دوو چەشنە قوڕمساغ

هاوکار حسێن
  2020-06-07     975
ئەو کەسەی لەسیاسەتەوە هەنگاودەهاوێت بەرەو بازرگانیکردن، قوڕمساغە. بەڵام ئەوەی لە بازرگانیکردنەوە خودەداتە سیاسەتکردن، قوڕمساغترە. ئەوەی یەکەم، لەئەنجامدا بازرگانێکی تێروپڕی لێدەردەچێت، چونکە تەنها بیر لە دەوڵەمەندبون دەکاتەوە. لێ ئەوەی دوەم، دەبێتە سیاسییەکی چاوچنۆک و هەلپەرست، هەمو شتێک و بارودۆخێک و روداوێک، وەک زەوی موساتەحە سەیردەکات و بیر لەوە دەکاتەوە چەند وەبەرهێنانی تێدابکات.
زۆرینەی قوڕمساغانی گروپی یەکەم سەربە نەوەی شاخن، لەتەمەندا هەڵکشاوترن، لەپیشە کۆنەکەیان (سیاسەت)دا، هەندێک پرەنسیپی حزبی و سیاسی فێری ئەوەی کردون کە لە کەسابەتە نوێیەکەیاندا (بازرگانیکردن)، بەشەرمەوە و بەنهێنی خەریکی خۆدەوڵەمەندکردن بن. بەڵام گروپی دوەم کە نەوەی نوێن، زیاتر سیفەتی قارچک و رەوە بەرازیان هەیە لە هەڵتۆقین و ترەکیندا. ئەمەی دوەمیان، هیچ شەرم و ئەخلاقێک لە کەسابەتە تازەکەیان (سیاسەتکردن) دا، رەچاوناکەن. چونکە ئەو لەپیشە کۆنەکەیەوە (بازرگانیکردن) فێربوە، هەموشتێک وەک قازانج و زیانی زەوییە هەڕاجکراوەکانی شارەوانی لێکبداتەوە. بۆیە ئەو کە میدیا بەناوی ئەهلیبونەوە دروستدەکات، لەخەمی ئازادی رادەربڕیندا نیە، بۆئەوەیە پشتێنەیەکی حەسانە بەدەوری ئەو پەزانەدا دروستبکات کە لەرێی بازرگانی ناشەرعییەوە کۆیکردونەتەوە. کاتێک دوو خاکەناز قیر دەکاتە تاسەیەکەوە، بۆئەوە نیە جادەکانت بۆ چاکبکات، بۆئەوەیە لەوسەرەوە دوو خاکەناز زیاتر دەنگی خەڵکی سادەددڵ کۆبکاتەوە. هەر لە کوردستان وانیە، لەئەمریکاش وەهایە، ئەوەنیە بەهۆی کۆرۆناوە وەک گەڵای دار تەرم دەکەوتن، کەچی ترەمپ داوایدەکرد خەڵک بچنەوە بۆ کارگەکان تا ئابورییەکەیان دانەڕوخێت.
گروپی یەکەم، وەک شێر هەر ئەوەندەی نێچیرەکەی دەستگیربو، دەیخوات و دەچێت لەبن حەسارەکەی خۆی پاڵدەکەوێت. لێ گروپی دوەم، چەشنی کەمتیار هیچ مۆڕاڵێکی نیە بەرامبەر نێچیرەکەی، ئەو تەنانەت سەبرناگرێت تا نێچیرەکەی گیانلەدەستبدات، هەر بەزیندویی دەم دەژەنێتە ناوسکی. جا قیڕەقیڕ و هەراسانکردنەکانیشی لەولاوە بوەتێ. بەسروشت کاتێک ئێمە بە ئۆتۆمبێل بەدوای ناونیشانێکدا دەگەڕێین و سەرمان لێدەشێوێت، لە یەکەمین کاردانەوەدا دەنگی رادیۆکە دەبەستین تا تەرکیزمان هێندەی تر پەرتنەکات. جا بۆئەوەی ئێمەش بچینەوە سەر راستەڕێی دۆزینەوە و دژایەتیکردنی پۆخڵەواتەکانی یەکێتی و پارتی، سەرەتا پێویستە چەپۆکێک بدەین بەدەمی کەمتیار و پۆپۆلیستەکاندا، تا ژاوەژاو و هەلپەرستییەکانیان توشی کارەساتی زیاترمان نەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×