خۆزگەی ساڵی نوێ!

دلێر محەمەد نوری
  2025-12-24     131

جاران لە کوردستاندا، ساڵ گۆڕین تەنھا بە پیرۆزباییەکی زارەکی یان بە کارتێکی ڕازاوە و ئاوات خواستنێکی گشتی بۆ یەکتری، بەڕێ دەخرا. وەکو ئەوەی بە یەکتریمان دەگووت: ھیوادارم ساڵی ڕابردوو ساڵی لە گۆڕنانی ھەموو کێشەکانت و ساڵی داھاتووش ساڵی ھاتنەدی سەرجەم ئاواتەکانت بێ. ئەم وتە نەریتییە زۆر باو بوو. 

بەڵام ئەمڕۆ بە ھۆی فراوانی تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیاڵ مێدیاوە، داب و نەریتەکان زوو بە زوو کۆپی دەکرێن و نوێ ئەکرێنەوە. 

ئەمڕۆ لە کوردستانیش بە ھەمان شێوەی وڵاتانی ئەوروپا داری کریسمس و بازاڕی کریسمس و دیاری کڕین و دیاری گۆڕینەوەش بووە بە دیاردە. تەنانەت نەک لە کوردستان بگرە دیمەنی بازاڕی کریسمسی شاری شیعەنشینی بەسراشم بینی، نە داری کریسمسەکەی زۆر لەوانەی ھەندێک شاری ئەوروپا بچووکتر بوو، نە ژمارەی گلۆپی ڕەنگاوڕەنگ و تۆپە ئاڵ و واڵە ھەڵواسراوەکانی درەختەکەش ژمارەیان کەمتر و کەمتر ڕەنگاڵەش بوون. 

لە  وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی،  مانگی دوانزە تەواوی خەڵکی سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنن بۆ پێشوازی لە جەژنی لە دایک بوونی مەسیح و جەژنەکانی سەری ساڵ. ئەوەی لە نێو ھەموو ئەم سەرقاڵی و بابەتە جیاوازانەی پەیوەست بەم بۆنەیەشەوە، کە زیاتر دەبێتە وێردی سەر زمان ئاوات و خواستەکانی مرۆڤەکانن بۆ ساڵی داھاتوو.

نەوەدەکان کاتێک خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بووم، کوڕ و کچ لەم کاتەدا لە بارودۆخی قات و قڕی دوای ڕاپەڕین، گەلێ ئاواتمان بە بەرچاومانەوە ھەڵئەوەرین و بۆ گەلێکی دیکەش ساڵمان دەدایە دەست ساڵێکی تر بە ھیوای پێ گەیشتنیان. ئەو کات ھەمووان سەرقاڵی بورجەکان بووین. ھەمیشە لەم کاتانەدا چاوەڕوانی ماجد سەرحانی بەرنامەی بورجەکانی دەنگی ئێزگەی ئۆرشەلیم بووین،کە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکرا. تا وەکوپەردە لە سەر پێشبینییەکانی ساڵی نوێمان بۆ ھەڵبداتەوە. 

بەڵام کە ئێستا ئەبینم دونیا وەھا گۆڕاوە ھەم خواستە مادییەکان تا ڕادەیەک  ئەتوانن بە دەست بخرێن و ھەم بۆ بەدەست ھێنانی ئارەزووە سۆزدارییەکانیش پێویستمان بە پێشبینی بورجەکان و فاڵگرتنەوەکانی ماجد سەرحان نەماوە.

بەڵام لە گەڵ ھەموو ئەمانەشدا خواستەکان جۆراو جۆرن. خواست ھەیە خۆی تەنھا لە دیارییەکی سەری ساڵدا دەبینێتەوە کە ئاسانە بە دەست بێت و خواستیش ھەیە ئەکرێ کەمێک بەخت یاوەری یان ڕێکەوت و کەمێکیش ھەوڵ و کۆششی بوێ بۆ بەدیھاتنیان. بەڵام ھەندێک خواستیش ھەن لە دەستمان چوون و تازە ھەرگیز نایەنە دی و کەچی ناتوانین ساڵ دوای ساڵیش لە بیریان بکەین.

لەم ڕۆژانەدا و لە میانی بازاڕی کردن بۆ سەری ساڵ، خۆمان کرد بە دوکانێکی جل و بەرگ فرۆشی لە شاری ئۆسلۆدا. بینیم لە سووچێکی دوکانەکەدا درەختێکی کریسمس دانرا بوو و بە سەددان دڵی لە کارتۆن دروستکراوی بە قردێلەوە پێوە ھەڵواسرابوو. ھەریەکێک لەو دڵ و ئەستێرە لە کارتۆن دروستکراوانەدا،  بە دەست و خەتێکی جیاواز ئاواتێکی لە سەر نووسرا بوو. لە تەنیشت درەختەکەشدا سەبەتەیەک لەو ئەستێرەو دڵە کاغەز و قردێلانە دانرابوون بۆ ئەوەی کڕیارەکان ئارەزووەکانی خۆیانی لە سەر بنووسن و بە درەختەکەوەی ھەڵواسن. لە سەر سەبەتەکە نووسرابوو ئارەزووی خۆت بۆ ساڵی داھاتوو بنووسە!

ھەتا ھاوبازاڕییەکانم خەریکی سەودای جل و بەرگ بوون، من خەریکی خوێندنەوەی ھەندێک لەو ئارەزووە ھەڵواسراوانە بووم، بەم جۆرە.

بە خەتێکی جوان بەڵام پڕ فرمێسک، نووسرابوو: خۆزگە ئەم سەری ساڵە دایکم لە گەڵ ئەبوو! 

بە خەتێکی تێکەڵ و شپرزەش نووسرابوو: خۆزگە ساڵی داھاتوو ئاشتی لە سەرانسەری جیھان بەرپا ئەبوو! 

بە خەتێکی خێراش نووسرا بوو خۆزگە ئۆتۆمبێلی دڵخوازی خۆم ئەکڕی! 

بە خەتێکی نەخۆشیش ..خۆزگە زاڵ ئەبووم بە سەر شێرپەنجەدا! 

بە خەتێکی غەمناکیش.. خۆزگە باوکم چاک ئەبووەوە! 

بە خەتێکی تەنیاش ..خۆزگە خۆشەویستێکم دەست ئەکەوت!

بە خەتێکی ڕەش و ڕووتیش ...تۆ بڵێ ساڵی داھاتوو خانوو بکڕم؟

 وە بە خەتێکی خواروخێچ وبێ تاوانیش نووسرابوو: خۆزگە ساڵی داھاتوو لە لای فڵانە کەسەوە لە پۆلدا دائەنیشتم! ....زۆری دیکەشم خوێندەوە.

منیش وەکو ھەر مرۆڤێک لەم دونیایەدا و لەو چرکە ساتەدا ویستم خۆزگەیەکی کەسی بنووسم و ھەڵیواسم. دانەیەکم ھەڵگرت بۆ ئاواتێکی خۆم و خەیاڵ بردمی بۆ کوردستان، جا دانەیەکیش بۆ ئاواتێکی نەتەوەکەم ھەڵگرت و خەیاڵ بردمی بۆ مرۆڤایەتی و جا دانەیەکیش بۆ چاکەی گشتی و دانەیەکیش بۆ ھەژاران و دەردەداران و ...زۆرم ھەڵگرت. بۆ پێنووسێک ئەگەڕام... لە پڕ دەنگێک بانکی کردم و وتی: ئەوە ھەر لێرەی؟ با بڕۆین. باشە باشە ..منیش ھاتمەوە و ھیچ ئاواتێکیشم بە درەختەکەی سەری ساڵەوە ھەڵنەواسی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×