چاودێری دارایی گومان لەبڕوانامەی بەشێک لەفەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتی ئەندازیاری ھونەری سلێمانی دەکات

بەرهەم ئەحمەد
  2020-06-14     857

بەشی دووەم


پشکی شێر لە راپۆرتەکەی دیوانی چاودێری دارایی بەر کەمو کوری ئەو پرۆژانە دەکەوێت کە ئەم بەرێوەبەرایەتییە ئەنجامیداوە تێبییەکان زۆرن لە سەر پرۆژەکان بە جۆرێک ئەم بەرێوەبەرایەتییە پارەی خەرجکردوە بۆ کۆمپانیای جێبەجێ کار ئۆتۆمبیلی تایبەتی بەرێوەبەرایەتیەکەی بۆ دابینکردون و ئۆفیسی تایبەتی بۆ داناون بە تایبەتی بۆ ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکی داناوە کە بە ڕای دەستەی دیوانی چاودێری کارێکی نەشیاوە کە فەرمانبەری حکومی چاوەڕی بەڵێندەر بێت بۆ جێبەجێکردنی کاری رۆژانەی لە کاتێکدا کە لە سەر بودجەی حکومەتیش بێت.
یەکێکی تر لە تێبینیانەی کە دیوانی چاودێری لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکردوە ئەو پرۆژانەی کە لە لایەن بەڵێندەرانەوە ئەنجامدراوە وە لە لایەن لیژنەکانی ئەم بەرێوەبەرایەتیەوە سەرپەرشتی جێبەجێکردنیان دەکرێت لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا تەواو نەبوون وە ماوەیان بۆ درێژکراوەتەوە زۆربەی درێژکردنەوەکانیش گونجاو نین ھەندێکیان لە سەرو رێژەی ١٠٠% ماوەی پرۆژەکەوە درێژکراوەتەوە بە ڕای دەستەکەی دیوانی چاودێری دارایی بۆ کەمتەرخەمی کۆمپانیای جێبەجێکردنی کارو لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە یان ئەندازیارانی دانانی نەخشەو دیزاین و تەندەری پرۆژەکان دەگەرێتەوە کە دراسەی تەوایان ئەنجام نەداوە بۆ دەستنیشانکردنی ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکان.
دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتەکەدا دەڵێت ھەموو ئەو پرۆژانەی بە شێوەی راستەخۆ جێبەجێ کراون ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکان و  رۆژی دەست بەکار بوون دیاری نەکراون ھەروەھا دەرکەوتووە ھەردوو لیژنەی شیکردنەوەی تەندەرەکان و ئیحالەکردن بە باشی نرخی برگەکانی تەندەرەکانیان ھەڵنەسەنگتندوەو بەراوردیان نەکردووە بە دەرخستەی خەمڵێنراو نرخی راستەقینەش بە ھۆیەوە دەرنەکەوتوەو برێکی زۆر جیاوازی ھەیە لە نرخی پێکەشکراو لەلایەن کۆمپانیاکەوە.
لە ئەنجامی وردبینی ئەو پرۆژانەی کە تایبەتن بە دروستکردنی بینای بانک دەرکەوتوە پێش ئەنجامدانی کارەکە بە ھۆی کەمتەرخەمی کە پێگەی پرۆژەکەیان ئامادە نەکردوە بە باشی و پشکنینیان بۆ گڵەکە نەکردوەو ئەمەش گرفتی بۆ پرۆژەکە دروست کردوە دوای بە ئەنجام گەیاندنی بۆیە دوبارە پارەی تریان بۆ تەرخانکردووە تا چارەسەری کەموکوریەکانی پێبکەن.
لە ئەنجامی وردبینی ئەو پرۆژانەی کە لەرێگەی کۆمپانیاو بەڵێندەرانەوە جێبەجێ کراون ئەم بەرێوەبەرایەتییە کاری سەرپەرشتی ئەنجامداوە دەرکەوت کاتێک کۆمپانیا لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا پرۆژەکە تەواو ناکات کە بە پیێ یاسا پێویستە غەرامە بکرێت، بەڵام راستەوخۆ داواکاریەک پێشکەش بەم بەرێوەبەرایەتیە دەکات بە مەبەستی لێخۆشبوون لە غەرامەی دواکەوتن ئەمانیش داواکارییەکەیان بەرز دەکەنەوە بۆ وەزارەتی دارایی لە کاتێکدا پێویست بوو ئەم بەرێوەبەرایەتیە(غەرامە) لە کۆمپانیا وەربگرێت.بە پێی گرێبەست لە بری ئەوەی نوسراو ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری بکات وەزارەتی دارایش بێ ئەوەی ھیچ ئیجرائاتێک بکات پشتگیری لە داواکاری کۆمپانیا کردوە و نوسراوی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی لێ خۆشبون کە پێویست بوو داوا بکات، ئەو کۆمپانیانە بخرێنە لیستی رەشەوە، چونکە سزای دواکەوتن بە یاسا رێکخراوە لە کاتی رودانی دواکەوتن پێویستە جێ بەجێ بکرێت.
ئەو پرۆژانەی لەلایەن بەڵێندەرانەوە جێبەجێکراوە لەلایەن کارمەندانی بەرێوەبەرایەتیەکەوە کاری سەرپەرشتی بۆ ئەنجامدراوە لە ئەنجامی وردبینی کردنی دیوانی چاودێری داراییەوە دەرکەوتوە زۆربەی پرۆژەکان دەرخستەی گۆرانکاری زۆری بۆ کراوە و بۆتە ھۆی زیادکردنی بری تێچونی پرۆژەکان.
ھەر لە ڕاپۆرتەکەی چاودێری داراییدا باسی کەموکورتیەکانی پرۆژەی دروستکردنی بینای بانکی ھەرێم دەکات و ئاماژەش بەوەدەکات کە کە ئەم پرۆژەیە ئیحالە کراوە بۆ کۆمپانیای ئەردەڵان بە بڕی ١١٨٠٤٩١٤٤٧٠دینار(یانزە ملیارو ھەشت سەدو چوار ملیۆن و نۆسەدو چواردە ھەزارو سەدو حەفتا دینار)، بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە(٩٧٣١)، لە ٢٠/٧/٢٠٠٧ بۆ ماوەی حەوت سەد رۆژ لە سەر بودجەی پەرەپێدانی بانکەکان.
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئاشکراشی کردوە کە کاری دیزاینی پرۆژەکە بە بڕی ٣٩٨٠٥٩٥٠٠ دینار(سێ سەدو نەوەدو ھەشت ملیۆن و پەنجاو نۆ ھەزارو پێنج سەد دینار) بۆ نوسنگەی (م، ع)، کە ئەمەش بە ڕای دەستەکەمان زۆرە، چونکە تەنھا بۆ کاری دیزاینەو ھیچ کارێکی راوێژکاری ئەنجام نەداوە، سەرەڕای ئەوەش دووبارە کاری دیزاینی ئەنجام دراوەتەوە بۆ ھەندێک لە بڕگەی نەخشەکە ھەوەک لە نوسراوی وەزارەتی ھەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابوری ژمارە(١٨٤٦٠)، لە ٩/١٢/٢٠٠٧ ھاتووە بۆ ئەو دووبارە دیزاین کردنەوەش بڕی ٢٥٠٠٠٠٠٠ دینار(بیست و پێنج ملیۆن)، خەرجکراوە بۆ راوێژکاری ئەندازیاری لە کۆلێژی ئەندازیاری کە ئەبوایە لە گرێبەستەکەدا بڕگەیەک ھەبوایە کە نوسینگەی ناوبراو ئەم بڕە پارەیەی وەک غەرامە بدایە.
یەکێکی تر لە کەموکورتیەکانی ئەم پرۆژەیە لە گرێبەستەکەدا ھاتووە کە پێویستە لایەنی یەکەم وەزارەتی دارایی و ئابوری پرۆسەیپرۆسەی پشکنینی خۆڵ بکات و ئەنجامەکەی بدات بە دیزاینەر(محمد عارف)، ئەوەی جێگەی سەرەنجە رۆژی ١٨/٧/٢٠٠٥ دوای نزیکەی یەک ساڵ لە بەرواری دەست بەکاربونی نوسینگەی ناوبراو ئەنجامی ئەو پشکنینەی رادەستی دیزاینەر کردوە ئەو پشکنینەشی بە باشی ئەنجام نەداوە چونکە لە دوای ئەوەی کە پرۆژەکە تەواو بووە چۆتە بواری بەکارھێنانەوە لە ١/٧/٢٠١٠ ژێر زەمینی بیناکە کە ژووری حسینەکانی بانکەکە ئاوی تیادەرکەوتووە و کێشەی شلێ(رتوبە)، بۆ بیناکە دروست بووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەی شێیەش گرێبەست ئەنجادراوە لە ١٧/١/٢٠١٣ بە بری ٢٢٨٢٢٨٩٨٧ دینار(دوو سەدو بیست و ھەشت ملیۆن و دووسەدو بیست و ھەشت ھەزارو نۆسەدو ھەشتاو حەوت دینار)، لەگەڵ کۆمپانیای (vizyon).
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی باسی لەوەشکردوە کە گرێبەستی تایبەت بە دروستکردنی بیناکە رێکخراوە لە نێوان وەزیری دارایی و ئابوری و کۆمپانیای ئەردەڵان یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی گرێبەستەکە دیارینەکردنی ماوەی چاکسازییە بۆ کۆمپانیا پاش تەواو بوونی پرۆژەکی کە ئەمەش بوار ئەرەخسێنێت بۆ کۆمپانیاکە لە ھەر کاتێک دوای تەواو بوونی پرۆژەکە داوای بارمتە بکات و ھیچ چاکسازییەک بۆ پرۆژەکە ئەنجام نەدات.
ھەر بە پێ راپۆرتەکەی چاودێری دارایی بری ٢٠٠٠٠٠٠٠٠ دینار(دوسەد ملیۆن دینار) خەرجکراوە بۆ کۆمپانیای ئەردەڵان وەک بەھای دوو ئەسانسۆر بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەو ئەسانسۆرانە جۆرەکەی ھاوتا نەبوو بەو ئەسانسۆرانەی کە لە دەرخستەی خەمڵێنراو و تەندەری پرۆژەکەدا دانراوە کە لە سەرەتادا جۆری(پانۆراما)، بووەو لیژنەی وەرگرتنی پرۆژەکەش بریاری وەرگرتنی پرۆژەکەیانداوە لە بری ئەو کەموکوریەش لیژنەکە ئاماژەی داوە بە داشکاندنی بری ١٨٠٤٤٠٧٥ دینار(ھەژدە ملیۆن و چل و چوار ھەزارو حەفتاو پێنج دینار)، ئەمەش بە ڕای دەستەکەمان ئەبوایە ئەو دوو ئەسانسۆرە بە کۆمپانیاکە لابرایەوە جۆری باش و بە پێ مواسەفاتی دەرخستە دابین بکرایەو لە رێگای لیژنەیەکی پسپۆر لەو بوارەدا ئەسانسۆرەکان چێکی مواسەفاتی بۆ بکرایەو پاشان بریاری وەرگرتنی بۆ بدرایە.
ھەر لە راپۆرتەکەی چاودێری داراییدا ھاتووە" پاش تەواو بوونی پرۆژەکەو چونە بواری بەکارھێنان بەردەوام ئەسانسۆرەکان خراپ بوون و بە شێوەیەکی باش کاریان نەکردوە تا لە ئەنجامدا لە ١٠/١/٢٠١١ واتە نزیکەی سێ مانگ دوای بەرواری وەرگرتنی سەرەتایی پرۆژەکە دوو فەرمانبەری بەرێوەبەرایەت بانکی ھەرێم دەکەونە خوارەوەو زیانی گیانی زۆریان پێدەگات و سکاڵا لە دادگا تۆمار دەکەن، پاشان ئەم بەرێوەبەرایەتییە ھەڵساوە بە سەر لەنوێ لابردن و دانانی ئەسانسۆری نوێ".
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی باس لە وردبینی ئەو پرۆژانە دەکات کە لە سەر بودجەی پەرەپێدانی بانکەکان لە لایەن بەڵێندەرانەوە ئەنجامدراون و ئەم بەرێوەبەرایەتیە کاری سەرپەرشتی کردنی بۆ ئەنجامداون  تێدا دەرکەوتووە کە ھەندێک بینای بانک دروستکراون چونەتە بواری بەکارھێنانەوە بەڵام پاش ماوەیەکی زۆر کەم برە پارەیەکی زۆریان بۆ خەرجکراوە بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی بە مەبەستی چاککردنی ئەو بینایانە  ئەمەش ئەوەدەردەخات کە لە سەرەتادا ئەو بینایانە بە باشی دروستنەکراون و لیژنەی سەرپەرشتیاریش کەمتەرخەم بوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی کارەکان و سەرەرای ئەوەش وەزارەتی دارایی بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکات لەو کەم و کوریانە راستەوخۆ رەزامەندی دەربریوە بە چاککرنەوەیان .

ھەروەھا راپۆرتەکەی چاودێری دارایی جەختیشدەکاتەوە کە ئەو پرۆژانەی لە خشتەی پێشەوەدا ئاماژەمان بۆ کردون لە رووی دیزاینەوە ھەرسێ بینای بانکەکە لە سەرھەمان روبەر دروستکرا بوون بەڵام بڕی تێچون بۆ یەک مەتر دووجا بینا بۆ ھەر یەکێکیان.
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی باسی ئەو تێچونە زۆرانە دەکات کە بۆ بینای ئەو بانکانە سەرفکراوە ئاشکراشی دەکات کە ئەم بەرێوەبەرایەتییە بە بری ٧٨٧٤٨٠٣٣٨ دینار(حەوت سەدو ھەشتاو حەوت ملیۆن و چوار سەدو ھەشتا ھەزارو سێ سەدو ھەشت دینار) ی خەرجکردوە بۆ چاککردنەوەی بینای ئەو بانکانە دوای وەرگرتنیان بە ماوەیەکی کەم.
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی باسیش لە دەرخستەی دروستکردنی ئەو سێ بانکە دەکات کە پێویست بوو بەڵێندەر ئەسانسۆریان لە جۆری(Thyssen) ی ئەڵمانی یان(Otis)ی ئەمریکی یان (Hitachi)ی یابانی دابین بکات، بەڵام لە کاتی سەردانی ئەندازیاری دەستەکەمان لە ١٧/٩/٢٠١٤ دەرکەوتووە ئەو ئەسانسۆرانەی کە لە بیناکەدا دانراون و جۆری ئێرانین و باش نین واتە بە پێی مواسەفاتی دەرخستە دابین نەکراوە.
بە بۆچونی دەستەکەی چاودێری دارایی لیژنەی وەرگرتنی پرۆژەکان بە کەم تەرخەم دەزانن لە ھەڵسەنگاندنی چۆنییەتی ئەو ئەسانسۆرانەی کە پێویست بوو لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆر و تایبەت ھەڵسەنگاندن بکرایە بۆ چۆنیەتی جۆری ئەو ئەسانسۆرانەو پاش دڵنیا بوون لە چاکی و ھاوتای بە مواسەفاتی دەرخستە بریاری وەرگرتنیان بدایە.
ھەر لە راپۆرتەکەی چاودێری داراییدا ھاتووە" سەرەرای ھەبونی ئەو ھەموو کەموکوریان وەزارەتی دارایی و ئابوری کارئاسانی زۆری بۆ کۆمپانیای جێ بەجێ کاری ئەو بینای بانکانە کردوە بۆ نمونە بە نوسراوی وەزارەتی دارایی ئابوری لە سلێمانی ژمارە(٢٧٨٧١) لە ١٠/١٢/٢٠٠٩ کە لە لایەن بریکاری وەزیرەوە واژوو کراوە سەرەرشای ئەوەی ماوەی (٢١٠) دوو سەدوو دە رۆژ درێژ کراوەتەوە بۆ کۆمپانیای کۆژین کە پرۆژەی دروستکردنی بانکی چوارتا جێ بەجێ دەکات بریاریش دراوە بە خەرجکردنی کرێ ئۆتۆمبیل بۆ ئەو ماوەیەی زیادکراوە کە بۆ ھیچ کۆمپانیایەکی تر کە پرۆژەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری جێ بەجێ دەکەن ئەم جۆرە کارئاسانیەی بۆ نەکراوە.
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی بینای بانکی سەیدسادق و بانکی چوارتای دیاریکردوە تێدا ھاتووە"بەدیکردنی درزێک لە لای راستی نھومی زەمینی کە بە بۆچونی ئەندازیاری دەستەکەمان ھۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ نیشتنی بناغەی بیناکە، چونکە بوەتە ھەڵکەندنی کاشی نھۆمی یەکەم و ھەروەھا ئەسانسۆرەکان لە کارکەوتوون و ئیش ناکەن و سەقفی سانەوەی بە شێوەیەکی باش ئەنجام نەدراوە و دابەزینی پێوە دیارە.
یەکێکی تر لەو پرۆژانەی کە ئەم بەرێوەبەرایەتییە سەرپەرشتی کردوە پرۆژەی دروستکردنی بینای خانەنشینی سلێمانییە کە ئەم پرۆژەیە ئیحالە کراوە بۆ کۆمپانیی خەڵات بە بری ٢٨٤٨٠٤٠٠٠٠ دینار(دوو ملیارو ھەشت سەدو چل و ھەشت ملیۆن و چل ھەزار دینار)، بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە(١٦٣٠٠)، لە ٨/٩/٢٠٠٨ کە ماوەی پرۆژەکە (٤٥٠) رۆژەو لە سەر بودجەی پەرەپێدانی بانکەکان جێ بەجێ کراوە.
بە بۆچونی دەستەکەی چاودێری دارایی گرێبەستەکە لە رووی یاساییەوە بە کەموکوری دارێژراو ئەوەیش بەوەی کە بە مەبەستی دیزاین کردنی پرۆژەکە لە بری ئیحالە کراوی پرۆژەکە گرێبەست لەگەڵ نوسینگەی (ھایتیک) رێکخراوە بۆ ئەوە مەبەستەش بری ٢٤٠٠٠٠٠٠ دینار(بیست و چوار ملیۆن دینار)، خەرجکراوە لە بەرئەوەی لە گرێبەستەکەدا تەنھا نوسراوە دیزاینکردن وە ئاماژە بە کاری راوێژکاری نەکراوە بەڵام نوسینگەی ناوبراو بە یاداشتێک داوای بەھای راوێژکاری کردوە بە بری ١٥٠٠٠٠٠٠ دینار(پانزە ملیۆن).
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرەرای ئەوەی ماوەی جێبەجێ کردنی پرۆژەکی (٤٥٠) رۆژ بووە کۆمپانیا خەڵات نەیتوانیوە کارەکەی لەو ماوەیەدا جێ بەجێ بکات وە ماوەی (٢٢٨) رۆژی تری بۆ درێژ کراوەتەوە کە دەبوو پرۆژەکە لە ٣/٩/٢٠١٠ بەرێژەی (١٠٠%) تەواو ببوایە بەڵام کۆمپانیا تا بەرواری ٤/١٠/٢٠١٠ تەنھا رێژەی (٦٧%) ی پرۆژەکەی تەواو کردوە، بەرامبەر بەو دواکەوتنەش لە جێ بەجێ کردنی پرۆژەکەدا وەزارەتی دارایی و ئابوری بە نوسراویان ژمارە (٨٦٠٠) لە ٢٣/١٠/٢٠١١ پرۆژەکەی لە کۆمپانیای ناوبراو وەرگرتۆتەوە دواتر بە نوسراوی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە(١٠٣١٢) لە ٢٣/١٠/٢٠١١ بۆ جارێکی تر پرۆژەکی سپێردراوەتەوە بە کۆمپانیای ئاماژە بۆ کراو بە مەرجێک کۆمپانیا لە ماوەی (٥) مانگدا سەرجەم کارەکانی تەواو بکات.
ھەر بە پێ راپۆرتەکەی چاودێری دارایی پرۆژەکە لە ٨/٨/٢٠١٢ تەواو بووە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە وەزارەتی دارایی ئابوری بە نوسراویان ژمارە (٧٠٦٣) لە ١٧/٧/٢٠١٣ ماوەی (٩٠) رۆژیان بۆ پرۆژەکە درێژکردۆتەوە ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت کە وەزارەتی دارایی ئابوری ھاوکاری کۆمپانیایان کردوە بۆ دەرباز بوون لە دانیسزای دواکەوتن و پاشانیش بە نوسراوی وەزارەتی دارایی ئابوری ژمارە (٣٧٤٦) لە ١٨/٥/٢٠١٤ یاداشتی کۆمپانیان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بە مەبەستی لێخۆش بوون لە سزای دواکەوتن کە بە بۆچونی دەستەکەمان دەبوو وەزارەتی دارایی و ئابوری لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کۆمپانیا خەڵات بکردایە و نوسراوی بکردایە بە مەبەستی ئەوەی کۆمپانیا بخرێتە لیستی رەشەوە نەک ھاوکاری کۆمپانیا بێت بۆ دەرباز بوون لە سزای دواکەوتن.
ھەر لە راپۆرتەکەی چاودێری دارایدا ھاتووە" بە فەرمانی کارگێری ژمارە (٢٩٠٢) لە ٢٩/٨/٢٠١٢ و ئاماژە بە یاداشتی ئەندازیاری سەرپەرشتیار رۆژی ٨/٨/٢٠١٢ دانراوە بە رۆژی تەواو بوونی پرۆژەکەو لیژنەیەک پێکھێنراوە بە مەبەستی وەرگرتنی سەرەتایی پرۆژەکە و لە ٧/١٠/٢٠١٢ وە کۆنوسێکیان ئامادە کردوە کە تێدا کەمو کوری زۆر رونکراوەتەوە بە (١٠) دە خاڵ لە روکەشی بیناکەو (١٨) ھەژدە خاڵ نھۆمی زەمینی و (١٨) خاڵ نھومی یەکەم  (١٤) خاڵ سەربان و (١٤) خاڵ کەموکوری میکانیکی و پاشان لە ٢٧/١٢/٢٠١٢ بریاریانداوە بە وەرگرتنی سەرەتایی بیناکە و واتە نزیکەی (٥) مانگ لە دوای ئەو بەروارەوە کە دانراوە بە رۆژی تەواو بوون لە لایەن ئەندازیاری سەرپەرشتیار بە ڕای دەستەکەمان و پاڵپشت بەو ھەموو کەم و کورییانەی لیژنەی وەرگرتنی پرۆژەکە ئەوە دەردەخات کە لە ١٨/٨/٢٠١٢ دا پرۆژەکە تەواو نەبووەو بە مەبەستی دەربازبون لە سزای دواکەوتن ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پشتگیری تەواو بوونی پرۆژەکەی کردووە.
یەکێکی تر لەو پرۆژانەی کە ئەم بەرێوەبەرایەتییە سەرپەرشتی کردوە پرۆژەی دروستکردنی بینای بانکی دوکانە کە ئەم پرۆژەیە ئیحالە کراوە بۆ کۆمپانیای(چەتۆ) بە بری ٨٥١٢٣٥٠٠٠ دینار(ھەشت سەدو پەنجاو یەک ملیۆن و دوو سەدوو سی و پێنج ھەزار دینار) بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە (١٣٢٠٤) لە ٢٥/٧/٢٠١٠ ماوەی جێبەجێ کردنی بریتی بووە لە (٢٠٠) رۆژ لە سەر بودجەی پەرەپێدانی بانکەکان جێ بەجێ کراوە.
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە بە پێ نوسراوی بەرێوەبەرایەتی ئەندازیاری و ھونەری ژمارە (٢٢٥) لە ١٩/٩/٢٠١٠ کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کراوە و پاڵپشت بە یاداشتی ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە ١٦/٩/٢٠١٠ ھاتووە کە کۆمپانیای چەتۆ کارەکەی داوە بە بەڵێندەری دووەم (کۆمپانیای رۆکان) بێ ئەوەی ئەم بەرێوەبەرایەتیە ئاگادار بکاتەوە.
ھەر لە راپۆرتەکەی چاودێری داراییدا ھاتووە" کۆمپانیای چەتۆ رۆژی ٢٩/٨/٢٠١٠ دەست بەکار بووە بەڵام لە بەر ئەوەی زۆر سست و کەم تەرخەم بووە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە (١٩٨٥) لە ٣/٢/٢٠١١ کارەکەی لێ وەرگیراوەتەوە پاش ئەوەی بەڵێندەر (تعھد) ی پێشکەشکردوە بە پابەندبوونی بە جێ بە جێکردنی پرۆژەکە دووبارە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە (٣٥٨٣) لە ٣/٣/٢٠١١ کارەکە دراوەتەوە بە کۆمپانیای چەتۆ، بەڵام ھەر کەمتەرخەم بوون لە کارەکانیاندا ھەر بۆیە بە فەرمانی دارایی و ئابوری ژمارە (٦٣٤٧) لە ٤/١٢/٢٠١٢ لیژنەیەک پێک ھاتووە بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکە لە سەر بودجەی کۆمپانیای ناوبراو".
راپۆرتەکەی چاودێری دارای باسیشی لەوەکردوە کە کۆمپانیای چەتۆ پێنج  پێشینەی بۆ خەرجکراوە بە بری ٤٩٧٤١٦٧٠٠ دینار(چوار سەدو نەوەت و حەوت ملیۆن و چوار سەدو شانزە ھەزارو حەوت سەد دینار)، ھەروەھا ئەستۆ پاکی باجی دەرامەت لە کۆمپانیا وەرنەگیراوە بەمەش بەڵێندەر دەرباز بووە لە دانی باج بە حکومەت.

یەکێکی تر لەو پرۆژانەی کە ئەم بەرێوەبەرایەتییە سەرپەرشتی کردوە پرۆژەی دروستکردنی بینای گومرک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماغە کە ئەم پرۆژەیە ئیحالە کراوە بۆ کۆمپانیای (ستار سعید) بە بری ٥١٥٥١٩٠٠٠ دینار (پێنج سەدو پانزە ملیۆن و پێنج سەدو نۆزدە ھەزار دینار)، بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە (١١١٢٥) لە ٢٤/٦/٢٠١٠ بۆ ماوەی ١٧٠ رۆژ لە سەر بودجەی وەبەرھێنان.
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئاشکراشی کردوە کە گرێبەستی پرۆژەکە لە بەرواری ٣٠/٦/٢٠١٠ ئیمزا کراوە بەڵام کۆمپانیای ستار سعید لە بەرواری ١٠/٨/٢٠١١ دەست بەکاربووە بە پێ فەرمانی کارگێری بەرێوەبەرایەتی ئەندازیاری و ھونەری ژمارە (٢٣١٥) لە ١١/٨/٢٠١١ واتە زیاتر لە یەک ساڵ دوای واژوی گرێ بەستەکە دەست بەکاربووە.
دیوانی چاودێری دارای داوا دەکات کە لە ئاستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی یاسایی و ژمێریاری و ھونەری پێک بھێنرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە گشت دیزاین و تەندەرو گۆرانکاری و زیادەی پرۆژەکان و ھەروەھا گشت ماوەی زیادکراو کە دراوە بە کۆمپانیاکان بۆ جێ بەجێ کردنی پرۆژەکان، بەرپرسان لەو زیادەرەوانەی کە لە سەر یاساو رێنماییەکانی تایبەت بە جێ بەجێکردنی کراوە دەست نیشان بکرێت،ھەوەھا ھەر برە پارەیەک بە پێچەوانەی یاساو رێنماییەکان خەرجکراوە دەست نیشان بکرێت و وەربگیرێتەوە لە سەرپێچی کاران.
راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئاماژەشی بەوەکردوە کە ئەم بەرێوەبەرایەتییە بە نوسراوی ژمارە (١٤٧٩) لە ٢٩/٤/٢٠١٢ کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کراوە داوایان کردوە بە گۆرانکاری لە دروستکردنی بینای گومرک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماغ بە بری ٢٥٥٩٧٠٠٠٠(دوو سەدوو پەنجاو پێنج ملیۆن و نۆ سەدو حەفتا ھەزار دینار)، وە وەزارەتی دارایی و ئابوری بە نوسراوی ژمارە (١١٣٥٤) لە ١٦/٥/٢٠١٢ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە داوای بری زیادەی کردوە بۆ ئەو گۆرانکارییە بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە (٩٥٩٢) لە ٢٨/٨/٢٠١٢ رەزامەندیان دەربریوە تەنھا بە بری ١٨٢٧٠٠٦٨٠دینار (سەدو ھەشتاو دوو ملیۆن و حەوت سەدو ھەزارو شەش سەدو ھەشتا دینار)،لە ھەمان نوسراوی ئەنجومەنی وەزیراندا داوایان کردوە کە لێپرسینەوە بکرێت لە دیزاینەری پرۆژەکەو دەستەی سەرپەرشتیاری بە ھۆی ھەبوونی کەم و کوری لە دیزاینی پرۆژەکە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە تا کۆتایی کاری دەستەکەمان لە ٢١/٩/٢٠١٤ ھیچ ئیجرائاتێک ئەنجام نەدراوە.
بەشێکی تری راپۆرتەکەی چاودێری دارای تەرخانکراوە بۆ دۆسیەی کەسی و کارگێری ئەو بەرێوەبەرایەتییە دەرکەوتووە لە ئەنجامی وردبینی دۆسیەی کەسی فەرمانبەران بروانامەی چەند فەرمانبەرێک جێ گومانی دەستەکەمان بوو لە سەر راسپاردەی دەستەکە ئەم بەرێوەبەرایەتیە بە نوسراوەکانی نھێنی ژمارە(٥ و٦)، لە ١١/٩ و ١٥/٩/٢٠١٤ بروانامەی ئەو فەرمانبەرانەی کە گومان لە بروانامەکانیان ھەبوو ئاراستەی لایەنی پەیوەندی کرا بۆ راستاندنی بروانامەکانیان بەڵام تا کۆتایی کاری دەستەکەمان لە بەرواری ٢١/٩/٢٠١٤ وەڵاممان بە دەست نەگەیشت.
راپۆرتەکەی چاودێری دارای ئاماژەی بە ناوی چەند فەرمانبەرێکی ئەو بەرێوەبەرایەتیە کردوە کە پلە بەرزکردنەوەیان بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ کراوە تێدا ھاتووە" فەرمانبەر(ا، ا، ر) بە ناونیشانی (س. تێبینەرانی ھونەری)، کە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە(٨٧٦٢) لە ١٥/٦/٢٠٠٥ خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆ ئەژمار کراوە بۆ ماوەی نێوان (١٠١/١٩٨٤ تا ٢٠/٢/١٩٨٨) کە دەکاتە چوارساڵ و یەک مانگ و دە رۆژ بۆ مەبەستی سەرە مووچەو پلە بەرزکردنەوە، بە پێ بروانامەی خوێندنی ژمارە(٤٣) لە ٢٧/٤/٢٠١٤ ناوبراو دەرچووی خولی دووەمی ئامادەیی زانستییە بۆ ساڵی (١٩٨٦/١٩٨٧) واتە ماوەی (١٠/١/١٩٨٤) تا(١/١٠/١٩٨٧) خوێنکار بووە بۆیە پێویستە راژەو مووچەکەی راست بکرێتەوە.
راپۆرتەکەی چاودێری دارای ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە فەرمانبەر(س،ح،ک،ح)بە ناونیشانی یاریدەدەری ئەندازیاری بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری/ بەرێوەبەرایەتی گشتی دیوان ژمارە(١٢٥٧١) لە ١٥/٧/٢٠١٠ دامەزراوە لە بەرواری ١/٨/٢٠١٠ دەستی بەکار کردوە وە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ژمارە (٩٤٨٤ لە ٢٣/٤/٢٠١٢) خزمەتی کەرتی تایبەتی بۆ ئەژمارکراوە بۆ ماوەی نێوان (١/٩/٢٠٠٤ تا ٢٠/٨/٢٠١٠) کە بریتییە لە پێنج ساڵ و یەک مانگ و نۆزدە رۆژ، ماوەی نێوان ١/٨/٢٠١٠ تا٢٠/٨/٢٠١٠ تەزارب دەکات لەگەڵ ماوەی دەست بەکار بوونی وەک فەرمانبەر.
ھەر لە راپۆرتەکەی چاودێری دارایدا ھاتووە" فەرمانبەر (ق،ا،ح) بە ناونیشانی (ب.ھونەری) بە فەرمانی (المنشاە العامە للزیت النباتیە/ بیجی)، ژمارە ١٥٣٤ لە ١٨/٥/١٩٨٣ دامەزراوە لە ٢١/٥/١٩٨٣ دەست بەکار بووە پاشان بە فەرمانی وەزارەتی ھەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابوری ژمارە ٢٢٧٣٤ لە ٢٦/١١/٢٠٠٨ راژەکەی گواستراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی ئەندازیاری و ھونەری بە فەرمانی وەزارەتی ھەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابوری ژمارە ٤٧٣٣ مووچەکەی راستکراوەتەوە ئاماژە دراوە بەوەی کۆی راژەی ناوبراو (٢٧) ساڵو سێ مانگ و نۆزدە رۆژە لە نێو ئەو ماوەیەدا چوار ساڵ و ھەشت مانگ و نۆ رۆژ راژەی سەربازییە کە دەکەوێتە نێوان (١٤/٩/١٩٨٣)تا (٢٣/٦/١٩٨٩) واتە وەزارەتی ھەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابوری دووجار چوار ساڵ و ھەشت مانگ و نۆ رۆژی وە ک خزمەت بۆ مووچەو پلە بەرزکردنەوە جارێک وەک خزمەتی وەزیفی و جارێکیش وەک خزمەتی سەربازی.
لە راپۆرتەکەی چاودێری دارایدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە فەرمانبەر(خ،م،و) بە ناونیشانی (رئیس مھندسین)لە ١١/٩/٢٠٠٤ خزمەتی لایەنی سیاسی بۆ ئەژمارکراوە بە مەبەستی خانەنشین بوونی بۆ ماوەی(١/٤/١٩٩٧ تا ٦/١٠/٢٠٠٣) واتە ئەو ماوەیە تەزارب دەکات لەگەڵ ماوەی دەست بەکاربوونی.
ھەروەھا ئاماژەش بەوەدراوە کە فەرمانبەر(خ،ح،ع) بە ناونیشانی شارەزا بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ١٠٥٩٨ لە ١٨/٧/٢٠٠٩ ناونیشانی گۆراوە بۆ شارەزا ناوبراو ھیچ توێژینەوەیەکی پێشکەش نەکردوە لە بواری پسپۆری خۆیدا کە ئەمەش پێچەوانەی نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ژمارە(٤٥١٥)لە ١١/٩/٢٠٠٩.
راپۆرتەکەی چاودێری دارای ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە لە ئەنجامی وردبینی دەستەکەمان دەرکەوت کە خزمەتی ئەژمارکراوی کەرتی تایبەتی چەند فەرمانبەرێک بە ناوەکانی(ر،م،ی) و (ا،ا،ع)جێگەی گومانی دەستەکەمان بوو.
 بەرێوەبەرایەتی ئەندازیاری و ھونەری/وەزارەتی دارایی و ئابوری لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە کە سیستمی ژمێریاری(مەرکەزی)، پەیرەو دەکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو مامەڵە داراییانەی کە لە سەر بودجەی ئاسایی ئەنجامداراوە وە پەیوەستن بە بەرێوەبەرایەتی گەنجینەی سلێمانی ٣، ھەروەھا سیستمی ژمێریاری لامەرکەزی پەیرەو دەکەن بۆ تۆمارکردنی ئەو مامەڵە داراییانەی کە لە سەر ھەردوو بودجەی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی بانکەکان ئەنجامدراوە.
ئەرک و چالاکی ئەم بەرێوەبەرایەتیە بریتییە لە جێ بەجێکردنی پرۆژەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە بە شێوەی(تنفیژ مباشر)، ئەنجام دەدرێن لەگەڵ سەرپەشتیکردنی ئەو پرۆژانەی کە بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێ بەجێ دەکرێن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×