بەشی دووەم: تەونەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی (کلیپتۆکراسیی)

د. رزگار ئاغا
  2020-06-27     377
                                                                                         
١. حکوومەتی تاڵانکاریی (کلیپتۆکراسیی) چۆن تۆڕەکانی دەچنێـت؟ 
حوکمڕانی تاڵانکاریی, سیستەمێکە هەموو دامەزراوە گشتییەکانی لەمەبەستێکی پێچەوانەدا هەڵدەسووڕێنێت؛ بۆ دەستکراوەکردنی بژاردە حوکمرانەکان لە دزیین و تاڵانکردنی پارە و سامانی گشتیی, بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان.تاڵانکەرەکان (کلیپتۆکراتەکان) و سیاسەتکارەکان, ئیش بۆ گوێزانەوەی دەسەڵاتە سیاسییەکانیان دەکەن بۆ ناو دامەزراوە هەستیارەکانی دەوڵەت, بە مەبەستی دەسەڵاتگرتن بەسەر چالاکیی ئابووریی و تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتەکانیان بە شێوەیەکی رێکخراوانە. لە رۆژگاری نوێ دا, ئەم مەیلی دزییکردنە, رووی لە زیادبوون کردووە. بێگومان, پارەیەکی زەبەلاح, نە هەروا بە ئاسانی هەلدەگیرێت و ئەشاررێتەوە و, نە لە تەوقەکردنێک دا ئەم دەست بۆ ئەو دەست ئەکات. بۆیە, چارەسەری گوێزانەوەی ئەم دزیی و تاڵانکارییە پێویستیی بە چنیینی تۆڕی بەرژەوەندیی گوێزانەوە و شاردنەوەی دزیی و تاڵانییەکان بوو اە ناو وڵات و بۆ دەرەوەی وڵات, بۆ وڵاتە زلهێز و دەسەڵاتدارەکان.

سەرەتا, هەڵدەستن بە فراوانکردنی تۆڕی فراوانی چالاک, لەناو دامەزراوە نیشتمانییەکان و بە ناوی کاری نیشتمانییەوە, لەوێوە رای گشتیی و نێودەوڵەتیی چەواشە ئەکەن بۆ جووڵەپێکردنی قوڵپە داراییەکانیان و, بریقاندنەوەی ناو و شۆرەتیشیان لە پەنایاندا. سەرباری ئەوەی کە هەندێ لەم پێوەندییانە, هێشتا ژێربەژێر و شاراوەن, بەڵام خەسڵەتی دیاری حکومەتی کلیپۆتکراسیی هاوچەرخ لە رواڵەتیی گشتیی و ئاشکرایان دا, بەرنامەیان روونە. بەپێچەوانەی مافیاکان و گرووپە چالاکەکانیان و, دیاربوونی پرۆژە نامەشروعەکانیان, وەک تاوان و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و کارە تیرۆریستیەکان, کە پەیوەندییە فراوانە نیشتمانییەکانیان لە سێبەردا شاردۆتەوە. بەڵکو, تاڵانکەرەکان (کلیپتۆکرات) بە رۆژی رووناک کار ئەکەن و, حەز بە بەکارهێنانی ئاژانس و خزمەتگوزاریی  راگەیاندان و,  چوونە ناو دامەزراوە جیهانبیینەکانە, نەک تەنها بۆ مەبەستی پاراستنی موڵک و سامانەکانیان, بەڵکو بۆ پاراستنی پێگەیان لە ئاستێکی بەرزدا.

کلیلی ئەم پرۆسەیە, لە خستنەگەڕی بریکار یان ناوەندکارێکی پیشەوەری دەرەکیی دایە, کە دەستکەوتە نایاساییەکانیان تێکەڵ بە قوڵپی دارایی و وەبەرهێنانی یاسایی ئەکات. ئەو ناوەندکارە پیشەوەرانە لە رێی کلیپتۆکراتەکانەوە بەکرێ ئەگیرێن وەک؛ خاوەن بانکەکان , دەڵاڵ و ئاژانسی خانووبەرە, ژمێریارەکان, پارێزەرەکان, بەڕێوبەری سەرچاوە مرۆیی و پەیوەندییە گشتییەکان لە کەرتی تایبەت و گشتییدا. ئەمانە, هەموو کار لەسەر بچڕاندنی پێوەستی نێوان دۆسییەی بەکرێگرتە تایبەتەکان ئەکەن لە  گەڵ دۆسییە راستەقیینەکانیاندا, بە مانای ونکردنی کەسێتیی راستەقیینە لە یاسا و, بەشێوەیەکی تر, داڕشتنەوەیان بۆ ئەکەن وەک بازرگانی جیهانیی ڕێزدار و چاکەخواز ئەیان ناسێنن. لەمە خراپترە, لە رێگەی دامەزراوەی حکومەتە جیهانییەکانەوە, کارئاسانییان بۆ ئەکەن.

زۆرجاریش,ئەمانە رەواج ئەدەن بە  کەسە پرۆ- دیموکراسییەکان و, بازاڕگەرمیی ئەکەن بۆ ئەکتەرە دژەگەندەڵییەکان کە سەر بە کلیپتۆکراتەکان. هەر لە رێی ئەم ناوەندکارانەوە, کلیپتۆکراتەکان هەژموونیان بێ ئەندازە بووە و, ئاسایش و پارێزبەندیی خۆیشیان تووند تر کردووە, ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی بۆیان درووست ئەکەن لەتەک دەسەڵاتداران و دامەزراوەکانی دەرەوەی وڵات دا. ئەم کۆششانە جوگرافیاییەکیان کێشاوە, بۆ خۆشکردن و حەوانەوەیان کە بە " کۆمەڵگەی نا مەدەنیی  سنووربڕ – Transnational uncivil society"  نازناو کراوە (١) -لە خوارەوە روونکردنەوە دراوە-. بەڵام لە ناوخۆی وڵاتدا, کلیپتۆکراتەکان, بۆ بەرکەماڵکردنی تاڵانکارییەکانیان بە بێ لێپرسیینەوە و چاودێریی, بە هەندێ رێ و شوێنی مەترسییدار هەڵدەستن, وەک: چەپۆکەسەرکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی چالاک و, کار لەسەر بنبڕکردنی پێوەندییان ئەکەن بە رێکخراوە ناحکومییە دەرەکییەکان و, نەهێشتنی پشتیوانیی دارایی (funders), تەسککردنەوەی تیشکی میدیایی لەسەریان لەسەر ئاستی جیهان و, ئاڵۆزکردنی تۆڕی پێوەندییان لەگەڵ دەرەوەی وڵاتدا. بۆ بەدبەختیی, لە ئێستادا ئەوە روونە کە هاوسەنگیی جیهانیی لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنیی لە ناوخۆی وڵات و هاوپیشەکانیان لە دەرەوەی وڵاتدا, زیاتر بەلای ئاوابوون و  تاریکیی دا چووە.

کۆمەڵگەی نا مەدەنیی سنووربڕ(٢), زاراوەیەکی گشتگییرە بۆ کۆمەڵێک لە توخمی وێرانکەر و نەخوازراو و هەڕەشەئامێز, کە لە ئەنجامی بۆشاییکەوتنەوەی نێوان کەسەکان و دەوڵەت هاتە ئاراوە. ئییتر, تەنیینەوەیەکی وەهای لێکەوتەوە, کە جڵەوگییرکردنی ئاسان نەبوو و رێکخراوانە خۆی دامەزراند لە هەر کوێ پێویستیی کردبێت, بە تایبەت کە سنووربڕ بووە لەودیووی وڵاتە دایکەکەوە. بێگومان, کۆمەڵگەی نامەدەنیی بوو بە هەڕەشەیەکی مەترسییدار بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنیی. چونکە, لە کۆمەڵگەی مەدەنیی دا "بۆشاییەکی کەم هەیە لە رووبەری کارلێککردنی چالاکییە بەهێزەکانی کە لە دوورییەکی دامەزراوەکانی دەوڵەت کاری خۆی دەکات." بەپێی گوتاری هاوچەرخ, نموونەی کۆمەڵگەی نامەدەنیی, خۆیان ئەنوێنن لە هەر چالاکیی و بۆنەیەکدا کە دژ ئەوەستێتەوە لە بەرامبەر کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی و بەها مەدەنییەکان, دنەدنەی خۆپیشاندانی نامەدەنیی و ئاژاوەگێڕانە ئەدەن, لەسەر زۆر بابەتی هەستیار کارئەکەن کە ژیینگەیەکی لەبار خۆش بکات بۆ خۆشاردنەوەی هەڵسۆڕێنەرەکان یان بۆ خۆسەپاندنیان لە هەندێ ئاستی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و  ئابووریی وڵاتی خانەخوێ دا.

٢.تۆڕەچنراوەکانی کلیپتۆکراسیی نوێ 
بێگومان, نە کلیپتۆکراسیی خۆی و نە تۆڕەکانی کلیپتۆکراسییش نوێن. شەقڵی نێودەوڵەتیی کلیپتۆکراسیی, بەرەو دوو بیروباوەڕی سەرەکی ئاراستەی وەرگرتووە: سپییکردنەوەی (شۆرینەوەی) پارە و سپییکردنەوەی ئابڕوو.(٣)
سەربووردەکانی ساڵانی شەست و حەفتاکان, ئاماژە بۆ وەحشییگەریی کلیپتۆکراتە نالەبارەکان ئەکەن – لەناویاندا سەرۆکی فلیپیین فرجیناند مارکۆس ( ١٩٦٥-١٩٨٦), سەرۆکی هاییتیی جان کلود دوفالییێ (١٩٧١-١٩٨٦), سەرۆکی زائییر مۆبۆتۆ سیسیکۆ (١٩٦٥-١٩٩٧), ئەمانەی کە تەنها خۆیان و خێزانەکانیان دەوڵەمەند کرد و میللەتەکەشیان هەژارکرد. ئێستا, ئەوەیش ئەزانرێـت کە ئەمانە و هاوشێوەکانیان, بە ملیارەها دۆلاریان لە ئەژماری بانکەکانی سویسرادا بە نهێنیی هەیە. لەتەک ئەمەشدا, دوو شەقڵی دیاری گرنگی تر هەن, کە سەردەمی نوێی کلیپتۆکراسیی لە کلیپتۆکراتە کۆنەباوە بەسەرچووەکان جیا ئەکاتەوە.

یەکەم: گۆڕانی بارودۆخی جیهانیی, بوو بە مایەی داخورانی ئەو جوگرافیا سیاسییە  (جیۆپۆلەتییکە)ی, کە بەبێ ویستانە وڵاتە رۆژئاواییەکان و کلیپتۆکراسییەکانی بەیەکەوە بەستبووەوە. بەدرێژایی جەنگی سارد, زۆرینەی بڕیاردەرە سیاسییە دەرەکییەکانی وڵاتە زلهێزەکانی رۆژئاوا رێککەوتن لەسەر ئەوەی, ترسیان لە ئاراستەی جیۆپۆلەتییکی هییچ وڵاتێک نەبێـت و, لە هەمان کاتیشدا فەرامۆشی هەموو ئەو دەستدرێژییە مرۆیی و یاساییانەش  بکەن کە تیایاندادا ئەگوزەرێـت, هەر لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی گەندەڵییەوە. پاشان, بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگییریی هەر وڵاتێکی مەبەست, زۆرجار هاوکارییە گەشەپێدانەکان لە رێی کەناڵی جیاجیاوە بگەیەنن بە کلیپتۆکراتەکان؛ لە رێی دامەزراوە داراییەکانیانەوە, وەک سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیی و بانکی نێودەوڵەتیی. هەروەکو سەرۆکی ئەمەریکایی رۆناڵد ریگان, بە ئاشکرا لە ساڵی ١٩٨٦ دا ئەو پرسیارەی لێکرا, ئایا پێویستە لەسەر ئەمەریکا رێگە بدات بەو سیاسەتە چەکپۆکەسەرییە رێپێنەدراوانەی مارکۆس لە فلیپیین دا؟, لە وەڵامدا وتی: "جگە لە بنکە سەربازییەکانمان لە فلیپیین دا,  هیچ شتێکی تر بە گرنگ نازانم"(٤)

بەهەمانشێوە, لە ئەفەریقای فەرەنساییدا لەساڵی ١٩٦٠دا, بۆ پاراستنی کۆمپانیا فەرەنساییەکان و, بەرژەوەندیی ستراتییجیی دوای کۆتاییپێهێنانی داگیرکاریی فەرەنسایی فەرمیی, نوخبە فەرەنساییەکان سیستەمێکی وردی کارامەیان دامەزراند, بۆ پێوەندیەکانیان لەدوای داگییرکاریی و ناویان نا " فەرەنسا – ئەفەریقا ". ئەم مشتومڕانە, بەردەوامبوون بەدرێژایی سێ دەیە, ئەوەی مسۆگەرکرد, کە ئۆتۆکراتە ئەفەریقاییەکان هەڵسن بە پاراستنی بەرژەوەندییە فەرەنساییەکان, لە بەرامبەریشدا پاریس ڕێگەیان ئەدات, ئەو بڕە پارە زەبەلاحانەی کە لە رێگەی نایاساییەوە لە داهاتی گشتیی ئەدزن, لە رێی بانکە فەرەنساییەکان و کۆمپانیای وزە و کۆمپانیای کانزاکردنەوە بگوێزرێنەوە بۆ بانکەکانی فەرەنسا.(٥)

بەدەر لەوەی گەندەڵیی پۆلێن بکرێت بۆ جۆری سووک و گەورە, چاییز لە " دزەکانی دەوڵەت" دا, سوورە لەسەر ئەوەی کە کلیپتۆکراتەکان زیاتر چاویان لەسەر سیستەمێکی گەندەڵیی بەربڵاوە, یان ئەوەی پێی ئەوترێت "تۆڕە چالاکە زیانبەخشەکان"ە. لەم تۆڕانەدا, سەرتاپای سیستەمی حوکمڕانیی کۆئەبێتەوە, لە سیستەمێکی تاوانکاریی پڕ تێهەڵکێش لە سەرەوە تا خوارەوەی؛ لێرەوە, سووکە بەرتییل و, تەنگ پێهەڵچنیینی فەرمانبەری ئاسایی حکومەت, ئەبێتـە کارێکی ئاسان و باو. بەهۆی ئەو گەندەڵییە گەورەیەی لە لایەن سیاسەتکارە پلە باڵاکانەوە, پشتیوانیی و, پارێزگاریی ئەکرێت و, قازانجی لێوە دەست ئەکەوێت. بەپێچەوانەشەوە. پارە و, کارتێکردن و, پاراستن و, هێز و, دەستکەوت لەم تۆڕە تێکچڕاوانەوە قوڵپ ئەدات, بەڕێگەی زۆر ئاڵۆز و, جیا جیا. ئەمانە ئەبنە مایەی سازکردنی ژینگەیەکی ژەهراویی, کە تیاییدا چاکسازیی بۆ دەستپاکیی و ئەمانەت - نەک گەندەڵیی و خراپەکاریی –, پڕ دەبن لە مەترسیی بۆ کەسە چالاکە چاکسازەکان.

چاییز, هیچ گومانێکی لای خوێنەر نەهێشتۆتەوە, دەربارەی کاریگەریی ئەم تۆڕە پییسانە لەسەر خەڵکیی.لە ڕێی سەرقاڵکردنی توێژەران بە تاوتوێکردنی وردەکارییە یاساییەکانی تێگەیشتنی گەندەڵیی تەشەنەسەندوو. بەو پێیەی, کە گەندەڵییەکان دەستدرێژیین بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ؛ ئەمەش لە رێی کورتە نووسیینە پەرش و بڵاوەکانی نێو کتێبەکانەوە, کە زیاتر قسەی رازێنراوەن و, لە دەستتێورەدانێکی بێ سەروبەرەی بێ بنەما زیاتر هییچی تر نیین و, خۆی لە هەندێ لە سەربەستییە بنچینەییەکاندا پێچاوەتەوە, کە ئەمانەش لە لایەن کلیپتۆکراتەکانەوە, بەوپەری تواناوە پشتگییریی کراون.

بێگومان, بانگەشەکانی چاییز, لە دوای بنکۆڵکردن و سەرنجی وردەوە دێت؛ لە باوەشکردنەوەی خەڵکیی بۆ گەندەڵیی تەشەنەسەندوو. خۆی بەشداریی مشتوومڕی ئەو سووکایەتییە رۆژانانەی کردووە, کە لێدەرچوونی نییە. لە ئەنجامی ئەو گەندەڵییە تۆڕچنراوانەوە, کە سیستەمی حوکمڕانی دادەبڕێت لە هەموو سیمایەکی شەرعیەت و, هەروەها دابڕاندنی هەر تاکێکیش لە هەر بەهایەکەوە, کە  باوەڕی پێ بێـت و پێوەی پێوەست بێت. چاییز بینیی, هاوڵاتی ئاشتیخواز و کۆششکار تەکیوونەتەوە, لە پشتیوانییکردنی حکومەت و, بە ناوی ئەفغانییەکەوە ئەڵێت؛ شێت بووم کە پۆلیس, دەستدرێژیی کردۆتە سەر براکەم و کەس لێپێچیینەوەی لەم دەستدرێژییە نەکردووە, ئیتر بۆیە کاتێک ئەبینم, کەسێک قوتوویەکی تەقیینەوە دائەچێنێت و, لەولاشەوە لۆریەکی پۆلیس بێت و بێ ئاگایە لێی, ئەوا ئەڵێم بە قییر و سییا و تێی ئەقووچێنم. 

چاییز, بە متمانەی لەسەر مشتومڕە بەڵگەدارەکانی خۆی, گەیشتۆتە دەرئەنجامێکی ورد, کە  بەرەنگاریی لە لای میللەتانی تر, بە شێوەی تری زۆر توندوتیژ تر و, لەناکاو و پێشوەخت بووە.  بۆیە, بنکۆڵکارییەکانی لەسەر رەوشی ململانێی, لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر گواستۆتەوە؛ بۆ عێراق, ئەفغانستان, مەغریب, جەزائیر, تونس, میسر, ئۆزبەکستان و, نەیجیریا. ئەمەش, بەپێی جیاوازیان لە هەبوونی دامەزراوەی تایبەت بە تۆڕەکانی گەندەڵیی تیایاندا. چاییز, لە هەموو حاڵەتێکدا  سوورە لەسەر ئەوەی, کە ئەیەوێت بە بەڵگەوە بۆ خوێنەری بسەلمێنێـت, ئەو گەندەڵیی و دزییەی کە دەوڵەت بڕیاری لەسەرداوە, بە شێوەیەکی نەرێنی رۆڵیان هەیە, لە نانەوە و بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ و شۆڕشی گەورەتردا.(٦)

٣. هێڵکاریی تۆڕی تاڵانکاریی
لە سۆراخکردن بە دوای دۆزیینەوەی هێڵکارییەکی ورد بۆ تۆڕە تاڵانکارییەکان دا, ئەو هێڵکارییەی چاییز بە وردتریین و پڕماناتریینە, کە هەموو رەهەند و جەمسەر و قوڵپدانی پپارە دزییەکان و چەپاوکردنەکانی تیادا داینامیکییانە پیشان ئەدات. ئارۆن مانێس, لە پێداچوونەوەیەکی بابەتییانەی کتێبی "دزەکانی دەوڵەت"(٧) , پێ دەخاتە ناو تان و پۆکانی تۆڕی گەندەڵییەوە, کە چییز لە سلایدە بەناوبانگەکەیدا, کێشاویەتی.  پێشکەشەکردنی سڵادیەکە لە دوای ساڵی ٢٠٠٩  دێت, کە چاییز ئەرکی راوێژکاری سوپای ئەمەریکایی لە ئەفغانستان پێدراوە و, دەستی کردووە بە ئامادەکردنی سڵایدگەلێک بۆ روونکردنەوەی تۆڕەکانی گەندەڵیی. دوای ئەوەی لە ئەورووپادا کەوتە دیبەیت و موحازەرە وتنەوە, ئەم سڵایدە تایبەتانە بوون بە مایەی وروژاندنی ئامادەبووە بە پەرۆشەکانیی. ئامادەبووەکان لە سەرانسەری جیهاندا – نێجیریا و کۆڵۆمبیا و ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەی بەڵکان – گەیشتنە ئەو بڕوایەی, ئەمە ڕێک تەونی ئەو تۆڕی کارکردنەیە کە حوکمڕانیی تاڵانکاریی لە وڵاتەکانیان دا پێ جێ بەجێ ئەکرێت.

ئەو سڵایدەی چاییز و هاوەڵەکانی لە ئەفغانستان بەرهەمیان هێنابوو,  پیشانی دونیایان دا کە ئەفغانستان وەک سەندیکایەکی تاوانی رێکخراو کارئەکات. هەر لە فەرمانبەرە پێگە نزمەکانەوە کە بەرتییل ئەدەن بە بەپرسە باڵاترەکانیان لە پێناوی پاراستنی پێگەکانیان. ئامانجیش لەم هەڵوێستە, دەرکێشانی پارە بوو بە بەردەوامیی لە چیینەکانی خوارەوە بۆ سەرەوە. گەورە ئەفسەرێکی پۆلیس, ئەوەی لێ چاوەڕێ ئەکرێت, کە لە لایەن ئەفسەرەکانیەوە پارەی پێ بدرێـت هەتا دەست لە پێگە و شوێنەکانیان نەدات. ئەفسەرەکانی خوارەوەش ئەوەیان لێ داوائەکرێت کە بەخشش لە خەڵکیی وەربگرن یان خەڵک بڕووتێننەوە, ئەوانیش خۆیان دەوڵەمەند بکەن و رێیان پیێدراوە کە بە زنجیرەی پلەبەندیی بۆ سەروو خۆیانی بنێرن. پارێزگاری شارەکانیش, بەرتییلیان وەرگرتووە بۆ پێدانی گرێبەستەکان بە هاوڕێ و دۆستەکانیان, بەمە لە ژێرەوە, کلکە- گرێبەستی پرۆژەکانی بۆ خۆی مسۆگەرکردوە بەرامبەر رسوماتی زیادە لەسەر گرێبەستەکان.

ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوام دووبارەبووەیە, هەتا هیچ پارەیەک نەمێنێتەوە بۆ بەجێهێنانی پرۆژە بنەرەتییەکە خۆی کە گرێبەستی بۆ دەرچووە. سەرۆکەکانی پۆلیس پارەی وەک بەرتییل پێدراوە کە فەرامۆشی ئاودیوکردنی مادە سڕکەرەکان بکات, ان چەتە مافیاکان لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوەبەری ئەو ئاسانکاریانەن, کلیپتۆکراتە ئەفغانییەکان خۆیان بە تەواویی بوون بە دزەکان  بە نموونە, کەیسی بانکی کابوول, کە زیاتر لە ملیارێک دۆڵار لە بانکەکە کۆکرایەوە و تاڵانکرا بۆ دەرەوەی وڵات. لە قولپدانی پارە لە خوارەوە بۆ سەرەوەدا, ئاستە باڵاکانی وڵات, پیاوەکانی خوار خۆیان پاراست. چاییز, وەها باسی حەمید کارزای سەرۆکی ئەفغانی ئەکات کە خوودی خۆی هاتۆتە ناو بابەتەکەوە و رێگریی لە دادگا کردووە کە دادگایی تەنانەت کەسە خواریینە گەندەڵەکان بکات.
خەڵکی ئەفغانیی, لە خواری قووچەکەوە, پارەی بۆ سەروو خۆی ناردووە, لە بەرامبەریش دا جگە لە شتێکی کەم نەبێت هیچی بۆ خۆی دەست نەکەوتووە. خەڵک داماو بووە, هیچ چارە و پەنایەکی نەماوە بیگرێـتە دەست, ئیتر بە ناچارییەوە زۆرێک لە خەڵک روویان لە توندڕەویی ئایینیی کردووە.

رەوشێکی تری نالەباریش هەبووە, کە کارکردووانی رۆژئاوا لە وڵاتانی گەشەسەندوودا, ئیش بە خەڵکانێک ئەکەن کە کاریان رایی بکات. هەر لە رێکخراوە نا- حکوومیەکانەوە (NGOs), لە بەکرێگرتنی خەڵکی ناوخۆیی بۆ ئیشەکانیان, هەتا ئەگاتە ئەمەریکاییەکان, لە پشتیوانییکردنی ئۆتۆکراتەکاندا و, دواجار چەمکە سەرەکیەیەکە هەمان شتە, سنووردارکردنی ئەو خەڵکەی کە ئیشیان دەست ئەکەوێـت و فەرامۆشکردنی چارەنووسی دوادوایی خەڵکەکەی تر.

چاییز پێی وایە, ئەفغانستان جیاواز نەبووە لە شوێنە تاڵانکراوەکانی تر, کە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی رۆڵی بەرچاوی گرنگیان بینیووە, لە ئاسانکاریی بۆ ئەم تۆڕە فراوانەی دزیی و گەندەڵیی هەتا لە دەستەڵات دا بمێننەوە. حکوومەتە بیانییەکان شەرعیەتیان بە رژێمی "کەرەزای" داوە. هێزە بیانییەکان مەچەک و بازۆڵەیان داوە بە تاکە کلیپتۆکراتەکانی ئەفغانستان, بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی رژێمەکەیان (رێپێدان بە کەرەزای و تاقمەکەی, بۆ لێبڕانی تەواو لە تاڵانکردنی داهات بۆ دەرەوەی وڵات). بێگومان, ئیشی حکوومەتە بیانییەکان و رێکخراوە نا حکوومییەکانیش (NGOs), رێکخستنی ئەو پارانە نەبووە کە شیاوە چەپاو بکرێن,  یان ئاراستە بکرێن، یان بە رێگەیەک بدزرێن. بەڵکو, کارئاسانییان بۆ کردوون کە لە حوکمرانییەکی مۆلەق دا وڵات بهێڵنەوە و, چاودێریی رەوشەکەیان لە ئەستۆ بووە, نەک کۆمەک و هاوکاریی مرۆیی.

بەڵام, چاییز, یە زمانێکی پر داتا و چاوێکی بزەوە, ئاگاداریی ئەدات کە ئەمە ئەو شوێنەیە کە گەندەڵیی تیا ئەبێتە کێشەیەکی ئاساییشی نێودەوڵەتیی. ئەوەی راستییش بوو, خەڵکی ئەفغانیی باش ئەیانزانیی کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پشتیوانی حوکوومەتەکەی "کەرەزای" ئەکەن و, یەکلایی بووبوونەوە لەوەی کە بیانییەکان بەتەواوی دەستشل بوون و بەرپرسیاربوون لەو تاڵانکارییانەی کارەزای و تاقمەکەی کردوویانە.

٤. جەمسەرەکانی تاڵانکاریی
 توێژیینەوە تۆکمە و وردەکان, ئەوەیان یەکلاییکردۆتەوە کە  ئەوانەی جڵەوگیریی و نەخشەسازی (Design) تۆڕە کلیپتۆکراسییەکان ئەکەن, تەنها چەند کەسانێکی مافیایی نیین, بۆ گوێزانەوەی پارە و سپییکردنەوە و دامەزراندنی کۆمپانیای وەهمی, بۆ تاکە کلیپتۆکراتەکانی ئەم وڵات و ئەو وڵات. بەڵکو, زۆر لەمە فراوانتر و مەترسییدارترن بۆ سەر سەروەریی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا, کە جگە لە بەرژەوەندیی کەسیی کلیپۆتکراتەکان ئەپارێزن, ئیش لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەکەن, لە رێی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوا و, گرتنەدەستی جڵەوی حوکمڕانیی لەو وڵاتانەدا. 

باشتریین ڕێگەی بییرکردنەوە لەو هەڕەشانەی کە هەژموونی کلیپتۆکراتەکان ئەیکەن, لەو توێژیینەوەیەی "بێن جۆدە و نەیت سیبلیی" دایە, کە تۆڕەکەیان وەک هایدرایەکی سێ پەل شرۆڤەکردووە(٨) -هایدارا وەک لە ئەفسانەی یۆنانیی دا هاتووە-. بە جۆرێکە هەر سەرێکی هایدراکە, بەشێویەیەکی سەربەخۆیانە کارئەکات بەڵام پێوەست بەیەکەوە, کە هاوشانی ئەو تۆڕە گەندەڵییانە بێت.

سەری یەکەم: هەڕەشەی دەستتیۆرەدانی وڵاتەکانە, گەندەڵییکردن, کارتێکردنیان لەسەر سیاسەتی رۆژئاوا, ئیتر بۆ مەبەستی کەسیی بێـت یان ئایدۆلۆجیی, وەک قەرزی ئاڵۆزی ناڕوون لە بانکی رووسیاییەوە بۆ راستڕەوە توندوتییژە فەرەنساییەکان. سەری دووەمیش: خۆدامەزراندنی کلیپتۆکراتەکانە لە ناوخۆدا, لە رێی سپییکردنەوەی پارە و موڵکەکانیانە لە رۆژئاوادا, وەک تێوەگلاندنی گەورە ئەفسەرەکانی فەنزوێلا لە لایەن "نیکۆڵای مادورو"ی سەرۆکیانەوە, لە پرۆسە ئاودیووکردنەکانی مادە هۆشبەرەکان, بە مەبەستی مسۆگەرکردنی خۆیان و کەسوکارەکانیان. دوایین سەر: ئەو هەڕەشە بەمەبەستانەیە, کە لە رێی وەبەرهێنانی ستراتییجیی و کڕیینی موڵک و سامانی رۆژئاواوە ئەیکەن, لە لایەن ئەو لایەنانەوە کە دژ بە دیموکراسیین, بە مەبەستی دزیین, یان وەستاندن, یان باڵکێشان بەسەر تەکنۆلۆجیا, یان ژێرخانی ئابووریی زیندەگیی دا. دەستپێشخەریی پشتێن و رێگای چیینیی نموونەیە بۆ ئەمە, کە هەڵدەسێت بە پرۆسەی خستنەژێردەسەڵاتی زۆرێک لە وڵاتان, لە مالیزیاوە بۆ جەبەل ئەلئەسوەد (Montenegro).

ئەکرێت لەو سێ سەری هایدرایە خۆپارێزیی بکرێـت, بەڵام ئەو کارە بە هیچ وڵاتێک ناکرێت بە تەنیاباڵیی. چونکە, سەرمایە جووڵەیەکی ئازادانەی هەیە لە رۆژئاوادا, هەر ترازانێک لە سیستەمەکەدا رووبدات, ئەوا هەموو ئەکەونە مەترسییەوە. بەڵام لە جیاتی ئەوەی هەموو بەیەکەوە کاربکەن بۆ تۆکمەکردنی هێزی بەرگریی هاوبەش, کەچی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بەیەکا ئەدەن و, بەریتانیاش هەوڵی جیابوونەوەی تەواویی دا و لە یەکێـتی ئەوروپا چووە دەرەوە. نەبوونی گفتوگۆیەکی ستراتیجییانە بۆ پێکەوەشەتەکدانی هەموو هەوڵ و کۆششەکان بۆ قەلاچۆکردنی سپییکردنەوەی پارە لە پێناوی ئاسایشی نیشتمانیی, بە مانای ئەوە دێت کە ڕێنوومایی رێکخستنی کۆششەکان لە هاوێنەیەکی (عەدەسە) بازرگانییانەوە, بە شێوەیەکی تەسک سەیر ئەکرێـت, بەبێ بیرکردنەوە لەوەی کە زۆرتر بکەوێت لەسەر هەموو رۆژئاوا. 

ئاشکرایە, تاڵانکاریی لە بنەرەتدا چاوچنۆکی دەسەڵاتدارەکانە لە وڵاتەکانیان دا بەمەبەستیی بەرژەوەندیی کەسیی و بنەماڵەیی, بەڵام هەندێکجار رەهەندێکی جیۆستراتییجیی هەیە. "میریەم لانسکۆی و دیڵان پریماکۆف" لە نوسیینێکیان دەربارەی تاڵانکاریی لە رووسیادا(٩), ئاماژەی روون ئەدەن بۆ سیستەمی حوکمڕانیی پۆتیین وەک تاڵانکارییەکی نێودەوڵەتیی, بە مەبەستی شکاندنی شکۆ و باڵادەستیی دیموکراسیی لە رووسیادا. چونکە, حوکمڕانیی تاڵانکاریی (کلیپۆتکراسیی) ئەتوانێت , زۆریینەی داهات و سەرچاوەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی حوکوومەتی رووسیاییەوە, کە وا ئەکات لە مۆسکۆ کە بتوانێـت هاوکاریی بکات لەتەک کۆمپانیا بیانییەکان و بژاردە سیاسەتکارەکانەوە. بۆیە, مارک گاڵیوتیی پێی وایە, ئەم دیاردەیەی رووسیای تێ کەوتووە ناوی "دەوڵەتی پاشکەوتەیە -  mobilization state ". کرۆکەکەی ئەوەیە, کە هییچ شتێک لە چاو و دەستی پۆتیین دوورنییە, بە جۆرێک ئەتوانێت بە ئاسانی لێپێچیینەوە لە هەر کەس و دامەزراوە و کۆمپانیایەکی مافیاییش بکات بۆ ئیشکردن لە خزمەتی کەرەملیین دا, ئەمەش خۆی بۆ خۆی پڕچەککردنی کلیپتۆکراسییە, لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دژ بە هەر گرووپ و وڵاتێک مەبەست بێـت.

٥. تۆڕەکانی بەرتییلخۆریی
گرنگتریین و بەکارتریین ئامڕاز بۆ چنیینی تۆڕە کلیپتۆکراسیەکان, ملکەچکردنی کاربەدەستە بانکیی و دەوڵەتییەکانە لە رێی بەرتییلخۆرییەوە. ئەمەش, بە هەڵسووڕاندنی بریکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان, هەتا ئەم تۆڕانە لەسەر بنەمای بەرتییلدان بچنن. لەم بوارەدا, توێژیینەوەی مەیدانیی و بەدواداچوونی یاسایی و پۆلیسییانە هەیە لەسەر دۆزینەوەی رایەڵ و پەیوەندییەکان.

ئوڵیڤەر بڵۆ, پێداچوونەوەیەکی وردی بۆ کتێبی "بەرتیل- خستنەبەرچاوی تۆڕی بەرتییلکاریی کۆمپانیا جیهانییەکان"ی دەیڤد مونتیرۆ کردووە(١٠). پێی وایە, ئەم کارە توێژینەوەیەکی نوێیە کە شێوەکارکردنی کۆنەباوی تێپەڕاندووە و, یەکێکە لە سەرنانە (إچافه‌) ناوازەکانی بنکۆڵکاریی لە رووبەڕووبوونەوەی تاڵانکاریی. توێژەران, پێیان وایە ئەبوایە مونتیرۆ توێژینەوەکەی کورتبکردایەتەوە لەسەر ئەو داتایانەی کە بەردەستن. بەڵام ئاگادارمان ئەکاتەوە لە سرووشتی دیارییکراوی ئەو کەرەستانەی کە هەن, دوور ئەکەوێـتەوە لەو خەمڵاندنە زەبەلاحانەی کە زیاتر زیان ئەیەن وەک لە سوود. سەرنج ڕائەکێشێت بۆ ڕێگەچارەیەکی نوێ لە بیرکردنەوە, لەبارەی قەڵاچۆکردنی ئەم کارەساتە جیهانییە.

مونتیرۆ بەڵگەکانی زۆر بە ئاگاییەوە هەڵبژاردووە و, وەک پێویست تیشکی خستوونەتە سەر,  ئاماژەیەکی بوێرانەی داوە بەو کۆمپانیایانەی بە بەرتییلدان هەڵدەستن, نەک لەسەر لایەنی بەرتییلخۆر و بەس,  بەڵکو لە نێوانیاندا هەندێ لەو ناوانەیشی هێناوە کە لە بواری بزنسدان, وەک شیفرون, هالیبیرتون, ئای بی ئێم, و چەندیینی تریش, ئەڵێت: "بەرتییل, بە پێچەوانەی تاواناکەنانی تر, بە هێواشی و بە درێژایی ساڵانێکی زۆر ئەنجام ئەدرێت, کە بە شێوەیەکی نهێنیی قوڵپ ئەدات لە نێوان کۆمپانیا و حکومەتێکدا, هەتا ئەنجامی ئەو کارەساتە بە ئاسانیی هەڵنەماڵرێت. بەڵام, لەدوای خۆی زیانی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی جێ دەهێڵێت کە بە چاوی سەر نابینرێن. زیاتر لەمە, هەموو زانیارییەکانی ناو "پەنجەکێشیی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی (Corruption Perceptions Index - CPI)" بەردەستکردووە, کە ئاستەکانی گەندەڵیی لە دەوڵەتێکی دیارییکراودا پۆلێن ئەکات بەپێی گوفتاری شارەزایان و بزنسمانەکان. کتێبەکەی مونتیرۆ بە سەرچاوەیەک دائەنرێـت لە بەڵگەداریی و ساغکردنەوەی زۆرێک لەو چەندوچوونە رۆژنامەوانیی و سیاسەتانەی کە لە بارەی گەندەڵییەوە ئەکرێن. بەڵام ئاماژەبەندییەکانی تەنها تەرخانە بۆ کەرتی حوکوومیی و, پێداگیرییش دەکات لەسەر "خراپ بەکارهێنانی پێگە گشتییەکان لە لایەن بەپرسەکانەوە بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان". ئەوەی رۆشنە, ئەوەیە ئەو شتانەی تر بەهەند وەرناگرێـت وەک, قوڵپدانی دارایی رێپێنەدراو, شۆردنەوەی پارە, هەروەها ئەوەی کە رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی ناوی ناوە "گەندەڵکاران". لەم تێڕوانیینە تەسکەوە , کاتێک مەسەلەکە پێوەست ئەبێـت بە رەفتاری بەرتییلدانەوە, ئەو  تەنها لایەنی بەرپرسیار لە گەندەڵییەکەدا, ئەخاتە ئەستۆی, ئەو لایەنەی کە بەرتییلەکە وەرئەگرێت, واتە ئەو لایەنەی کە هۆکاری روودانی بەرتییلدانەکەیە.

ئەمە, نەک تەنها فەرامۆشی ئەو لایەنە ئەکات کە بەرتییلەکە ئەدات و بەس, بەڵکو چاوپۆشیی ئەکات لەو میکانیزمەی کە پشتییوانیی لە گەندەڵیی نوێ ئەکات, کە بانکدارەکانی لەندەن و زیورخ  سەرپەرشتیی ئەکەن و پارەی پیس وەرئەگرن, ئەو کۆمپانیا پارێزەرانەی نیۆیۆرک کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی گۆڕینی ئەو پارە دزراوانە بۆ موڵکی جێگییر, ئەو بەرپرسانەی کە پەناگەی باجەکانن (الملاژات الچریبیه‌), ئیشیان شاردنەوەی موڵکە کڕاوەکانە لەودیو پەردەی کۆمپانیای وەهمییەوە. بیرکردنەوە لە گەندەڵیی بەبێ ئاماژە بۆ ئەو ناوەندانە (کەس یان دامەزراوە), وەکو ئەوە وایە چەند و چوونی بازرگانیی مادەهۆشبەرەکان تەنها لە دوتوێی خەڵکە ئالوودەکاندا بەجێی بهێنێـت و ئیتر کێڵگە و کارگەکان فەرامۆش بکەیت, کە ئەو ماددە رێپێنەدراوانە بەرهەم دێنن, لەو چەتە و بازرگانانەنی کە هیچ رەنجێک ناکێشن لە دابەشکردنییدا, ئەو حکومەتانەی کە پارێزگاریی لە دابەشکارەکان ئەکەن و رێ و شوێنی پاراستنیان بۆ ئەگرنەبەر, ئەو بانکانەی کە پارەکانیان بۆ سپیی ئەکەنەوە.

  چارەنووسی ئەم تێڕوانیینە تەسکە, کارەساتئامێزە. لە دوایین راپۆرتیێکی زانینی گەندەڵییەوە, کە لە مانگی کانوونی دووەمی  ساڵی ٢٠١٩ دا کراوە, دانمارک بە پاکتریین وڵاتی جیهان دەستنیشانکراوە, سەرباری ئەو راستییەی کە پێش چەند مانگێکی کەم, یەکێک لە هەرە گەورەتریین بانکەکانی, دانی بە سپییکردنەوەی پارەدا ناوە بە بڕی ٢٠٠ ملیار یۆرۆ لە بانکەکەیدا, کە بە یەکێک لە گەورەتریین پرۆسەی شۆردنەوەی پارە دائەنرێت لە مێژوودا. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە, کە کێشەیەکی گەورە هەیە لە سیستەمی ئاماژەی زانیینی گەندەڵییدا؛ ئەویش ئەوەیە کە تەنها لایەنی گەندەڵیی دەرئەخات لەو وڵاتانەی کە هەژارتریینن, نەک یارمەتی رەوڕەوەی ئابووریی بدات لە دەوڵەتە رۆژئاوایی دەوڵەمەندەکان دا. پێوەری راستەقیینەی گەندەڵیی, بەلایەنی کەمەوە ئەو دەسەڵاتانەش ئەگرێتەوە کە دەسەڵاتێکی سەپاندنیان هەیە لە سپییکردنەوەی پارەی پییس دا.

  هەرچیی ئەوانەی لەبارەی گەندەڵییەوە ئەنووسن, ئەوەیان بۆ دەرئەکەوێـت کە پێزانین و دۆزینەوەی نەخۆشییەکە, ئاسانترە لە نووسیینی دەرمانەکە. ئەمەش ئەوەیە کە بووە بە مایەی, لە بەشێکیدا, کەمیی زانیاریی لەبارەی رەهەندەکانی گەندەڵییەوە. بۆیە دەردی بەرتییلی دەرەکی هاوچەرخ, بەنموونە, بەرهەمی جیهانگیرییە و, هەر شتێک کە ببێتە مایەی ڕێگریی لە قوڵپدانی ئەو پارەیە, ئەبێت بە مایەی سنووردانان بۆ چالاکیی کۆمپانیاکان و کەسە جێبەجێکارەکان؛ کە زۆر توندوتۆڵانە بەیەکەوە پەیوەستن, لە پەنا ئەوەشدا کە هەموویان لە باج هەڵهاتوون, بە مانای ئەوەی, ئەم جۆرە تێکۆشانە زۆر چەرمەسەریی ئەکێشێت لە هەوڵەکانیدا بۆ سازدانی فشارێکی سیاسیی.

بەڵام, بە گوێرەی ئەو وڵاتانەوەی کە بەرتییل تیایدا کەڵەکەی کردووە, بە جۆرێک پێدانی ئەو پارانە و سپییکردنەوەیان, مونتیرۆ لەسەر هەقە, کە داوا لەو حکومەتانە ئەکات بۆ هاوکاریی یەکتریی لە بەگژاچوونەوەی ئەوەی پێی ئەوترێت "سیستەمی بەرتییلخواردنی جیهانیی", بە تایبەت لە وڵاتەکانی وەک قوبرس, بەریتانیا, و ئەمەریکا, کە لە گرنگتریین ئەو وڵاتانەی بانکی پارەی جیهانیین. بەڵام, نووسیین ئەوەندە رووبەر تەرخان ناکات بۆ ڕێگەچارەی نوێ کە ئەو حکومەتانە تیایدا کاربکەن بەیەکەوە, یان رێگەچارەیەکی هاوبەشی تۆکمە بونیادبنێن بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپی نەمانی متمانە, کە زەبری لە سیاسەت داوە لە دنیادا و, وەهای کردووە کە توانای هاوکاریی نێودەوڵەتیی لە بەڕووداچوونەوەی گەندەڵیی دا کەمتر بێت, وەک لە دەیەکانی پێشووتردا هەیبوو.

لە وتارێک دا, لە ساڵی ١٩٩٦دا, جەیمس ولفنستۆم سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتیی, لەو کاتەدا گەندەڵی بە شێرپەنجە لێکچوواند و وتی: "گەندەڵیی سەرچاوە و داهاتەکان, لە هەژارانەوە بۆ دەوڵەمەندەکان ئەگوێزێتەوە, نرخی تێچوونی بونیادی کارە بازرگانییەکان زیاد ئەکەن, ڕێڕەوی خەرجکردنی گشتیی ئەگۆڕن, ڕێگریی لە بەرهەمهێنی بیانیی ئەگرن "ولفنستۆن, بەم وتارەی ویستی بەهای دەستپاکیی و لێپرسینەوەی کۆمپانیاکان بونیاد بنێت, بەوەی کە ئیتر مایەی پەسەندکردن نییە, گەندەڵیی حوکوومیی فەرامۆش بکرێت بەو هۆیانەی کە پێوەستن بە هاوئاوازیی نیوپۆڵەتیکییەوە, ئەوەیە کە رویداوە لە رۆژگاری جەنگی ساردی نوێ دا. دوای دوو ساڵ, سەرۆکی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتیی (رئیس الصندوق النقد الدولی‌), میشییل کامدۆسێ, ژمارەیەکی بۆ ئەم دیاردەیە مەزەنە کرد, وتی: دوو هەتا پێنج لە سەدی پارەی جیهانیی, لە سەرچاوە تاوانەکانەوە پەیدا ئەکرێن.

مۆنتیرۆ, زنجیرەیەک لە ئابڕووبەرییەکانی گەندەڵیی شیکارکردووە بە ئامانجی دەرکێشانی هەندێ وانەی جیاواز. لە بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراکەوە دەستپێدەکات, کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی کرد لە عێراق دا, لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥-٢٠٠٣, کاتێک ئەمەریکا هاتە ناو عێراقەوە, ئەو دەستپێشکارییە گەندەڵییە وای لە زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیا کرد , کە خنەخن بکەن لەتەک سەدام حوسەین دا, هەتا بەدوور بێـت لەو سزایانەی سەپێندراوە بەسەرییدا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. ئەمەش بەڵگەی ئاشکرا بوون بۆ شکستی بریارە نێودەوڵەتییەکانی قەلاچۆکردنی گەندەڵیی. ئەوەی کە ئەبوو بەرنامەکە رەچاوی بکات بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە, مسۆگەرکردنی ئەوە بوایە کە هاوڵاتیی عێڕاقی باجی کردەوەکانی حوکوومەتەکەی نەدات. بەڵام لە جیاتی ئەوە, جێبەجێکارەکان لە بەغدا توانییان کە قازانجێکی زۆر بکەن لە رێی بەرتییل وەرگرتنەوە, لە کۆمپانیا تیینووەکانی نەوت و, بێبەشکردنی هاوڵاتییە عێراقییەکان لە خواردن و ئاوی پاک و سادەتریین دەرمان.

ئەو کارە ئابڕووبەرە, ئەوەی سەلماند کە چۆن کۆمپانیاکان سڵ ناکەنەوە لە بەرتیلدان هەرکات داوایان لێ بکرێت, بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی بەشداربووەکان. مونتیرۆ, هۆکارەکانی ئەمە پۆلێن ئەکات لە یەکێک لە بەشەکانی کتێبەکەیدا, دەستی داوەتە باسکردنی مەترسییەکان و لێکەوتەکانی بەشدارییکردن لە گەندەڵیی دا, ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ کاری ئابووریی جوناسان کاربۆف, کە لە توێژینەوەکەیدا ئاماژە ئەدات بە هەلی شوێنکەوتنی کۆمپانیاکان بە مەبەستی ناردنی بەرتییل بۆ دەرەوە, بە تێکرایی, لە ٥% زیاترە بە لایەنی کەمەوە, هەروەها ئەم کۆمپانیایانە ٥ دۆلار قازانج ئەکەن بەرامبەر هەر دۆلارێکی ئەمەریکایی کە لە بەرتییلدا خەرجی ئەکەن, ئەمەش بەمانای ئەو دەستکەوتە بەرتییلکارییە مەترسیی تێدەپەڕێنێت و, لەم تێڕوانیینەوە, بەرتییل دەبێـە رەفتارێکی ژییرانە بۆ کۆمپانیاکان.

کاربۆف, ئەنجامەکانی لەو بەداواچوونە دادبیینییەوە وەرئەگرێت, کە بۆ یاساکانی ئەنجامدانی گەندەڵیی پێوەست بە بیانییەکانەوە کراوە لە ساڵی ١٩٧٧دا, ئەمەش دۆکیومێنێتکی یاسایی ئەمەریکاییە کە لە پاشکاری ئابڕووچوونەکەی ۆتەرگەیت هاتۆتە ئاراوە, رێگریی لە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان ئەکات, کە تێهەڵچن لە هەر کارێکی بەرتییلکارییەوە لە دەرەوەی وڵاتدا. بەدواداچوونە دادبیینییەکانی ئەم یاسایە, کە هەمیشە لێکۆڵینەوەکانی کونگرێس لەکاردایە بۆیان, زۆر تێگەیشتوو نیین لە چۆنییەتی ئەنجامدانی گەندەڵیی, بەڵام هێشتا باشتریین سەرچاوەشە بۆ هەرکەس بیەوێت لەسەر ئەم پرسە کاربکات. مونتیرۆ, خۆی زۆر پشتی پێبەستوون لە شیکردنەوەی ئەو گەندەڵییانەی کە لە پیشەسازییە سەربازییە بەرگرییەکانی وڵاتی یۆنان دا بڵاوبوونەوەتەوە, لە دوادوایی نەودەکانەوە هەتا سەرەتای ئەم سەدەیەی ئێستا؛ کاتێک کۆمپانیا ئەمەریکایی و رووسیایی و ئەوروپاییەکان هەستان بە بەرتییلدان, بە کەسانی جێبەجێکار لە ناو حوکوومەتی یۆنانیی دا بەرامبەر بەدەستکەوتنی گرێبەستی سەفقەکانی چەک. ئەمەش بوو بە مایەی بەرزبوونەوەی نرخ, بە مەبەستی کوێرکردنەوەی ئەو بەرتییلانەی کە درابوون لە دوو توێی ئەم سەفقانەدا. زۆری نەبرد, ئەو نرخە بەرزە زیادکراوانە, چوونە سەر پسووڵەی قەرزی کەڵەکەبووی گشتیی یۆنان, کە دواجار لە ساڵی ٢٠٠٩دا, بوو بە مایەی قەیرانی ئابووریی و, وڵاتەکەی بە تەواویی ئیفلیج کرد.

مونتیرۆ, ئەچێتە ناو ئابڕووچوونێکی تری کۆمپانیاکانی دەرمانی رۆژئاواییەوە, پێش ئەوەی دەسەڵاتە بەرپرسەکانی چیین پێی بزانن. کاتێک, یەکێک لە کۆمپانیاکان هەستا بە قۆستنەوەی راستییەک کە ئەویش مافە داراییەکانی پزیشکە چیینییەکان بوو, کە لەسەر بڕی ئەو دەرمانەی کە بۆ نەخۆشەکانی ئەنووسن, بەشێوەیەک سیستەمی کرێ بە ئاراستەی پاداشتکردنی ئەدای باشیی پزیشکەکان بوو. بەڵام دوادوایی کارەکە بەوە کۆتایی هات, کە وا بکات پاڵ بنێت بە پزیشکەکانەوە بۆ نووسینی دەرمانی زیاد لە پێویست بۆ نەخۆشەکان. ئەنجامەکە چاوەڕوانکراو بوو, کاتێک نێوەندەکان هەستان بە بەرتییلدان بە پزیشکەکان, لە باتی کۆمپانیا گەورە بەدبەختەکانی دەرمان, بۆ قۆستنەوەی گەورەترین قازانج کە لە بازارەکانی ئەوروپادا بەردەست نەبوو. ئەمە هەر نەبووە مایەی کەمبوونەوەی متمانە بە پزیشکەکان, بەڵکو بوو بە مایەی لێکەوتەی خراپ لەسەر تەندرووستی گشتیی, مونتیرۆ ئەڵێت: "چیین ڕایگەیاند, هەر بەکارهێنانێکی زیاد لە پێویستی دژە – زییندەگییەکان (ئەنتی بایۆتیکەکان) بەرپرسە لە دەرکەوتنی وەچە بەکتریاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەنتی بایۆتیکەکان, کە بە هۆیانەوە زۆرێک لە نەخۆشیی کەوتوونەتەوە, وەک سییل, زوهەریی, لە پەناشیاندا ئەو ڤایرۆسە چالاکانەی کە کە پزیشکەکان ناویان ناوە "بەکتریای کابوس", چونکە بە بەردەوام ئەمێننەوە وەک دژەبەرگرییەک بۆ هەموو ئەنتی بایۆتیکەکان, بە مانای ئەوەی ئەمانە ڤایرۆسی کوژەرن". زۆرێک لەو رەچەتە پزیشکییانەی کە مۆنتیرۆ باسیان لێوە ئەکات, زیاتر سەر بەو دەوڵەتانەیە کە بۆ بەرتییل ئەپاڕێنەوە. بۆیە, داوای دۆزینەوەی رێگاچارەی تۆکمەیە, بۆ باربووکردنێکی چالاکتری ڕێکخراوەکانی دژەگەندەڵیی و, لە تەکیشیدا توندوتۆڵکردنی سەربەخۆیی دادگاکان لە رێی بەرزکردنەوەی مووچەی ئەوانەی تییدا کارئەکەن و, بەردەستکردنی باشتریین رێگەی پاراستنی یاسایی بۆیان. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا, ناچێت بەلای چۆنییەتی هێنانەدیی ئەو گۆڕانکارییانە, لەو وڵاتانەدا کە سیاسەتکارەکانیان لە گەندەڵیی دا نوقم بوون. 

پاشان, مۆنتیرۆ توێژینەوەکەی پوخت ئەکاتەوە؛ هەر کاتێک تێکڕایی نەمانی دەستپاکیی بەرزبێـتەوە لە هەر وڵاتێکدا, گەشەی ئابووریی نزم ئەبێـت و نایەکسانیی لە داهاتی تاکە کەسیش  دا بەرز ئەبێـتەوە.  

سەرچاوەکان:
1. A.Cooley, J. Heathershaw, and J. Sharman " The Rise of Kleptocracy: Laundering
    Cash, Whitewashing Reputations". Journal of Democracy, 29 (1), 2018. Pp 39-53
2. C. Rumford “Confronting 'Uncivil Society' and the 'Dark Side of Globalization': are 
    Sociological Concepts up to the Task?”  2001/01/01
    from http://www.socresonline.org.uk/6/3/rumford.html
3. A.Cooley, J. Heathershaw, and J. Sharman " The Rise of Kleptocracy: Laundering
    Cash, Whitewashing Reputations". Journal of Democracy, 29 (1), 2018. Pp 39-53
4.“The President‌s News Conference, February 11, 1986,” Public Papers of Ronald
       Reagan, www.reaganlibrary.archives.gov/archives/speeches/1986/21186e.htm.
5. A.Cooley, J. Heathershaw, and J. Sharman " The Rise of Kleptocracy: Laundering
    Cash, Whitewashing Reputations". Journal of Democracy, 29 (1), 2018. Pp 39-53
6. H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global
    Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016.
7. A. Mannes”Grand Theft Autocracy ”, Workd on Rock, April, 27, 2015.
8.  B. Judah and N. Sibley, “The West Is Open for Dirty Business”, Hudston Institute,
     Foreign Policy, Oct. 7, 2019.
9. M. Lanskoy and D. M. Primakoff, “  Power and Plunder in Putin's Russia”, J. of
    Democracy, Vol. 29, No.1, Jan. 2018.
10. O. Bullough, “Dirty Money: How Corruption Shapes the World”,Foreign Affiars,
     Jan./Feb.2020



* دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×