چی له‌نێوان عه‌سایب‌و حیكمه‌دا ده‌گوزه‌رێت؟

یاسین ته‌ها
  2019-01-13     456
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ كێشه‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی عه‌سایب و ڕه‌وتی حیكمه‌ لەسەر ئاگرێکی‌ كز لەرێگەی‌ شه‌ڕی میدیاییه‌وه‌ گه‌رمه‌، بەڵام کاتێک کەناڵی‌ فوراتی حەکیم ئێوارەی‌ پێنجشەممە کوژرانی‌ خاوەنی‌ چێشتخانەی‌ لەیمونەی‌ بەغدای‌ خستە ئەستۆی‌ چەکدارانی‌ عەسایب، گرژییەکە گەشتە پلەی‌ کوڵان و شەرێکی‌ قورسی‌ بەیاننامەی‌ بەدوادا هات و خه‌ریكبوو بگاته‌ پانابردن بۆ جووڵاندنی جەماوەری هەردوولا دژ بەیەکتر. 

سەرەتا عەسایب رایانگەیاند سکاڵا لەدژی فورات تۆمار دەکەن، بەڵام دواتر قەیس خەزعەلی‌ ئەمینداری‌ بزوتنەوەکە لە تویتێکدا كه‌ناڵی فوراتی بە "ئەوپەڕی‌ سوکێتی‌ یان بەکرێ گیراویی" تۆمەتبار کرد، ئەمەش پەرچەکرداری‌ توندی‌ هەوادارانی‌ حەکیمی‌ لێ كه‌وته‌وه‌ کە ژمارەیەکیان بەرپرسی‌ باڵا بوون و باسیان له‌وه‌كرد ئه‌وانه‌ی خه‌لفه‌ی جه‌نه‌راڵ و پاشكۆی مه‌سجیدی و شوێنكه‌وته‌ی ئه‌ودیون تۆمه‌تی نۆكه‌ریی ده‌به‌خشنه‌وه‌!!

کێشەی‌ ئەم دوو باڵە شیعییە ئەگەرچی‌ لەڕواڵەتدا ئیعلامی و لەسەر هەندێ ڕووداوی‌ دیاریکراوە، بەڵام ڕیشەکەی‌ دەگەرێتەوە بۆ شەڕ و ململانێکان لەسەر بەشکردنی‌ میراتی‌ جەنگ لەپاش داعش و دابەشکردنەوەی‌ نەخشەی‌ ماڵی شیعه‌ لەبەغدای پایته‌خت. 

ڕه‌وتی حیکمە عەسایب بە تاڵانکردنی‌ گه‌وره‌ترین پاڵیۆگای‌ عێراق [بێجی‌] تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ تۆقاندنی‌ خەڵک لەرێگەی‌ میلیشیاوە، ئه‌مه‌ جگه‌ داگیرکردنی‌ خانوی‌ مەسیحییەکانی‌ کەڕادەو زەیونەی به‌غدا و تۆقاندنی مامۆستایانی زانكۆ. بەرامبەر بەمە عەسایبیش جەخت دەکاتەوە ڕەوتی‌ حیكمه‌ وەزارەتی‌ نەوت و پارێزگاری‌ بەسرەیان هه‌ر بەگەندەڵی‌ و پارەلادان بەرێوە بردووە، ئێستاش بوونه‌ته‌ كه‌ڕه‌نای پرۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكی _ سعودیی دژی "حه‌شدی شه‌عبی پیرۆز"و سه‌ركرده‌كه‌شیانه‌ كه‌ عەمار حه‌كیمه‌ شه‌رعیه‌تی نییه‌. 

هه‌وڵی زۆر هه‌بوون بۆ  هێورکردنەوەی‌ دۆخەکەو رێکخستنی‌ دیدارێك بۆ حەکیم _ خەزعەلی، بەڵام قه‌باره‌ی ناكۆكییه‌كان له‌وانه‌ گه‌وره‌ترن و ئێستا گرژییه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی و نێوانگریی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و بزوتنه‌وه‌ی به‌شائیری مالیكی وه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌شی ناكۆكییه‌كه‌ی قووڵتر كردۆته‌وه‌ پاڵپشتیی شه‌ش له‌ گروپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حه‌شد بوو بۆ عه‌سایب دژی ڕه‌وتی حه‌كیم له‌نێویشیاندا هادی عامریی، كه‌چی سه‌درو عه‌بادی و عه‌للاوی كه‌ له‌حه‌كیمه‌وه‌ نزیكن بێده‌نگن و تا ئێستا هیچیان نه‌وتووه‌. 

 بەپێی‌ ناوەڕۆکی‌ ئەو نامانە بەئاشکرا له‌ نێوان هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕیان پێكراوه‌ پێکدادان و بەریەککەوتنی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ڕیشەدارە و ڕەهەندی‌ هەرێمایەتی‌ هەیەو کۆتاییهاتنی‌ یەکجاریی قورسه‌، جگە لەمەش ئەوەی‌ ڕوودەدات بەشێکە لەو پێشبینیە بەردەوامانەی‌ بۆ دوای‌ شەڕی‌ داعش دەکران و ترسەکە لەعێراق ئەوەیە ناکۆکی ئەو دووانە بگاتە شەڕی‌ ناوخۆیی شیعە چونکە عه‌سایب باڵی‌ چەکدارو حیكمه‌ش پێشینه‌ی چه‌كداریی هه‌یه‌. 
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×