تکایه به‌سه‌ ڕایگرن

ئومێد خۆشناو
  2020-05-22     1198
له‌ڕابردوو هه‌موو ڕێگاکان تاقیکرانه‌وه‌، چ ڕێگه‌ له‌ ڕێگه‌ی برایه‌تی و ئارامی و تێگه‌یشتن، دروستر و پێشوازی کراوتر نیه‌ لای خه‌ڵکی کوردستان.

ئێستاش له‌لایه‌ک کێشه‌یه‌کی جیهانی ڤایرۆسی کوڕۆنا به‌رۆکی گرتووین، له‌لاکه‌یتر وه‌ک هه‌ر وڵاتێکیتری نه‌وت سه‌رچاوه‌ داهات دابه‌زینی نرخی نه‌وت کاریگه‌ری له‌سه‌ر دارایی کردووین، له‌و لاشه‌وه‌ ئه‌و غه‌دره‌ی به‌غدا له‌ هه‌رێمی کوردستانی ده‌کات، کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ژیان و بازاڕو که‌سابه‌تی خه‌ڵکی کوردستان کردوه‌.

واته‌ ئێمه یه‌ک قه‌یرانمان نیه‌، به‌ڵکو له‌نێو چه‌ند قه‌یرانێکین، هیچ یه‌کێک له‌و قه‌یرانانه‌، نه‌خوڵقانی و نه‌چاره‌سه‌ریشی به‌ده‌ست ئێمه‌ نیه‌و هه‌موو له‌سه‌رووی ئیڕاده‌ی ئێمه یه‌.

سه‌رباری هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌، خۆمان هاتووین گرفتێکیتریشمان سه‌ربارکردووه‌، ئه‌ویش هه‌ڵمه‌تێکی ڕاگه‌یاندنی یه‌کتر شکاندن و ناشرینکردنی یه‌کتره‌، ئه‌وه‌ش له‌هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی هه‌نه‌ کاریگه‌ری زێتری کردۆته‌وه‌ سه‌ر باری ده‌روونی خه‌ڵک.

بۆیه خه‌ڵکی کوردستان سه‌لماندی به‌رگه‌ی هه‌موو ناخۆشیه‌ک ده‌گرێ و خۆڕاگره‌، به‌ڵام پێناچێ چیتر به‌رگه‌ی کێشه‌ی ناوخۆیی بگرێ و قبوڵی بکات.

هه‌ڵبه‌ت باشترین کار له‌و جه‌ژنه‌ ساردو سڕه‌ی خۆپارێزیه‌وه‌ و به‌ڕچاوکردنی ئارامی ده‌روونی هاوڵاتیان و ڕێزگرتن له‌خواستی جه‌ماوه‌رو په‌ند وه‌رگرتن له‌ڕابردو، ڕاگرتنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ میدیایه‌ خراپه‌یه‌ له‌دژی یه‌کتر.

یه‌کگرتووی‌و یه‌کڕیزی و ته‌بایی‌و برایه‌تی، ئاینده‌ی دیاره‌و نا ته‌بایی‌و کێشه‌ دروستکردن‌و په‌لاماری یه‌کتر ئاینده‌ی نادیاره‌و چوونه‌ نێو تونێڵێکی تاریکه‌و ئه‌وسه‌رت لێدیارنیه‌ چ ده‌گوزه‌رێ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×