قاوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی-دا

لوقمان غه‌فور
  2019-01-11     1790

كاتێك داوایان له‌خاتوو "دێل رای ولیامس" مه‌یه‌ر (سه‌رۆكی شاره‌وانی- یاخود به‌رێوه‌به‌ری شار) مورهید- ویلایه‌تی مینیسۆتا له‌ئه‌مریكا، كرد كه‌ بۆ جاری دووه‌م له‌ مانگی نۆڤێمبه‌ری 2018 خۆی كاندید بكاته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی مورهید بۆ 2019-2022، ئه‌و له‌وه‌ڵامدا وتی:"با لێگه‌ڕێین فێری ئه‌وه‌ بین چوار ساڵ جارێك خه‌ڵك به‌دڵی خۆی كه‌سێكی نوێ هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گه‌ر من نه‌متوانی بێت به‌ چوار ساڵ خزمه‌ت بكه‌م، دڵنیابن به‌ شه‌ش ساڵ-ی تریش خزمه‌ت ناكه‌م."


ئه‌م قسه‌یه‌ی خاتوو ولیه‌م له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌م خاتوونه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك شاره‌وانی ژنه‌ له‌مێژووی شاره‌كه‌دا، ره‌نگه‌ بۆ ئه‌م ئاسانتر بوو بێت خۆكاندیدكردنه‌وه‌ بۆ تێرمی دووه‌م وه‌ك له‌ كه‌سێكی ئه‌فریكیی- ئه‌مریكیی وه‌ك جوهانسان جوود-ی ڕه‌ش پێست، یان بۆ نه‌وزاد بریفكانی كه‌پەنابەرێکی بە ڕەچەڵەک خه‌ڵكی باشوری كوردستان كه‌ كێبڕكێی خاتوونێكی تری سپی پێستی-یان كرد به‌ناوی براندا ئیلمێر.


بۆ ولیامس سێ فاكته‌ر سه‌رخستن و بردنه‌وه‌ی مسۆگه‌ر كردبوو، یه‌كه‌م: سپی پێست بوو، دووه‌م: له‌شاری مورهید له‌دایك بووه‌ و هه‌موو ته‌مه‌نی له‌وێ به‌سه‌ربردووه‌، سێیه‌م: كۆنتاكتێكی باشی هه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ هانده‌ر نه‌بوون بۆ درێژه‌دان به‌ مه‌یه‌ر. بۆ ئه‌وه‌ رێگه‌ی چۆڵكرد بۆ سێ كه‌سی تر خۆیان بپاڵێون بۆ ئه‌و پۆسته‌، خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی عه‌قَلی ئه‌م ژنه‌ چی لێكه‌وته‌وه‌. یه‌كه‌م: بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی رێگه‌ خۆش كات دوو كه‌سی تری غه‌یره‌ سپی پێست بێنه‌ ناو كێبڕكێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش جوهانسان جوود-ی ئەفریکی- ئەمریکی و نه‌وزاد بریفكانی كه‌ پەنابەرێکی بەڕەچەڵەک کورد بوو. دووه‌م: ئه‌نجامی ئه‌م سنگفراوانی و ده‌ستبه‌ركردنی دیموكراتییه‌ وایكرد كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار له‌مێژووی شاری مورهید كه‌سێكی ئه‌فریكی- ئه‌مریكی (ڕه‌ش پێست) ببێت به‌مه‌یه‌ر (سه‌رۆكی شاره‌وانی) كه‌ به‌شێكی كه‌می ژیانی له‌ مورهید به‌سه‌ربردووه‌. سێیه‌م: ئه‌م بیركردنه‌وه‌ پێیوتین رۆحی خۆبه‌زلزانین و پاوانخوازی له‌م ژنه‌دا نه‌بوو، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كرد به‌قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی. چواره‌م: ئه‌م ژنه‌ دوو جار ناوی باشی بۆ خۆی تۆماركرد و ده‌شێت ببێته‌ كه‌ڵچه‌ری شاره‌كه‌ ئه‌ویش هیچ سه‌رۆك شاره‌وانیه‌ك بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ بۆ تێرمی دووه‌م خۆی كاندید بكاته‌وه‌. له‌هه‌مانكاتدا خۆی به‌تاقانه‌ی مێژووی وه‌ك یه‌كه‌م ژنه‌ سه‌رۆك شاره‌وانی له‌مێژووی شاره‌كه‌دا هێشته‌وه‌.


من ئه‌مه‌وێت كۆتایی وتاره‌كه‌م به‌وه‌ داخه‌م بۆ له‌كوردستان له‌كاربه‌ده‌ستێكی بچووكه‌وه‌ تا گه‌وره‌ترین بیرناكه‌نه‌وه‌ كه‌ نه‌ریتێكی جوانی ژیانی ئیداری و سیاسی تۆماركه‌ن، راده‌ستكردنی پێگه‌ی و پله‌ بۆ ناكه‌ن به‌ نه‌ریتێك تا كه‌سی تریش تواناو به‌هره‌كانی خۆی تاقیكاته‌وه‌، هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ناوێت، پارێزگاری هه‌ولێر، 13 ساڵه‌ پارێزگاره‌ كه‌ تێكڕا 4 تێرمی هه‌ڵبژاردن ده‌كات بێئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌بكاته‌وه‌ تاكه‌ كه‌س نییه‌ ئه‌توانێ ژیانی شارێك به‌رێوه‌به‌رێت. كاتێك نه‌وزاد هادی به‌ نموونه‌ دێنمه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ توانج نییه‌، بۆ من 10 ساڵی تریش پاریزگار بێ به‌قه‌د یه‌ك گه‌رد كار له‌ژیانم ناكات، ئه‌گینا من دڵنیام نه‌ك ئه‌و، كاتێك كه‌سێكی ئاسایی له‌كوردستان رێكخراوێك دروستده‌كات به‌دڵنیایی جارێ بیر له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ بۆ چه‌ند ده‌یه‌ی تر ئه‌و هه‌ر خۆی به‌رپرسی و رابه‌ر و سه‌روه‌ری ئه‌و رێكخراوه‌ بێت.

 

ئه‌م جۆره‌ له‌كاركردن له‌كوردستان ئیفلیجی ئیداریی و ته‌قینه‌وه‌ی توانا نوێیه‌كانی كپكردۆته‌وه‌، مێژووی خه‌ڵك له‌بری پرشنگدار بكات له‌كه‌دار و پڕ خه‌وشی ئه‌كات، ناهێڵێت گۆڕانكاری دروست ببێت ئه‌گه‌ر زۆر ساده‌و ساكاریش بێت. خۆ خاتوو دێل ولیام سه‌رۆكی شاره‌وانی مورهید ئه‌گه‌ر هیچیشی نه‌كردبێت، ئه‌وه‌ی كرد به‌ نه‌ریت "قاوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانیدا"، له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ دووشه‌ممه‌ی دووه‌م هه‌فته‌ و چواره‌م هه‌فته‌ی هه‌موو مانگێك سه‌عات 5 و نیوی دوانیوه‌ڕۆ له‌ هۆڵی شاری مورهید كه‌ شوێنێكی گشتییه‌ و دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك قسه‌كردن گوێ له‌داواو پێشنیاری هاووڵاتیان ده‌گرێت. به‌ده‌یان هاووڵاتی كۆنتاكت دروستده‌كات له‌گه‌ڵیدا، ده‌زانێت خه‌ڵك چی ده‌وێت. ئیتر ئه‌مه‌ بوو به‌ نه‌ریت زه‌حمه‌ته‌ سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كانی دوای خۆی لێی لاده‌ن.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×