كورد له‌ نێوان بۆچونه‌كانی تۆماس هۆپزو جۆن لوك-دا

عیماد عه‌لی
  2020-06-10     886
دوور له‌ ره‌گه‌زپه‌رستی، لێره‌دا ته‌نها باسی كورد ده‌كه‌م، ئه‌گینا به‌ كرده‌یی سیفه‌تی داگیركه‌رانی كوردستان به‌ تایبه‌تی تورك و عه‌ره‌ب له‌م بابه‌ته‌ی مه‌به‌ستمه‌ بۆ هه‌مووان روونه‌.
له‌و روانگه‌یكه‌ی تایبه‌تی به‌ عه‌قلیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌، كورته‌ی بۆچونه‌كانی هوپز خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ ناخی خۆیدا شه‌ڕخوازه‌ و ده‌یه‌وێت پشت به‌ هێز و سیفه‌تی گورگانه‌ ببه‌سترێت له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و به‌ڕه‌هایی توانای خوكم و خۆسه‌پاندنی هه‌بێت، واته‌ مرۆڤی گورگ ئاسا بیت، به‌ڵام له‌ ئه‌وه‌ش پێناو بنیتنان و خزمه‌تی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی باڵادا، باوه‌ڕه‌ی به‌وه‌ش هه‌بوو كه‌ مرۆڤ له‌ ناخی خۆیدا گورگه‌ و باوه‌ری به‌هێز هه‌یه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌كات و بێز له‌ بێده‌سه‌ڵاتی و لێبورده‌یی و لاوازی و بێ هێزی ده‌كاته‌وه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، جۆن لوك باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ناخیدا لێبورده‌یه‌  و خۆڕسكانه‌ چاكه‌خوازه‌ و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌خۆی هه‌وڵی داوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بژێت و هاوكاری یه‌كتر بكات و  ئه‌و یاسایانه‌ی داهیناوه‌ كه‌ نێوان مرۆڤ رێك ده‌خه‌نه‌وه‌ و دیسپلینی ژیانی ده‌كه‌ن و دواجار ده‌وڵه‌تی داهنێناوه‌ بۆ رێكخستنی ژیانی خۆی.
ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌، ئه‌م بیركردنه‌وه‌ و بۆچونانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له‌ نێوان بۆچونی هه‌ردولادا له‌ عه‌قڵیه‌ت و پشتخانی  كورددا ده‌رده‌كه‌وێت، واته‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ لێبورده‌یه‌ و سنگفراوانه‌ و ته‌نانه‌ت له‌دوژمنه‌كانی ده‌بورێت و به‌ خۆڕسك چاكه‌خوازه‌ و هه‌وڵی خۆرێكخستنه‌وه‌ی خۆی ده‌دات و، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ پێچه‌وه‌انه‌وه‌ باوه‌رێ به‌ توندوتیژی و به‌كارهێنلنی هێز هه‌یه‌ و زیاتر رێز له‌ به‌هێزان ده‌گرێت و شانازی به‌ پیاوی  عه‌سكه‌ری و ئاسنین و دڕ ده‌كات به‌دوور  له‌ خه‌ڵكی هێمن و یاساناس و رۆشنبیرانی ئاشتیخواز.
ئه‌گه‌ر زۆر وردبینه‌وه‌ له‌ میژووی كورد و له‌ رووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مرۆڤایه‌تیه‌كیه‌ لێیبده‌ینه‌وه‌، له‌م بواره‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، ناتوانین یه‌كلایی بینه‌وه‌ كه‌ ئایا: ناخی سوۆشتی خۆڕسكانه‌ی كورد به‌كام بیر و فكر و عه‌قڵیه‌ت زیاتر ره‌فتاریان كردووه‌، به‌ واتایه‌كی تر ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكرێت، بێگومان كه‌ره‌سته‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی جێگیربوون له‌سه‌ر یه‌ك بۆچونه‌مان ده‌ست ناكه‌وێت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی  ئه‌م میله‌ته‌ له‌ زۆر قۆناغی ژیانی خۆیدا زوڵمی لێكراوه‌ و ئیتسغلالی تۆلیرانس و سنگفراونی و له‌خۆبوردوه‌كه‌ی كراوه‌ و هه‌ندێك ره‌فتاری كردبێت به‌ ناچاری یان له‌به‌ر خاتری خاتردارانی زۆردار كردویه‌تی، به‌ڵام ده‌بێت بلێین له‌ زۆر شوێندا بۆته‌ دارده‌شتی به‌هێزانی داگیركه‌ر و زوڵمی له‌ویتر كردووه‌ و پرسی ئه‌رمه‌نیه‌كانیش تا راده‌یه‌كیش ئاشوریه‌كانی كوردستانیش به‌لگه‌ی ئه‌م قسانه‌ن. بۆیه‌ له‌ باری گورگبوون یان مه‌ڕبونی میله‌تی كورد هیچ به‌ڵگه‌ی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی زانستیانه‌مان ده‌ست ناكه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ورده‌كایه‌كانی ژیان و گوزه‌رانی كورد له‌ مێژوودا وه‌كو خۆی به‌ راستی و به‌ فراوانی و بیڵایه‌نی و زانستیانه‌ تۆمار نه‌كراوه‌، چونكو زۆرینه‌ی میژووه‌كه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌زۆر قۆناغی خۆیدا به‌ شێوه‌یه‌ك داگیركراو بووه‌، بۆیه‌ ئه‌ویتر تر به‌ هه‌وه‌سی و ئاره‌زووی خۆی  تۆماری كردووه‌ و حه‌قیقه‌تێكی كه‌می تیدا ده‌دۆزیته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بنكوڵیشی بكه‌یت هه‌مووی به‌ راوبۆچون و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ویتری داگیركه‌ر نوسراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌مباره‌وه‌ ته‌نها ده‌توانین پشت به‌ شیكاری ده‌روونی و ده‌ردانه‌كانی سه‌رده‌می نوێ ببه‌ستین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌توانین تێیدا یه‌كلابینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ میهمان دۆست و ده‌ستكراوه‌ و دلفراون بووه‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بۆچونه‌كه‌ی جۆن لوك ته‌ماشای بكه‌ین و حسابی بكه‌ین.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×