با باره‌گاكانمان دابخه‌ین‌و بڕۆینەوە ماڵەوە!

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
  2020-06-26     565
ده‌ردو به‌ڵای‌ جیهان شتێكه‌و ڕه‌فتارو سه‌ركێشی هه‌ندێك ده‌وڵه‌تیش شتێكی‌ تر، خه‌م‌ و مه‌ینه‌تی‌ خه‌ڵك‌ و هاووڵاتی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ بۆ خۆی‌ چیرۆكێكی‌ پڕ ئازاره‌و چاوچنۆكی‌‌ و به‌دخویی ده‌سه‌ڵاتدار و خه‌یاڵی‌ هه‌ندێك ده‌وڵه‌تیش بۆ داگیركاریی چیرۆكێكی‌ تره‌، ئه‌وه‌تا له‌كاتێكدا هه‌موو وڵاتانی جیهان سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر‌‌ن بۆ بنه‌بڕكردنی‌ ئه‌م په‌تاییه‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌مووانی گرتوه‌ته‌وه‌و به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی‌ میكانیزمی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌واره‌كانی‌ ئه‌و لێكه‌وته‌ ئابووریانەن كه‌ ئه‌و دۆخه‌ی خوڵقاندووه‌و به‌هۆیه‌وه‌ تووشی نه‌هامه‌تی كردووین، كەچی دراوسێكانمان ئا له‌م بارودۆخه‌ مه‌ترسیدارو پڕ له‌مه‌رگه‌ساته‌شدا، له‌جێبه‌جێكردنی خه‌ونی داگیركاریی و پیلان و به‌رنامه‌ سه‌ربازیه‌كانیان ناكه‌ون..

كۆرۆنا وای له‌ووڵاتانی دنیا كرد كه‌ واز له‌ شه‌ڕ و ناكۆكی و كۆنه‌قینی نێوانیان بێنن، ئه‌و په‌تا جیهانیه‌ وایكرد كه‌ دانیشتوانی جیهان فرمێسك بۆ مردووی یه‌ك بڕێژن له‌ڕێی ته‌كنۆلۆجیاوه‌ به‌شداری له‌خۆشی و ناخۆشی یه‌كتردا بكه‌ن، له‌هه‌وڵی پاراستنی هاوڵاتیانی خۆیان و وڵاتانی دراوسێیاندابن‌ و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموونی‌ زانستی‌‌ و پزیشكی‌ بكه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و ئازار‌ و به‌ڵا جیهانییەدا ..

كه‌چی له‌كوردستانی بریندار به‌ده‌یان زامی‌ هه‌مه‌جۆر ، له‌و سه‌رزه‌مینه‌ی‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك باجی‌ جوگرافیا و مێژوو ده‌دا ، ئا له‌م سه‌رده‌مه‌ پڕ له‌نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تیه‌شدا له‌لایه‌كه‌وه‌ شه‌مشه‌كوێره‌كانی داعش هێرش ئه‌كه‌نه‌سه‌ر گوندنشینه‌كانی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانمان و له‌ چاو تروكانێكدا كۆتایی به‌ژیانی ده‌یان خێر له‌خۆ نه‌دیوو دێنن و هه‌ر شه‌وه‌ و كێڵگه‌یه‌كی به‌ خوێن و ئاره‌قه‌ ئاودراو ئه‌سوتێنن و وه‌ك به‌رزه‌كی بانانیش بۆی ده‌رئه‌چن …

له‌لایه‌كی‌ تر ئێرانیش كه خۆی‌ به‌ده‌ست هه‌زاران ده‌رده‌وه‌ ئه‌ناڵێت بۆ به‌دبه‌ختی هه‌رێمه‌كه‌مانی لا بووه‌ته‌ ساحه‌یه‌كی فتبوڵ و هه‌ركات دڵی ته‌نگی ئاغا جان هه‌وه‌سی یاری توپتۆپێنی كرد ئه‌وا چه‌ند تۆپێكمان تێ ئه‌گرێت….!!

ئه‌وه‌ سوڵتانه‌ سه‌رلێشێواوه‌كه‌ی توركیاش له‌م سه‌رده‌می كۆرۆنایەدا دوای كڵاوی با بردوو كه‌وتووه‌ و لێمان بووه‌ته‌ تاعونی سه‌رده‌می سه‌فه‌ربه‌رلك و به‌بێ گوێدانه‌ هیچ یاسا و رێسا و بنه‌مایه‌كی هاوسێیه‌تی شه‌وانه ‌له‌ ئاسمانه‌وه‌ كۆماندۆ و جه‌ندرمه‌مان وه‌ك (كووله‌) به‌سه‌ردا ئه‌بارێنێ و به‌ به‌رچاوی خۆمان و جیهان و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ گوند و شارۆچكه‌كانمان داگیر و تۆپباران ئه‌كات و نه‌ك هه‌ر هه‌رێم به‌ڵكو هه‌موو عێراقیش به‌چاوی شارۆچكه‌یه‌كی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌ی خۆی ته‌ماشا ئه‌كات..!!

به‌ كوردی و كورتی ئه‌وه‌ به‌شه‌ سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌رگه‌ردانه‌یه‌ ، خۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ش ، كه‌ دۆخی ناوخۆیه‌ له‌و باشتر نیه‌ ، سه‌باره‌ت به‌ به‌شه‌ ئابوورییه‌كه‌شی وه‌ك ئه‌بینین هه‌ر حكومه‌ته‌ و به‌جۆرێك قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیووه‌ و به‌شێوازی خۆی و به‌ پێی توانای خۆی هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازارو نیگه‌رانی دانیشتوانه‌كه‌ی و پاراستنی ژیانی مرۆڤه‌كان ئه‌دات، ئا له‌وه‌شدا ئێمه‌ جیاوازین.

ئێمه‌ كه‌وتووینه‌ته‌ نێوان به‌رداشی دوو حكومه‌تی موفلیس و تا قوڕقوڕاگه‌ له‌قه‌رزا چه‌قیوو ، دوو حكومه‌تی ئاینده‌ لێڵ و بێ ده‌سه‌ڵات، دوو حكومه‌تی له‌یه‌ك زویر و له‌یه‌ك دابڕاو ، دوو حكومه‌تی پشت به‌ستوو به‌ پشك پشكێنه‌ و دار ده‌ستی سوڵتان و مسته‌رو ئاغا و مسیۆ و پاشا و ئه‌میرو خاوه‌نشكۆ و شازاده‌كان…!!

ئه‌گه‌ر ناتوانین پارێزگاری نه‌ له‌ئاسمان و نه‌ له‌خاك و نه‌ له‌ سنور و نه‌ له‌بوونه‌وه‌ره‌كانی سه‌ر زه‌وی و نه‌ نه‌وته‌ سه‌ربه‌گۆبه‌نده‌كه‌ی ژێر زه‌ویمان بكه‌ین ، ئه‌گه‌ر ناتوانین له‌سه‌ر ژیانی شوانێك و گوڵه‌به‌رۆژه‌ فرۆشێك بێینه‌ ده‌نگ ، ئه‌گه‌ر پێمان ناكرێت داكۆكی له‌ بریاڕ و پرۆژه‌ و به‌رنامه‌كانمان بكه‌ین و وه‌ك مه‌ڕی مردوو سه‌رشۆر ئه‌كه‌ین ، باشتر وایه‌ باره‌گاكانمان دابخه‌ین و بڕۆینه‌وه‌ ماڵەوە و هه‌ركه‌سێک له‌ماڵی خۆی سه‌ری خۆی شۆڕ بكات ..!

ئه‌م پێشنیاره‌م ته‌نیا بۆ یه‌كێتی نیه ،‌ به‌ڵكو بۆ گشت حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانە ، یان ئه‌وه‌تا با باره‌گاكانمان دابخه‌ین و بڕۆینەوە ماڵەوە یانیش فه‌رموون باپێكه‌وه‌ هه‌ر له‌سبه‌ینێ وه‌ به‌ره‌یه‌كی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی دروست بكه‌ین ، چیتر ڕێگه‌ به‌شكاندنی شكۆ و به‌زاندنی سنوره‌كانمان و برسیه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌ده‌ین ، با خۆمان شه‌رمه‌زاری مێژوو و نه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ نه‌كه‌ین ..

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

٢٦-٦-٢٠٢٠

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×