پاداشتی ڕەخنە و ستایش لە نێوان دوو ئاسۆدا

دلێر محەمەد نوری
  2026-06-09     122

ئەم وتارە بۆ کێ و کام لایە نووسراوە؟

ئەم وتارە تایبەت بە لایەک نییە و لایەکەی دیکە نەگرێتەوە. تایبەت بە زیندانێک نییە و زیندانەکەی تر لەبیر بکات. تایبەت بە دەسەڵاتێکیش نییە و دەسەڵاتەکەی تر ببوێرێ.

مرۆڤ گەر لە گەردنەوە بخنکێندرێ یان پیاوەتی-یان بخنکێنن، ھەر یەکە و خنکاندنە! کوشتن کوشتنە، چ لە نێو ژوورە تاریکەکانی زینداندا بن یان لە بەردەم بارەگا حزبییەکاندا بکرێن بە خەڵوز، یاخود لە گوند و ناوچەکانی خۆیاندا گەمارۆ بدرێن و بکوژرێن، یاخود لە بەردەمی زانکۆدا یان لە نێو خۆپیشانداندا تیرۆر بکرێن. پڕۆسەکە ھەر کوشتنە و کوشتنەکانیش ھەر ناڕەوان و بکەرەکانیش بکوژ و تیرۆریستن. جا با بە ڕەنگ و دەنگی جیاواز و سەر بە جوگرافیای جیاوازیش بن.

ئاسۆی سزا و ئاسۆی پاداشت!

تۆ ھەر کەسێک بیت و با ناویشت ئاسۆ بێ، جا خۆت حاجی بی یان باوکت، خەباتکار بووبی یان نا، ئەوە کردەوەکانی ئەمڕۆتە تۆ ئەباتە کەشکەڵانی فەلەک و ھەزاران پەتی ڕزگارکەرت دەداتە دەست، وەکو پەتی پارە و پەتی دەسەڵات و پەتی ڕێز و پەتی بڕوانامە، یاخود یەک پەت ئەخاتە ملت و ئەتخنکێنێت. ھەمیشە ئاسۆی ستایش وەکو پیاوی کوردپەروەر و باش و ئاسۆی ڕەخنەش بە جاش و خۆفرۆش دەناسرێن. وەرن پێم بڵێن کام ئاسۆی ستایش، گیرفانی بەتاڵی بە خۆیەوە دیوە، لەسەر کرێی خانوو پەکی کەوتووە، یاخود بۆ بژێوی لە دوای دەوام دەستی بردبێ بۆ کۆتر یان کۆنەفرۆشی؟ ئەدی چەند ئاسۆی ڕەخنەتان دیوە ژیانێکی شایستەی ھەبێ، ئەمە ئەگەر نەگیرابێ و نەکوژرابێ؟

لە نێوان کۆمێنتێکی ڕەخنەگر و ھەزاران وتاری پیاھەڵداندا، ژیان و مەرگ دیاری دەکرێت! یەک کۆمێنتی چەند ڕستەیی ئەتوانێ ببێ بە پەتێک و بئاڵێ لە گەردنتەوە، وتارێکی پیاھەڵدانیش ئەتوانێ ببێ بە سەفتەیەک پارە و بجێتە گیرفانتەوە.

دەبەنگی دەسەڵات لەوەدایە دڵی بە ستایشێک خۆشە ختووکەی بات، گەر سووریش بزانێ ئەوە درۆیە، و ڕقی لە ڕەخنەیەکیش دەبێتەوە کە بیگرێنێت، گەر سووریش بزانێ کە حەقیقەتە!

بۆ دەسەڵاتێک کە ھێشتا کامۆی نەخوێندۆتەوە!

کامۆ لە کتێبێکی شیکاری و لێکۆڵینەوەدا بە ناوی «المقێلە»دا، کە بە مانای سەرپەڕێنەر دێت، باس لە سزای سەرپەڕاندن دەکات، کە جاران بە ھۆی ئامێرێکەوە ئەو سزایە دەدرایە پاڵ تاوانباران لە دیدی دەسەڵاتدارانەوە.

لە دێڕێکی سەرنجڕاکێشدا کامۆ دەڵێت: سزای سەرپەڕاندن یەکێکە لە بڵاوترین جۆرەکانی کوشتن کە بە پیلانی پێشوەختە و سووربوون، ئەنجام دەدرێ!

ئەگەر کامۆ سزای مەرگی یاسایی، بە بەئەنقەست و پلان بۆ دانراوترین شێوەی کوشتن دابنێت، ئاخۆ مردنی لە ژێر ئەشکەنجە و لە ناو زینداندا، چ ڕووخسارێکی تاریکتر و ترسناکتری دەبوو بە لای کامۆوە.

لێرەدا مرۆڤ بە ناوی یاسا ناکوژرێت، بەڵکو لە دەرەوەی یاسا دەکوژرێت، پاشان داوا لە کۆمەڵگا دەکرێت کە باوەڕ بە چیرۆکێکی ھەڵبەستراوی «خۆکوژی» بکەن. دەسەڵاتێک کە مافی لێکۆڵینەوە لە تاوان بە تەنھا بۆ خۆی قۆڕخ دەکات و ڕوایەتی بە تاوانێک دەدات، کە خودی خۆی تۆمەتباری ئەنجامدانی تاوانەکەیە. ئیتر لێرەوە قوربانی تەنھا مرۆڤەکان نین، بگرە خودی حەقیقەت گەورەترین قوربانییە.

کامۆ ھەمیشە لەو کتێبەدا ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی کە ھیچ دەسەڵاتێک بە تەنھا مافی ڕەھای بڕیاردان لەسەر ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان نییە، چونکە ھەڵەبڕیاردان و ستەمکاری، بەشێکن لە سروشتی مرۆڤەکان. کاتێک زیندانییەکی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجەدا، لە ناو زیندانەکەیدا دەمرێت، پرسیارەکە تەنھا ئەوە نییە کە «چۆن مرد؟»؛ بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن دەسەڵاتێک گەیشتووە بەو باوەڕەی کە دەتوانێت کۆنترۆڵی ژیان و مردنی مرۆڤ بکات و لە ھەمان کاتدا دوا چیرۆکیش بۆ کۆتایی ژیانیان بە دوو وشە بنووسێتەوە: «خۆی کوشت»!

کەرامەتی مرۆڤەکان بەو شێوازە پێوانە ناکرێت کاتێک مرۆڤە ئازادەکان مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا پێ دەکەن! وەکو مامەڵەی ھەر مرۆڤێکی ئازادیخوازی لەگەڵ ئەوی تردا لەسەر شەقامێک یان جێگەیەکی گشتیدا. بەڵکو کەرامەتی مرۆڤ بەو شێوازە پێوانە دەکرێت کاتێک دەکەونە ژێر دەستی دەسەڵاتدار. وەکو ئەو دیمەنانەی مامەڵەی کچە شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوا دەرھەق بە داعشە تەعداکەرە بریندارە دیلەکان، ئەنجامیان دەدا.

کاتێکیش زیندان لە شوێنی زیندانی کردن یان ڕاگرتنەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنی مەرگ و کوشتن، لێرەوە کەیسەکە لە کەیسی تاکە زیندانییەکەوە دەگۆڕێت بۆ کەیسێکی گشتی، خودی دادپەروەری خۆی. چونکە لێرە بەدوای دەشێ کۆتایی ھەر یەکێک لە ئێمە چیرۆکی ئامادەکراوی خۆکوشتن بێت.

*ئەلبێرت کامۆ: ئەو نووسەر و فەیلەسوف و ڕۆژنامەنووسە فەرەنسییە جەزائیرییە بوو کە یەکێک بوو لە ھەرە بیردۆزە دیارەکانی سەدەی بیستەم. بە ئاسۆی ستایش بڵێن با بۆتان باس بکات!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×