لەتایمزی لەندییەوە بۆ فوئاد مەعسوم

محەمەد نوری
  2020-06-16     1665
١
پەلەمەكەن كارەسات رودەدات
ساڵی ١٩٣٣رۆژنامەی تایمزیی لەندەنی وتارێك بڵاودەكاتەوە دەربارەی عێراق باس لەمەترسی زۆربونی ئەفەندیی دەكات لەعێراق‌و باس لەوەدەكات كە چینیك دروست بووە بەئەفەندی ناسراون ئەمانە لەشارەكاندا دەژین‌و خوێندنیان تەواوكردوەكاریی دەستی ناكەن بەڵكو لەدەزگاكانی حكومەت دادەمەزرێن‌و هەرچەندە موچەشیان كەمە بۆیە لەسەر مەعاش قەرزدەكەن‌و ئێواران لە چایخانە وگازینوكان دادەنیشن رۆژنامە دەخویننەوەوقسەی گەورەدەكەن، لەرۆژنامەكەدا هاتوە كە ئەم توێژە لەئایندەدا دەبنە بارگرانی بۆ سەر حكومەت،كیشەی گەورەی ئابوریی دروستدەكەن

٢
دكتۆر فوئاد مەعسوم چی پێوتم؟
سەروبەندی هەڵبژاردنەكانی ٢٠٠٩بۆ چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی چوومە لای فوئاد مەعسوم كە یەكێك بوو لەسەرپەرشتیارانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەكێتی و پارتی پیش چاوپێكەوتنەكە پێم وت: یەكیك لە خاڵی بانگەشەكەتان كە وەك دەسكەوت و گرنگی باسی دەكەن كردنەوەی زانكۆ وپەیمانگایە لەزۆر شوێن وناوچەی كوردستان، دكتۆر فوئاد وتی: ئەوە موسیبەتە، دەسكەوت نییە، ئێمە ئامانجی كردنەوەی زانكۆ وپەیمانگا دەكەینە دەسكەوت وبەخەڵكی ناوچەكانی دەفرۆشینەوە ،بەڵام ناپرسین لەئایندەدا ئەم هەموو دەرچووە چی لێدەكەین؟ خۆ ناینكوژین؟ دەیانخەینە بازاری بێ كارێیەوە ،هەرەوەها وتیشی لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی هەردوو حزب وتوومە كوردستان پێویستی بەم هەموو زانكۆ وپەیمانگا زۆرە نییە بەتایبەت بوارەكانیشی پێویستی بازاڕنین. دەبێت هەر حكومەت دایانمەزرێنێت، وتی كە وام وت، یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی وەڵامی دامەوە: دكتۆر حەزناكەیت ژمارەی ماستەرو دكتۆرا زیادبێت؟ وتی ئیتر تێگەیشتم بۆ بانگەشە و هەڵخەڵتاندن سوپایەك بێ كار دەكەن. لێم پرسی كەواتە زانكۆ وپەیمانگا لای تۆ پێویست نین؟ وتی: لەجیاتی هەر هەموویان كارگە بكرایەتەوە زۆرباشتربوو. كورد جاری پێویستی بەرێزمان وفەلسەفەو زمانی هیندی نابێت.

پرسیارەكە ئەوەیە ئەو تێڕوانینەی دكتۆر فوادباش نەدەبوو ئەگەر كاری پێبكرایە ؟هەموو كەسێك مافێتی بخوێنیت وبڕوانامەی بەرز بەدەستبهێنیت بەڵام بڕوانامەیەك كە بیخاتە سەر ژیان نەك دوای زانكۆ ، شەو تابەیانی بەخەبەربێت ورۆژیش تا ئێوارە نوستوبیت ،لەدایكشی ببپرسی بڵێ كورەكەت یان كچەكەت چی دەكات بڵی زانكۆی تەواو كردوە هەر لەماڵەوەیە .
لەسەرەتاوە زۆر لە بەناو سیاسییەكان قوڕی خەستیان بۆ گەنج وخەڵك گرتوە ئێستاش دەیانەویت وەك بەرزەكی بابانان بۆی دەربچن،ئێستا كێ وەڵامی ئەوگەنجە بێكارانە دەداتەوە.

٣-
كێ وەڵامی گەنجان دەداتەوە؟
بلال فەزڵ رۆژنامەنوسێكی ورد و خوێندەواری میسڕە لەوتارێكدا بەتەنزەوە روداوێك دروست دەكات، دەنوسێت: شەش پاس دەچن بۆ لێكردنەوەی تەماتە ،دەڵێت هەر شەش پاسەكە دەرچووی فەلسەفە وزانستی زمانزانیی بوون تا ئەوی باسی ئەرستۆ و خڕی تەماتەیان دەكرد ،كەدابەزین خاوەنەكەی بەخیرهاتنی كردن كە یەكێك بوو لەو سیاسیانەی خەڵك خۆشیان دەویست ، چونكە لە شارەكەی خۆی سەرەرایی نەبونی پرد وئاوی پاكی خواردنەوە بەڵام گەنجەكانی لەبیرنەكردوە كۆلێژی فەلسەفەی یونانی وكۆلێژیی فیربونی زمانی لاتینی بۆ كردبوونەوە.

وڕێكی خەست لەدوای راپەڕینەوە گیراوەتەوە كە پلان وبەرنامە و عەقڵ كاری تێانەكردوە، میزاج و عەرزی ماسولكەو دەسكەوتی تاكە كەسیی پێوەری هەموو بڕیارێك بووە. ساڵانە مونەشەكانی دەرچوون لەزانكۆو پەیمانگاكان رێزدەبەستن ،كەسیش ناپرسێت بەرەوكوێ دەیانبەن، خۆشیان نازانن روبكەنە كوێ؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×