ئەو ڕۆژە قسەم لەگەڵ دووکەس کرد یەکێکیان گوتی: تورکین!
پاشکەمێکی دیکە، ئەوی دیکەیان گوتی "ئازەریم!
تورکەکە، ئازەریەکەشی، بەهی خۆیان ناوبرد!
ئەوجا لەدەرەوە زۆرجار کوردی باکوور دەبینی دەڵێت: خەڵکی تورکیام، زۆر لەسەری دەڕۆی، ناوی شارەکەی دەبات و دوای کورد دەردەچێت!
پرۆسەی شانازی بەتورکیا لەڕابردوو سوڵتانیزم و پاش جەنگی جیهانی یەکەم کەمالیزم پرۆسەیەکی پەروەردەیی و سیاسیەو کاری زۆر لەسەر کراوە، "ئێمە تورکیاین" تورک باڵا دەستە!
بۆیە لەدایکبوونی تورکیایەک بۆ هەموان و هەموان تورکیاین، بەبێ ئەوەی مافی نەتەوەیەکی دیکە لەسەرووی نەتەوەی دیکەبێ، ئەم هەنگاوە پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزەو پێویستی بەریفۆرمی یاسایی و پەروەردەی هەیە!
لە یاداشتەکانی نووسەرو توێژەر "ئیسماعیل بێشکچی" کاتێ لەزیندان دەبێ، هەموو ئەم شتانەڕوون دەکاتەوە، نکۆڵیکردن لە نەتەوەی دیکە "تەنیا تورک"و تورک!
سەدان سیاسی و کاربەدەستی نێو حکوومەت و پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەتورکیا بەڕەگەز کوردن، بەڵام شانازی بەتورکیاوە دەکەن!
ئەو پرۆسە سیاسیەی هەدەپەو هاوڕێکانی دەمیرتاش پرۆسەیەکی بەدیمووکراتیزەکردنی تورکیایەو زۆر کار لەسەر ئەم تێزە دەکەن، بەناوی برایەتی گەلان.
چونکە پارتەکەشیان پارتێکی کوردی ناسیۆنالیست نییە بەڵکو پارتێکی چەپی ناوەندەو پێکهاتەیەکی فرەی جیاوازن!
پەککەش تێکەڵ بەو بزاوتە دەبێ، هەموان بانگەشە بۆ سەرخستنی تورکیایەکی فرەی دەکەن، ئەگەر ئیسلامیزم و کەمالیزم و ناسیۆنالیستی تورکی ڕێگرنەبن، دەشێ ببێتە هەنگاوێکی گرنگ!
ئاکپارتی بەڕێبەرایەتی ئەردۆگان، لەڕووی ئیسلامگەراوە، پارتێکی تێکەڵاوی فرەنەتەوەی دروستکردوە، دەیان ساڵە وا خۆی دەرخستوە برایەتی گەلانی دەوێت!
بەڵام جیاوازی ئاکپارتی ئەوەیە لەگەڵ پارتی برایەتی گەلان، گرنگی بەناسنامەو زمان و کەلتووری جیاواز نادەن، ئاکپارتی ئیسلامگەراو تورکچێتی بۆ گرنگ بووە تائێستە، کوردەکانی نێو ئەم حزبەش واراهێنراون نکۆڵی لەناسنامەو شوناسی خۆیان بکەن!
ڕۆژی ١٢ی نیسان، پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی (١٢) ڕاگەیاند: "کۆنگرەی نائاسایی پەکەکە، هەڵسەنگاندنی کرد کە خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی سەر گەلەکەمانی تێکشکاند، کێشەی کوردی گەیاندە ئاستی چارەسەرکردن لە رێگای سیاسەتی دیموکراتییەوە، بەم شێوەیە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کرد. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆنگرەی دوازدە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، کە پرۆسەی جێبەجێکردنی لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بەڕێوە دەبرێت".