ئەگەر هەموو وتارە ئایینییەکان کۆ بکەیتەوە، لە هەموو مینبەر و سەکۆ و میدیا و پلاتفۆرم و پەیج و واڵەکان، زیادەڕۆیی نییە کە جلی ژن و قژی ژن و دەنگی ژن و ڕەنگی ژن و دونیای ژن، بەشی شێری بابەتەکانی ئەم وتارانەی داگیر کردووە. لە کۆی ئەو وتارانەی کە باسی ژنانیش دەکەن، جگە لە کەمینەیەکی ئامۆژگاری، بەشی شێریان تانە و تەشەر و سووکایەتی و هەڕەشە و ڕیسواکردنی ژنان و کچانە و خانمانە. کام خانمە؟ بە دڵنیاییەوە، ئەو کچ و خوشک و دایک و ژنانەی کە سەرپۆش بەسەر نین، حیجاب نین و جلی پۆشراویان لەبەردا نییە.
تۆ گوێ هەڵخە و ئامار کۆ بکەرەوە، بزانە ڕۆژانە چەند جنێو و سووکایەتیت لە سەلەفی و مەلەفی و داعش و ماعش و مەلا و بانگخوازە مۆدێلەکانی سەر مینبەر و سەکۆ و ناو سۆشیاڵ میدیا ئەبێ، کە جگە لە سووکایەتی بە ژنان، سووکایەتی گەورەش بە باوک و برا و مێردەکانیش دەکرێت.
ئەم هێرشە بە بەرنامانەی کە ئەکرێن، لە پێناو یەک شتە، ئەویش چۆن خانمانی بێ حیجاب و پیاوانی نزیکیان بخەنە گۆشەی تەنگەوە و تەنگیان پێ هەڵبچنن، تاوەکو مل بۆ بە پڕۆسەی بە حیجاب کردنی کۆمەڵگا بدەن. ئەم تەنگ پێ هەڵچنینە کۆمەڵایەتی و دەروونییە هیچی کەمتر نییە لە سەپاندنی زۆرەملێ. ئەو حیجاب سەپاندنەی ئێران و ئەفغانستان و سعودییە و کوێ و کوێ، کە لە ڕێگەی پۆلیسی ئاداب و ئەخلاق و هەر ناوێکەوە بێ، کاریگەری زۆر کەمترە لە سەپاندنی دەروونی یان سەپاندن بە ناو و ناتۆرە و بێزراوکردنی بەرانبەر.
ئەمڕۆ لەو هەرێمە پڕ بەڕەڵاییە یاسایی و دەستووریی و بێ حاکمییە، هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێک هێندەی بانگخوازێکی کۆنە نازانم چی، هێندەی مەلایەکی دەرچووی دوێنێی شڕە پەیمانگایەکی ئیسلامی دەنگ و سەنگ و کاریگەری نییە. ئەمانە بوون بە خاوەنی دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی ڕەها کە یاسا و دەسەڵات نەتوانن زاتی ئەوە بکەن بێنە سەر ڕێگەیان.
تۆ بڕۆ هەر ئەمڕۆ چوار مامۆستا و چوار دکتۆر و چوار ئەندازیار و چوار خوێندکار بگرە و بیدە بە دادگا لەسەر کۆمێنتێک یان ڕەخنەیەک لە ئایین یان کەسێکی ئایینی، نە میدیا خۆی لێ تێئەگەیێنێ و نە شەقام پێوەی سەرقاڵ ئەبێ. بەڵام کوڕم ئەوێ بتوانێ بێتە ڕێگەی مزهەر و هەڵۆ و کاروان و ئەوانی دیکە، بزانە چۆن دونیات بۆ ئەکەن بە ڕۆژی دوایی.
ئەمڕۆ لەو وڵاتە هێندەی تەڕبووش و عەمامە و ڕیش و لەچک و نیقاب بەدەستەکان یاسا ئاسمانییەکانی خۆیان ئەسەپێنن، تەرازوو بەدەستەکان ناتوانن یاسا مەدەنییەکانی خۆیان بۆ بسەپێنن.
کێ هەیە لە ئێوە بتوانێ کۆمێنتێک لە مەلایەک، پیاوێکی ئایینی، سەلەفییەک هەتا داعشێکی چڵکن بگرێ، یاخود سەرنجێک یان پرسیارێکی لۆجیکی لە یاسایەک یان شەرعێکی ئایینی بگرێ و بە ژن و خوشک و دایکیدا نەیەنە خوارەوە و کۆمێنتەکەی پێ نەکووژێننەوە. بەڵام وەرە بە ئارەزووی خۆت تەشهیر بە جل و بەرگ و جەستە و قژی ژنان و کچانی بێ حیجاب بکە، چەند کەسێکی کەم نەبێت، هەر هەمان هێزی بەرانبەر بارەکەڵڵا و دەستخۆشیت لێ ئەکات.
ڕۆژانە لە زیاد لە خانمێکی بێ حیجابی نزیک خۆمان ئەبیستین کە چۆن، لە گەڕەک و بازار و شوێنی کارەکانیان، ڕووبەڕووی پرسیار و تەنگ پێ هەڵچنین نەبنەوە کە ئاخۆ بۆ نابنە باڵاپۆش؟ هەر لە ڕێگەی ئەم زۆرەملی دەروونییەوە ڕۆژانە دەیان خانم مل بۆ ئەو داواکارییە ئەدەن.
خانم هەیە بووە بە باڵاپۆش تەنها لەبەر ئەوەی شانسی شووکردنی بەرز بێتەوە، چونکە کۆمەڵگاکە ئەخلاق و جلی لێ تێکەڵ بووە. خەریکە پێناسی خانمی چاک بگۆڕێ بۆ ئەو کەسەی کە باڵاپۆشە و کوڕی چاکیش ئەوەیە کە سەری بچێ، نوێژی نەچێت.
لە سەروبەندی ئەو ڕووداوەی کە لە نێوان بەڕێز عومەر شێخ مووس و ئەو خانمە بەڕێزە باڵاپۆشە، سەرپۆشە ڕۆژنامەوانەوە ڕووی دا، هەرچەندە لەگەڵ شێوازەکەی کاک عومەر نەبووم، بەڵام ئەشێ دیوەکەی دیکەی وێنەکەش لە یاد نەکەین. خانمی بەڕێز کە بە ناوی ئازادی پۆشین ڕێگە لە ڕەخنەکەی کاک عومەر ئەگرێ، لە خۆی پرسیوە کێ ڕێگە لەو هەموو سووکایەتی و جنێو و ناو و ناتۆرلێنانەی ڕۆژانەی مینبەر و سەکۆ و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیای مەلا و بانگخواز و ئیخوانی و سەلەفی و کێ و کێ بگرێ؟ ئەگەر قەرار باڵاپۆشی و سەرپۆشی ئازادی بێ و نابێ کەس سووکایەتی یان لێی بپێچێتەوە، ئەدی ناکرێ پێچەوانەکەشی وا بێ؟ من چالنجێکم بۆ خانمی ۆژنامەوان ئەوەیە کە ڕێپۆرتاجێکی ڕۆژنامەوانی بکات بۆ هەموو ئەو بابەتانەی لەم وتارەدا هاتوون، بزانە لەو کۆمەڵگا بێ سەروبەرەی ئەمڕۆ، تۆی باڵاپۆشی سەرپۆش ستەم و زۆرداری جەستەیی و دەروونی و چاوی کۆمەڵگات لەسەرە یان ئەوانەی باڵاپۆش نین و "تاجی زێڕین!!" یان لە سەرنەناوە؟
لەگەڵ ئەوەشدا، هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ، زۆرینەی خانمانی کوردستان باڵاپۆش نین و سەرپۆشیش لەسەر ناکەن، کەچی لە ژێر پارێزبەندی عەمامە و ڕیش و جبە و سەرپۆشی هاوردەدا، هێشتا دەنگی بەرەکەی خانمی ڕۆژنامەوان زاڵترە نەک عومەر شێخ مووس.