حکومەت چی کردووە؟

یاسین ئافتاو
  2020-06-05     1034
حکوومەت گوڵەکانی ئاو نەداوە؛
حکومەت بە دەستی پیسەوە هەویرەکەی شێلاوە
کەڵبەی گورگەکانی تیژ کردووە و بەری داوەتە مێگەلی ڕەنجەکان.
سی ساڵە؛
بەڕووار و مازوار ئەکا بە گژ یەکا
پەرژین بۆ کەرتەشییەکان درووست ئەکات لە تەڵا
هی خێڵی بەڵاڵوکیش لە بەڵا..
حکومەت هەتیویی لەقوتوونراو دابەش ئەکا
برسێتیی ئەخاتە بابۆڵەکانەوە
کە یاریی هەڵماتێنەکەمان پێ ئەدۆڕێنێ
دەچێت خاڵە توورک یان فارس یان عەرەبەکەی بانگ
ئەکا
دیق ئەکاتە خەززانی ئاوی شارەوە
بێخەوی ئەکاتە پێکوتەکانەوە
بێشەرەفیی ئەخاتە کتێبەکانەوە
هەرچی چەقۆی ناپاکییە
لە مێژوو و
لە کتێب و
لە بەرپشتێنی مردووی ناو گۆڕەکان
دەردەهێنێت و
لە پشتی «ڕێژوان»ـی ئەچەقێنێت
قیبلەمانی گۆڕی
ئایینمانی گۆڕی
دوژمنەکانمانی گۆڕی
“ئەی ڕەقیب”ـی
سەر زارمانی گۆڕی بە “ئەی ڕەبیق”

جا حکومەت چی نەکردووە!
مرۆڤ لە ژێر سایەی بەهەشتەکەیدا
ڕازیی بوو یاریی بە ئاگر بکا و دڵی خۆی بفرۆشێت و ببێتە سۆزانی
کەچی حکومەت بازاڕی ناوخۆیی شکاند و
چوو لە بیلاڕووسیا و جۆرجیا و تەورێز و تایلاندەوە
لەشفرۆشی هێنا
بە کۆنتێنەر بێکاریی هاوردە کرد
لە کارگۆکانەوە تەممەڵیی داخڵ کرد
مەساسەی جەهل و ڕووکەشیی هێنا
ئەو تەماتانەی هێنا کە دەدرانە بەرازەکان
هەرچی خوێنی تەماتەی خۆمان هەبوو بە ناهەق ڕشتی
هاتە ناو خەونەکانمانەوە
چاودێریی خەونەکانمانی کرد
ئەو دەمەی خەریک بوو لێومان لە ماچێک گیر بێت
ڕایچڵەکاندین و لە قاقای پێکەنینی دا.

حکومەت دڵی شکا
کاتێک پاش تینووبوونی بیست ساڵ
لە حەڤدەی شووبباتی ٢٠١١ هاوارمان کرد وا خنکاین
فیشەکی نا بەو تاریکییەوە کە لە سنگماندا بوو و
بەرهەمی محەویلە شیتاڵبووەکانی ئەو بوون

هیلاک بووم لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە
جەمیل سائیب پێش سەد ساڵ دەستی پێکرد و بە منیش تەواو نەکرا
دەمەوێ گوێ لە مۆسیقایەک بگرم
بەڵام مۆسیقا کوا؟!
حکومەت فەزای پڕ کردووە لە ژاوەژاو
لە ڕەقسی لەشفرۆشەکان
لە زرم و کوتی ئاوازی دزراو
پشیلەی کردۆتە پاسەوانی دووگ
ڕێوی کردووە بە موراقیبی بەز...

ئەی دۆست
ئەی برای خوێنیی
باپیرت
باوکت
ئینجا خۆت
سەد ساڵە ئەم گۆرانییە دەڵێنەوە
سەد ساڵە ئەم قەوانە دەخەنە سەر
سی ساڵە ئەم تراکەتان ڕیپیت کردووە
ئینجا تووڕەش دەبیت و دەڵێی دەستگیری کەن
هەر بەشەرێک لە زاری کەوتە خوار پرسیاری
«حکوومەت چی کردووە؟»

منیش ناچارم بپرسم
ئەی گوناهی ئێمە چییە؟
بۆچی بە ئێوە موبتەلا بووین
دە ئاخر ئێمە چییمان کردووە؟
ئێمە بووین سێوەکەمان خوارد؟
ئێمە هابیلمان کوشت؟
ئێمە حوسەینمان شەهید کرد لە بیابانی کەربەلا؟
یەک جار دەرگامان بۆ کردنەوە
وەکو میوانی ڕەزاگران هاتن
بە نیازیشن بمێننەوە
هەتا ڕۆژی قالوبەلا...

حکومەت-چی-کردووە؟
هیچ!
حکومەت هیچی نەکردووە...
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×