دوای دانپیانان چارەسەر چیە؟

د. یوسف محەمەد سادق
  2020-06-07     862

دەستپێک
سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، كابینەی حەوتەمی هەرێم، لە هۆڵی سەعد عەبدوللا كۆبونەوەیەكی ڕێكخست لەگەڵ ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی خولی دوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەندامە كوردەكانی لیژنەكانی دارایی و، نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەران. ئەو ڕۆژە بو كە لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان، ڕەحمەتی شێخ بایز وەزیری ئەوكاتی دارایی هەرێم وتی: "ئێوە باسی چی ئەکەن، جارێ جانتاكەمیان بردوە"! خۆزگە هەر جانتاکەی ئەویان ببردایە!
ئامانجی كۆبونەوەكە باس كردنی مەلەفی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و، كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بو كە ئەو كات وەك ئێستا تازە بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی بڕی بو. ئەو ڕۆژە و لەچەند كۆبونەوەیەكی تری نێوان حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، نێچیروان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت و د. ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەكان و تیمی حكومەت، بانگەشەیان بۆ ئەوە ئەكرد كە لە قازانجی هەرێمە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و لەو ڕێگایەوە ئابوریی سەربەخۆ بۆ خۆی دروست ئەكات. ئاشتی هەورامی چەند چارتێكی خستەڕو كە هاوپێچن و بەپێی ئەو چارتانە، بانگەشەی ئەوە کرابو کە هەرێم لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٥ ئەتوانێ تەنیا لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، بێ كێڵگەكانی كەركوك، هەناردەی نەوت بگەیەنێتە زیاتر لە یەك ملیۆن (١،٠٦٠،٠٠٠) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و، بەو پێیەش هەر بەپێی داتاكانی ئاشتی هەورامی، داهاتی هەرێم لەكۆتایی ٢٠١٥ مانگانە زیاتر ئەبو لەسێ ملیار (٣،٢٢٢،٠٠٠،٠٠٠) دۆلار!
هەر ئەو كاته ئێمه ڕەخنەمان لەو سیاسەته گرت و له كۆبونەوەیەك لەگەڵ ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گاز پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی خولی چواری پەرلەمان، وتمان گەر بۆ هەمو وڵاتانی نەوتی پشت بەستن به نەوت وەك تاکە سەرچاوەی داهات هەڵه بێ به هۆی ناجێگیریی نرخی نەوت و به كۆتاهاتنی، ئەوا بۆ هەرێم دوجار هەڵەیه، چونكه دەرەچەی لەسەر ئاوه كراوه نێودەوڵەتییەكان نییه و هەنارده كردنی نەوتەكەی هەمیشه ئەبێته بارمتەی سیاسەتی دەوڵەتانی دراوسێی.
ئێستا وا دوای شەش ساڵ لەو بانگەشه ناڕاستانه " وەك ئەوەی بڵاوئەكرێتەوه" بڕی بەرهەمهێنانی نەوت له هەرێمی كوردستان، ڕۆژانه كەمتره له نیو ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانه و، لەڕوی داهاتیشەوه "دیسانەوه وەك ئەوەی باس ئەكرێ " ئێستا فرۆشی نەوتی هەرێم هەندێک جار لەبری قازانج زەرەر ئەكات!
هەڵبەت یەدەگی نەوتی هەرێم بەو شێوەیەی كه وەزارهتی سامانه سروشتییەكان له ساڵی ٢٠٠٩ ڕایگەیاند بریتی بو لە (٤٥) ملیار بەرمیل و بەو پێیەش ڕیزبەندی هەرێم له ڕیزی نۆیەم بو لە ئاستی جیهان. هەروها یەدەگی گازی سروشتیی هەرێم به (٢٠٠) ترلیۆن پێ سێجا ڕاگەیەندرا و بەو پێیەش هەرێم له پلەی هەشتەم بو له ئاستی جیهان. بەڵام سەرباری ئەم توانا گەورەیە لەبواری وزە، کارتی نەوت ئێستە بەدەست هەرێمەوە سوتاوە و، خستویەتیە سەر لێواری هەرەسی ئابوری.
دواجار دەسەڵاتدارانی هەرێم دانیان نا بە شکستخواردویی سیاسەتی نەوت و گازی ڕابردودا و، ڕایانگەیاند کە نەک هەر نەبوەتە مایەی بەهێزیی هەرێم، بەڵکو بوەتە هۆی "بەجێمانی ٢٧ ملیار قەرز بۆ کابینەی ئێستە". دانپیانان گرنگە، بەڵام هیچ ئەرزشێکی نییە گەر نەبێتە هۆی پێداچونەوە و گۆڕینی ڕیشەیی کۆی سیاسەت و ڕێکار و شێوازی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت و گاز، کە لە هەمان کاتدا مەلەفێکی سیاسی و ئابوریشە، بە هەمان شێوە هەم ناوخۆییە، هەم لێکەوتەی عێراقی و دەرەکیشی هەیە. ئێستە زیاتر لەهەر کات پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی پشتشکێنی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەیە لە بواری نەوت و گاز، بە دیاری کردنی بەرپرسیارێتی و، لە هەمان کاتدا خستنەڕوی ڕێچارە بۆ دەرچون لە تەنگژەی ئابوری و سیاسیی هەرێم و، ڕزگار کردنی ئەوەی ماوە.

بەشی یەکەم: کێ بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێ؟
بەهۆی سیاسەتی شكستخواردوی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، چەندین زیانی گەورەی ئابوری و سیاسی و ستراتیژی له هەرێمی كوردستان كەوت. لەوانە:
1. بەهۆی ئەم سیاسەتە و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی و، نەوتی فرۆشراوی هەرێم یان ڕاستتر بڵێین نەوتی بەتاڵانبراوی هەرێم قەت نەیتوانی شوێنی ئەو بەشە بودجەیەی عێراق بگرێتەوه. لەماوەی نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی (محمد عواد العتابی)(١) تەنها لەعێراقەوە (٩١،٠٧٦،٩٨٨) نەوەد و یەك ترلیۆن و هەفتاو شەش ملیار و نۆسەد و هەشتاوهەشت ملیۆن دینار، هاتوە بۆ هەرێم! هەڵبەت ئەم بەشە بودجەیەی هەرێم لە بەغدا بەردەوام ڕو لەهەڵكشان بو. هەر بۆ نمونە بەشە بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێم (١٥،٣٣٨،٠٥٣) پانزە ترلیۆن و سێسەد و سی و هەشت ملیار و پەنجا و سێ ملیۆن دینار بو. هەر وهك دهزانرێ زۆربەی هەرەزۆری پڕۆژهكانی هەرێم هیی ئەو سەردەمە بون كە لە بەغداوە بودجە بۆ هەرێم دەهات. لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٨ جگە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ هیچ بەشە بودجەیەك لە بەغداوە بۆ هەرێم نەهات. هەر لەبەر ئەمەش لەو کاتەوە هەرێم ‌‌هەشت موچەی تەواو و ٣٤ پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی خۆی قەرزدارە. كێ بەرپرسیارێتیی نەهاتنی دیان ملیار دۆلار لە بەشەبودجەی هەرێم لەبەغداوه، لە ئەستۆ ئەگرێ؟
2. دیسانەوه بەهۆی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، وا دەوترێ كه "هەرێم ٢٧ ملیار دۆلار قەرزدار بوە". هەرچەنده نازانرێ داخۆ ڕاسته و بڕەكەی وایه یان نا؟ قەرز بوچی كراوه؟ ئایا ئەمە سپی کردنەوەی پارە نیە؟ ئەگەر وایە وەکو هاوڵاتیی ئاسایی ئەپرسێ و وەکو نوکتەیەکی تراژیدیی لێهاتوە "نەوت فرۆشراوه یان كڕدراوه!؟" بەڵام ئەگەر ئەوە ڕاست بێ، ئەوا هاونیشتیمانیانی هەرێم، خراونەته ژێر باری قەرزی درێژ خایەن كه دەرباز بون لێی ساڵەهای پێویسته. ئەم بابەتە ئێستا بوەتە جێی مشتومڕی نەک تەنیا شرۆڤەکار و میدیاکار و چالاکانی سیاسی، بەڵکو بوەتە جێی قسەی جیاوازی سەری دەسەڵاتەکانی هەرێمیش. بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستیی کۆی داهاتی هەرێم و قەرزەکانی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردو، پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گازی ئێستا و پێشو (کە بەشێکیان هێشتا هەر لە هەرەمی دەسەڵاتدان) بانگ بکرێنە بەردەم پەرلەمان و لیژنەکانی و، کۆی ئەم مەلەفە بۆ ڕای گشتی ڕوناکیی بخرێتە سەر.
3. به هۆی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، سەدان ملیۆن بەرمیل نەوتی نەوەكانی ئێستا و داهاتوی هەرێم هەرزانفرۆش كرا و بەهەدەر درا، كه ئەوه سەرمایەیەكی خواكردی بەنرخه و، ئەكرێ له كاتی پێویست دا به باشترین شێوه سودی لێوەربگیرێ. لەو نەوتەی دهرهێنراوه، نەك بەشی نەوەكانی داهاتو ڕەچاو نەكراوه، بەڵكو نەوەكانی ئێستاش بێبەشن له سودەكەی.
4. بەشی هەره زۆری پڕۆسەی دۆزینەوه و بەرهەمهێنان و گواستنەوه و فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم و، كۆكردنەوه و دابەش كردنی داهاتەکەی ناڕون و نادیارن و، نازانرێ چیی لێدەكرێ؟ هەر لەبەر ئەمەش خەڵكی هەرێم تا دێ هەژارتر ئەبن و، دەستەبژێرێكیش تادێ مافیا ئاسا سەرمایەیان زیاد ئەكات. چینی ناوندی هەرێم تادێ بچوکتر ئەبێتەوە و جیاوازی و نادادی لە نێوان چین و توێژەکان، تادێ بەرفراوانتر ئەبێ، کە دور نییە لە داهاتویەکی نزیکدا ببێتە هۆی تەقینەوەی رق و توڕەیی خەڵکی ناڕازیی هەرێم.
5. جگه له داهاتی نەوت و گازی هەرێم، تەنانەت پارەی شیرینی (كۆمیشن)ی گرێبەستەكانیش دیار نیه. ساڵی ٢٠٠٩ نێچیروان بارزانی سەرۆكی كابینەی پێنج ڕایگەیاند كه بڕی٥ ملیار دۆلاری شیرینیی گرێبەسته نەوتییەكان بۆ كابینەی شەش به سەرۆكایەتیی د. بەرهەم ساڵح، بەجێ ئەهێڵێت. له نێوان ئەو دو كابینەیەدا كەس نازانێ ئەو پارەیه چیی لێهات!؟ داخۆ لەو كاتەشەوه چەند گرێبەستی تر كراون؟ پارەی كۆمیشنەكانیان چەنده؟ له كوێیه؟ لای كێیه؟ كێ بەرپرسیاره له دیارنەمانیان؟ ڕۆڵی دادگاكان و داواكاری گشتی له بەدواداچونی ئەم دۆسییانه چین؟ هەر بۆ نمونه ئاژانسی بلومبێرگ له ڕاپۆرتێكیدا ڕایگهیاند كه لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، بڕی(٢٥٠،٠٠٠،٠٠٠) دوسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەك هاوکاریی تێپەڕاندنی گرێبەستەکانی كۆمپانیای روسنەفت لەگەڵ هەرێم، لە لایەن ئەم کۆمپانیایەوە دراوە بە ڕاوێژکارێکی دەرەکی. بەپێی راپۆرتەکە، بە هۆی ئەم گرێبەستانەوە، روسنەفت بوەتە کارەکتەری خاوەن هەژمونی دەرەکی بەسەر پیشەسازیی نەوتی هەرێم(٢). دوای وروژاندنی ئەم بابەتە، لێکۆڵینەوە لێی ئاراستەی داواکاری گشتیی هەرێم کرا، بەڵام دیسان تائێستا هیچ دەرەنجامێک دیار نییە و، نازانرێ کێ وەریگرتوە و بۆچی؟
6. ئەو گرێبەستانەی هەرێم لەگەڵ كۆمپنیاكانی بواری نەوت و گاز كردونی، له جۆری هاوبەشیی بەرهەمه (عقود الشراکە فی الانتاج، Production Sharing Contract) ، كه ئەم جۆره گرێبەستانه قازانجێكی زۆر بۆ كۆمپانیاكان دەستەبەر ئەكەن و ئەیانكەنه هاوبەش له نەوتی بەرهەم هاتو. ئەم جۆره گرێبەستانه زیاتر بۆ ئەو شوێنانه ئەكرێن كه ڕیسك و تێچونی زۆره. بۆ نمونه لەناو زەریا و دەریاكان. جۆری گرێبەستەكانی عێراق تا ئێستا له جۆری گرێبەستی خزمەتن، واته بۆ هەر بەرمیلێك نەوت عێراق بڕێكی كەمی دیاریكراو پاره دەداته كۆمپانیاكان نەك بکرێنە هاوبەش له قازانج. سەرەڕای ئەمەش ئیستا حکومەتی ئیتیحادی بە پێی بڕگەی دوانزەیەم لەو پرۆژەیەی ئامادەی کردوە بۆ چاکسازیی و ئەولەویەتی خەرج کردنی بودجە، لە بەرنامەیدایە لیژنەیەک دروست بکات بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوت بۆ سەر لەنوێ گفتوگۆ کردنەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری نەوتی عێراق کاردەکەن بۆ پێداچونەوە بەو گرێبەستانەی کە لەگەڵیان کراوەو، کەمکردنەوەی تێچونی دارایی گرێبەستەکان. لە کاتێکدا ئەو كۆمپانیایانەی له هەرێم كار ئەكەن بونه خاوەن داهاتێكی گەوره به مەرجێك هەندێكیان هەر له بنچینەوه كۆمپانیای بچوك بون. بۆ نمونه كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی تەنها له ساڵی٢٠١١ بڕی١١٠ ملیۆن دۆلاری له نەوتی هەرێم قازانج كرد له كاتێكدا خەڵكی كوردستان له سایەی ئەم گرێبەستانه زیاتر هەژار بون و موچەی موچەخۆرانی هەرێم بویه روبعه موچه و نیوه موچه.
7. هەروەك دەرەنجام بۆ خاڵی پێشو، تێچونی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زیاتره له تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکانی عێراق. به وتەی وەزیری پێشوی نەوتی عێراق سامر غەزبان، كرێی كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی كێڵگه نەوتییەكانی عێراق (١.٤٤$) یەك دۆلار و چل وچوار سەنته. تێچونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی ئەم كێڵگانه ٩بۆ ٩.٥ دۆلارە(٣). لە بەرامبەردا قازانجی كۆمپانیاكانی نەوت له هەرێم بەپێی نرخی نەوت ئەگۆڕێت و بەم شێوەیەش تێچونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم دەگۆڕێت. بەڵام هەر به پێی قسەی سامر غەزبان، هەرێم (٥٥٪)ی پارەی فرۆشی نەوتەكەی دهست ئەكەوێتەوه، واتە نزیکەی ٤٥٪ی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوەی نەوت (ڕوسنەفت و کار). لەكاتێكدا عێراق زیاتر لە (٨٦%)ی پارەی فرۆشتنی نەوتەكەی دەست دەكەوێتەوه. هەر لەبەر ئەمەشه كه عێراق تائێستا ئاماده نییه پارەی كۆمپانیاكانی بواری نەوت و گازی هەرێم له ئەستۆ بگرێ!
8. هەرێم له دەرهێنانی نەوتەكەی له شوێنێكی تریش زیان دەكات كاتێك بەشێوەی سەربەخۆ ئەیفرۆشێت. نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم نزیكەی ٧ دۆلار لەخوار نرخی برێنته. له كاتێكدا نەوتی عێراق ٤ دۆلار له خوار نرخی برێنته. كەواته لێرەش بۆ هەر بەرمیلێك له چاو عێراق، هەرێم سێ دۆلار زیان دەكات. باشه كێ بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی ئەو هەمو گرێبەسته بەو شێوه زیانمەندییه ئەگرێته ئەستۆ؟ بەشێوەیەك كه كۆمپانیاكان قازانجی زیاتر و خەڵكی هەرێم زیانمەندتر بن و، نەوتی هەرێم هەرزانتر بێ له نەوتی وڵاتانی تر؟
9. هەر له ئەنجامی نەشارەزایی له ئەنجامدانی گرێبەست و، پێدانی ئیمتیازی زۆر بۆ كۆمپانیاكان و، دروست بونی كێشەی دواتر، هەندێك جار هەرێم به سەدان ملیۆن دۆلار زیانی لێكەوتوە. باشترین نمونەش گرێبەستەكەی كۆمپانیای دانەگازه كه بەهۆی دروست بونی ناكۆكی و گرتنەبەری ڕێگای دادگا له لایەن كۆمپانیاكەوه، هەرێم ناچار كرا كه بڕی (٢،٢٤٠،٠٠٠،٠٠٠$) دو ملیار و دوسەد و چل ملیۆن دۆلار قەرەبو بداته ئەو كۆمپانیایە(٤). ئەمە جگە لەوەی کە بە هۆی ئەو کێشە دادوەرییەوە پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە نزیک قەزای چەمچەماڵ بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار پەکی کەوت کە بریتی بو لە كارگەیەكی پەترۆكیمیایی و پەیمانگایەكی نەوت و زانكۆیەكی تەكنەلۆجی و پێنج هەزار یەكەی نیشتەجێبون به بازاڕ و نەخۆشخانه و خوێندنگا و سینەما و سەرجەم پێداویستیەكانەوه. كێ بەرپرسیاره بەرامبەر به پێدانی ئەم پارەیه له قوتی ڕۆژانەی خەڵكی هەرێم تەنها بۆ سزای ناكۆكییەكی یاسایی!؟ دیقەت بدەن داخۆ خەڵكی هەرێم نیوەی ئەو قەرەبوه سودمەند بوه له گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایه؟
10. هەندێک جار دەسەڵاتدارانی کارچەوتی هەرێم، بۆ پینە کردنی هەڵە و شکستێکیان، هەڵەیەکی گەورەتر و کوشندەتریان کردوە. هەر بۆ نمونە، بۆ پینە کردنی بەشێک لەو قەرەبوەی هەرێم دەبو بیدات بە دانەگاز، دەسەڵاتی هەرێم ساڵی ٢٠١٧ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی کرد بۆ وەرگرتنی بڕی(٢،١٠٠،٠٠٠.٠٠٠$) دو ملیار و سەد ملیۆن دۆلار وەک قەرز کە لەو پارەیە یەک ملیار دۆلاریان دایەوە بە دانەگاز لە بری بەشێک لە قەرەبوەکەیان. هەر لە ئەنجامی ئەمەش سێ ڕۆژ دوای گرتنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە لایەن هێزە عێراقییەکان، هەرێم ڕایگەیاند کە ٦٠٪ی خاوەندارێتیی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمیان فرۆشت بەو کۆمپانیایە(٥) و، ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لە تورکیا، لەژێر ڕەحمەتی ئەم کۆمپانیایەشە! هەڵبەت هاتنی کۆپانیایەکی ڕوسی بۆ ناو پرسی نەوت و گازی هەرێم، لێکەوتەی نەرێنیی گەورەی هەبوە و ئەبێ لە پێگەی هەرێم لە ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان. ئەمە جگە لە دروست بونی دەرفەت بۆ ڕوسیا بۆ کۆنترۆڵ کردنی یەدەکی گازی هەرێم (هەرێم گرێبەستی ڕاکێشانی بۆریی گازیشی هەر داوە بە کۆمپانیای ڕوسنەفت)، کە ئەمەش بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ڕوسیا دادەنرێ بۆ مەهار کردنی هەر کێبڕکێکارێکی گریمانکراوی گازی ڕوسیا لە بازاڕە جیهانییەکان، بەتایبەت بازاڕی ئەوروپا.
11. هەر به هۆی پشت بەستن تەنها به نەوت وەك تاكه سەرچاوەی داهات، كەرتەكانی تری ئابوریی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار، سەرەڕای توانا گەورەكانی هەرێم لەم بواره، پەكخران. له بری ئەوەی داهاتی نەبوی نەوت بۆ پەرەدان بەم كەرتانه تەرخان بكرێ، پارەی نەوت بەشێكی زۆری دیار نییه و بەهەدەر دراوه و، جۆرێك له ئابوریی بەرخۆریش پەرەی پێدرا كه بەرهەمهێنانی لە هەمو بوارەکاندا زۆر لاواز كرد. دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بویە قومارێکی دۆڕاو نەک هەر لەم کەرتە، بەڵکو بۆ کەرتەکانی تری ئابوریش. نەوت نەک هەر نەبوە پیشەسازییەک بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە، بەڵکو کرایە تاکە گرەوی هەڵسوڕاندنی ئابوری و، لە ئەنجامدا دۆڕاندنی کەرتەکانی تری ئابوریش. دەکرا کەرتی نەوت و گاز وەک یەکێک لە کەرتەکانی ئابوریی هەرێم، قۆناغ بە قۆناغ و هەنگاو بە هەنگاو و بە پلانێکی درێژخایەنی دیراسە کراو، پەرەی پێبدرایە، ئەو کات لە حاڵەتی شکستیدا، هەمو ئابوریی هەرێم توشی شکست نەدەبو و، ئەتوانرا زۆر ئاسانتر تەنگژەی دارایی چارەسەر بکرێت.
12. هەمو ئەم هۆیانەی سەرەوه وای كرد كه دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت نەبێته چەك و خاڵی هێزی هەرێم بەرامبەر بەغدا، بەڵكو ڕێك بەپێچەوانەوه نەوتی هەرێم بوەته خاڵی لاوازی هەرێم له هاوكێشەی ململانێكانی لەگەڵ بەغدا. ئەم سیاسەته نەوتییه چەوتەی ئێستای هەرێم نەك هەر نەیتوانی ئابوریی سەربەخۆ بۆ هەرێم دروست بكات، بەڵكو بەشێوازێكی كوشنده كردیه پاشكۆی بەغدا. وا هەر مانگێك له بەغداوه پاره بۆ هەرێم نەیەت، هەرێم ناتوانێ موچەی موچەخۆرانی بە تەواوی و لە کاتی خۆیدا بدات. ئەو هەمو پارەیەی له بەغداوه دەهاته هەرێم، ئەو هەمو پارەیەی داهاتی شیرینیی گرێبەستەكانی نەوت و گاز و فروشتنی بەرهەمەكانیان، نەبونه هۆی سەربەخۆبونی ئابورییەكی بەرهەمهێن له هەرێمی كوردستان. ئێستا هەرێم نازانێ چی له نەوتەكەی بكات! له لایەك لەژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوته، له لایەكی ترەوه لەژێر فشاری بەغدایه. نەوتەكەشی پاره ناكات. جگه له نەوتیش سەرچاوەی داهاتی تری لەجێی نەبون! كێ بەرپرسیارێتیی سوك كردنی سامانی ژێر زەویی هەرێم و داڕوخانی ئابوریی هەرێم و، لاواز بونی زیاتری بەرامبەر بەغدا هەڵدەگرێ!؟
13. هەر له دەرەنجامی خاڵی سەرەوەش، لاوازیی هەرێم له مەلەفی نەوت و بودجه، بویه هۆی پەراوێز كەوتنی كێشه مێژوییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا كه ئێستا به هیچ شێوەیەك له ئەولەوییەتی ئەجێندای هەرێم لەگەڵ بەغدا نەماون. هەر بۆیەش تا ئێستا كوردی ناوچه جێناكۆكەكان بەدەست سیاسەت و یاسا و بڕیارەكانی تەعریبی كۆن و نوێ گیرۆدەن. ئەمه جگه له مەترسیی خۆڕێكخستنەوەی گروپه تیرۆریستییەكان لەم ناوچانه و دروست كردنی مەترسی بۆسەر دانیشتوانەكەی و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش. تەنانەت ئەو كاتەشی كه تەواوی ناوچه جێناكۆكەكان بۆ یەكەمجار له مێژوی لانی كەم سەد ساڵی ڕابردو كەوته دهست هێزه كوردییەكان، لەبری ئەوەی ئاوڕ له خەڵكی ماندو به ململانێی ئەم ناوچانه، به هەمو پێكهاتەكانییەوه بدەنەوە و، لەڕێی خزمەتكردنی دانیشتنوانە ڕەسەنەكەی، كەمەندكێشیان بكەن بۆ هاتنە سەر هەرێم، بەداخەوه زیاتر گرنگییان به دۆشینی نەوت و غازەكەیان دا و خەڵكەكەیان فەرامۆش كرد. پارتی و یەكێتی لەم ناوچانه به هۆی گرتنەبەری سیاسەتی پشت بەستو به بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبییەوه، بونه هۆی ئەوەی تەنانەت بەشێكی زۆری كوردی ئەم ناوچانه، نەخوازەڵا هاوڵاتیی پێكهاتەكانی تر، خوازیاری گەڕانەوه بۆسەر هەرێم نەبن. دەكرا هەرێم لەڕێی دەرخستنی توانا نەوتی و گازییەكانی، بێ هەراج فرۆش كردنی و، تەنها به پەرەدانی یەك یان دو كێڵگه بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستیی ناوخۆیی، یەدەكی گاز و نەوتی هەرێم بكاته كارتێكی بەهێز بۆ یەكلاکردنەوەی كێشەكانی تری لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت كێشەی ناوچه جێناكۆكەكان.
14. سیاسەتی هەڵەی هەرێم لەبواری نەوت و گاز، لاوازی كرد له پەیوەندییه ئیقلیمییەكانیشی. بەهۆی ئەوەی توركیا بویه تەنها دەروازەی هەرێم بۆ ناردنه دەرەوەی نەوتەكەی، كۆی ئابوریی هەرێم بویه بارمتەی توركیا. لە هەمان کات دا، بە هۆی پێویستیی زۆری هەرێم بە پارە بە هۆی کەڵەکەبونی قەرزەوە، ساڵی ٢٠١٦ هەرێم داوای لە تورکیا کردوە کە لە بەرامبەر لێخۆشبونی قەرزی پێشو بە بڕی یەک ملیار دۆلار و پێدانی پێنج ملیار دۆلاری تر، پشکی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بکڕێت، بەڵام تورکیا ئامادە نەبوە ڕیسک بکات(٦). دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕایانگەیاندوە کە ڕێکەوتنێکی پەنجا ساڵییان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردوە کە جیا لە مەلەفی نەوت و گاز، ڕەهەندی ئەمنیش لەخۆ دەگرێت. هەڵبەت تا ئێستا نە پەرلەمانی کوردستان و نە ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتننامەیە و بەندە ئابوری و سیاسی و ئەمنییەکانی نین. بەڵام شاراوە نییە کە لێکەوتە و ئاسەوارەکانی ڕێکەوتنەکە بە ئاشکرا لە سەرجەم ڕەهەندەکانیەوە دیارن و، تنانهت له ڕوی سیاسیشەوه له زۆر ماوەدا، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بویه پاشكۆی توركیا بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە رۆژاوای کوردستان. سەرەڕای ئەوەش، تورکیا بوەتە گۆڕاوێکی سەربەخۆ لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا. بەشێوەیەک کە هەر ڕێکەوتن و نزیک بونەوەیەک لەگەڵ بەغدا ئێستا سەرەتا پێویستی بە زامن کردنی پشتگیریی تورکیا هەیە.
باشە کێ بەرپرسە لەسەرجەم ئەم سەرەنجامە کوشندە هەنوکەیی و ئاییندەییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییە ناوخۆیی و دەرەکییانەی سیاسەتی شکستخواردوی نەوتیی هەرێم؟
هەڵبەت کارێکی باشە کە دەساڵاتدارانی ئێستەی هەرێم دان بە شکستخواردویی ئەم سیاسەتەدا دەنێن. بەڵام ئایا تەنها ئەمە بەسە؟ ئایا لێیگەڕێین (عفی الله عما سلف) و ئەوەی بو بو و ڕویدا و سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە؟ ئایا ئەکرێ چارەنوسی گەلێک بەدەست دەسەڵاتدارانییەوە هەمیشە هاوشێوەی یاریی ماروپەیژە بێت و هەمو جارێ لە سەرەوە بە قومار و زاری هەڵە بگەڕێینەوە خاڵی سفر؟ هەروەک چۆن بە قوماری ڕیفڕاندۆم و لێکەوتەکانی دواتری لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، ئامانجی سەربەخۆیی و تەنانەت نیوەی خاکی کوردستان، کە بۆ یەکەمجار لە مێژوی سەد ساڵی ڕابردو، بە خوێن و قوربانیدانی هەزاران شەهید و برینداری پێشمەرگە و خەڵک، کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی هەرێم، جارێکی تر لە دەستدران و، هەرێم گەڕایەوە بۆ پێش ڕزگار کردنی عێراق و، سەنگ و ڕۆڵی لە ئاستی هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق، ئێجگار لاواز بو. دەوترێ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت کرا، بەڵام کوا بەدواداچون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی بێلایەن لەسەر ئەم پرسە و مەسەلەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە بێ حساب کردن بۆ لێکەوتەو و دەرەنجامەکانی؟ گەلانی زیندوی دونیا بۆیە پێشدەکەون چونکە هەمیشە لە سەرکەوتن و شکست دا هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە دەکەن، لایەنی گەش و پۆزەتیڤ و هەروەها تاریک و نێگەتیف هەڵدەسەنگێنن و، لێپرسینەوە دەکەن و بەرپرسیارێتی دەستنیشان دەکەن.
هەر بۆیەش گەر هەرێم دەیەوێ خۆی لە شکستی سیاسەتی چەوتی ڕابردو قوتار بکات، پێویستە لەڕێی دامەزراوەکانییەوە هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە بکات. وەک باسمان کرد، سەرەڕای پەککەوتەیی ئێستای پەرلەمان، بەڵام ئەگەر ئەویسترێ کەمێک شکۆ بۆ ئەم دامەزراوەیە بگەڕێتەوە، ئەوا پێویستە لەگەڵ بانگ کردنی بەرپرسیارانی پێشو و ئێستای مەلەفی نەوت لە هەرێم کە زۆرینەیان لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتی ئێستادان، کۆی مەلەفی نەوت و گازی هەرێم بە سەرجەم ڕەهەند و لێکەوتەکانییەوە پێداچونەوەی بۆ بکرێت و، بڕیاڕ و یاسا و هەمواری یاسایی پێویستی لەسەر دەربکرێ و، بەرپرسیارانیش دەستنیشان بکرێن و، لێپرسینەوەیان لێبکرێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمە، ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لە چۆنیەتیی دەستخستنی داهات و فرەچەشن کردن و شەفاف کردنی، لەگەڵ چاکسازی لە چۆنیەتیی خەرجکردنی داهات و هێنانەکایەی دادپەروەی لە دابەش کردنی داهات، پێویستییەکی هەنوکەیی بەردەوامیدان بە ژیانی حوکمڕانیی لەقی هەرێمن (درێژە بەم بابەتە نادەین، چونکە زۆر باس کراون).
لە هەمان کاتدا، لێپرسینەوەی شەفاف و گەیشتن بە چارەسەری واقیعی و یاسایی بۆ سەرجەم ئەو دەیان ملیار دۆلارەی داهاتی هەرێم کە دیار نین و، براونەتە دەرەوە، لایەنێکی گرنگی تری چارەسەری تەگژەی دارایی و ئابوریی هەرێمن. دەسەڵاتدارانی هەرێم گەر ئەیانەوێ درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن و، داروپەردوی ئەزمونی حوکمڕانیی شکستخواردوی هەرێم بە هۆی خەشم و توڕەیی خەڵکەوە بەسەریاندا نەڕوخیت، ئەوا پێویستە دەست بە گیرفانی خۆیان و حسابە بانکییەکانیان لە دەرەوە بکەن، کە هەر درەنگ یان زو نهێنییەکانی ئەم مەلەفەش ئاشکرا ئەبێت. مەلەفی ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە، لە ڕابڕدو و لە ئێستەش لە ئاستی عێراق و دەرەوە، لە ئەولەوییەتی کارمان بوە و، وازی لێناهێنین و لەسەری بەردەوام دەبین.
هەڵبەت هەر تەنها ئەمانە بەس نین، دۆخی هەنوکەیی بواری نەوت و گازی هەرێم و دەرەنجامە ناوخۆیی و عێراقی و دەرەکییەکانی، هێندە ئاڵۆزە کە هەرێم بە تەنیا ناتوانێ خۆی لە تەڵەزگە و زەلکاوەکەی ڕزگار بکات. ڕەنگە دیدێکی نوێ بۆ پەیوەندی لەگەڵ عێراق و، گەیشتن بە سەرەتای نوێ لەگەڵ بەغدا لەسەر کۆی مەلەفی نەوت و گازی هەرێم، بە سود وەرگرتن لە دەستوری عێراق، بەشێکی تری چارەسەر لەخۆ بگرێ کە لە بەشی داهاتودا باسی لێوە ئەکەین.
پەراوێز:
1. محمد عواد العتابی: این أموال العراق، دراسه‌ استقصائیه‌ احصائیه‌ مقارنه‌ للموازنات المتعاقبه‌ منژ عام 2003 لغایه‌ عام 2018، ص 45.
2. بڕوانە دەقی ڕاپۆرتەکە لە ٢/ ٣/ ٢٠٢٠:
Jack Farchy & Javier Blas, Russia‌s State Oil Company Paid Mystery Consultant $250 Million in Iraq Deal, in site:
https://www.bloomberg.com/…/rosneft-paid-mystery-consultant…
3. بڕوانە چاوپێکەوتنی سامر ‌غەزبان وەزیری پێشوی نەوتی ‌عێراق لە کەناڵی شەرقییە لە ڕۆژی ٢٥/ ٤/ ٢٠٢٠. لینکی چاوپێکەوتنەکە:
https://www.facebook.com/sharqiyatv/videos/613593195900776/
هەروەها بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق بڕوانە: حمزه‌ الجواهری، جولات التراخیص النفگیه‌ بالارقام، علی موقع:
https://almasalah.com/…/171…/جولات-التراخیص-النفگیه‌-بالارقام
4. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Dmitry Zhdannikov, Kurdistan pays $1 billion to Dana Gas, partners to settle London case, in site:
https://www.reuters.com/…/kurdistan-pays-1-billion-to-dana-…
5. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Mariya Petkova, What did Russia get from its KRG gamble?, in site:
https://www.aljazeera.com/…/russia-krg-gamble-rosneft-iraq-…
6. بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×