ئاستەنگەکانی حکومەتی نوێ لەساڵی نوێ

بەختیار شاوەیس
  2019-01-10     2440

کەوتینە ساڵی نوێ و کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی بەتەواونەکراوی مایەوە، پەرلەمانی عیراقیش بەناچاری مانگێک لەکارەکانی وەرزی یەکەمی دانیشتنەکانی درێژکردەوە بەئامانجی ئەوەی کەھەریەک لە پڕۆژەیاسای بودجە و کابینەنوێیەکە تەواو بکات و ھێندەی تر عێراق گیرۆدەی بۆشایی ئابووری و ئیداری نەبێت. ئەوەی دەرکەوتەی ئەم حکومەتە نوێیەیە لەساڵی نوێدا بریتی یە لەبونی چەندین ئاستەنگی سیاسی و ئابووری و ئیداری و دیپلۆماسی کەلەحاڵەتی مانەوەیان بەھەڵپەسیرراوی لەدواجاردا چارەنوسی حکومەتەکە بەشێوەیەک دەبات کەبڵێین ئەگەر لەوانی پێشتر خراپتر نەبێت ئەوا ئەدای باشتر نابێت، بەوپێیەی.

١- لەڕووی سیاسی:

ململانێی سیاسی لەنێوان ھێزەکان تائاستێکی زۆر توند قوڵبوەتەوە ، جگەلە دیارنەبوونی فراکسیۆنی گەورە لەناو پەرلەمان کەئەمەیان ھۆکاری سەرەکی کێشەکانە ھەروەھا ئەم دردۆنگیە سیاسیە بڕستی لەحکومەت بڕیوە و لەدوای ٨٠ ڕۆژ لەمتمانەدان بە عەبدولمەھدی سێ وەزارەتی ھەستیار کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و دادن بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن و وەزیری متمانە پێدراوی پەرەوەردەش ھێشتا سوێندی یاسایی نەخواردوە ڕەنگە متمانەکەی لێوەربگیرێتەوە. ھەروەک لەلایەکی دیکەوە ململانێی سیاسی کاریگەری سلبی لەسەر ئەدای پەرلەمانی عیراق جێھێشتوە بەچەشنێک کەلەکۆتاییەکانی وەرزی یەکەمیدایە بەڵام لیژنەکانی بەفەرمی کارەکانی چاودێریکردن و گفتوگۆی یاسادانانیان دەستپێنەکردووە.

٢-لەڕووی ئابووری:

پڕۆگرامی چوارساڵەی حکومەتی نوێ لەسەربنەمای ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان ودابینکردنی ھەلی کارکردن و خزمەتگوزاری داڕێژراوە، ئەوەی لەم سەرەتایەدا دەبینرێت پێچەوانەی چاوەڕوانیەکانە و پێشھاتێکی ڕەشبینئامێز لەبەردەرگای ھاوڵاتیاندایە بەشێوەیەک کەئەگەر خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو بەھۆکاری نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایەوە بوبێت، ئەوا لەئێستادا زیاد لەمەیەو خۆپیشاندان بۆ ئەوە دەکرێت کەحکومەت پێکبێت وەک ئەوەی کەلەچەند ھەفتەی پێشتر لەبەغداد و ناوچەی دیکە ڕوویدا. ئەمەسەرباری ئەوەی کە دابەزینی کتوپڕی نرخی نەوت کە بۆھەربەرمیلێک نەوت ٣٠ دۆلاری ئەمریکی لەدەستداو بەتەنھا نەوتیش ٨٩% ی داھاتی عیراق پێکدەھێنێت. ئەمەش ئاستەنگێکی تری ئابووری دەبێت بۆ حکومەتی نوێی عیراق.

٣-لەڕووی ئیداری:

ھەریەک لەدۆسیەکانی گەندەڵی ، کۆتایی ھاتنی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەھەڵپەسیراوی مانەوەی، بۆشایی ئەمنی و سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریا، ململانێی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی پارێزگاکان، مانەوەی کێشەکانی نێوان حکومەتی بەغداد و حکومەتی ھەولێر، ھەبوونی دوو ملیۆن ئاوارە لەناوخۆی وڵات، بەڕێوەبردنی بەوەکالەت لەناو زۆربەی جومگەکانی ئیدارەدانی حکومەت. ھەموو ئەمانە ئەو دۆسێ و گرێکویرانەن کە حکومەتێکی لاوازی ئیداری دروستکردوە و ھەنگاوی ئیجابیش بۆ چارەسەرکردنیان لەئاسۆدا دیار نیە.

٤-لەڕووی دیپلۆماسی و سەروەری:

سەردانەکەی ترامپ بۆ عەین ئەسەدی ناوچەی ئەنبار ھێندەی تر مشتومڕی سەروەری و پێگەی دیپلۆماسی  عیراق و حکومەتەکەی زیندووکردەوە، و جارێکی تر ئاستەنگی ئەم لایەنەی لەبەردەم کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی دووپاتکردەوە. ھەروەک لەشکرکێشیە ‌بەردەوامەکانی تورکیا بۆناوخاکی عیراق دیوێکی تری لاوازی بەغدایە لەئاستی سەروەری و دیپلۆماسی.

ھەموو ئاستەنگەکانی سەرەوە لەبەردەم حکومەتی نوێ لەساڵی نوێدا ، درێژکراوەی ساڵانی ڕابردوون و بەمیرات بۆئەم حکومەتە ماونەتەوە کە ھەنگاوی خێراو بەپەلەی دەوێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر ئەگەرنا شتێکی ئاسایی و پێشبینیکراوە کە بەم ئالودە زۆرانەوە حکومەتی نوێ نەتوانێت پێبنێتە ساڵێکی نوێ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×