هەژمونی حوکمڕانیی تاڵانکاریی‌و لێکەوتە مەترسییدارەکانی

د. رزگار ئاغا
  2020-06-22     243

دەستپێک
  کلیپتۆکراسیی (تاڵانکاریی - kleptocracy), زاراوەیەکە, بۆ فۆرمێک لە فۆرمەکانی حوکمڕانیی, کە سەرکردە سیاسییەکان یان بەپرسە باڵاکانی حوکوومەت, بە ناوی گەشەپێدانی وڵاتەوە, دەسەڵاتیان بەکارئەهێنن بۆ دزیینی پارە لە گەنجیینەی گشتیی, بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندیی کەسیی و چەسپاندنی پێگە سیاسییەکانیان. نموونەی زۆر لەم وڵاتە تاڵانکارییانە هەن لە سەرتاسەری جیهان دا, کە سەرکردەکان لەسەر شانی میللەتەکانیان پارەیەکی زەبەلاح ئەدزن. زیاتر, ئەم تاڵانکارییانە پێوەندییەکی توندی هەیە لەتەک ئەو وڵاتانەدا کە دادگا سەربازیی و ئۆلیگاریکیی و دیکتاتۆرییەکان ئەیانبەن بەڕێوە. زیاتر وایە, کە تاڵانکاریی لە سایەی حوکوومەتە خۆسەپێن و داپڵوسێنەرەکاندا گەشە ئەکات و, سەرکردە تاڵانکەرەکان, سەرچاوەی سرووشتیی وڵاتەکەیان وەک موڵکی خۆیان و بنەماڵەکەیان سەیر ئەکەن؛ نەبوونی هییچ چاودێرییەک لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەدا, رێی خۆشکردووە بۆیان بە هەڵپەوە, هەرچیی سەر زەویی و بن زەوییە تاڵانفرۆشی بکەن. پارە دزراوەکانیش لە پرۆسەیەکی زۆر بوێرانەی تۆڕفراوان دا سپیی ئەکەنەوە و, لە رابواردنی بێهوودەی گران گران دا خەرج دەکرێن, یان خانووبەرە و موڵک و کارگەی پێ ئەکڕڕێت لە رێی دامەزراندنی کۆمپانیای نەبووەوە - وهمییەوە- لە ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکادا, لە تەک هەڵگرتنیی لە ئەژماری نەناسراوادا لە بانکی وڵاتانی تر دا.

شارمان(١), دە ساڵی تەمەنی, لە بنکۆڵکاریی تاڵانکاریی دا بەسەربردووە, بە کلیپتۆکراسیی ئەڵێت  حوکمڕانیی دزەکان. بە وردیی باسی ئەو گەندەڵییە ئەکات, کە لە ئەنجامی حوکمڕانیی سەرکردەگەلێکی وڵاتە هەژارەکان یان تازە پێگەیشتووەکان دەکرێـت, کە هەڵدەستن بە تاڵانکردنی ملیۆنەها و بلیۆنەها دۆڵاری گەنجیینەی نیشتمانی میللەتەکەیان. لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا, ئەو پارانە, لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا خەرج ئەکەن یان هەڵدەگرن. هەتا ئەم دواییانەش, وڵاتە دەوڵەمەندەکان هییچ پابەندبوونێکی رەوشتانە یان یاساییانەیان نییە, دەربەست بە تێڕژان و قوڵپدانی پارەی پییس بۆ ناو وڵاتەکانیان.لەم ساڵانەی پێشوودا, هەندێک یاسا و رێسا لە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی دارێژراون, بۆ رێگریی و قەڵاچۆکردنی سپییکردنەوەی پارە,  بەڵام نەبوونی خواستی راستەقیینەی جێبەجێکردنییان, ئەم رەوشە مەترسییدارەی پشتگییر تر کردووە.
  

بەشی یەکەم:
سەرهەڵدان و گەشە و جموجووڵی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی)
                                                                              
پێشەکیی:
 ئەم زنجییرەیە,  پەیجۆرێکە بۆ رەوشی تاڵانکاریی لە لایەن حووکوومەتەکان و تاکە حوکمران و باڵادەستەکان. هەر لە تۆڕەکانی تاڵانکاریی و, هەژموونی تاڵانکەرەکان و, پرۆسەی داینامیکیی پارەی دزراو و پرۆسەی سپییکردنەوەی لە ئاستێکی نێودەوڵەتییدا. هەوڵە کەسیی و رێکخراوەیی لە رووبەرووبوونەوەی تاڵانکاریی دا, مایەی نیگەرانییەکی زۆرە, بەوەی حوکوومەتە زلهێزەکان خەمساردییەکی ئاشکرا ئەنوێنن, چ لە گرتنەبەری رێ وشوێنی تۆکمە و دابڕ و, چ لە هاوکاریی هەوڵە ناحوکوومییەکان. ئەم باسە, چڕ و پر و ئالۆزە, بۆیە زنجییرەیەکی  دابەشکراوە بۆ رەهەندەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی, لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکانیان دا. بێگومان, توێژیینەوە و کتێب و رێکخراو و هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوە, کە بەردەوام مایەی بایەخێکی گەورە ئەیەن بەم رەوشە, لە خەمی ئەو لێکەوتە ترسناکانەی لێوەی ئەکەوێتەوە لە سەرتاپای جیهان دا. ئەم زنجییرەیە, هەندێک لەو کتێب و توێژینەوانەی بەسەر کردۆتەوە و, هەندێک لە زانیاریی و بۆچوونەکان وەکو خۆیان, بەپێی توانا گوێزاوەتەوە. زیاتر لەمەیش,  سەرنانی شرۆڤەی پێویست و دییدی  نووسەر.

ئامانج لەم زنجییرە نووسیینە, پێدانی زانیاریی گرنگە سەبارەت بە حوکمڕانیی تاڵانکاریی و تاڵانکەرە بەدەسەڵاتەکان لە دنیادا, شوێنپێهەڵگرتنی چۆنییەتی خولقاندنی پەناگە و خانەخۆێ بۆ پارەی دزراوی نیشتمان و خاوەنە ناشەرعیەکانی. ئەبێت, خەڵک بزانێت, هۆکاری هەژاریی و وێرانیی وڵاتە ئەفەریقایی و ئاسایی و لاتییننییەکان چیین؟ داهات و سەرچاوەی سرووشتی و سەرمایەی ئەم وڵاتانە چیی لێ ئەکرێن؟ حوکمڕانانان و خێزانەکانیان لەم وڵاتانە دا, چیی بە داهاتی گشتیی و سامانی وڵاتەکانیانەوە ئەکەن,  بزنس و نەختیینە و پەیوەندییە رەشەکانیان چۆن سپپی ئەکەنەوە؟ چۆن رۆژئاوا, نەک بێدەنگە, بەڵکو چۆن دەرگای بانکەکانی بۆ خستوونەتە سەرپشت و,  رێز لە پارە پییسەکانیان ئەگرێـت؟

ئەم زنجییرەیە, لە چەند بەشێک پێک دێت:
بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و گەشە و جموجووڵی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی)
بەشی دووەم: تۆڕەکانی کارکردنی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی)
بەشی سێیەم: خۆشاردنەوە و, پرۆژە وەهمییەکانی حوکمڕانە تاڵانکەرەکان ( کلیپتۆکراتەکان)
بەشی چوارەم: هەڵوێست و شەراکەتی رۆژئاوا لە پشتقایمکردنی حوکمڕانیی تاڵانکارییەکان
                  (کلیپتۆکراسییەکان)
بەشی پێنجەم: لێکەوتەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی کلیپتۆکراسیی لە سەر ناوخۆی وڵات و
                  لەسەر ئاستی جیهان
بەشی شەشەم: رووبەڕووبوونەوەی کەسە تاڵانکەر و حوکمڕانییە تاڵانکارییەکان لە جیهان دا
بەشی حەوتەم: دەرئەنجام و چیی پێویستە بکرێت؟ 

بارودۆخی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کلیپتۆکراسیی
  یەکەم دەرکەوتنی وشەی " kleptocracy"(٢) لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨١٩ دا بوو, لە وتارێکدا بە ناوی " دزەکان, لە کۆن و نوێ دا", لە لایەن " لییە هانت" بەکارهات, کە کەسێکی زۆر رادیکالیی و بەجۆش بوو و, هاوڕێی هەندێ لە شاعییرە ناودارەکانی ئەو رۆژگارە بوو. نووسیینەکەی زۆر درێژ و بەرفراوان بوو, باسی تاوانە رێکخراوەکانی ناو ئیسپانیای ئەکرد کە بە "کلیپتۆکراسەکانی ئیسپانیا" ناوزەدی کردن. ئەم نووسیینە, بەدرێژایی سەدەی نۆزدە ئەخوێنرایەوە. بەڵام لە ساڵی ١٨٥٧ دا نووسەرێکی نادیار لە گۆڤاری "بلاک وود", ئەم زاراوەیەی بەکاری هێنا بۆ وەسفی "دزە بەرەڵاکانی ناو بەریتانیا". پاشتر دوای دوو دەیە, جەنەراڵ سێر فریدریک گۆڵسمیید, بەشێکی ئاسیای ناوەڕاستی بە " کلیپتۆکراسیی تورکمان" ناوزەد کرد. بەڵام, هانت و ئەوانەی تر, وەک بەکارهێنانی ئەمڕۆ, بەهەمان شێواز, ئەم زاراوەیان بەکارنەهێناوە, کە هییچ بەڵگەی دەلالاتەکانی " گەندەڵی گەورە و قێزەون" هەڵناگرن, وەک نووسەرەکانی سەدەی بیست و یەک بەکاری ئەهێنن و, وەک لە فەرهەنگەکاندا هاتووە و ناوبراون بە چەتەگەریی و تاڵانکاریی, کاتێک باس لە کلیپتۆکارتەکانی غینیای ئیستیوائیی و ئۆزبەکستان ئەکەن.

 چەمکی کلیپتۆکراسیی بەم مانا نوێیەیەوە, ئەگەڕێتەوە بۆ "ستانیسلاڤ ئەندریسکیی پۆڵەندیی, ئەو کەسە بوو کە لە شەڕی دژ بە ئەڵمان لە ١٩٣٩ بەشدارییکرد و, لە لایەن هێزی سۆڤییەتیی جارانەوە, بە دیلیی گییرا و, پاشان هەڵهات و ئەم شوێن و ئەو شوێنی کرد لە ئەوروپادا, هەتا لە بەریتانیا چووەوە ناو پۆڵەندییەکانی تاراوگەوە. دواتر, بوو بە کەسێکی ئەکادیمیایی و, هەر ئەم بوو, بەشی کۆمەڵناسیی لە زانکۆی ریدیینگ لە بەریتانیا دامەزراند.
ئەندریسکیی لە ١٩٦٦دا, زاراوەی kleptocracy, وەک مشەخۆریی و وێرانکردن بەکارهێنا, بەپێی ئەو دۆخەی ئەمەریکای لاتیینی تێکەوتبوو. 

  ئەندریسکیی کتیێبی "تەنگژەی ئەفەریقایی" نووسی لە ١٩٦٨ دا(٣). شرۆڤەی دۆخێکی زۆر مۆلەقی کرد, وەسفی سیستەمەکانی حوکمڕانیی ئەو رۆژگارەی ئەفەریقای کردبوو, کە چیینێکی دەسەڵاتدارن, کە ئەو خۆبەختیی و دڵسۆزییەیان نییە کە لە رۆژگاری داگییرکارییەکاندا بۆ وڵاتەکەیان هەیانبوو. ئەندریسکیی, ئەمەی بەلاوە سەرسوورمان نەبوو, چونکە ئەم دەوڵەتانە لە دابەشکارییەکی بەرژەوەندیخوازانەی ئیمپریالیستەکانەوە هاتبوونە بەرهەم, کە بەجۆریک بوو سنووری بۆ کێشراوی زۆرێک لە وڵاتەکان, فەرامۆشکردنی پێودانی زمان و ئایین و کەلتوور و نەتەوە لەم دابەشکارییەدا, بوو بە مایەی ترازاندنی پێکەوەبەستی هاوبەشی ئەم هاوڵاتییانە. دەرئەنجامی ئەمە, تێکەڵەیەک لە خەڵکی لاپرەسەن, رژانە ناو دام و دەستگاکانی حوکوومەتەکانەوە, کە تەنها بییریان لە گییرفان و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان و کەسوکارەکانیان ئەکردەوە, هەر لە بەتییل بۆ پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی کۆمپانیای بیانیی, فرۆشتنی زەوی و زار و موڵکی دەوڵەت.

  ئەم کتێبە, بە جۆرێک لە رەگەزپەرستانە وەسفکرا, وەک هاندانێک بۆ فەرامۆشکردن, بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەو رۆژگارەی مالییزیا, راجار ئەڵتام, کە یارمەتی حوکوومەتەکەی خۆی دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی. راجار ئەڵتام لە پێشتردا, وەک رۆژنامەنووسێک لەتەک         "جۆرج ئۆرۆیڵ" کاریکردووە, لە رۆژگاری جەنگی دووهەمی جیهانیی کە لە لەندەن بوو. لە ١٤ی تشریینی دووەمی ١٩٦٨ دا وتارێکی پێشکەشکرد, کە تیایدا ووشەی کلپیتۆکراسیی ئەندریسکیی بەکارهێنا وەک "کۆمەڵگەی گەندەڵەکان, بۆ گەندەڵەکان, بە گەندەڵەکان". راجارئەڵتام, باسی لە سیاسەتکارە نموونەییەکانی کۆلۆنیاڵە ئاسیاییەکانی پێشووی کرد, کە چۆن بەرە بەرە بەهۆی پێگەکانیانەوە, بەرەو گەندەڵیی شۆڕبوونەوە و, دەستیانکرد بە دروستکردنی خانووی گەورە گەورە و, خاوەندارێـتی کۆمپانیای بازرگانی زەبەلاح و, کڕینی شتومەکێک کە زۆر زیلتر بوون لە بڕی مووچەکانیانەوە, ژنی بیرۆکراتەکان چوونە پێگە هەستیار و گەورەکانەوە, خۆیان بە گەوهەر رازاندەوە, کە ئەمانە مایەی سەرنجڕاکێشانی دەستگا باجسێنەکانی وڵاتە سیستەماتیکەکان بوون.

  راجارئاڵتام و ئەندریسکیی, رێکەوتن لسەەر ئەوەی کە باس لە کلیپتۆکراسیی نەبەستنەوە, بە ئاماژەدان بۆ تەنها کیشوەرێک یان رەگەزێک لە مرۆڤ, بەڵکو, بیکەنە چە مکێک بۆ بەستنەوەی دەوڵەتەکان لە دووریی هەزاران میلیشەوە بێت. هەردووکیان, باسیان لەو وڵاتانە کرد کە مێژوو و رۆشنبیریی سیاسییان وەک یەک وایە, لە کیشوەرە جیاجیاکان و, لە رۆژگارە جیاوازەکان, ئەو وڵاتانەی کە سەرکردەکانیان کلیپتۆکرات و گەندەڵ بوون.
جمووجووڵەکانی کلیپتۆکراسیی
  بە بێ باس کردنی کتێبی "دزەکانی دەوڵەت"(٤) ی سارا چاییز, ناکرێت باسی گەندەڵیی نێودەوڵەتیی و حوکمڕانیی کلیپتۆکراتەکان بکرێـت. چاییز, بە تەنیاباڵانە بنکۆڵکاریی ورد و پراکتییکیی کردووە و, رۆژگارێکی پڕسەرنجی لە ناو رووداو و گوزەرانی  وڵاتانی وەک ئەفغانستان و نەیجیریا بەسەر بردووە. بۆیە, یەکێکە لەو کتێبانەیە کە مایەی گرنگیی پێدانە لە فەزای رۆشنبیریی کوردییدا, کە هێشتا تیشکی نەخراوەتە سەر و, بەڵام لە دونیای دەرەوەدا بەشدارییەکی گەورەی لە راکێشانی رای نێودەوڵەتیی و, کۆمەڵگەی مەدەنیی دا کردووە.

   ئەم کتێبە, بایەخەکەی تەنیا لە جوگرافیایەکی تەسکدا تەواو نابێت, کە ئەزموونی حوکمڕانیی و ئاستی هەژارانەی بیرکردنەوە و, شڵەژانی رەهەندە کۆمەڵایەتیی و نیشتمانپەروەرییەکانی خەڵکی ئەفغانە. بەڵکو, توانیوویەتی ببێت بە شرۆڤەکارییەکی سەردەمانە بۆ خودی سیستەمی کلیپتۆکراسیی (تاڵانکاریی) و, رەوشی وڵاتە کلیبپۆکراسییەکان لە هەر کوێیەکی جیهان دا بن.  هێزی پێداگیریی و یەکلاییبونەوەی بۆچوونەکانی نووسەر, لەو بەڵگە و دۆکیومێنتەکانەدایە کە زیاتر مەیدانیین و, بوونەتە مایەی متمانەی گەورە, بۆ بەرپرس و, سیاسەتکار و, توێژەر و, شرۆڤەکار و, ناوەندەی ئەکادیمیایی و رۆژنامەگەریی.

  چاییز, چیرۆکی خۆی ئەگێڕێتەوە(٥): هەواڵنێری پێشووی کەناڵی(NPR) لە جەزائییر و ئەفغانستان بووم, وازم لە رۆژنامەگەریی هێناوە بۆ ئیشکردن لە رێکخراوێکی ناحوکوومیی لە قەندەهار, پاشان خاوەنی پرۆژەی کۆمەڵایەتی بووم لەسەر تێچوونی خۆم, پاشان بووم بە راوێژکار لە بواری دژە - گەندەڵیی دا, لە هێزی نێودەوڵەتیی بۆ هاوکاریی ئاسایش (ISAF), راوێژکاری سەرۆکەکانی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا. ئێستاش هاوڕێی سەرمەشقم لە دامەزراوەی کارینگیی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتیی. ئەوەبوو, هەرەوەزییەکی دامەزراند بۆ پیشەسازیی سابوونی بۆندار و بەرهەمە جوانکارییەکان و, سوودی لە بەرهەمی جووتییارە ئەفغانییەکان وەرگرت. بەڵام, زۆری نەبرد سەیری کرد ئەو چالاکییە سوودبەخشەی ئەویش, ناتوانێـت لە دەست گەندەڵیی رزگاری ببێـت, کاتێک نەیتوانی هەندێ پارە لە بانک دابنێت بە بێ پێدانی بەرتییل (دەم چەورکردن). بۆیە, دەستیکرد بە داڕشتنی بیرۆکەکانی دژ بە گەندەڵیی لە شوێنێکی وەکو ئەفغانستان دا. زۆر بە خێرایی, ئەم هەوادارە بووبە پیشەمەند. چاییز, زۆری نەبرد, لە لایەن (NATO) و (ISAF) بانگهێشت کرا بۆ یارمەتیی ئاسایش, بۆ پێدانی شارەزاییەکانی لەتەک تیشکۆخستنە سەر تەگبییرەکانی دژ بە گەندەڵیی. "سارایەکی سابوونچی", کورتەی پرۆسەکان پێشکەش ئەکات".

  بیردۆزەکەی سارا چاییز, لە "دزەکانی دەوڵەت" دا, لە دان پیادانانێک دا پوخت دەکرێتەوە(٦), ئەویش "گەندەڵیی کەمتر لە خۆی هەڵدەسەنگێنین". چاییز, ئەڵێت: لە راستییدا, زیاتر لەوە ئەچێت, ئێمە بە هەموو زانا و, رەخنەگر و, سەرکردە و, راوێژکاری سیاسیی و سەربازیی رۆژئاوایی, کەم بایەخانە سەیری هەموو لایەنەکانی گەندەڵیی بکەین. بە شێوەیەکی هەڵەیش, خوێندنەوە بۆ تەنیینەوە و, چڕیی تۆڕە پێکهاتووەکان و, سرووشتە بەسیستەماتییککراوەکەی ئەکەین. بۆیە, ئەڵێت: ئێمە شکستمان هێناوە, لە هەستپێکردنی کاریگەرییە تێکشکێنەکانیی, بۆ سەر ئەو گەلانەی کە ئەناڵێنن لە ژێر ستەمەکانی حوکمڕانە تاڵانکەرەکان دا. چاییز پێی وایە, ئەو شەڕەنگێزییە کۆمەڵایەتیی و, سیاسیی و, رۆشنبیریی و, تەنانەت ئایینییەکانیش, بە کەم دەزانرێـت کە لێی کەوتوونەتەوە, هەروەها رۆڵی هەیە لەو شێوازەی, کە ئاگر ئەنێت بە ململانێ مەدەنیی و سەربازییەکانەوە. بۆیە, لە ئەنجامی ئەم هەموو کەم نرخاندن و کەم هەستپێکردنانە, کومەڵگەی نێودەوڵەتیی (ئەمەریکا بە تایبەتیی) بەهەڵەدا چوو- ون, لە خەمڵاندنی ئەو هەڵە ستراتیجییە ماڵوێرانکەرانەدا, کاتێک کە دەستیانوەردا, لە هەندێ وڵاتی وەک عێراق و ئەفغانستان.

کتێبی "دزەکانی دەوڵەت", بە بوێریی بۆچوون و, ئەو بەسەرهاتانەی کە تیایدا هاتووە و, رووناکی خستۆتە سەر تاریکاییەکانی پەیوەندیی و, جموجووڵی نێوان واشنتۆن و کابوول, توانییویەتی ببێتە خوێنراوێکی سەرنجڕاکێشی بە چێژ و گونجاو, تەنانەت بۆ خەڵکی سادەش. سەرباری ئەو شێوە باوە نووسیینەی ئەم کتیبە (بێ- پەراوێز)ە, کەچیی, بەهۆی ئەو مشت و مڕە بەڵگەدارە درووستانەی هەیەتی, توانییویەتی سەرنجی ئەکادیمیاییەکان بەلای خۆی دا رابکێشێت. کتێبەکەی چاییز, ئەو کتێبە گرنگە بەرچاوە دەبێت بۆ هەر کەسێک, کە لێکۆڵیینەوە لەسەر گەندەڵیی, یان هەر حکومەتێک بکات کە گەندەڵیی تیایدا بڵاوە. بەڵام چاییز, بە هۆی ئەو پێوەندییەی, کە کێشاویەتی لە نێوان گەندەڵیی باو و, بڵاو و, لە نێوان ململانێی ناوخۆیی بەربڵاودا, ئیشەکەی ئەو گرنگیەشی دەبێت, بۆ زانایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و, ئاسایش و, حوکمڕانیی جیهانیی و, مافی مرۆڤ و, لێکۆڵینەوەکان لەبارەی قڕکردنە بەکۆمەڵییەکان دا (جینۆساید).

  چاییز, لە بنکۆڵکارییەکەی لەسەر کلیپتۆکراسییەکان, کات و شوێنی فراوانی گرتۆتە بەر(٧). وەک دەرچوویەکی زانکۆی بواری مێژووی ئێسلامیی لەسەدەکانی ناوەڕاستدا, چاییز ئەدەبیاتێکی بەهەند وەرگرتووە بە ناوی " ئاوێنەی پاشاکان", ئەمە کتێبێکی بەناوبانگی دەسەڵاتدارەکانە کە پیاوانی ئایینی و داناکان بۆیان نووسیوونەتەوە. چاییز, یەکێک لەو ووتانەی کە بەردەوام لەو سەردەمانەدا لەو کتێبەدا وەک ئامۆژگاریی دەسەلاتدارەکان دووبارە بووەتەوە               "دەسەڵاتدارەکان پێوسیتە لەسەریان دادپەروەر بن - واتە مسۆگەریی و پارێزگاریی خەڵکەکەیان بکەن لە ژیان و مۆڵکەکانیان بە پێی یاسا - ئەمەش لە ترسی ئەوەی خەڵکەکەیان لێیان هەڵنەگەڕێنەوە. میکاڤیللی کەسێکی بەهێز و توانا بوو لەم خاڵەدا, بەو بەڵگەیەی کە ئەیووت: مییر ئەبێت بەدوور بێـت لەوەی خەڵکەکەی رقیان لێی بێت, ".. ئەگەر دوورکەوێتەوە لە موڵک و ماڵ و شت و مەک و ئافرەتەکانی هاوڵاتییەکانی. چونکە پیاوان بە ئاسانی شتیان لە بییر ئەچێتەوە, تەنات مردنی باوکیان زووتر بییرئەچێتەوە وەک لە دەستچوونی میراتەکانیان"

گەندەڵیی, زۆریی پارە بۆ کەمیینەیەک لە سەرشانی زۆریینەیەک, زۆر خراپ و قووڵ ئەشکێتەوە لە سرووشتی مرۆڤایەتیی دا. چاییز,  لە چاکسازیی پرۆتسنتانتی کۆڵییوەتەوە, دژ بە کلیپتۆکراتە کاسۆلییکەکان و, بە هەردوو شۆڕشی هۆڵەندیی و ئینگلیزیی کە بنەماکانی دیموکراسیی لیبراڵی لێوە دامەزراوە. لێرەدا, لەبرییەکی بۆ "ئاوێنەی پاشاکان" دییوەتەوە, کە هەموو هیوایان لەسەر کەسایەتی پاشا بووە بۆ سەروەرکردنی دادپەروەریی, بەڵام دیسانەوە تووشی سەرسووڕمان بووە, چۆن تووڕەیی بەدەست گەندەڵییەوە ئەگۆڕێت بۆ توندوتیژیی ئایینی توندڕوانە. 

   چاییز, سەردانی وڵاتانی تریشی کرد کە لە لایەن کلیپتۆکراتەکانەوە بەڕێوە ئەبران و, رەوشی جیاوازتری لەوەی ئەفغانستان بینیی. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا, سەردانی مەغریب و, جەزائیر و, تونس و, میسری کرد, کە هەموویان بارگاوی بوون بە بەهاری عەرەبیی. لە میسر, تان و پۆیەکی هێڵی سەربازیی کلیپتۆکراتیی و کلۆکراتیی مەدەنیی کێشا, کە لەگەڵ چاکسازیی ئابووریی ساڵانی نەوەدەکان دا هاتبووە ئاراوە. لە تونس, بانکەکان ناچاربوو بوون کە قەرزی کەتە کەتە بدەنە ئەندامانی نوخبەی دەسەڵات؛ قەرزێک بوون, وەرگرەکانیان (نەک قەرزاربووەکان) نەیان ئەدایەوە و زیادەڕەویی خەرجیی خێزانە تونسییە دەسەڵاتدارەکەیان پێ دابیین ئەکرد. بۆی دەرکەوت, کە  لە نەیجیریا, زۆر بەفراوانی, داهاتی نەوتی دزراوی دەوڵەت بەردەوامە.

 " فاڵگرەوەکان", باربووی کاندیدەکانیان ئەکرد بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان, بەمەبەستی هەبوونی پشکێک لەو دەستکەوتنانەی دوای سەرکەوتنی کاندیدەکە دەستیان ئەکەوێت. لە ئۆزبەکستان, خەڵکێکی زۆر, بە خۆڕایی, ناچاری کارکردن ئەکرێن لە  کاری دورێنەی کێڵگە پەمووەکاندا, لە پێناوی دەستەبەرکردنی لۆکە بۆ یەکێتیی کۆمپانیاکان. لە هەریەک لەم وڵاتانە, چاییز, بیینیی کە هاوڵاتییان رووبەڕووی سووکایەتییەکی بێ مانای رێکخراو ئەبنەوە و, ناچار ئەکرێن کە بەرتییل بدەن بە پۆلیس و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان. هەروەها بینییشی, کە توندڕەویی ئایینیش لە هەموو شوێنێک جموجووڵیەتی و ورووژێنراوە. هەرچەندە, توندڕەویی لە هەموو ئەو وڵاتانەدا نەبووەتە توندوتیژیی و, بەڵام تێکشکان و بێئومێدیی روون و ئاشکرا بوو, ئەگەری توندوتیژییش لەو وڵاتانەدا راستییەکی بێ چەن و چوونە.

چاییز, ناسەقامگییریی گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتە تاڵانکارییەکانی سەرنجداوە. پێی وایە, لە زۆربەی سەرتاسەری جیهاندا, خەڵکیی ئەناڵێنن بەدەست شپرزەکارییەکانی پۆلیسەوە. لە سەر ڕێ و بانەکان, خاڵەکانی پشکنینین, دەروازەی بینا حوکوومییەکان, چەند چەتەوڵێک بە پۆشاکی سەربازییەوە وەستاون "وەک راوچییەک کە ماسیی سەلەموون راو ئەکەن لە شوێنێکی بەرتەسکدا". هەر وەک سارا چاییز نووسییوویەتی. بەڵام, لەسەر ئاستی جیهان دا, ئەمە نییوەیشی نییە, هەمیشە سێ لە ئارەزووەکانمان چەپۆکەسەرن– ئاسایش, نەرمیی, قڕبوون بە دەست هەژارییەوە-, ئەمەش لە رێی دزییەکی رێکخراو و بەشێوەیەکی فراوان, کۆمپانیا و حوکوومەتەکان و دامەزراوە سەربازیی و خزمەتگوزارییە شارستانییەکان بێ لێپێچیینەوە پێی هەڵدەستن.

   لە "دزەکانی دەوڵەت" دا, بەڵگەی تۆکمە پیشان دراوە, کە بەسوودییەکەی ئەوەیە, گەندەڵیی توندوتییژ تەنها مایەی داڕمانی کۆمەڵایەتیی نییە و بەس, بەڵکو ئەبێتە پەڕگییریی توندوتییژ. بە "راستییەکی بنەرەتیی" وەسفی ئەکات. بەجۆرێک دەرکەوتووە, لە کاتی هەبوونی حوکمرانییەکی خراپدا - بە دیارییکراویی-, ئیتر هییچ سەروەرییەکی یاسا نامێنێت و هییچ پارێزگارییەکیش لە مافی موڵکداریی بوونی نامێینت – خەڵکییش لە پوختبوونی گیانیی ( صفا‌و الروح) ئەگەڕێـت و, لە ئاکامدا ئەیانخاتە سەر ڕێگەی توندڕەویی. (٨)

   بەڵام, توێژەران پێیان وایە (٩): هێشتا ماویەتی, لە جموجووڵی ئاسمانیی پرۆسەی کلیپۆکراسیی تێبگەن, وا پێویست ئەکات سەیری دییوی ناوەوەی ئەمانە بکرێت, کە تاڵانکارییەکان بە شێوەیەکی مەترسییدار تیایاندا ئەنجام دراوە. شتگەلێگی زۆر هەن, کە کلیپتۆکراتەکان و خێزانەکانیان لە میللەت جیادەکاتەوە, هەر لە تەلار و ڤێلا و ئۆتۆمبیلی دەگمەن و گرانبەها و, ئامادەبوونی میهرەجانی رۆشنبیریی نێودەوڵەتیی و, هەستان بە کاری خێرخوازیی, هەڵسووڕاندن و خستنەژێر فەرمانی بەکرێگییراوە رۆژئاواییەکان و پارێزەر و وتەبێژ و کەسانی پلەباڵای دامەزراوەکانیان بۆ سپییکردنەوەی ئابڕوویان. ئەمە وای کردووە, کە دەستەکانی چاودێریی و بڕیاربەدەستەکان, سەرنجیان وەربگێڕن بەلای بوارێکی فراوان لە چالاکی کلیپتۆکراتەکان, کە لە رۆژئاوادا ئەنجامی ئەدەن بە دیارییکراویی. نموونە  لەوانە,  دەبینیت جێگری سەرۆکی غینیای لە بەردەم دادگادا وەستاوە لە فەرەنسا بە تۆمەتی گەندەڵیی, کچی سەرۆکی پێشووی ئۆزبەکستان رووبەرووی لێکۆلینەوەی شۆردنەوەی پارە بووەتەوە لە نیو دەرزەن وڵاتدا, یان سەرۆک وەزیرانی مالیزیا گومانی گوێزانەوە و ئاڵووگۆڕی ٤.٥ ملیار دۆلاری لێ ئەکرێت, لە سندووقی  داهاتی وڵاتەکەیەوە بۆ ئەژماری بانکیی کەسیی خۆی لە چەندیین وڵاتی دەرەوەدا.

سەرچاوەکان:
1. J. Sharman, “On kleptocracy”, CAM (Cambridge Alumni Magazine), Issue 86. April
   2019.
2. Oliver Bullough, The Rise of Kleptocracy: The Dark Side of Globalization, J. of 
    Democracy, V.29, No.1, Jan. 2018, Pp.25-38.
3. Ibd
4. S. Chayes,” Thieves of State: Why Corruption Threatens Global Security”, Griffith
   University, New York, W. W. Norton & Company, 2015.
5. Giles Foden, “Thieves of State, by Sarah Chayes”, The New york Times, Feb. 20,
    2015.
6. H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global
    Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016.
7. A. Mannes”Grand Theft Autocracy ”, Workd on Rock, April, 27, 2015.
8. H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global
    Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016.
9. A. Cooley, J . Heathershaw,  &  J. Sharman, “ The Rise of Kleptocracy: Laundering
     Cash, Whitewashing Reputations”, Journal of Democracy, 29 (1), 2018. 

* دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژیینەوەی زانستی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×