەکان بۆ دوا ڕستەی دایبنین و بێنە سەردێڕێکی نوێی ڕەخنە. 

سەردەشت بوو بە گیڤارای ڕەخنەی سیاسی و بێ باک لەو پێناوەدا خۆی بەخشی. ئەمڕۆ شێروانی سەرمەشقی ئەو ڕێبازەیە کە سەردەشت بناغەکەی داڕشت. خوێنی شێروانی لە خوێنی سەردەشت ئاڵترە بۆ ڕشتن بەڵام ئەوەی شێروانی لە زیندان ھێشتۆتەوە ئەستەمی تەسفیە کردنێتی. ئەمڕۆ سەردەمی سەردەشتی جوانەمەرگ نیە و ئەمڕۆ ژمارەی چاوەکان ملیۆنان جار زیاترن، ژمارە زارەکان ملیۆنانن و ژمارەی پێنووسەکان و پەنجەکانیش بە ملیۆنانن. لە پاڵ ھەموو ئەمانەشدا بکوژان و زیندانیکەران بەرگەی پیلانێک و ڕفاندنێک و تەسفییەیەکی دیکە ناگرن. ئەوان ئیتر لە کونجی زیندان و یاسایەکی قەرەقووشی و چەند دادوەرێکی تەرازوو خوار بەوڵاوە شتێکی دیکە شک نابەن بۆ شێروانەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×