کورد و فەیسبووک

هاوڕێ باخەوان
  2020-06-07     1564

کورد، خۆیی باش ناسیوە! بۆیە وتوویەتی؛ کورد بدوێنە شەرحی دڵی خۆی دەکات! زانیاری شتێکی زۆر گرانبەهایە. زۆرێک لە کاپیتاڵی جیهان بۆ زانیاری دەڕوات. بەگشتی زانیاری بە ئاسان دەست ناکەوێت، دەبێت یان خۆتی بۆهیلاک بکەیت یانیش لەبەرامبەردا بڕە پارەیەک بدەیت.

ئەم هاوکێشەی زانیاریدانە بۆ کورد ناگونجێت. چونکە ئێمە بەدرێژایی مێژوو گوێمان بە زانیاری نەداوە و شەرحی دڵی خۆمانمان بە بەلاش بۆ خۆمان و دەرەوەی خۆشمـان کردووە! ئەوەش لەپاڵ هۆکارگەلێکی تردا دەبێتە پێهێنەری ئەو بارودۆخە سەیرەی کە هەمیشە تێیدابووین.

پێشتر کە فەیسبووک نەبوو، شەرحی دڵی خۆمانمان بۆ خۆمان و بۆ ئەوەی بشێ و نەشێ، بۆ دۆست و  دوژمن، لە رێی بەیتە کوردییەکانەوە دەکرد. ئێستا فەیسبووک هەیە. زۆربەمان هەژمارمان هەیە و زۆر شت دەیخەینەڕوو، هەر لە مەنجەڵە یاپراخی گەڵامێوەوە تاوەکو جوڵەی هێزی پێشمەرگە، گەریللا و شەڕڤانەکانمان لە بەرەکانی شەڕدا.

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی حیزبێک کۆدەبێتەوە، پێویست ناکات زۆر بوەستیت و بزانیت ئەو حیزبە چیی باس کردووە، سەیرێکی فەیسبووک بکە و هەر خۆیان، یان کەسانی نزیک خۆیان، ئەوەی لە کۆبوونەوەکە باسکراوە، بە خۆڕایی پێشکەشی تۆ و دۆستی تۆ و دوژمنانی تۆی دەکەن.

فەیسبووک بۆ ئێمە، ئامرازێکە بۆ بەخشینی زانیاریی هەستیار بۆ دوژمنەکانمان، ئامرازێکی گرنگیشە بۆ سووکایەتیکردن بەیەکتری، هێماکانی یەکتری. سووکایەتییەکە گەیشتووەتە رادەیەکی وا کە تەنانەت گوێش نەدرێت بە هێما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، گرنگ ئەوەیە کەسی بەرامبەر و لایەنی بەرامبەر بشکێنیت، ئیتر ئەوە دەبێتە هۆی شکاندنی شکۆی وڵات و نەتەوەیەکیش، ئەوە کێشەی ئەوانە نەبووە و نییە کە سووکایەتییەکان دەکەن.

ئەم فەیسبووکە، ئامرازێکی گرنگی دوژمنانی ئێمەیە. پێشتر سەرمایەیەکی زۆریان خەرج دەکرد تاوەکو بزانن من، تۆ و ئەو چین. ئێستا ئەو سەرمایەیەشیان بۆ گەڕاوەتەوە، چونکە خۆمان بە ویستی خۆمان چین و چی نین! لە ڕێی فەیسبووکەوە دەیخەینە بەردەستیان!

دیارە ئێمە هەرگیز گرنگییەکی ئەوتۆمان بە زانیاری و ئامار نەداوە. هەربۆیە نازانین ئایا رێژەی ئەوانەی فەیسبووک بۆ مەنجەڵە یاپراخ بەکاردێنن چەندن، ئەوانەی بە راستی بۆ زانیاری وەرگرتن و زانیاریپێدیانی باش چەندن، ئەوانەشی کە بۆ سووکایەتیکردنی لایەنێکی ناوخۆی بەکاردێنن چەندن.

من لای خۆمەوە لەسەر ئەو هەزاران "هاوفەیس"ەی لە فەیسبووک هەمە، بۆم روونبووەتەوە کە چارەکیان لە مەنجەڵە یاپراخەکەن، کەمینەیەکیان بۆ زانیاری وەدەستخستن و زانیاریی گرنگ بەخشینن. بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵێک مشخۆری کرێگرتە یان خۆبەخشی حیزبەکانن کە من جیاوازی لە نێوان هیچیاندا ناکەم و بەم رۆژگارە بە هەق و بە ناهەق خەریکی بەخشینەوەی درۆ و سووکایەتی و یەکتر شکاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی تایبەتی و نهێنین، کە پێش ئەوەی لایەنەکەی خۆی سوودی لێوەربگرێت، سوودێکی گەورەی گەیاندووەتە دوژمنانمان.. پاشتریش ئەو سوودەی دوژمنان، دەبێتە خراپترین زیان کە پێش هەر کەس و لایەنێک سەری سووکایەتیکەر و حیزبەکەی خۆی دەخوات!

سۆشیاڵ میدیا، کە فەیسبووک بەشێکی هەرە گرنگی پێکدێنێت، داتاگەلێکی بێ-ستروکتیورە – بیگ-داتا. ئەم داتایانە بە هەزاران رێکخراو و بەرنامەی پێشکەوتوو توێژینەوە و ئەنالیزی گرنگی لێوە هەڵدەهێنجێت. بەجۆرێک کە رەوتی سەرئەنجامی هەڵبژاردن و کۆمپانیا گرنگەکانی زلهێزانی جیهانیش دیاریدەکات. داتاکانی سۆشیاڵ میدیا رۆژانە دەکرێنە داتابەیسی زەبەلاحەوە و داشبۆرد و سەرئەنجامی گەورە پێک دێنن بۆ بەئەنجامگەیاندنی کاری زۆرێک لە وڵاتان و کۆمپانیاکان. هەربۆیە هەر گۆڕانکارییەکی باش یان خراپ لەسەر ژیان و وڵاتی ئێمە، پەیوەستە بە داتاکانی ناو سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەتی فەیسبووکەوە. بۆیە گرنگە بزانرێت لەسەر سۆشیاڵ میدیا چی دەگوزەرێت، چی دەگوترێت و چۆن ئاڕاستەدەکرێت!

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×