سەگ‌و گورگ‌و شتی تریش..!

توانا ئەمین
  2019-01-11     2179

وێنەی دونیا لە دەرەوە
لەجیهاندا کەس وەک ئافرەت ساحەب قەرزێکی خراپ نییە، کە پەیوەندیی لەگەڵت نەما، هەموو ئەو شتانەی دەوێتەوە کە بۆی کردویت..! قەرزی سۆزت پێ دەدات و ئەگەر نەتوانی بیدەیتەوە بۆت دەشکێنێتەوە بە شتێکی تر، بە پارە بە هێلکە، بە ترێ، بە نازانم چی.. بۆ ئەو گرنگ ئەوەیە قەرزەکەت لێ بستێنێتەوە.

 

نووسەری فرەنسی ڕۆمەن گاری دەڵێ: پۆلیس توخنی ئەو ژنانە ناکەوێ کە قەدری خۆیان نازانن و بەیانی هەتا ئێوارێ بە بەلاش گان دەدەن، تەنیا ئەو ژنانە دەستگیر دەکات کە نرخێکیان لەسەر خۆیان داناوە.. ئەگەرچی لەنیگای یەکەمدا ڕستەکەی شیعریی و جوان دەردەکەوێت، بەڵام نەیپێکاوە، من عومرم گەیی بەم عومرە و لەسەر ئەم زەوییە مرۆڤێکم نەبینی بە بەلاش ماچێکیش بدات، چ بگات بەژن کە لەم بابەتانەدا زۆر ڕژدە! 


ئەوەش بەدەست خۆیان نییە، لە خوێنیاندایە، لە سروشتیاندایە، سروشتێک کە دەتوانین لە ڕێگەی هۆشیارییەوە، لە ڕێگەی پەروەردەوە کەمەکێکی لێ بیگۆڕین... لە کتێبی (مینای شین)دا نووسیم؛ خۆشەویستی لای پیاوان دۆخیکی ئاسۆیی وەردەگرێت، دەکشێ، دەڕوات، کە وێستا دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی دەستپێک. بەڵام بە پێچەوانەوە؛ خۆشەویستی لای ژنان لە دۆخێکی ستوونییدایە، توانای قوربانیدان لە خۆشەویستیدا لای ژنان زیاترە، ئەوان لە ئاستێکی سەرسووڕهێندا وەفادارن..

 

خۆشەویستی لای ژنان هەڵدەکشێ بۆ ئاسمان، تا ئەو جێگایەی هەست دەکات (بەرژەوەندی)یەکانی لە پەیوەندییەکەدا کەوتوونەتە مەترسییەوە، -کە دەڵێم بەرژەوەندی، مەبەستم ئەو مانا ڕووتەی بەرژەوەندی نییە کە پارە و خوشکەکانێتی، ھەرکەس کۆنسێپتەکە ئاوھا سەیر بکات، ناتوانێ تێبگات لەوەی من چی دەڵێم- ڕەنگە مانەوە و درێژەپێدانی پەیوەندییەک لە نێوان ژن و پیاوێکدا، بۆ یەکێکیان بەرژەوەندی بێت.. ئەوجا سەرەنجام کە لە پەیوەندییەک فریادت دەبێ و دێیتە دەرەوە، کە لە دەرەوەی دونیا سەیری دونیا خۆی دەکەی –پەرژینێکی قایم بێت لەڕووتان- دەبینی هەندێ جار جیهان دەبێ بە سۆزانیخانەیەکی گەورە، ئێمە تەنیا ناوی پەیوەندییەکان دەگۆڕین بۆ ئەوەی ئەو پێکەوەییە بپارێزین کە تێیداین و قەناعەت بەخۆمان بهێنین ئەوەی دەیکەین ڕاستە و چوارچێوەیەکی ئەخلاقیی هەیە، لێ هەر ئەوەندەی پەیوەندییەکەمان کەوتە مەترسییەوە؛ دەبین بە سەگ و بە گورگ و بە شتی تریش لە یەکتری..!




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×