یەکگرتوو بۆ وا ئەکات؟

دلێر محەمەد نوری
  2025-06-16     232

 

ئەگەر من لە جێی دەسەڵاتدارانی ڕاگەیاندنەکانی ئێران بم، ئەوا چەند کادرێکی ڕاگەیاندنی فارس دەنێرم بۆ کەناڵی سپێدە. ھەر وەھا ھەموو کەناڵەکانی ئێرانیش ئەبەستم بە پەخشی یەکگرتووەوە. بەو چەند کادیرە فارسەش، لە پاڵ زمانە کوردییە بە عەرەبێنراوەکەی یەکگرتوو، بە زمانی فارسیش ڕۆماڵی ئەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و ئێران ئەکەم. 

چونکە ئەو خزمەتەی ڕاگەیاندنی یەکگرتوو، لەم چەند ڕۆژەدا بۆ بەرژەوەندی ئێران کردوویەتی، خودی ڕاگەیاندنەکانی ئێران وەھا شێلگیرانە کاریان بۆ خۆیان نەکردووە.

یەکگرتوو خزمەتێکی بە خۆڕایی بۆ بەرژەوەندی ئێران، لە سەر سینییەکی زێڕین پێشکەش بە ئێران ئەکات، ھەر چۆن ھەمان خزمەتی بە خۆڕاییشی پێشکەش بە تورکیا کردووە و دەیکات.

یەکگرتوو یەک ئەرکی ھەیە بیگێڕێت کە ئەرکی ئایینییە، ئیتر ڕۆژانە سەددان گەردنی لاوی کوردی ڕۆژھەڵات بە پەتەوەبێ، ھەزاران پەڵکی پرچە نازداری کچانی ڕۆژھەڵاتی بە دەستی بەسیجەوە دەربێ، ھەزاران لاوی کۆڵبەریشیان، لەو کەژ و کێوانەی ئەم دیو و ئەودیو، بە گوولەی پاسدار لە خوێنی خۆیاندا بگوزێن، ئەم باکی بە کەسیان نیە، مادام ئێران دژ بە جوولەکە لە جەنگدایە. ھەر چۆن لە ڕابردووشدا نە باکی  بەو ھەزاران کیژە مەلەک تاوسانەی کورد ھەبوو کە دەستی دەستیان پێکرا لە لایان ئەحمەد شەرعەکان و کران بە کەنیزەک و لە بازاڕەکانی بەندفرۆشی لە گەڵ پارەیەکی کەم ئاڵوگۆڕیان پێکرا. وەک چۆن باکیشی بەو ھەزاران خوێنەی کوردانی ڕۆژئاواش نەبوو کە شەڕی داعشی و جیھادی و وەھابی و ئیخوانی و سەلەفییەکانی سوریادا ڕژان. ھەر وەکو چۆن باکی بەو ھەموو سەددە و ساڵانەی زیندانی و دەربەدەری و زمان بڕین و کولتور دزین و ژیان بڕینی کوردانی باکوریش نەبوو، کە لە لایان ھەم سوڵتانەکانی ئال عوسمان و ھەم گورگە بۆرەکانی ئەمڕۆش بەسەربردران. 

یەکگرتوو ھەمیشە ئاو لە ئاشێک ئەکات، کە ھی کورد نیە، پاسی گوندێک ئەکات کە گوندی خۆی نیە. یەکگرتوو بە لاری ھات و بە لاری گەورە بوو و ڕێگەیەکی لاریشی گرتۆتە بەر.  جگە لە ئەرکی سەرەکی خۆی لە بە ئیخوانی کردنی کۆمەڵگا و دابڕینی لە ھەموو توخمێکی نەتەوەیی و کولتوری ومێژوویی خۆی،  ئەم ئەرکەشی ھەیە لە  پاڵپشتی ھەر داگیرکەرێکی کوردستان تەنھا لە بەر ئەوەی نزیک لە بیری خۆی یان وەکو خۆی بیرئەکەنەوە، جا با قوربانی کوردیش بێ.

من ئەزانم ئەوەی ئیسرائیل بە غەززەی ئەکات بە ھیچ پێوەرێک پاساوی بە کەتنەکەی ئەقسا وەڵام نادرێتەوە، بەڵام من چی لەو ھەموو غەززەیەی باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتەی خۆم بکەم کە فارس و تورک و عەرەب بە خۆمی ئەکەن؟ من لە کوێی بێنم یەکگرتوویەکی عەجەم و یەکێکی ڕۆم و یەکێکی فەڵەستینیش تا فرمێسکێک بۆ غەززەکانی منیش بڕژێت؟

یەکگرتوو نە نوێنەری کوردە و نە تاکە کردەوەیەکی لە بەرژەوەندی کوردیشە. ئەگەر چی حزبەکانی وەکو پارتی و یەکێتیش خاوەن خەبات و قوربانین بەڵام تێوەگلاون لە خیانەت و گەندەڵی و دەست و پەنجە نەرم کردن لە گەڵ داگیرکەرانی چواردەور، بەڵام یەکگرتوو نەک نموونەیەکی جیاواز لەوانی پێشکەش نەکردووین بگرە لەوان ئاشکراتر و ڕاشکاوتر ھاوکاری ھەموو ناحەزێکی کورد ئەکات لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان. لە کوێ کورد لە گەڵ داگیرکەرێکی مەزھەبی و ئایینی لە ململانێدا بووبێ یەکگرتوو ئاوی کردۆتە ئاشی ئەوانەوە و ھەموو بەھا نەتەوەییەکانی بێ  بەھا و بەرژەوەندی برا مەزھەبی و ئایینییەکانی بە بایەخ تەماشاکردووە. 

یەکگرتووە تەنھا ئەتوانی دڵی ئەوانە لە کورد خۆش بکات کە کەوتوونەتە داوی ئیخوانەوە و دەنا یەکگرتوو ھەر ئەوەندەی لە دەنگدان و پارلەمان و کێشی سیاسیدا پێ بڕاوە کە توانیوێتی بە پڕۆسەی مێشک شۆری ئیخوانیدا بیانبات. 

لێرەدا ئەوەی ماوەتەوە بۆ یەکگرتوو بیزانێ ئەوەیە، پێویست ناکات ھێندە بە دەنگی بڵند لە بەرژەوەندی داگیرکەرانی ئێرانی و تورکی و سوری ھەڵبدات، چونکە مێژوو ھەم چاوی تیژە و ھەم گوێچکەی سوکە و ھەموو ئەم شەرمەزارییانەتان بۆ تۆمار ئەکات. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×