تەنیا ڕێگا لەبەردەم حکومەتی ھەرێم

جەواد سەعید
  2020-06-20     465

دۆخی ئابوری و سیاسی ھەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێ موچەیی و بێکاری و بێزاریی خەڵکیش گەیشتۆتە لوتکە. حکومەتی عێراقیش، بەم دۆخەی ھەرێم بزەی سمێلی دێت و چاوەڕوانی ئەم ڕۆژەی دەکرد تاکو ھەنگاو بە ھەنگاو قەوارەی ھەرێم بەتەواوەتی ھەڵوەشێنێتەوەو شتێک بە ناوی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نەمینێت، لەلایەکیترەوە تورکیا و ئێرانیش ھاوکاری و ھەماھەنگی عێراقن بۆ بەدیھێنانی خەونەکانیان، خۆشمان لە ھەموو لایەک ڕێگا خۆشکەر بووین تا بەم ڕۆژە بگەین! بۆچی لە دابەزینی نرخی نەوت و کۆڕۆناڤایرۆس، حکومەتی ھەرێم نەیتوانی موچە بدات؟ ئەی چۆن حکومەتەکانی دنیا نەوتیشیان نییە توشی کێشەی ئابوری نەبون، نەک ھەر گرفتی موچەیان نەبوو بەڵکو بە دەیان ملیار دۆلاریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا تەرخان کرد؟ بۆچی لە وڵاتان ھەندێک لە کۆمپانیاکانیان توشی کێشەی ئابوری بوون و حکومەتەکانیان ھاوکارییان کردن تا نەکەون کەچی لە کوردستان حکومەت توشی کێشەی ئابوری بوو و کۆمپانیاکان خێری پێدەکەن؟


بۆچی ئابوری کوردستان داڕما؟
ھۆکاری شکستھێنانی ئابوری کوردستان، دزی و بە فیڕۆدانی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کوردستان و نەبوونی سیاسەتی ئابوری بوو. دوو ھۆکاری سەرەکی وایکرد کە ئابوری ھەرێم بەتەواوەتی تێکبشکێ، یەکەمیان نەبونی شەفافییەت لە گرێبەستە نەوتییەکان، بەلاوەنانی بەشێک لە داھاتەکانی بۆ حزب و لەناو حزیش بۆ چەند کەسێک. دووەمیان بەھۆی خرابی یاسای وەبەرھێنان ھەرچی سەرچاوەی داھاتی سێکتەرە جیاوازەکان ھەبوو، قازانجەکەی چووە گیرفانی چەند کەسێکەوە بێئەوەی سودی بۆ حکومەت ھەبێت.
یەکێک لە ھۆکارەکانی داڕمانی ئابوری کوردستان، خراپی یاسای وەبەرھێنان بوو، ئەم یاسایە بەجۆرێک داتاشراوە کە داھاتی حکومەت تەخشانوپەخشان بکرێت و موڵکی گشتی ھەراج بکرێت بۆ بەژەوەندی چەند کەسێک، نەک ھەر داھاتی حکومەتیان زیاد نەکرد بەڵکو چۆڕیان لێبڕی. لە ئێستادا ڕوونبۆتەوە کە چی گوزەراوە بۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، حکومەت داوای ئەو پارانەیان لێدەکاتەوە کە لەژێر کاریگەری یاسای وەبەرھێنان بردویانە.
بەپێی یاسای وەبەرھێنانی ژمارە (٤) ساڵی (٢٠٠٦) حکومەت پابەند کراوە، بۆ ھەر وەبەرھێنەرێک پارچەیەک زەوی لە موڵکی گشتی تەرخان بکات، بۆ ماوەی (١٠) ساڵ باجیان لێوەرنەگرێت، بۆ ماوەی (٥) ساڵ لە گومرگ ببەخشرێن و دروستکردنی ڕێگاوبان و ئاووئاوەڕۆ و ڕاکێشانی کارەبا تا سەر پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی حکومەت دروستبکرێت، لە کاتێکدا ئەم یاسایە لە ھیچ حکومەتێکی دنیا بوونی نییە.
وەبەرھێنەر بریتییە لەو کەسەی یان ئەو گروپەی یان کۆمپانیایەی کە سەرمایەکی نەختینە یان موڵکی ھەبێت کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بیخاتەگەر بە مەبەستی ھێنانەوەی سەرمایەکەو قازانج، جگە لەم پێناسەیەش ھیچ پێناسەیەکیتری نییە، ئامانجی سەرەکی وەبەرھێنانیش بریتییە لە زیادکردنی داھاتی حکومەت لە ڕێگای وەرگرتنی باج، دابینکردنی پێداویستییەکان و گەشەکردنی ئابوری.
ئەگەر سێکتەری خانووبەرە بە نمونە وەرگرین و بزانین چۆن داھات و موڵکی حکومەتیان بردووەو سودی دینارێکیشیان نەبووە؟ بەشی زۆری وەبەرھێنەرانی سێکتەری ئاوەدانکردنەوە سەرمایەیان نەبووە یان بڕێکی کەمیان ھەبووە، پارچە زەوییەکیان بە خۆڕایی لە حکومەت وەرگرتوە، پاشان بە پارەی حکومەت و خەڵک خانویان دروستکردوە. ڕێکلامیشیان بۆ پڕۆژەکە کردوە کە گوایە بە پێی ستانداردی جیھانی دروستدەکرێ و ڕەچاوی ژینگە، تەندروستی، سەلامەتی و سەوزایی بۆ کراوە کە لەڕاستیدا ھیچ کام لەم مەرجانەی تێدا نەبووە. پڕۆژە بە نیوەچڵی تەواوکراوە، جانوەکان ھەموو فرۆشراون، قازانجیان ٥٠٪ بۆ ١٠٠٪ بووە، یەک دیناریشیان باج نەداوەتە حکومەت. دابینکردنی کارەباو ئاووئاوەڕۆ و دروستکردنی ڕێگاوبانیش لەسەر ئەرکی حکومەت سەرباروبنبار. بەپێی ئامانجی وەبەرھێنان دەبوایە چوار جۆر باج بدەن واتە زیاتر لە ٦٠٪ قازانجیان بۆ حکومەت بێت. ھەندێکیان تائێستاش پارەی حکومەتیان نەداوەتەوە. لە دنیا تەنیا ئەو باجانەی لە سێکتەری ئاوەدانکردنەوە وەردەگیرێ ٨٪ کۆی داھاتی نیشتیمانی پێکدەھێنێت لە کاتێکدا قازانجیان لە ١٪ بۆ ٥٪ بووە. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، کرۆکی سیاسەتی ئابوری باجە، نزیکەی ٨٠٪ی داھاتی حکومەت لە ڕێگای باجی سێکتەرەکانی وەبەرھێنان دابین دەکرێت.


سیاسەتی ئابوری ( تەنیا ڕێگا چارە)
پێناسەی زانستی سیاسەتی ئابوری بریتییە لە ( کۆکردنەوەی پارەی باج لە تەواوی کۆمپانیا و کارگەکانی بەرھەمھێنان لە ھەموو سێکتەرەکان و دابەشکردنەوەی بەسەر خزمەتگوزاریەکان و دابینکردنی ژیانی خەڵکی ھەژار و کەم دەرامەت)، جگە لەم پێناسەیە ھیچ پێناسەیەکی تری نییە. سیاسەتی ئابوریش بەسەر دوو بەشی سەرەکی دابەش دەبێت:
یەکەم: سیاسەتی گەنجینەیی (Fiscal Policy) کاری ئەم بەشە کۆکردنەوەی باجە، باجەکانیش چەند جۆرێکن:
١- باجی سەر کاڵا (Value added tax)، واتە وەرگرتنی باج لەسەر ھەر کاڵایەکی بەرھەمھێندراو یان ھاوردەکراو، ئەگەر کارگەی چیمەنتۆ وەکو نمونەیەک وەرگرین. بەپێی زانیارییەن تێچونی بەرھەمھێنانی ھەر تەنێک چیمەنتۆ (٣٠) دۆلارە، ئەگەر ئەم کارگەیە ھەر تەنێک بە (٥٠) دۆلار بفرۆشێت، دەبێت ٢٠٪ باج بداتە حکومەت، واتە (٣٠) دۆلارەکە بوو بە (٣٦) لەسەر کارگەکە، قازانجی کارگەکەش (١٤) دۆلارە لەھەر تەنێک.
٢- باجی سەر داھات، ھەمان کارگە، ئەگەر ڕۆژانە (٥٠٠) تەن چیمەنتۆ بەرھەمبھێنێت، قازانجەکەی دەکاتە (٧٠٠٠) دۆلار، لەم قازانجە دەبێت لە ٥٠٪ی بداتە بە حکومەت وەکو باجی قازانج، ئێستاش کارگەکە ڕۆژانە (٣٥٠٠) دۆلاری قازانج بۆ دەمینێتەوە. واتە باجی مانگانەی حکومەت تەنیا لەکارگەیەک (١٠٥) ھەزار دۆلارە .
٣- باجی کرێکار، ئەگەر ھەمان کارگە ( ١٠٠) کرێکاری ھەبێت، ئەو کرێکارانەی موچەی مانگانەیان لە (١٠٠٠) دۆلار کەمتربێت ئەوا لە باج دەبەخشرێن، لە سەرووی ئەم بڕە پارەیە ھەر کرێکارێک ٢٠٪ باج بدات واتە ئەگەر کرێکارێک موچەکەی (١٥٠٠) دۆلار بێت ئەوا دەبێت (١٠٠) دۆلار باج بدات، واتە موچەکەی دەبێتە (١٤٠٠) دۆلار. ھەمان سیستەم بۆ فەرمانبەرانیش پێویستە ھەبێت.
لە وڵاتان زۆرترین ڕێژەی باج دەخرێتە سەر جگەرە، مەشروب و بەنزین لەبەرئەوەی زین بەخشن بۆ تەندروستی و ژینگە. بە پێی زانیاری ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، ٢٠٪ دانیشوانی عێراق توتن کێشە ( جگەر، نێرگرلە و پایپ) بە وەگرتنی ھەمان پێوەر بۆ کوردستان ئەوا نزیکەی ملیۆنێک کەس توتن دەکێشن، با نیو ملیۆن کەس بێت ئەوا ڕۆژانە نیو ملیۆن پاکەت دەکێشرێت، خۆ ئەگەر ھەموو جۆرەکانی جگەرە لە ھەرزانەکانەوە بۆ گرانەکان بە تێکڕایی (٢) دۆلاری باج بخرێتەسەر ئەوا حکومەت ڕۆژانە ملیۆنێک دۆلار لە باجی جگەرەی دەستدەکەوێت، مانگانە دەکاتە (٣٠) ملیۆن دۆلار. ئەگەر کۆپانیاکانی ھاوردەکردنی جگەرەش لە ھەر پاکەتێک بە ھەرزان و گرانەکانەوە معەدەل (١٥٠) دینار قازانج بکەن ئەوا قازانجیان ڕۆژانە دەکاتە (٧٥) ملیۆن دینار، ئەوا قازانجیان نزیکەی ( ٦٣) ھەزار دۆلارە ، مانگانە دەکاتە نزیکەی (٢) ملیۆن دۆلار. کەواتە ئەگەر سیستەمی باج ھەبێت مانگانە (٣٢) ملیۆن دۆلار لە جگەر باج کۆدەکرێتەوە. تەنیا باجی جگەرە و مەشروب و بەنزین زیاتر لە (١٠٠) ملیۆن دۆلار دەبێت. بەریتانیا بە (٨) ملیۆن جگەرەکێش، مانگانە ملیارێک و دووسەد ملیۆن دۆلار باج لە جگەرە وەردەگرێت.
دووەم: سیاسەتی نەقدی (Monetary Policy)، ئەرکی ئەم بەشە پارە چاپکردن و دانانی ڕێژەی قازانجە لەسەر ئەو پارانەی کە بانقی مەرکەزی بە قەرز دەیداتە بانقە بازرگانییەکان. حکومەتی ھەرێم پێویستە بانقی خۆی ھەبێت نەک بانقی شەخسی تاکو قازانج وەربگرێ، چی پارەی دەستدەکەوێت بێتە ئەم بانقە و دوای پێدانی موچەو بەشی خزمەتگوزارییەکان، ئەوەی دەمینێتەوە بە قەرز و بە قازانج بیداتە بانقە بازرگانییەکان نەک ڕاستەوخۆ خۆی بیداتە کۆمپانیاکان.
سێیەم: ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنان بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- تەرخانکردنی زەوی تەنیا بۆ ئەو پرۆژانەی دەبنە ھۆی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
٢- ھەر کارگەیەک دوای (٦) مانگ لە بەرھەمھێنان پابەند بێت بە دانی چوار جۆر باج.
٣- حکومەت پابەند بێت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ سەر پڕۆژەکە.
٤- حکومەت ڕێگری بکات لە ھەر دەستوەردانێک و پشکپشکێنە.
٥- حکومەت ڕێگری بکات لە ھاوردەکردنی ھەر کاڵایەک کە لە کوردستان بەرھەم دەھێندرێت بەمەرجێک کوالێتی بەرز بێت.


تێبینی/
حکومەتی ھەرێم گەر دەیەوێ دۆخی ئابوری ڕاستبێتەوە بێ پاڕانەوە لە حکومەتی بەغدا، دەبێت سیاسەتی ئابوری ھەبێت.
بەرپرسم لەم قسانەم، ھەر کەناڵێکی ڕاگەیاندنیش دەیەوێ زیاتر ڕوونیبکەمەوە با بفەرموێ.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×