گەلێکی خەتابار

هونەر تۆفیق
  2020-05-29     950
خەتابارکردنی گەل، لەگێڕانەوە ئایینیەکاندا چەندین جار ڕوویداوە. گەلی نوح بەخەتاباری لە تۆفاندا غەرق دەکرێن. قەومی لوت خەتاباربوون بۆیە بەر غەزەبی خواوەند دەکەون. بەنوئیسرائیل بەخەتاباری نەفرەتیان لێدەکرێت... هتد.

بەجیا لەئایین، لەمێژوی سیاسی دوور و نزیکدا هیچ سەرکردە و دەستەڵاتێک نەیتوانیووە گەل خەتاباربکات، تەنیا ئادڵۆف هیتلەرنەبێت ئەویش لەدوا ساتەکانی شکست‌و ژیانیدابوو دەڵێت: لەبەر ئەوەی گەلی ئەڵمانی نەیتوانی بەباشی بەرگری لەخۆی بکات، ئاساییە هەموویان لەشەڕدا بکوژرێن..

بەڵام مەدرەسەی کوردایەتی لەدەرەوەی هەردوو ڕێسا ئایینی و سیاسیەکەوە چەندین جار گەل خەتاباردەکات، هەمیشە بەهۆکاری شکستەکانی خۆی زانیووە.

لە کۆتایی شەڕی ناوخۆدا گوتیان ئێمە بێگوناهترین کەس بووین لەم شەڕەدا، بەو مانایەی کە خەڵک خەتابارە.

لەشکستی ڕیفراندۆمدا ، گوتیان خەڵک خەتابارە چونکە شەڕی بەرگریان نەکرد.

لەقەیرانی داراییدا دەڵێن خەڵک خەتابارە چونکە شەش ساڵ بەس نیە بۆ نەبوونی و بێ موچەیی.

لە شکستی پرۆژەکانی چاکسازیدا خەڵک تاوانبار دەکرێت ، چونکە لەهەڵبژاردندا دەنگی زۆرینەیان بەو حیزبە نەداوە تا ببێتە فەرمانڕەوا و چاکسازی بکات ..

ئێستاش لە خەتەری کورۆنادا خەڵک تاوانبار دەکرێت چونکە ناتوانێت خۆی کەرەنتینە بکات و دەچێتە دەرەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی .

ئیدارەدانی پەتای کورۆنا هێندەی ڕووە تەندروستیەکەی پێویستی بە ئیدارەی دارایی هەیە .

لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم توانای ئیدارەدانی دارایی کۆمەڵگەی نیە ، دەرگای کەرەنتینەی کردەوە و ئیعلانی سەرکەوتنی بەسەر ڤایرۆسەکەدا کرد . پیرۆزبایی لەخۆی کرد و وەک دەستکەوت و سەرکەوتنەکەی ڕاگەیاند.

بەڵام لەدووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا خەڵک خەتابار دەکات چونکە بەناچاری لەبازاڕێکی خراپ و وێرانەدا هەوڵی پەیداکردنی بژێوی دەدات . خوانەکردە لە ئەگەری پەرەسەندنی دووبارە بڵاوبوونەوەکەدا بگاتە قۆناغێکی مەترسیدار، ئەوکاتە وەک رووە داراییەکەی ، کەرتی تەندروستیش هەرس دێنێت ، دڵنیا حکومەتیش دەڵێت خۆتان خەتابارن چونکە من پێم گوتن پەیوەست بن بە خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە ! بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانەوە پشتیوانی دارایی حکومەتی دەوێت .بەبێ پشتیوانی دارایی خۆپارێزی سەرکەوتوو نابێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×