مۆدێلی ئۆپۆسیسیۆنی بازرگان و ئەندام پەرلەمانە بازرگانەکان

کاوە عوسمان عومەر
  2020-06-23     717

ڕۆژنیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و تویتەر و پەیجی ماڵپەرە کوردیەکان و تەنانەت ڕۆژنامەو هەفتەنامەکان وتاری ئاگرینی هەندێ لە کەسانی خۆنیشاندەر بە شۆڕشگێڕی تازەی زەمەنی دیجیتال ئینتەرنێت پیشانندەن و بەڕاست و چەپ ووشە ئاراستەی بە ناو دەسەڵات نەکەن، هەر هەمان کەسان، کە زۆربەیان ئەندام پەرلەمانی ئێستا و خانەنشین و وەزیری پێشوووی بە ناو ئۆپۆسیسیۆنن! چەند کاژێرێک پێش تر  لە کەناڵی حیزبە بەناو ئۆپۆسیسیۆنەکەی خۆی باس لە چاکسازی نەرم ئەکات و هەر دوو ڕۆژ پێشتر بە زەردەخەنەیەکی سیاسیانەوە لە سێڵڤیەکا لەگەڵ سەرکردەیەک یان ئەندام پەرلەمانێکی حیزبی دەسەڵات لە پەیجی خۆی یان هاوڕێ پەرلەمەنتاری لە سەنگەری دەسەڵات بڵاوبوەتەوە فەرمویەتی کە کوردساتان لەسەر کەشتی ئارامەو ئەوە خەڵکە نائومێدە و لە ئەرکی قورسی حکومەت تێناگات لەبەرامبەر تەنگەژەی ئابووری!


مۆدێلی ئۆپۆسیسیۆنێکی بازرگان بە هەست و نەستی خەڵک و دەستخستنی سەرمایەی سیاسی لە پۆست و ئیمتیازات بۆ حیزبی بە ناو ئۆپۆسیسیۆن،  و لەهەمان کاتیشدا فەراهەم کردنی پۆست و پارەو خۆدرەخستن بۆ ئەندامە کانی ئەو حیزبە بەناو ئۆپۆسیسیۆنەوە مۆدێلێکی تازەیە لە کایەی سیاسی کوردستان، ئەم مۆدێلە نوێیە خۆی دەبینێتەوە لە و ووتارە زۆرو وێنە ڕەنگاوڕەنگ و فۆتۆشۆپکراوانەی  کەسانێک کە خۆیان بە ئۆپۆسیسیۆن ناساندوە.. پێشینەی ئەم مۆدێلە لە گەڵ هاتنی حیزبە ئیسکلامیە هەلپەرستەکانەوە دەرکەوت لە سەرەتای نەوەداکان، کاتێک بە ناوی چاکسازی و ئیسلاح کەسانێکی بە ناو  ئیماندار  خۆیان خستە کایەی سیاسی دەسەڵاتەوە و زۆربەشیان لەسەر مەنهەجیەتی پراگماتیک و ئەردۆگانئاسای ئیخوانی  ڕێچکەی گرتوە  ، بەوەی دیمۆکراسی شەمەمەندەفەرێکە لەکوێ بەرژەوەندی پێویستی کرد دابەزەو فارگۆن بگۆڕە!! ئەم مۆدێلی بازرگانە سیاسی و ئۆپۆسیسیۆنی پراگماتیکە لە زەمەنی بزووتنەوەی گۆڕانا چوە لوتکەو بە یاریەکی لێزانانە خەڵک بە میدیای چەواشەکاری بۆکرووزی شۆڕشی تازەو ڕاپەڕینی نوێ لە خشتە براو لە ئەنجامدا سوپایەک لە سیاسی و ئەندام پەرلەمەنتار و وەزیری بازرگان دروستبوون ، کە هەم کایەی سیاسیان ژەهراوی کردوە بەوەی کە بێهودەیی و چاوڵێڵیەکی وایان لای خەڵک دروست کردوە کە نەتوانێ جیاکاری بکات لە نێوان شۆڕشگێری ڕاستەقینە لەگەڵ کەسانی هەلپەرستی خۆدەرخەر ، یاخود  کەسانی ڕادیکاڵی نیشتیمان پەروەر لەگەڵ بازرگان.
حیزبە ئۆپۆسیسۆنە بازرگانەکان زۆر بەوریایی ولێزانانە چاودێری دۆخی سیاسی کوردستان دەکەن و لێزانیشن لە داچڕینی بەش و پۆست لە جەستەی گەنیوی پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان ، ئەویش بە قۆستنەوەی هەلی لەناکاو لەدەرئەنجامی کێشەی سیاسی نێوان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، و پاشان هەڵچنینی سەرمایەی سیاسی لەسەر هەژاندن و وروژاندنی هەستی کۆمەڵگا لە ڕێی میدیاو ئەندامە سیاسی و پەرلەمانتارە بازرگانەکانیانەوە. بۆ نموونە هەرکاتێک تەنگەژەی ئابووری و بنبەستی سیاسی لە کوردستان  سەرهەڵئەدات ئەو پارتە بە ناو شۆڕشگێرە ئۆپۆسیسۆنانە هەم لە ڕێی میدیا فرەڕەهەندەکان و بڵندگۆی ئەندام پەرلەمان و سیاسیە هەڵوێست گۆڕاوەکانیانەوە دەسپێدەکەن بە سازکردنی هێرشێکی ڕێکخراو بۆ سەر ئەو پارتە سیاسە دەسەڵاستدارانەی کە ئەوان  مۆرکی  گەندەڵی و خیانەتیان پێوەچەسپاندوون  و زۆر جار کامپینی میدیایی ئەوان دەگاتە لوتکە و وەهمی شۆڕشی تازەو ڕاپەڕینی نوێ لای خەڵکی سادە و بێ مووچەو چارە دروست ئەکەن.  کاتێکیش ئەو پارتە بازرگانانە ، لە ڕێی تۆڕێک لە سیاسی و پەرلەمەتارە بازرگانەکانی خۆیان، هەڕەشەی بایکۆت و خۆپیشاندان ئەکەن و کار ئەگاتە ئەو ئاستەی هەستێک دروست بێت کە بارودۆخەکە لە لێواری تەقینەوە و بارێکی سایکۆلۆجی پێش ڕاپەڕین دێتە ئاراوە  ، بەڵام کۆمیدیاکە لەوەدایە کە پارتە دەسەڵاتدارەکان هییچ ترسێکیان نە لە شۆڕشی نوێ  و نە ڕاپەڕینی دوەم هەیە، چونکە کورد وەتەنی ئەوان چاک لە فرت و فێڵی سیاسی بەرژەوەندخوازی و هەلپەرستی بە ناو ئۆپۆسیسیۆنی بازرگان تێگەیشتوون ولە خراپتریین حاڵەتدا بە بەستنی پەیماننامەیەکی چەند خاڵی، وەرگرتنی چەند پۆستێکی وەزاری و کورسی ئەندام پەرلەمانتاری چەوری لەگەڵدابێ،  باسی داگیرسانی چەرخی شۆڕشی دوەم و ڕاپەڕێنی دوەم لە شەوو ڕۆژێکا  وەک خوری شیئەبێتەوەه، هەر کاتێکیش ڕێکەوتنێک ئیمزاکرا یان کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەر دوو بنەماڵە سیاسیەکەی دەسەڵاتدار و هەموو ئۆپۆسیسیۆنەکان کرا وتاری سیاسی و دەنگی بڵندگۆی میدیای ئۆپۆسیسیۆنی بازرگانیش هێدی هێدی خاو ئەبێتەوە لەشەوو ڕۆژێکا هەمووشتێک  ئەگۆڕێ  واپیشان ئەدەرێت کە ئەوە خەڵکە حەماسەتی گرتویەتی و لە کۆنترۆل دەرچوون  و پلانی بیست ساڵەی ئابووری و سیااسی وڵات هییچی کەم نیە و تەنها ئەوە بە بەشداریکردنێکی کارای ئۆپۆسیسیۆن لە کابینە چەورەکەی دەسەڵات هەموو باروو دۆخە خوار و لەدەستچوەکە بە قودرەتی قادر دەچێتەوە ڕێچکەی ڕاستی خۆی.
مۆدێلی ئەندام پەرلەمانتاری بازرگان و سیاسیە هەلپەرستە ماکیڤیالیەکان ئێستا دیاردەیەکی و  زۆر باوە لە زەمەنێک کە پالەوانە ڕاستەقینەکان وونن و سێبەری جوانی  سەدان جوامێری وەک ئاسۆی دەلاک و مامە ڕیشەو ئەوانی تر نادیارە. ئێستا سەدان پاڵەوانی ساختەو هەزاران شۆڕشگێڕی کارتۆنی و پێشمەرگەو گەریلای نێو فەیسبووک دروست بوون. ئەوانە هەندێکیان لە پەنا پارتە بەناو ئۆپۆسیسیۆنە بازرگانەکانەوە بەهۆی سەنگەر گواستنەوەیان لە حیزبێکی دەسەڵاتەوە بۆ ئەوبەری بەناو ئۆپۆسیسیۆن ، ئیتر لەچەپەوە بێ بۆ ناو کۆنەپارێز یان سۆشیال دیمۆکرات بێ بۆ ناو گۆڕان یان لە ئیسلامیەوە بێ بۆ ناو کۆمۆنیست، و  تەنانەت لە سۆشیالسیتیشەوە بۆ ناو نەوەی نوێ!، یاخود بە هەڵگرتنی نازناوی قەبەو گەورەی ناوەڕۆک بۆش وەک دکتۆرفڵان و پڕۆفیسۆر فڵان کە خوا خۆی مەگەربزانێت لەکام زانکۆی ئەهلی خۆمانە یان زانکۆی حکومی حیزبی ئەملا یان ئەولا ئەو ناونیشانە قەبەو زلانە وەرگیراون، هەر نەشکرا دەیان زانکۆی فەل و فەیک و قاچاخ لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و مالتا ومالیزیا و هیندستان  قوبرس و میسر  ئامادەن بە سێ مووچەی زەبەلاحی پەرلەمەنتارێ نەک ماستەرێ بەڵکو دکتۆرای فەخری ببەخشێ!. ئەو ئەندام پەرلەمەنتارە بازرگانانە کە وەک ماسی سەلەموون لە گەڵ هەموو ئاوێکی ڵێل و سوێر و شیرین هەڵئەکەن ڕەنگیان ئەگۆڕن و تواناشیان هەیە بە وتاری سیاسی ئاگرین و ڕەوانبێژی زمانی کوردی پاراو لە نێو لیستی ئپۆسیسیۆن ئەجیندای چاکسازی ڕادیکاڵ بە خەڵکی هەڵخەڵەتێنراو بفڕۆشنەوە . هەر ئەو ئەندام پەرلەمتارە بازرگانانە، وەزیرە تازەو کۆنەکانی بە ناو کابینە زۆرەکانی لەگەڵدابێ،  لە پاش وەرگرتنی سەدان مووچەی قەبە، جگە لە ئیمتیازاتی ئۆتۆمبیل و خانوو ،هەروەها دامەزردانی سەدان کەس لەکەس و کاری نزیکی خۆیان لەسەر بودجەی دەوڵەت بە ناوی موستەشار و پاسەوانی تایبەت و سکرتێر و سەدان پۆستی تر، وەک لۆردە سیاسسیە کۆنەکان ئێستا بوونەتە دەمڕاستی خەڵکی بێچارەو لە کۆبوونەوە فەرمی و خۆپیشاندانی جەماوەری لە ژێر زوومی سەدان کامێراو دەرکردنی چەندیین بەیاننامەی هییچ لێسەوز نەبوو، و لە ڕێگەی هەزاران کۆمێنتی فەیسبووک و دەیان سێلڤی فۆتۆشۆپکراویشی لەگەڵدابێ، خۆیان بە قارەمان و پاڵەوانی سەردەم بە ناوی چاکسازی و ڕاپەڕینی دوەمەوە خۆیان نیشان ئەدەن!
مۆدێلی ئەندام پەرلەمەتنارو سیاسی و وەزیری بازرگان چینێکی سیاسی مشەخۆرە، نەک لەبەرئەوەی  بوونەتە بارگرانی لەسەر بودجەی وڵات بەهۆی ئەو مووچە زەبەلاح و ئیمتیازاتە زۆرەی وەک خانەنشین یان وەک ئەندامی پەرلەمەنتارو وەزیری ئێستای بە ناو کابینەی وەزاری ناو دەسەڵاتی تاسەرئێستان گەندەڵ ،بەڵکو بە هۆی خۆ هەڵواسیین بە شەمەندەفەری چاکسازی  و خۆ بە کوێخا کردن بەسەر وتاری سیاسی ئۆپۆسیسیۆنی ڕاستەقینە و خۆڵکردنە چاوی ڕۆشنبیر و خەڵکانی ئاسایی بەوەی کە ئەوە ئەوانن ئەڵتەرناتیڤی ڕاستەقینەی گەندەڵی سیاسی لە کوردستان. کۆمیدیاکە لەوەدایە کە ئەو ئەندام پەرلەمەنتار و وەزیر و سیاسیە بازرگانانەی ناو ئۆپۆسیسیۆن بە پێچەوانەی بانگەشەکانی پێش هەڵبژاردن، کەسانێکی هەلپەرست و بێ هیڵوێستی سیاسی ڕوون و نابەرپرسیاریشن بەرامبەر مەسەلە چارەنووسسازەکان، سەیر لەوەدایە ئەو بازرگانە سیاسی و بازرگانە پەرلەمانتارانە زۆربەیان یان لە هەولێر یان لە پایتەختی عێراق خەریکی بازرگانی و دروسکردنی بزنسی نهێنی و شاراوەن لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات یان لەدەروەی دەسەڵات. لە هەمووشی سەیرتر یاریزانێکی لێوەشاوەن لە هەڵوێست فڕۆشتن و سەنگەرگۆڕین لە هارکاتێک پێویستی کرد بۆ نموونە سەیر نیە کە ئەندام پەرلەمەنتارێکی گۆڕان بە شەوو رۆژێک لە پێشەنگی گۆڕانچیەتی بچێتە سەنگەری کۆنەپەرستی لە سەنگەری ئەولاتر . بازرگانە پەرلەمەنتارەکان ، هەم گۆڕانخوازەکان هەم ئیماندارەکان ، زۆر جار وەک هەرزەیەکی  نەخۆش،  پارەیەکی زۆری خەڵکی هەژار لە جوانکاری وورگ و دەموو چاوو قژ و سەفەری گەشتیاری بۆ ئەوروپا و وڵاتانی فێنک بەکاردێنن.  خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی هییچ جیاوازیەک نەکات لە نێوان ئەندام پەرلەمانتارێکی بازرگانی سیاسی و هەڵوێست فڕۆش یان خۆدەرخەرو ئەو ئەندام پەرلەمانتارە توتی ئاسایەی ناو حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە ئەگەر کەش و هەوای ناو حیزبەکەی باش بوو باسی سەربەخۆییی ئابووری بکات یان لامەرکەزی ئیداری ناو هەرێمێکی پڕ کێشمەکێش! و گەر باری حیزبەکەشی کەوتە لێژی باس لە باشترین بژاردە بکات کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ باوەشی پایتەختی عێراق ئەلحەبییب!،
ئێستا خەڵکی هەژار هییچ ئومێدێکی بە ئۆپۆسیسیۆنێ نەماوە کە تا دوێنێ بانگخوازە بەناوبانگەکەی پارتێکی سیاسی لە مینبەرەوە باسی لە ڕوخانی دەسەڵات ئەکرد و ئەمرۆڤ بە قاتێ چاکەت و پانتۆڵی رەساسی ئینگلیزی و ڕیش تاشراو و لەکەناڵێکی بازرگانی باس لە سەبر و تەحەمولی ئەویب بکات!، خەڵکی بەشمەینەت چی دڵێکی بە ئۆپۆسیسیۆنێک خۆشبێت کاتێک ئەبینێ ئەندام پەرلەمەنتارێکی بێڕەنگ و بێ هەڵوێستی سیاسی لە نێوان چەندین لیستی  پرتەوقاڵی و پەمەیی وسەوز و ئەرخوانی و زەرد  وەک مەیموونی بەهەلەوان بازی هەڵداوە و لیستی گۆڕیوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. خەڵکی کوردستان چی دڵێکی بەو ئەندام پەرلەمانتارە خۆشبێت لە کوردستان یەشماخی سەرۆکە مەزنەکەی لە مل دەکات  لە کوردستان کە ئەگاتەوە پایتەخت وەک بڵێی لە جنێفی سویسرا بێت و هەر باسی ئەنفال و جینۆسایدی نەبیستبێ و بە دەنگە ناشازەکەی نەشیدی نەتەوەیی وڵاتی کۆمەڵکوژی کورد بڵێتەوە. خەڵکی کورستان پێویستە هۆشیار کرێن دەربارەی ئەوانەی کە بە خوێن و ئازاری ئەوانەوە خۆیان ئەگەنە دەسەڵات و نە توانای سیاسیان هەیەو نە توانی دانایی پەرلەمەنتاری ، ئێستا سوپایەک لەو ئەندام پەرلەمەنتارە بازرگانانە نەک لە کوردستان خەریکی هەڵوێست فڕۆشتن و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکن بە ناوی خۆناساندن وەک پاڵەوان و فریادڕەس بەڵکو ئەوانە و ئەوانەی تریش لە پایتەختیش ، کە زۆربەی زۆریان لە جیاتی کارامەیی سیاسی بوونەتە هەواڵنێری هەرزان دەربارەی کاتی هاتن  و نەهاتنی مووچە!، ئێستا بەدەر لە دوو حیزبە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکە ، چینێکی تر لە پەرلەمەنتار و سیاسی بازرگان دروستبوون مشەخۆری جەستەی سیاسی کوردستانن چونکە وەک پارتە بەناو ئۆپۆسیسیۆنەکان بوونەتە لەمپەر لە بەردەم هاتنە ناوەوەی ئۆپۆسیسیۆنی ڕاستەقینە و گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە کوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×